دلشاد جەمشیدی، لە دایک بووی لادێیەکی خنجیلانەو سروشت جوان بە ناوی سەرهویە سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان، لە سنە گەورە بووم یا باشترە بێژم لەگەل هاتنی لەشکەری خۆمەینی ئاوارەی سنە بوین. مام عەلێ تۆ خوای کارە ناتەواوەکانی، ئەرێ تۆزێ دەرسم خوێند، تۆزێ پێشمەرگایەتیم کرد
و تۆزێکیشە لە ئوروپامو ژیانیش بەم تۆزانە خەریکە تەواو ئەبێ.
· ڕۆژی پێشمهرگهی کوردستان (26 ی سهرماوهز) لای تۆ چ مانایهکی ههیه و چۆنی تاریف دهکهی ؟
چۆنیەتی ئاشنا بوون و چۆنیەتی تێکەل بوونو دواتر چۆنیەتی هەلسوکەوت مەرجگەلێکن کە بە هۆیانەوە دەتوانی پێناسەو تاریفی بەرانبەرەکەتیان پێبکەی، ئەم مەرجانە نەگۆر نین کەوابوو پێناسەکانیش لە تاکێکەوە بۆ تاکێک دەگۆردرێن. لای من پێشمەرگە لە گەل تەمەنم گەشەی کردووەو بووەتە ئەو سیما راستەقینەیە کە ئێستا لە مێشکمدا حەکێندراوە. بیر ئەکەمەوە روانینی مندالیم و بیری مندالیم لە مەڕ پێشمەرگە ئەگەرچی روانینێکی سادەو بێگرێیە لە هەمانکاتدا تێکەلێکە لە هیواو خۆشەویستی. پێشمەرگە پیاوگەلێکی بالابەرزری جوانخاس و میرخاس و قارەمانو شەرکەرو جاش بەزێنن، بەلام لە گەل مەدا میهرەبانو بۆ ئێمە پشتو پەناو جێئۆمید.
· کە بیر لە تەمەنێکی تۆزێ تێکەل بە حالو هەوای هەرزەکاری ئەکەمەوە ئەبینم، پێشمەرگە لە ئەفسانەیەکی دورەدەستی بیری مندالیم خەریکە ئەبێتە واقعیەتێکی ژیانم، بگرە سەدان شەو بیرم لەوە کردبێتەوە کە ئاخۆ ئەتوانم تفەنگ هەلگرم؟ بێژی بتوانم پێشمەرگە بم؟ و دەیان پرسیاریتر! گەنجان و تازەپێگەیشتوانی بنەمالە پێشمەرگەو بنەمالە شەهیدانی سالانی شەستو هەفتای هەتاوی خۆلیایان پێشمەرگایەتیو حەزیان چەکو ویستیان تۆلە بوو! شەر شاخەکانی لەخەو رادەپەراند، رادیو حیزب دەیگرماندو شێربەیگی ئەفسانە بوو.
· لەو رۆژانەدا کوڕە شەهید بوونو خۆشەویستی خەلک بوونو زۆر هۆکاریتر پالیان پێوە ئەنایت بەرەو سەفەرێکی پڕ لەخەتەر.
· دەترسای لە چکۆلەیی خۆتو گەورەیی ئەو هەنگاوە دەتهەوێ بیهاوێژی. ئێوارە درەنگێک دەستێک پالت پێوە دەنێو سەفەرێکی دورو رێگایەکی پڕ مەترسی دەگریتە بەرو دەرویت بەلام شانس لەگەلتدا هاورێیەو ئاسان دەگەیتە جێو تا ماوەیەکی زۆر حەپەساو لە پێشمەرگە دەروانیو لات وایە خەون ئەبینی کە هاو کەلامی کاک مەنسورو سادقو کەریمیانو مام ئەسعەدو کاک حەمەعەلیو مام ئیقبالو کاک خەلیلو کاک زۆرابو کاک ئەسعەدو دەیان قارەمانیتری. شەرم ئەکەی سەرهەلبری بەلام پێکەنینەکانی زۆرابو دلسۆزیەکانی سادقو خۆلکێکی مام ئەسعەدو کاک عەلی خانیو سەید عیزەت وات لێئەکەن کە هەست بکەی لە مالی خۆتدای. پێشمەرگە یانی خەلکانێک کە ئازاد ژیان هێند بە نرخە لایان کە ئامادەن گشت ژیانی بە قۆربان بکەن.
· پێشمەرگایەتی لای تۆ چە مانایەکی هەیە؟ پێشمەرگایەتی لە یەک کەلامدا فێربوونە.بێنمە بەرچاوگەنجێکی 16سالەی بێئەزمون لە پێشمەرگایەتیدا چ دەرفەتگەلێکی نایابی لەبەردەمدایە کاتێک دەبێتە پێشمەرگە. تێکەل بوون لەگەل گۆلبژێرێک لە خەلکی هەموو ناوچەکانی کوردستان، بیرمە لە فێرگە چوار کەسی لای شیمالمان لەگەل بوون بەفارسی تا ماوەیەکی زۆر پێکەوە ئەدواین دەقەیەک بیست جار “من میگم”مان دووپات ئەکردەوە. لە شیمالەوە تا خوارەوەی کوردستان کە هاورێیانی یارسانی بوون، ئەم ئەزمونەو ئەم دەرفەتە لە ژیانێکی ئاسایدا یا نامۆمکینە یا چەند دە سالێک زەمانی ئەوێت، ئاشنایەتی لەگەل سەرجەم زاراوەکان و زۆربەی عاداتو تەقالیدی خەلکەکەت. جیا لەوە پێشمەرگایەتی وانەی پێکەوە هەلکردنو لەگەل یەکسازانە، کەوتنە جەمعێکەوە کە هەریەکەو خاوەنی جۆرێ لە بیرکردنەوەیەو بە جیاوازی تەمەن و زۆر شتیترەوە جیا لە هاوئامانج بوون رۆحێکی گەورەی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانی خۆ بگۆنجێنی لە پێشمەرگایەتیدا ئەم رۆحە لەدایک ئەبێو ئەوەیش نەیتوانیوە پەروەردەی بکات نەیتوانیوە بمێنێتەوە.
· پێشمەرگایەتی یانی خۆشویستنو لە زۆرشتی خۆ خۆشبوون، بگرە جۆرێک ناتەبا بێتە بەرچاو بەلام رەگێکی عیرفان لە پێشمەرگایەتیداجولەی هەیە ئەویش دەرباز بوونە لە خۆ( بەو تەوفیرەوە لێرەدا لەخۆ دەربازبون لە پێناو ئازادی و هاورێو خاکدایە”). وتەیەکی شەهید عەلی ئەمینی یا با ێژم مامۆستا عەلیم قەت لە بیر ناچێت کە دەیوت: هەموو کورێکی چاک پێشمەرگە نییە بەلام هەموو پێشمەرگەیەک کوڕی چاکە. بەراست پێشمەرگە یانی سەرچاوەی بەخشەندەییو پێشمەرگایەتیش مەجالێک بۆ بەخشەندە بوون.
· بیرهوهیهکی ژیانی حیزبی یان پێشمهرگایهتی خۆتمان بۆ باس بکه.
· ژیان بۆ خۆی بیرەوەریەکە کە گێرانەوەی زۆری ئەوێ شایەد ئەوانەی پێشمەرگە بوون شازی بیرەوەریەکانیان لەو قۆناخەدا جێماون. کە بیر ئەکەمەوە سات بە ساتی ئەو رۆژانە بیرەوەرین بەلام با بیرەوەریەکی نە تال و نە شیرین و تۆزێ جالبتان بۆ بگێرمەوە، ئێوارە درەنگانێک دەنگۆ بلاو کرایەوە کە ئەوەتا کۆماری ئیسلامی قەفەسی هێناوەو لە قەفەسانمان دەکات و دەماناتەوە! تاریک و رونی ئێوارە ژنو مندال کەمپەکانیان جێهێشت، ئەوە ئێمەومانان هەر پێمان فشەیە، نییە نەماندیوە ئەم کۆماری ئیسلامییە چەند نامەردە حاشا حازری! شەو خەو نەبوو بە حۆکمی ئەوەیش لە پارێزگاری بووین هەرکەس ئەچوە کۆیە بۆ خەبەرێک ئەوە ئێمە بەدوایەوە بووین، بەیانی زوو لە بەردەکانی ئەوبەری پرێسگەیان کردین خەتی مۆقەدەمی جبهە بەناو! ئەوە لە گەل هاورێیەکی پیرانشاریدا هەر پێمان فشەیە، وەلا نەبووە کاتژمێر حەفتی بەیانی تێکرد سیهەمین کاتیوشای لە نەخۆشخانەداو بەربووە ئەو دەشتە نە یەک نە دوو تۆ بێژە هەزار. بیسیمێکمان لەم یاشیکانە پێبوو بە کاک عەبە جوانرۆیی کردمانەوە دەبینین کاک ئیبراهیم چوکەلی خەریکی شەرە جنێوە لەگەلیان وەرە خۆت مەکۆژە ئەیوت : جیا ئەمە چییە مێشولەیە ویزەی دێت! ئەوە خۆ هەر دەبارێنێو کەسیش بە فریامان ناگات لەو دەشتە لە هەمووی خرابتر سیگارمان نییە! لەم کەینو بەینەدا بۆ پیرە پیاوێکو پیرە ژنێک خۆیان نەکرد بە ناو ئەو پۆلە بەردەدا کە ئێمە کردبوومانە سەنگەر، ئێستاش نەمزانی لە کوێوە هاتن! بیری لێکەرەوە لێم پرسی خالۆ حاجی جگەرەت پێنییە؟ جیا وەرە سەیری ئەم مۆعجیزە بکە لەو فتنەدا لەو ئاگربارانەدا خالۆ حاجی نە پاکەتێک دوو پاکەتی هەلنەپچراوی دالاسی پێبێت.
· کهسانێک پهیدا دهبن که پێیان وایه ئهرکی پێشمهرگایهتی تهواو بووه ، تۆ نهزهرت لهو بارهوه چیه ؟ تا داگیرکەر هەبێ واتە زۆلم و داگیربوون بوونی هەیە، ئەوانەی وا دژ بە زۆلمو زۆرداری و داگیرکەر دەوەستنەوە پێشمەرگەن. هیوادارم رۆژێک بێت کە پێشمەرگەو پێشمەرگایەتی وەک مێژویەکی جێشانازیو ئەفسانەیی لە ناوقەدی مێژوی گەلی کورد بدرێنو چۆن ساموراییەکان مەزهەری ئازادیو ئازایەتیو وەفادارین لە مێژوی ژاپۆنداو هەتا هەتایە ئەو میللەتە شانازیان پێوە دەکات، نەوەکانی داهاتوش ئازاد بنو ئازادانە وەک میللەتانی سەربەست ژیان بەرنەسەر. پێشمەرگایەتی لەگەل گشتی جوانیەکانو پیرۆزایەتیەکانو داستانەکانی ژیانێکی ئاستەمو پڕ لە ژانو خوێنو لە سەری ناچارییە! دەنا لە شاخاندا ژیانو لە خەتەردا هەناسەدانو لە بێنیشاندا نێژران ئاوات نییە.
· باشترین وشه که پێشکهش به پێشمهرگهی بکهی چیه ؟ پێشمەرگە یانی خەلکانێک کە ئازاد ژیان هێند بە نرخە لایان کە ئامادەن گشت ژیانی بە قۆربان کەن.
· له کۆتایی دا ماڵپهڕی پێشمهرگهکان 9 ساڵی تهواو کرد، چیت ههیه بۆ ساڵ ڕۆژی ماڵپهڕی پێشمهرگهکان ؟ وێرای پیرۆزبایی لە ئێوەی ئازیز لە نۆهەمین سالیادی سایتەکەتاندا با راشکاوانە داواتان لێبکەم هەمەرەنگتر بن، تا بیریشم نەچووە پێشنیارێکی برایانەیشتان ئاراستە بکەم کە لە بلاوکردنەوەی بابەتدا بە تایبەت دەقە ئەدەبیەکاندا زیاتر حەساس بن با عەیارێکتان هەبێ بۆ بلاوکردنەوە.
· سەرکەوتو بن، بەردوام بنو رۆژ لە گەل رۆژ باشتر{jcomments off}