٨١ ساڵ تێکۆشانی بێوچان، خەبات و قوربانیدان، پەیڕەوکردنی ڕێبازی شەهیدان بۆ ئازادی گەل و نیشتمان. ڕێبواری بەئەمەگی شەهیدان و گەل، حیزبی دێمۆکراسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

ڕۆیشتن بەو ڕێگا پڕ هەڵدێر و ئەستەمەدا وەک مێژووش نیشانی داوە، هەم بەرنامە و هەم ئیرادە و هەم خۆڕاگری و لەخۆبردوویی دەوێت، ئەویندارانی ٢٥ی گەلاوێژ سەلماندیان کە ڕۆڵەی فیداکاری گەل و نیشتمانن و شەهید و قوربانیدانی زۆر، کار لە ئیرادە و ئیمان و ئامانجیان ناکات و سورترن و تا سەرکەوتن بەردەوامن.
پێکهاتەی کوردستان تێکەڵاوێکە لە هەموو چین و توێژەکانی کوردەواری. ئامانجەکەی وەدیهێنانی ئایین یان ئیدەیەکی تایبەتی نییە، بەڵکو ڕزگاری کوردستانە، ئەو نیشتمانەش ئی هەموو کوردستانیانە. ئەو بەرزی و هەمەلایەنییەی ئامانجەکە، حیزبی کردۆتە موڵکی کوردستانیان، هەر بۆیەش ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانە. حیزبی دێمۆکرات ڕێزی بۆ گشت حیزب و ئیدە و ئایینەکان هەیە چونکە هەر ئەو خاوەن ئیدە و ئایینە جیاوازانەن حیزبی دێمۆکراتیان پێکهێناوە.
لە مێژووی گەلەکەماندا تەنیا حیزبی دێمۆکراتە کە لە دژوارترین هەلومەرجی کوردستاندا گرنگترین هەنگاوی مێژوویی هەڵێناوە و لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی جینایەتکارترین ڕێژیمی سەردەمدا کۆماری کوردستانی پێکهێناوە. ٨١ ساڵە داکۆکی لە ماف و کەرامەتی گەلەکەی دەکات، هەر بۆیەش گەل بە شانازییەوە بە هەموو جیاوازییەکانییەوە لە دەوری ئاڵاوە.
حیزبی دێمۆکرات لەلایەن پێشەوای نەمر و هەواڵانی دامەزراوە. وشیاریی نەتەوەیی، بۆنی قازی و زوڵم و نادادپەروەریی دەسەڵاتی حاکمی پەهلەوییەکان هێنایانە سەر ئەو باوەڕەی کە لە دەرفەت کەڵک وەرگرێت و کۆماری کوردستان ڕابگەیەنێت. هەرچەند دەیزانی بەرژەوەندیی زلهێزان و بێبەڵێنیی دۆستان دور نییە کۆمارەکەیان لێ نەڕوخێنێت! لەگەڵ ئەوەش بوێرانە بڕیاری قورس و گرانی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکەی لە ٢٥ی گەلاوێژدا حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی دامەزراند و کۆماری کوردستانیش کە مەزنترین دەسکەوتی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵات و بگرە لە هەموو کوردستان، مەزنترین بەرهەمی تێکۆشانی ئەو حیزبەیە. بۆتە مێژووی گەلەکەمان و شانازییەکی گەورەشە بۆ پێکهێنەران و بەڕێوەبەرانی. ئەو حیزبە کوردی کردە خاوەنی ڕێبازێکی گەلی کە تا ئەوڕۆش گوتاری سیاسی خەباتە بۆ وەدێهێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانی. لەگەڵ ئەوەی خۆی بە هەلومەرج و گۆڕانکارییەکانی دنیا ڕاهێناوە، بەڵام جەوهەر و ناوەرۆک و داوا ئەسڵییەکەی کە دابینکردنی مافی چارەی خۆنووسینە نەگۆڕە و بەهێزەوە ماوە. بەردەوامیی حیزب لەگەڵ ئەو گشتە کەند و کۆسپ و بەربەستانەی بۆی دروستکراوە و دەکرێت، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و نەگۆڕە لەسەر دروستیی داوا و ڕێباز و بەردەوامیی ڕاوەستاوی. لە ٨١ەمین ساڵوەگەڕیدا، لە سەخت و مەترسیدارترین کاتدا خەباتە هەمەچەشنەکەی درێژە پێداوە.
حیزبی دێمۆکرات ڕێبازی شەهیدانی بەرنەداوە و تا وەدیهاتنی ئامانجەکەیان نادەوەستێت و نە ڕادەوەستێت. لە ژێر ڕەهێڵەی مووشەک و درۆن و چیوچیدا لەخۆبردووانە قوربانی دەدات و لە بەرانبەر ئەو هەموو زەختەدا سەربەرزانە ڕاوەستاوە. کوا جەژن لەوە پیرۆزتر بۆ گەلەکەمان کە ٨١ ساڵە بە خوێن و قوربانی لەسەر داوای مافی گەل سوورە و کۆڵی نەداوە. با دوژمن ئەوە بزانێت حیزبی دێمۆکرات مەزنترین و زانا و لێهاتووترین ڕێبەرانی خۆی لە ڕێگەی نیشتمان و گەلدا کردۆتە قوربانی و نەچەماوە. بەڵێنی داوە وەک نموونە، وێنەی ڕێبەرانی شەهید وەک نوێنەری شەهیدان و گەل لەسەر گلکۆی پێشەوا دادەنێن و جەژن دەگرین. مێژووی خەبات و خۆڕاگریی گەل و حیزب بە ئاوی زێڕین دەنووسینەوە.
لەو کاتە هەستیارەدا لە بیرمان نەچێت ڕەمزی سەرکەوتنمان یەکگرتوویی و درێژەپێدانی ڕێگەی شەهیدانە و چۆڵنەکردنی گۆڕەپانی تێکۆشانە، یەکێتی و هاوکاریمانە. هەتا دەمرم هەر دەڵێم: کوردستان موڵکی هیچ حیزب و تاقم و ڕێبەرێک نییە. ڕێبەری ڕاستەقینەی گەلە و ئەوانەش کە گیانیان لە پێناودا ناوە. دەسەڵاتی کەس نییە، زێد و موڵکی کوردانە، سەروەر و خزمەتکاریشی هەر کوردە، جا ئەو کوردە چ سوننە و چ شیعییە و چ ئی هەرکام مەزهەبەکانە. ڕزگارکردنیشی ئەرکی ویژدانی و نەتەوەیی و ئایینی و ئەخلاقیمانە. هەرکەس و حیزبێک بە هەر هۆ و بڕووبیانوویەک خۆی لێ ببپۆڕێت هەم دۆڕاوە هەم پەشیمانە. بەبێ پێچوپەناش دەڵێم: دروستکرانی ئەو گشتە بیر و بۆچوون و هەڵوێستە دژبەیکانە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ نەخشەی داگیرکەرانی کوردستانە، تەنیا و تەنیا بۆ شێواندن و بەگژیکداکردنی گەلانە.
بەو بۆنە پیرۆزەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی ئەوینداری ئەو ڕێبازەن، لەگەڵ شەهیدان و بنەماڵەکانیان، پێشمەرگە و گیانبەختکردووان، بەندییە سیاسییەکانی بەناهەق تاوانبارکراو و سەرجەم گەلی کورد و ئەویندارانی ئازادی، دەبمە شریک و سەری تەعزیم بۆ پێکهێنەران و بەڕێوەبەرانی حیزب و خۆڕاگریی گەلەکەمان دادەنەوێنم. ئاواتمە مەرگ مۆڵەتم بدات لە کوردستانی ئازاددا بە هاوڕێ و هەواڵ، دۆست و ئاشنا و گەل و کەس و کار شاد ببمەوە. لێم بە عەیب مەگرن ئەگەر لەبەر نەزانی و پیری نەمتوانیوە مافی خۆی بدەمێ، کوردیش گوتوویانە لە گۆزەی ئەوە دەڕژێت کە تێیدایە. (دیاریی شوانەوێڵە ئاڵەکۆکە).
براتان مەلا برایمی مەجیدپوور
١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی
٨ / ٨ / ٢٠٢٦ی زایینی
