هۆ بۆکانم!
ئەی شارە جوان و ڕازاوەکەی موکریانم.
دوێنێ لە مۆتەکەی خەوێکی تاڵ دا
زیرەکم دیت
لە سەر ناڵەشکێنە، جلوبەرگی خوێناوی بوو
دژ دامابوو
بێ دەنگ
نە زوڵاڵی لە دنگیدا، نە سۆزی لە چریکەدامابوو
دەیڕوانیە عەوزەگەورەکەی بۆکان
عەوزەگەورە سوور سوور بوو
هەر خوێناو بوو
سومەیایەکی فریشت ئاسا لە گەڵ چەند منداڵی سپیپۆش
وەک پەپولەی دەوری چرا
بە سەر سووری عەوزەگەورەدا
سوڕیان ئەدا
هەر لەم خەوەدا پێغەمبەرە
پشوخواردوەوەی کوردستانم بینی
شمشاڵەکەی لێشکا بوو
سەیری بەزمی بەهارانی یارانی دەکرد
کەس لیباسی رەنگینی دەبەردا نەمابوو
هەموو رەش پۆش
لە ناوەڕاستیان دا سومەییایەک و چەند فرشتەیەکیتری بەرگسپی ڕاوەستابوو
هۆ بۆکانم!
شارە ئازاچێشتوەکەی
“یەکشەوە”و “کوهگەرد” وبوکە جوانەکەی موکریانم
لەم خەوەدا “ئیمام” ی هوزانوانم بینی
لە گۆشەیەک
تەنیا و بێکەس هەڵوێستابوو
لە ژێر بارتەقای لەدەستدانی فریشتەکانی
تۆ دا پشتی چەمابوو
پڕ بە گەروو هاواری بوو
ئیتر من ناڵیم “شەو قەڵای مەردانە شەو”
چون لە شەودا
فریشتەکانیان کوشتم
چەندە نازەنین بوون هێشتا هەر چاو بە خەو
رۆژی ژینیان نەکردبۆوە
نامەردەکان
لە ژێر چەتری عەمامە و جبە
لێیان بونە دێوەزمەی خەو
ئیتر من لەمە بەولاوە
ناچمەوە جێژوانی شێعرێکی ئاشقانە
وشەدانی کوردی هەموو دەگۆڕم
دەست لە ناو دەستی
سومەیا و فریشتە ناکامەکانم دەگرم
تا بۆکان دەبێتەوە
بوکی ڕازاوەی موکریان
دەست لە بژاری
گیاکەڵە هەڵناگرم
شێعر بۆ ڕاپەڕی و تۆڵە
بۆ ژینێکی بەختیار
بۆ ئازادی
بۆ کوردستان دەچڕم
محەممەدی فەقێ عەلی
٢٣/١/٢٠١٢
{jcomments off}