"an independent online kurdish website

كە لەگەڵ كاڵێی هاوسەرم یەكەم هەنگاومان هەڵێنا بۆ ناو گۆڕستانەكە، هەستێكی سەیر دایگرتم. من ساڵانێكی زۆرە هیچ گۆڕستانێكم نەبینیوە. لەبەرئەوەی بەهۆی شەڕی نەگریسی ناوخۆوە نەمتوانی لە باشووری كوردستان سەردانی گۆڕی دایكم بكەم، بۆیە لە هەموو شوێنێك خۆم لە چوونە گۆڕستان دەبوێرم. hemn_abdulla

كە داوای زانیاریمان لە كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕستانە گەورەكە كرد، یەكسەر بزەیەكی كرد و گوتی “بەدوای گۆڕی گیونەی، كایا، قاسملوو و شەڕەفكەندیدا دەگەڕێن؟”، ئێمەش بە سەرسووڕمانەوە وەڵامماندایەوە: “بەڵێ، لەوان دەگەڕێین”. كابرای كارمەند گوتی: “ئێمە راهاتووین، رۆژانە خەڵك دێن و هەمان پرسیارمان لێدەكەن، بۆیە وەڵامەكەمان ئامادەیە”. ئینجا نەخشەیەكی گەورەی گۆڕستانەكەی دەرهێنا و بە قەڵەمێك شوێنی گۆڕەكانی بۆ دەستنیشان كردین.

 گۆڕستانی (پێر لاشێز) لە شاری پاریس دوامەنزڵگەی زۆر كەسایەتی جیهانییە. هەر لە مارسێل پرووستەوە بگرە تاوەكو دەگاتە بێڵزاك، ئۆسكار وایڵد، چۆپین و سادقی هیدایەت و زۆر ناوی مەزنی دیكە. هەڵكەوتەی گۆڕی چوار گەورە پیاوەكەی كوردیش لەو گۆڕستانەدا زۆر لە چارەنووسی وڵات و نەتەوەكەیان دەچێت: گۆڕەكان پێكەوە نین و بەسەر چوار ناوچەی جیادا دابەشبوون. 

گۆڕی یەڵماز گیونەی بەسەر شەقامێكی جوانی پاریسدا دەڕوانێت. كاتێك دۆزیمانەوە و گەیشتینە سەری، هەستمدەكرد چەندە بای بەرەبەیانییە زستانییەكەی پاریس دەست و دەموچاومی تەزاندووە، هێندەش بیرهاتنەوەی چیرۆكی ژیانی ئەو فیلمسازە كوردە لە نامۆییدا بەبێنازی كۆچكردووە سڕی كردووم. لەسەر گۆڕی گیونەی، بەپێچەوانەی سەر گۆڕەكانی دەوروبەری، ژمارەیەكی زۆر گوڵ و ئینجانەی رازاوە بە نەمامی بچكۆلە دانرابوون. پێدەچوو قسەی كابرای گۆڕستانڤان راست بووبێ و بە تازەیی زۆر كوردی دیكە هاتبنە سەردانی ئەو هاونیشتمانییە لە بێكەسیدا كۆچكردووەیان. لەپەنای گوڵەكاندا سندووقێكی بچكۆلەی بە زەنگیانە نەخشێندراویش لەسەر گۆڕی گیونەی هەبوو. حەزم دەكرد بزانم چیی تێدایە، بەڵام كڵۆم درابوو و نەمتوانی بیكەمەوە.

كاتێك بەرەو گۆڕی ئەحمەد كایا دەڕۆیشتین، دیمەنی تاقەتپرووكێنی ئەو توركە رەگەزپەرستانەم دەهاتەوە یاد كە كاتێك كایا پێیگوتن كوردم، هۆیهایان لێكرد و كەوچك و چەنگاڵەكانیان تێگرت . لەسەر گۆڕە شكۆمەندەكەی هێندە گوڵ دانرابوون كە مرۆڤ نەیدەتوانی نووسینەكانی سەری بخوێنێتەوە. كاتی خۆی رۆژنامەیەكی توركی لەلاپەڕەی یەكەمیدا بۆ كایای نووسیبوو “وای شەڕەفسز”، كە وێنەی گۆڕەكەم دەگرت، بەخۆمم دەگوت: “چ شەرەفسزییەك لەوە خۆشتر كە گۆڕت پڕ گوڵ بێت”!.

دۆزینەوەی گۆڕی رەوانشادان عەبدولڕەحمان قاسملوو و سادق شەرەفكەندی ئاسان نەبوو و زۆر گەڕاین تاوەكو دۆزیماننەوە. شەرەفكەندی و دوو لە هاوڕێیەكانی لەتەنیشت یەكتر نێژرابوون و لەسەر كێلەكانیشیان بە كوردی دێڕە هۆنراوەی شۆڕشگێڕی نووسرابوون. لەو بەرزاییەوە كە لێی نێژراون، پاریس وەك خانمێكی جوانپۆش دەردەكەوت. هەرچەندە گۆڕەكانی دەوروبەری ئەوان كێلەكانیان لە بەردی مەڕمەڕی گرانبەها بوون، بەڵام رووتەڵە و بێ گوڵ بوون. گۆڕە چیمەنتۆیی و سادەكانی شەرەفكەندی و هاوڕێیەكانیشی پڕ لە گوڵ بوون و گەرموگوڕ بوون. 

گۆڕی قاسملوو لە كەندەڵانێكی ئەولاتردا بوو. لەپشت سەرییەوە هاوڕێیەكی نێژرابوو و لەتەنیشتیشی كەسایەتییەكی رۆژئاوایی راكشابوو. ئەوەی گۆڕی قاسملووی لە گۆڕەكەی تەنیشتی جیادەكردەوە دارگوڵەباخێكی بێ گەڵای شەختەگرتوو بوو. كاتێك دەمویست بڕۆمە لای سەری قاسملوو، دڕكەكانی گوڵەباخەكە جلەكانمیان گرتبوو. پێدەچوو كاری ئەو گوڵەباخە پارێزگاریكردن بێت لە گۆڕی ئەو سەركردەیەی لە ئارامترین كیشوەری جیهاندا خافڵكوژكرا.

لەسەر گۆڕی قاسملوو دیمەنی گوڵدانێكی زەردی كەوتوو سەرنجی راكێشام. ئەو گوڵدانە دیاربوو گوڵی تێداببوون و بایەكی تووڕە بەریدابوونەوە. هەرچەندە ویستم راستی بكەمەوە و گوڵەكانی تێبخەمەوە، بەڵام بیرم لە راپۆرتێكی چەند هەفتەی رابردووی (رووداو) كردەوە كە باسی “ئاساییبوونەوە”ی پەیوەندی دیموكراتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی كردبوو و نووسیبووی “گەیشتوونەتە قۆناخی سڵاو لە یەكتر كردن”!، لەدڵی خۆمدا دەمگوت: مادام سڵاو لە یەكتری بكەن، رۆژێكیش هەر دێت پێكەوە بەگوڵەوە بێنە سەر گۆڕی سەركردەكەیان و لەگەڵ دەستی خۆیاندا ئەم گوڵدانەش راستبكەنەوە.

سه‌رچاوه‌:::  روداو

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی