رۆژی چوارشەممە ٧ی مارس، کومیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ڤێسترۆس لە بارەگای یەکێتی کوردانی ئەم شارەدا لەگەڵ هەیئەتێکی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە. هەیئەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە لایەن “سەلام دەربەندی”یەوە سەرپرستی دەکرا
لە لایەن کۆمیتەی ڤێسترۆسی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا کە پێکهاتبوو لە “حەمەد ئەمین کەریمیان” بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ڤێسترۆس، “قاسم قارەمانی” و “ناجی فەقێپوور”.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بە گەرمی بە خێرهاتنی هەیئەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و هەر دوولا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەوەی پەیوەندیی و هاوکارییەکی نزیک لە نێوانیاندا لە ئارادایە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراق کرا و لەم پەیوەندییەشدا باس لە مەسەلەی ناوچە دابراوەکان و کێشەی تۆپبارانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. پرسی کورد لە ئێران و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست گەلانی ئێران و خەبات و تێکۆشانی بێ وچانی گەل لە ناوخۆی ئێران تەوەری بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا وێڕای دەربڕینی خۆشحالی بەم دەرفەتی کۆبوونەوەیە، هەر دوو لا جەختیان لەسەر زەروورەتی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و رێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سوید بە گشتی و لە ڤێسترۆس بە تایبەتی کردەوە.{jcomments off}