"an independent online kurdish website

دونیای ئه‌و ڕۆی پێشکه‌وتوو خواز     

به‌و پیک‌‌و ماپیکی سه‌ت ساز      

ئه‌وهای لێ هه‌ڵده‌ستێ ئاواز         hamid_rashid_zarza_2011

ده‌بێ دوێنێ له ‌عه‌سری

کۆن‌‌و پاشکه‌وتوو

چ سێجرکه‌یه‌ک لێدرابێت

نه‌درکانی لێم بۆته ‌ڕاز

هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ک وێران کرا

باب نه‌گه‌ییه‌ سه‌رته‌رمی کوڕ

برا نه‌گه‌ییه‌ لای برا

دایک کۆرپه‌ له‌ باوه‌ش دا

هه‌ناسه‌ بڕکه‌ی لێ بڕا

پێنج هه‌زارکورد، درشت‌‌و ورد

هێندی بڵێی هه‌ر یه‌ک‌‌و دوو

له‌ توێخ‌‌و پیست هاته ‌ده‌رێ

به‌و تیژاوه‌ ئاوه‌کوڵ بوو

خوێن‌‌و گۆشتی بوو به ‌زه‌لکاو

تێکه‌ڵ تۆزوو خۆڵی دۆڵ بوو

ده‌شت‌‌و ده‌وه‌ن، که‌وری چیا

هه‌موو چڕژان, بوونه‌ خه‌ڵووس

که‌وتنه ‌به‌رپێ بێ سێ‌‌و دوو

که‌سێک سیله‌ی ڕوحمی نه‌بوو

هه‌تا له ‌خه‌سته‌خانه‌ش دا

له ‌ژێرئێشی ئه‌و ژانه‌ش دا

به‌ چه‌پکێک گوڵ, که‌چی ده‌کرا

هاو ده‌ردیان له‌ گه‌ڵ نه‌کرا

به‌ڵام له‌ مه‌ڕ نه‌وتی که‌و‌‌ێت

کام داڵاش هه‌بوو که‌ نه‌چێت؟ 

میری شه‌ترنج، ته‌که‌ی قومار

سوخره‌و گه‌ڕیده‌ی دێ‌‌و شار

گوتیان بیکوژن، خوێنی بڕژن

سه‌ت پارچه‌ی که‌ن سه‌ری ببڕن

سه‌رهه‌ڵقه‌نه‌, زگی بدڕن

شه‌ڕله‌تانه‌، شه‌و پلاره‌

عیفریتێکی تاوانباره‌

که‌چی له ‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ش ڕا

ئه‌و جنایه‌ته ‌تاڵه‌ش ڕا

بۆ هه‌ریمی کورد تێڕامان

پاشقولیان بۆ کرده‌ سامان

دوور له‌ “که‌رکووک” له‌ “خانه‌قین”

‌به‌ردی پاڵێن به ‌بێ شه‌وین

ساوار بۆ وی بۆ مه  ‌بنکڕ

ئه‌ویش به ‌سه‌ت پچکڕ پچکڕ

به‌ دوو له‌ته‌ی “بادین” “سۆران”

له ‌سه‌ر تاتی مردوو شۆران

که‌س نه‌زانێ بیده‌نگ‌‌و کڕ

تێیدا ئیخی خواردوه‌ چوار دڕ

هه‌ر یه‌ک بۆ لایه‌ک ده‌کێشێ

ئه‌و که‌لاکه‌ به ‌مشت‌‌و مڕ

ڕۆژێک نییه‌ لێی هه‌ڵنه‌ستێ

بڵێسه‌ی شه‌ڕ هه‌ناسه‌ێ گڕ

له‌ هه‌زار کورد یه‌ک وه‌دۆزه‌

بێ خه‌م له‌ ماڵی خۆی مرد بێ؟

مناڵه ‌کوردێک په‌یاکه‌

پێی حاڵی کرابێ کورد بێ؟

به‌ڵگه‌ت ده‌وێ؟  ده‌یان به‌ڵگه‌ی

زیندووت ئێستا له‌ بۆ بێنم

“کۆزۆفۆ” یه‌کێک له‌ وانه‌

له‌ گه‌ڵ کوردی هه‌ڵسه‌‌نگێنم

بۆ وان سه‌ردار بۆ مه ‌سێدار؟

کوانێ ڕۆشنبیرو بێدار

ڕۆژێ به‌ ده‌یان کورد ده‌مرێ

له‌ په‌نا بابه‌ گوڕ گوڕ دا

بۆ له‌ته‌ نانێک به‌ دینار

دارێک نییه‌ له‌ کوردستان

لقی نه‌بێته‌ سێداره‌

نادۆزیه‌وه‌ یه‌ک له ‌هه‌زار

نه‌چۆبێته‌ سه‌ر ئه‌و داره‌

له‌و بیره‌وه‌ریه‌ تاڵانه‌

دڵم تێیدا سه‌ت داڵانه‌

نموونه‌ی “ده‌ی خاکه‌لێوه”‌

هه‌ڵخرا سێدار له‌ وێوه‌

له ‌چوار چه‌راکه‌ی مه‌هاباد

پێته‌ختی کورد کانگای ئازاد

دادوو واویلا به‌ڕێوه

پێشه‌واوو سه‌رۆک وه‌زیر

سه‌درو سه‌یفی قازی پێوه‌

هه‌ر دوێنێکه‌ بوو له ‌ئیران

ملک‌‌و ماشم لێ بوو وێران

سه‌رکرده‌م به ‌خه‌فیه ‌کوژرا

ته‌رمی له‌ نزاران نێژرا

خۆڵه‌ مێشی هه‌زار جه‌نده‌ک

له‌ گۆم‌‌و زه‌لکاوان ڕێژرا

شاباشی شایی قودڕه‌ته‌

سه‌رجه‌م خوێنی کوردی هه‌ژار

‌هه‌ر له ‌هه‌ڵپه‌ڕکێ ئه‌واندا

مامه‌ڵه‌ی خوێنمه‌ له ‌بازار

به‌ دڵۆپه‌ نه‌وتێک دۆشکه‌یه‌ک

به‌ بۆشکه‌یه‌ک ده‌یان هێنده‌

بارته‌قای خوێنی کورد به ‌لاش

چه‌ند فڕۆکه‌, چه‌ند ده‌بابه,‌

گازی خه‌رده‌ل، چه‌نده‌و چه‌نده‌

زلهێزه‌کان‌ دووکاندارو

مشته‌ری هه‌ر چوار داگیرکه‌ر

بۆ سه‌یرو سوحبه‌تی خۆیان

‌ دێن‌‌و سه‌رم داوێنه ‌سه‌ر

له‌و لاش ئه‌وه‌…

نه‌ ماچێک‌‌و نه‌ هه‌زارماچ؟

چبکه‌م بۆ ده‌رمانی عیلاچ ؟

ئه‌و قه‌ڵافه‌ته‌ نه‌ڕووخا

ئه‌و لێوه‌ چۆنبوو نه‌قه‌ڵشی

ئه‌و په‌نجه‌یه‌ هه‌ڵنه‌وه‌ری

نه‌که‌وته‌ ژێرناڵچه‌ی که‌وشی

له‌و لاش ئه‌وه‌…

کوردو عاڕه‌بێک پێکه‌وه‌

تانگ‌‌و تۆپ‌‌و عه‌سکه‌رله‌ دوو

هه‌ر دوو هه‌ر دوو ده‌می تیژی

مقه‌ستێکن،هه‌سانه‌ هه‌سوو

ئه‌و سازمانه‌ به ‌درۆیه‌ی

دونیا خۆران کۆڕی سه‌ودا

بۆ حه‌قخوازی ده‌سته‌ وه‌ستان

به ‌هۆگان دووره‌ له‌ مه‌ودا

ئیستا ده‌ڵێم: زۆرکه‌س ده‌ڵێن…

ئه‌و هاوار چی‌‌یه‌ چه‌ند دینه‌

له‌و باژێڕه‌ گوڵ داگێڕه‌

نه‌جێ له‌شکر، نه ‌جێ قۆشه‌ن،

نه‌ باسێک له‌ مه‌م‌‌و زینه‌،

بۆ چی وا ده‌خۆ نووساوه‌

پڕ به‌ گه‌رووی ده‌چریکێنێ

گوڕه‌ی  ده‌نگی

میچی عه‌ڕشی، ده‌هه‌ژێنێ

که‌سێک نایه‌ لێم ناپرسێ

هۆی ئه‌و هاواروو ئه‌و شینه‌

سه‌ت جار به ‌ده‌ستی به ‌ده‌سنوێژ

ده‌ستیان به ‌قوڕئان داده‌ده‌ن

بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌ی باب‌‌و دایکم

ده‌یان چێڕۆکه‌ داده‌ده‌ن

له‌ گه‌ڵم ده‌بنه‌ ئامۆزا

به‌ پێی مێژوو بڕبڕه‌ی پشت

که‌چی ئیعدام، ته‌بعید،کوشتن

له‌ من، به‌ ده‌ست ئه‌وانه، ‌گشت

هه‌ڵه ‌‌سوونه‌ی داگیرکه‌ران

له‌ چه‌ند سه‌ده‌ی مێژووی درێژ

دارجلیتی بۆره‌ سواره‌

ده‌که‌ویته‌ سێره‌ی ڕاوێژ

که‌ گه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌

سه‌رهه‌ڵدێن ببینه‌ شتێک

دێن تێن ڕۆدێن له‌ چوارلاوه‌

بۆ هه‌ر لا ده‌بین به‌‌ کوتێک

هه‌ویه‌ی هه‌رچوار داگیرکه‌رم

بۆ نوسرا به‌ دروو ده‌هۆ

بۆچی؟ هه‌تا له ‌بیربکه‌م

ڕۆشنبیریی میلله‌تی خۆ

ده‌مکه‌نه‌ کاوی ئاسینگه‌ر

فه‌ریدوونم پێ دێننه‌وه‌

ماری زوحاکم پێ ده‌کوژن

شیره ‌شوانه‌م بۆ دێننه‌وه

که‌ پێویستیان پێم خه‌ڵاس بوو

ده‌چۆل‌‌و چیام هه‌ڵده‌که‌ن

له‌ که‌سایه‌تی ئینسانیم

هه‌ر‌ چه‌ند بتوانن که‌م ده‌که‌ن

به‌ باڵته‌، به ‌ساتۆر، قه‌مه‌

به ‌پلار، ده‌که‌ونه‌ شوێنم

به‌و چه‌که ‌گازه‌ خه‌رده‌له‌؟

قانگم ده‌ده‌ن، ده‌مخنکێنن

ئه‌و جار که‌ به‌خێرا خۆیان

وه‌ریانگرتم به ‌هاو کری

زوانه‌که‌شم ده‌که‌نه‌

بن له‌هجه‌ک له ‌فارسی دری؟

هه‌ناسه‌ی ساردی هاوارم

بڕناکا له ‌کڵی گڕیان

ده‌یان مه‌نجه‌ڵ خوێنی گه‌شم

ناشکێنێ تامه‌زرۆی دڵی

زێرووی خوێنمژی ده‌و دڕیان

که‌چی کلیلی ئه‌زموونی

چه‌ند قات بوونه‌وه‌ی کاره‌سات

به‌ یه‌خه‌م وه‌، پێی هه‌ڵناگرم

گۆڵه‌ی ده‌رگای ڕێگای نه‌جات

به‌ڵام گه‌لێک بۆ ڕزگاری

له ‌خوێن ڕژاندا سه‌خی بێ

ئاسۆی لێ ون نابێ هه‌ر گیز

بووڵێڵی چه‌ند له‌ ڕه‌خی بێ

ڕیکه‌وتی10/7/2000

شارۆچکه‌ی گاتن،کویزله‌ند ئوسته‌رالیا{jcomments off}

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی