ھەڕەشە تیرۆریستییەکانی ئەم مەلا «گڵاو»ە، کە گوایە ناوی «ڕامین ساڵح زادە»یە، و ھەرەشەی کوشتنی ھاونیشتمانییە ئیزەدییەکانمان دەکات،

خەڵکی کوردستانی زۆر بێزار و تووڕە کردووە. بەڵام کەسیش ناڵێت لە چ شارێک یان گوندێکی ڕۆژھەڵاتە، و لە چ مزگەوتێکە. خەڵکی دەوروبەری مزگەوتی ئەو شار یان گوندەی ئەم مەلا چەپەڵە
تریبوونەکەی بە دژی ئێزدییەکان بەکار ھێناوە، پێویستە شەرمەزار و تڕۆی بکەن، نوێژی لە پشت نەکەن، و دەری بکەن. ئەمە بەرپرسیارێتییە، چونکە ئەم مەلا بەکرێگیراوە بە زمانی کوردی و بە ناوی «ئێمە»ەوە قسە دەکات. ئێمە واتە ئەوانەی لە بەر مینبەری ژەھراوی ئەم تیرۆریستە دادەنیشن و دارایی ئەو مزگەوتە دابین دەکەن کە لەگەرەکەکەیانە.
ئێستا کەسانی بەڕەڵای ئاوای سەر بە ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان ھەن و دەکرێت لە ھەر شوێنێکەوە کەسی بێ رەوشت و نەفس نزمی وا بە دژی نەتەوەکەمان، بەتایبەتی بێ پشت و پەناترین پێکھاتەی ئایینیی کوردستان بەکار بھێنرێن. ئەم تیرۆریستە، تەنانەت نازانێت ئەوانە «یەزیدی» نین و «ئێزدی»ن.
ئێسلامی سیاسیی توندئاژۆی سوننە پیسترین میراتی لەماوەی چەند دەیەی ڕابردووی خۆیدا لەناوچەکە جێھێشتووە، و ئیسلامی سیاسیی توندئاژۆی شیعەش وا دەبینین لە ئێران چ ئاگرێکی لە ناوچەکە و جیھان بەردواوە و چۆن نزیک ٥٠ ساڵە ماشینی کوشتاری کورد و نەتەوەکانی دیکەی لە ئێران و ناوچەکە خستووەتە کار. ئەمانە جارێ بۆ خۆیان لە نێوان خۆشیاندا سەدان ھەزار کەسیان لەیەکتر و بەناوی بەکافر زانینی یەکترە لە خۆیان کوشتووە و کۆمەڵگە ئیسلامییەکەیان بەرەو ئەوپەڕی دواکەوتوویی سیاسی، زانستی، گەشانەوە و پێشکەوتنی ئابووری کۆمەڵایەتی بردووە.
کولتووری نەرم، شاد، و دەوڵەمەندی کوردەواری، شەریعەتی وشک و ڕەقی بیابانی لەخۆیدا ھەرس کردووە و موسوڵمانەتیی کوردستان ئاوێتە عیرفان و مەعنەوییەتێکی قووڵتری ژیانی ئازاد بووە. لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئایینەکان تەنیا لە کوردستان جەمسەربەندی و قوتبیکردنی لێنەکەوتووەتەوە و تێکەڵاویی کۆمەڵایەتیی ئایینەکان بە چڕی لە ئارادایە. ئەم زەبروزەنگە گوتاری و مەعریفییەی ڕەوتە سیاسییە توندرۆ ئیسلامییەکان دەیانەوێت لە ڕێی ئەم جڕوجانەوەرانەوە بڵاوی بکەنەوە، بۆ داپۆشینی ئەو شکستە گەورەیەیە کە ئەم ئایدۆلۆژیایە تووشی بووە. ئەگینا ئێستا لە دنیادا ئایینی ئێزەدی و پێکھاتەی کوردی باوەڕدارانی چ مەترسییەکیان لەسەر ئایینەکانی دیکە و باوەڕمەندانیان ھەبووە و ھەیە؟
ئەم مەلا تیرۆریستە، کە پێدەچێت لە مزگەوتێکی رۆژھەڵاتەوە قسە بکات، ھیچ بە دوور نییە ھاندراوی دەزگاکانی ڕژیم بێت بۆ پێکدادانی کۆمەڵایەتیی کوردستان و ترساندنی یارسانی/کاکەییەکان لە رۆژھەڵات یان بەرەنجامێکی ھاوپەیمانیی عەرەبستان و ترکیە بێت بۆ لە مەیدان بەدەر کردنی خەڵکی کولتوورپارێز و رەسەنی ئێزدیی ئێمە کە پیلان و فرامانە تایینەکانی خەلافەت نەیتوانیوە بیانتوێنێتەوە، و وەک دیوارێکی پۆڵایین ڕێگربوون لە یەکدەستکردن و ئەنتیگراسیۆنی برایەتیی /ئیخوانی لەگەڵ داگیرکەردا کاری لێ نەکردوون.
ئێزدیاەتی لە کوردستاندا ھەر بە تەنیا ئایین نییە، کولتوور و زمان و میراتێکی ئوستوورەناسی و جیھانبیینیی کۆمەڵگەیەکیشە. ئەم ھەرەشانە مەترسین لەسەر ئەو میراتە نەتەوەییەی ئێمە. لەو جیھانە بە ملیارد مرۆڤ دەژین وەک بودی، کۆنفۆسیۆسی، ھیندوو، مەسیحی و موسوڵمان و یەھوودی، بۆ چی دەبێت ڕێگە بدرێت چەند سەت ھەزارکەسێکی کورد لەم ناوچەیە ئاوا بکرێنە نیشانە بۆ کوشتن. مەلای ئاوا نابێت رێگەی پێبدرێت تریبوونی بەدەستەوە ھەبێت، ئەگەر ھەشی بوو، دەبێت پشتی چۆل بکرێت.
رەحیم سورخی
***
سایتی پێشمەرگەکان، ئەم قسانەی ئەم مەلایە بە تەواوی رەد دەکاتەوە و ئەمە بیری چەپەڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و داعشیەکانە کە هەوڵی ئەوە دەدەن کورد دژایەتی یەکتر بکەن، هەر رۆژەو هێرش دەکەن سەر لایەنێکی کوردی .
ئەرسەلان یارئەحمەدی : هەندێک زانیاریی تایبەت لەسەر ئەم کابرا داعشیە
مەلا ڕامین کە ناوبانگی خۆی کردووە بە ساڵح زادە، بەڕەچەڵەک خەڵکی پێنجوێنی باشووری کوردستانە، کاتی خۆی باوکی ناوبراو، دووکەسی لەباشوور کوشتووە و هەڵهاتووە و دواتر لە ڕۆژهەڵات گیرساوەتەوە. ڕامین پەیەوەندییەکی قووڵی لەگەڵ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئێران هەیە و موریدی مەلاساڵحی بانەیە.
ڤیدیۆی ئەم مەلایەی کۆماری ئیسلامی ئێران
هەنگاو هەڕەشەی ئاشکرای کۆمەڵکوژی و کوشتنی ئێزدییەکان لە لایەن مەلایەکی سەر بە حکومەتی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات
هەنگاو هەروەها لە ڕێبەرانی ئایینی، ناوەندە مەدەنییەکان و چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان داوا دەکات لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە مەترسیدارانە بێدەنگ نەبن و بەڕاشکاوی لەسەر مافی یەکسانی ئەوان بۆ ئاسایش، کەرامەت، ناسنامە و ژیانی ئازادانە پێداگری بکەن. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەتایبەتی لە حیزبە کوردستانییەکان داوا دەکات بە گرتنەبەری هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوە، پێش بە هەڕەشەی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە کوردستان بگرن.
***
ڕاگەیاندنی یزاکا لەمەڕ ئیدانەکردنی ئاژاوەگێڕی و توندئاژۆیی لە کوردستان
ئیدانەکردنی توندڕەوی و بەرگریکردن لە پێکەوەژیان لە کوردستاندا.
لێدوان و هەڵوێستە توند و دوژمنکاریەکانی ڕامین ساڵحزادە کە ئاماژەیە بۆ بیرکردنەوەی توندڕەوی و دژە پێکەوەژیانە، شایەنی ئیدانەکردنی جددییە.
بۆیە یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، ڕاگەیاندنی خۆی بەمجۆرە بڵاو کردەوە.
لێدوانە نابەرپرسانەکانی ئەو بەناو مەلایە لە شاری بانە لە چوارچێوەی بانگەشەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەدوورە و یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران زۆر بە ڕاشکاوانە ئەم جۆرە ئاخافتن و دوژمنکارییە بێ شەرمانە ئیدانە دەکات و داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت موسڵمانان و زانایانی ئایینی دەکەین، ڕێگە نەدەن مزگەوت و مینبەر ببێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و دەرکردن و هاندانی ئایینی و دروستکردنی دوژمنایەتی لەنێو منداڵانی ئەم خاکەدا بە هەر بیر و باوەڕێکی ئایینی و غەیرە ئایینیەوە.
ئەم جۆرە لێدوانە نەزۆکانە جێگای هیچ شک و گومانێک نییە کە لە دەمی دوژمنانی پێکەوەژیانی گەلی کوردەوە بڵاو دەکرێتەوە و پەرەی پێ دەدرێت بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی دانیشتووانی کوردستان.
کوردستان خاکی یەک ئایین و یەک بیروباوەڕ نییە چونکە مێژووی ئەم خاکە دەریخستووە کە موسڵمانانی سوننە و شیعە، پەیڕەوانی ئایینی یاری، ئێزیدی، مەسیحی، جوولەکە و پەیڕەوانی تری ئایین و بیروباوەڕەکان، چەندین سەدە شانبەشانی یەکتر ژیاون و لە زۆر قۆناغی مێژووییدا پێکەوە ژیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتیی هاوبەشیان پاراستووە، سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕەکانیان.
ئیسلامی کوردستان بە توندڕەوی و توندوتیژی پێناسە ناکرێت. ئەو ئیسلامە عیرفانیی و ئەخلاقی و ئاشتیخوازەی کە ڕەگ و ڕیشەی لە بەشێکی زۆری کولتوری ئایینی کوردستاندا داکوتاوە، لەگەڵ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ڕق و دوژمنایەتی بەرانبەر بە پەیڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی تر ناگونجێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت بەرخۆدانی مەدەنی و هۆشیارانە لەدژی هەر بیرۆکەیەک بکرێت کە هەوڵی دروستکردنی دیوارێک لە نێوان خەڵکی کوردستان لەسەر بنەمای ئایین و مەزهەب بدات. جیاوازی بیروڕا مافی هەموو مرۆڤێکە؛ بەڵام گۆڕینی جیاوازی بیروڕا بۆ ڕق و دوورخستنەوە و هاندان دژی ئەوانی تر قەبووڵ ناکرێت.
کوردستان کاتێک بەهێزتر و سەربەرزتر دەبێت کە مزگەوت، شانبەشانی کڵێسا و خانەقا و مەزارگەی ئایین و دابونەریتی جۆراوجۆر، هێمای ئاشتی و ئەخلاق بێت نەک مەیدانی ڕق و کینە و دوژمنایەتی.
با ڕێگە نەدەین بیری توندڕەو و توندوتیژی، بە هەر ناوێکەوە، نەریتی لەمێژینەی پێکەوە ژیانی خەڵکی کوردستان لەناو ببات.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی
ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات
