"an independent online kurdish website

nebi_qadri هاوینی ساڵی 1363 بەشداری دەورەی کادری حیزب بووم  و لە کوتای دەورەکەدا ڕەوانەی دەفتەری سیاسی کرام بۆ فێربونی بەکار هێنانی بێسیمی دوورمەودا (ڕاکاڵ).  یەکێک لە کولتورە باشەکانی حیزبی دیموکرات  ئەوە بوو کە هەموو لە یەک شوێن و هەمان خواردنیان ئەخوارد.

دەفتەری سیاسی چێشتخانەیەکی هەبوو لەگەڵ سالونێکی نان خواردن و لە کاتی نیوەڕۆ و ئێوارە دا لە سکرتیرەوە بگرە تا بەرپرسانی کارەبا و سادەترین ئەندامی حیزب لەو چێشتخانەیە دا بە ڕیز خواردنیان وەردەگرت و دەخوارد. ئیتر زور ئاساێی بوو کە من لە پێش دوکتور قاسملوو ، یان دوکتور سەعید یان هەر ئەندامێکی دیکەی کومیتەی ناوەندی یان دەفتەری سیاسیەوە  لە سرەی خواردن ڕاوەستم و خواردن وەرگرم.

 ڕوژێک دوای نان خواردن بەڕیوەبووم بۆ ژوورەکەی کاک دوکتور حسەین خەلیقی کە ئەو کاتە ئەندامی کومیتەی ناوەندی بوو و دەرگای ماڵەکەی بە ڕوی هەموو ناسیاو و نەناسیاوا کراوە بوو، تووشی کاک دوکتور سەعید، کاک ئەحمەدی شێربەگی و چەند کەسێکیتر بووم کە زوربەیانم نەدەناسی.

 کاک دوکتور سەعید پێی وتم لەگەڵ بەرپرسی نوێی ناوەندی ئاژوانا یەکترتان بینیوە؟ وتم نەخێر، بە بزەیەکەوە وتی: خۆت ئامادە بکە لەگەڵ کاک نەبی قادری و کاک بابا  عەلی مێهرپەروەر دا بگەڕییەوە.

 لای ئێوارە بۆ وەرگرتنی هەزینەی سەفەر چووم بۆ لای کاک سیامەند شێخ ئاغایی، لەوێ کاک نەبی قادری م بۆ یەکەمجار بینی. مروڤێکی زور گەرم و ڕوح سووک و بێ فیز و گزە بوو، ئەوەندە بە گەرمی وەری گرتم  ،وام هەست ئەکرد کە ماوەیەکی زورە یەکتر ئەناسین.

 دوای یەک دوو ڕۆژ کاروانەکەمان ئامادە بوو و سەرەتا چوینە شاروچکەی ماوەت و لەویوە بەرەو سنورە دەسکردەکەی نێوان باشور و ڕوژهەڵات لە دەڤەرەی بانە وەڕێ کەوتین، ئێوارە درنگانێک گەیشتینە بنکەی کومیتەی شارستانی بانە کە کاک غەفور هەمزەێی بەرپرسی ئەو کومیتەیە بوو. بۆ بەیانیەکەی نیگابان بانگی کرد پۆلە پاسداریک بەڕیوەن بەرەو ئەو ناوەی لێی بووین، ئەو پێشمەرگانەی چەکیان پێ بو بەرەو شوێنی ئاماژە پێکراو ڕوشتن و منیش یەکیک بوم لەوانە، لە نیوەی ڕیدا بوین کە وتیان بگەڕینەوە، بۆ ئێرە نایەن و نابێ تەقەیان لێ بکەن چونکە بنکەکانی کومیتەی شارستان ئەدەنە بەر توپ. لە کاتی گەڕنەوەدا بۆ بنکەکان کاک غەفور زور بە توڕە بونەوە پێشوازی لێ کردین و چەند قسەی ناشیرینی کرد کە بوچی ئێمە سەرەڕویمان کردوە و بنکەی کومیتەی شارستانمان ئاشکرا کردوە و لەوانەیە بدرێینیە بەر تۆپ، پێشمەرگەکانی دیکە بێدەنگ بون و چونەوە ناو بنکەکان بەڵام من وەدەنگ هاتم و بە کاک غەفورم وت مافی نیە بێحورمەتیمان پێ بکات ئێمە پێشمەرگەین و وتویانە پاسدار هات دەبێ بچێن پێشیان بگرین، کاک غەفور لە منیش توڕە بو  وتی: تۆ بە بستێ باڵاوە پێم ناڵێی چکارەی وا دەمت هێناوەتە پێش، لە کاتی ئەو دەمەقالێیەی من و کاک غەفورا کاک نەبی پەیدا بو و بە کاک غەفوری وت: ئەوە پێشمەرگەی هیزی بیستونە و چۆن دڵت دێت لێی توڕە {jcomments off}دەبی و بە منی وت بچورەوە لای ڕەفیقەکانت و لەگەڵ کاک غەفورا چونەوە بۆ بنکەکەی خۆیان.

 زوری پێ نەچوو ن پێشمەرگەیەک هات و وتی: کاک غەفور بانگت ئەکات، کە گەیشتمە لایان، کاک غەفور هەستا و ئەملا و ئەەلای ماچ کردم و لە ناوبەری خوی و کاک باباعەلی دا داینام. کاک بابا عەلی وەک هەموو جارێ پیی وتم: بابە گیان، نابێ لە خوڕا دەرچن بەملاو ئەولا دا ئێمە سەفەرین و دەبێ لێک دانەبڕدرێین.

 کاک نەبی قادری بەژنێکی وەرزشی بە خووەی هەبوو کە جامەدانەی بە فورمی دەڤەری شنۆ ئەبەستەوە و قژی شوڕ بو، زیاتر وەک هونەرپیشەی فیلمێک ئەچوو کە بۆ باسی خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیەک دەور دەگێڕێ، بەڵام کاک نەبی نەک بە فیلم بەڵکو بە کردەوە ئەرکی شوڕشگێرانەی نەتەوەێی بە جی دەگەیاند.

 کاک نەبی روی لە کاک غەفور کرد و وتی: ئاخر ئەمە نەمونەیەکی بچکولەی هیزی بیستونە بویە ئەوەندە قارەمانانە هەموو ڕۆژێک عەمەلیاتێک بەڕیوە ئەبەن، دانیشتوان بە تێکرا بزەیەکیان دا بە روی منا.

 تا دەهات هەستم بە نیزیکایەتی کاک نەبی دەکرد و ئەویش خۆی وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندی ئاژوان نیشان نەدەدا و سەرەڕای جیاوازی تەمەن بەردەوام وەک ڕەفیقێک هەڵس و کەوتی ئەکرد وئەوەش تایبەت بە من یان کەسێکی دیکە نەبوو بەڵکو لە ڕوحێکلی وەرزشی و خاوینەوەی سەرچاوەی دەگرت.

 دوای ئەوەی چەند شەو لە لای کومیتەی شارستانی بانە میوان بوین بڕیار درا کە دەبێ ئێوارەیەکیان وەڕی کەوین و دەبوو ئەو شەوە بگەینە گوندی “وشترمل” کە لە نیزیک شاری بانەیە بەڵام تا ئەوکاتە پێگەی هیزە داگیرکەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانی لی نەبوو، ریگاکە دوور و پڕ مەترسی بو بەڵام ئیرادەی پێشمەرگانە لەو سەردەمەدا گرینگی بەو شتانە نەدەدا و بە بڕیارەوە ئەوەی ئیرادەی بۆ بکردایە بە جێی دەهێنا.

 لەو ماوەیە دا نازانم چ هۆکار بو کە من خوێنی لوتم بەر دەبوو، ئەو شەوەش لە ناوەڕیدا جاریکیتر خوێنی لوتم بەر بو، کاک عەلی کەس نەزانی کە هەر بە گەنجی سەری سپی ببو و پێمان ئەوت عەلی سەرسپی بە فریامەوە هات و یارمەتی دام و دەم بە دەم بە سەفەکە ڕاگەیندرا کە ڕاوەستن.

 کاتێک هەموو وەستان و پشویەکمان دا، کاک نەبی جڵەوی ئەسپەکەی دایە دەستی من و تی، وەرە سوار بە، هەرچەندە هەوڵم دا قەبوڵی نەکرد و وتی ،ماوەیەک سوار بە بۆ ئەوە بحەسیتەوە و خوێنت لەبەر ڕوشتوە بێ هێزی، بە شەرمەوە قەبوڵم کرد و ئیتر کاک نەبی تا ئەو کاتەگگەیشتینە گوندی “وشترمل” ڕازی نەبوو من دابەزم.

 بە گشتی لەو سەفەرە دا بیرەوەری خوشمان بۆ دروست بوون کە قەت لە بیریان ناکەم و بەڕاستی کاک نەبی و کاک بابا عەلی وەک منداڵی خۆیان هەڵسووکەوتیان لەگەڵمان دەکرد و لوتفێکی زوریان لەگەڵ مندا هەبوو.

 سەرئەنجام گەیشتینەوە ناوەندی ئاژوان کە لە پشت گوندی “نرگسەڵە” لە ناوچەی دیواندەرە و لە بناری کێوی “دوو برا” بارگەیان دانابوو.

 دوو حەوتو دوای ئەوەی گەیشتینەوە ناوەندی ئاژوان سەرلەبەیانیێەک زوو بە دەنگی تەقە وەخەبەر هاتین. دوژمنی داگیرکەر شاخەکانیشی بە ئازادی تەحەمول نەدەکرد و هێرشیان کردبووە سەرمان و پێشمەرگەکانی کەمین پێیان زانی بوون و وەبەر دەسڕیژیان دابوون و  شەڕ گەرم بوو.

 لەو کاتە ناسکە دا کاک نەبی زور بە ئاسودەیی و خوێنساردیەوە بەسەر گروپی پێشمەرگەکان دا دەگەڕا و ئاگاداری ئەکردنەوە کە بە ورە بن و لەسەرەخو بن و دەبێ دوژمن تێک بشکێنین. ئەو کردەوەیەی کاک نەبی وایکرد کە هەموو پێشمەرگەکان ورەیەکی بەرزیان هەبێ و لە ئەنجاما دوژمن بە سەرشوڕی تێک شکا.

 ئەو دیمەنانەی کاک نەبی قەت لەبەر چاوم ون نابن کاتێک لەو بەرەبەیانە زووە دا بەو قەڵافەتە وەرزشکارانەیەوە دەست بە چەک دەهات و دەچوو و ئامادەی خۆی دەربڕی کەبچێتە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بەڵام ڕیگری لێکرا و بەردەوام ورەی ئەدا پێمان و دڵنیای ئەکردینەوە کە دوژمن ئەشکێ. ئەمە بە گێڕانەوە ئاسانە بەڵام بۆ کات و سەردەمی خۆی ئاسان نیە و حاڵ و هەوایەکی تایبەتی هەیە.

 لە ساڵی 1363وە کاک نەبی قادریم ناسی و شانازی بەو ناسینەوە ئەکەم و هیچکات مەرگی کاک نەبیم بۆ قەبوڵ نەکراوە لەبەر ئەوە ئەو لە مردن گەورەترە و بیر و بیرەوەریەکانی بەردەوام دەژین و زورن ئەو کەسانەی وەک من لە ناسیاوی لەگەڵ کاک نەبی دا شانازی دەکەن و قەت باوەر بە مردنەکەی ناکەن، ئاخر چۆن ئەو قەڵافەتە کیو ئاسایە ئەکرێ بچەمێتەوە.

 یادی کاک نەبی بەرز و بەخێر و هیچکات لە بیری ناکەم و هەموو کاتێ بە ڕیز و خوشەویستیەوە باسی ئەکەم و  بە بیری دێنمەوە.

هیوا گوڵ محەمەدی

20111215

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی