"an independent online kurdish website

لە راگەیەندراوێکدا کە نوسخەیەکی بۆ خۆرنیوز نێردراوە گروپى هەڵوێستىhdk_helwist

حیزبی دیمۆکراتى کوردستان بوونی خۆیان رادەگەیەنن و رەخنە لە سیاسەتەکانی حیزبەکەی دەگرێت کە لە پاش جیابوونەوە لە لایەنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نەیتوانیوە وەڵامدەری خواست و ویستەکانی بێت و هاتووە؛ حیزبى ئێمە لەم ماوەیەدا نەک هەر لە جێبەجێ کردنى ئەو بڕیارانەدا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو بە ئاراستەیەکى پێچەوانەشدا رۆیشتووە، ئەم پرسیارە دێتە گۆرێ، ئەگەر ئەو بەڵینانە جێبەجێ نابن  و لە باشترین حاڵەتدا وەک پێشوو دەمێننەوە، ئیتر بۆ چى جیا بووینەوە؟ و بوونى دوو دیمۆکراتى وەک یەک چ واتایەک دەبەخشێ و لە بەرژەوەندیى کێدایە؟”
هەروەها گرووپى هەڵوێستى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان داوا دەکات پێویستە کۆمیتەى ناوەندیى حیزب بە خێرایی هەنگاو بۆ بەستنى کۆنگرەیەکى نائاسایی هەڵبێنێتەوە و هەوڵى چاکسازى و رێکخستنەوەى نێو ماڵى حیزب بدات و سەبارەت بە پرسی یەکگرتنە و یەکخستنەوەى ریزەکانى حیزبی دیموکرات رایدەگەیەنن؛ ” بە پێویستى دەزانین هەموو هەوڵەکانمان لە پێناو وەدیهێنانى ئەو پێویستییە دا چڕ بکەینەوە”.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوی گرووپى هەڵوێستى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان؛

راگەیاندراو

ئەندامان، لایە نگران و دۆستانى حیزبی دێمۆکراتى کوردستان
زیاتر لە پێنج سال بە سەر پارچە بوونى حیزبی دیمۆکراتى کوردستانى ئێران و لێکدابڕانى دوو باڵى ئەو حیزبەدا تێدەپەرێ. لەم ماوەى نزیک بە شەش ساڵەدا حیزبی دیمۆکراتى کوردستان دوو کۆنگرەى بەستووە و ئەزمونێکى بۆ هەڵسەنگاندن بە دەستەوە داوە. ئەزموونێک کە لە هەڵسەنگاندنى لایەنە ئەرێنى و نەرێنییەکانیدا بەداخەوە نەک هەرسەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو لە رەوتێکى پاشڤەرۆیانەدا رۆژ لە دواى رۆژ لە ئامانجە دەست نیشان کراوەکان و وادە و بەڵێنەکانى پاش جیابوونەوە دوور کەوتۆتەوە. لاى هەمووان روون و ئاشکرایە ئەو هۆکارانەى کە کران بە هەوێنى جیابوونەوە چ بوون و لە”هێڵە گشتییەکانى رێبازى ئێمەدا” مزگێنى چ داهاتوویەک درابوو. ئەگەر بە کورتی و بە شێوەیەکى گشتى ئاماژەیان پێ بکە ین، بەڵێن درا :
1. گوتار و بریار و هەڵوێستەکانمان بە ئاراستەیەکى نەتەوەییتردا بەرین و ئاوێنەى باڵانوێنى داخوازە راستەقینەکانى نەتەوەى کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان بین.
2 . رووى چالاکییەکانمان بە شێوەیەکى هەمەلایەنە و شێلگیرانە لە رۆژهەڵاتى کوردستان بکەین و هێزى پەنگ خواردووى شۆرش لە جیاتی قەتیس هێشتنەوە لە کەمپەکانى باشوورى کوردستان ئاراستەى بەستێنى سەرەکیى خەبات واتە رۆژهەڵاتى کوردستان بکەین.
3. ئاوڕێکى شێلگیرانەتر لە کێشەکانى ژنان و لاوانى کورد بە گشتى و ژنان و لاوانى نێو حیزبەکەمان بە تایبەتى بدەینەوە و رۆڵێکى بەرچاوتریان لە تێکۆشانى سیاسی و لە پڕۆسەى بڕیارسازى و بەرێوەبەریى حیزبدا پێ بدەین.
4 – پێکهاتە و ستراکتۆرى حیزب، دیسانترالیزە بکرێ و رێگا لە پاوانکردنى دەسەڵاتى نێوخۆیى لە لایەن کەس، تاقم یا ئۆرگانێکەوە بگرین ودەسەڵات و سەلاحییەتەکان بە شێوەیەکى دیمۆکراتیک دابەش بکرێن.
5.  پێوەندییە نێوخۆییەکانى حیزبەکەمان دیمۆکراتیزەتر بکەین و دەرەتانى رادەربڕینى ئازادانە و دەرکەوتنى جیابیران و بیرى جیاوازیان فراوانتر بکە ین.
6.  بۆ هەتا هەتایە دیاردە دزێوەکانى ناوچەگەرى و باندبازى لە گۆڕ نێین و رێگا بە هیچ کەس و تاقمێک نەدەین پەرە بەو دیاردانە بدات و وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یا هەر ئامانجێکیترى وەک وەلانان و پەراوێز خستنى کەسانیتر کەڵکى لێ وەربگیرێت.
7.  “شایستە سالارى” بکرێتە پێوەرى دابەشکردنى ئەرک و بەرپرسایەتییەکان و بە دوور لە عەقڵییەتی “خودى” و “ناخودى” و هەر پێوەرێکى   نامەعریفییتر، کار بە کارزان بسپێردرێ.
ئەمانە و هەندێک بەڵێنییترى لەم بابەتە، هەموویان بەڵێنیى دڵخۆشکەر و هیوابەخش بوون بۆ ئەوەى کە خەباتى حیزب و نەتەوەکەمان بەرە و قۆناغێکى نوێ و کاریگەرتر بەرن. بەڵام لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ، گەلۆ حیزبی دیمۆکراتى کوردستان و سەرکردایەتییەکەى تا چەندە توانیویەتى ئەو بەڵێنانە پراکتیزە بکات یا هەر لە جێدا چەندە لەو پێناوە هەوڵى داوە و بەو ئاراستەیەدا رۆیشتووە؟ بەداخەوە کە دێینە سەر وڵامى ئەم پرسیارە، راستییەکان سیمایەکى نەخوازرا و و هیوابڕ دەخەنە بەر چاومان و بەرامبەر بە نیازپاکى و راستگۆیی ریبەران و ئەندازیارانى جیابوونەوەکە و سەرکردایەتیى حیزب لە ماوەى ئەم شەش ساڵە و راستى و دروستیى رێگاکەمان تووشى گومان و تێڕامانمان دەکەن.

لە دواى دابڕانەوە تا کۆنگرەى پازدەهەم
بێگوومان رووداوى دابڕان و لێکترازانى ریزەکانى حیزبى دیمۆکرات رووداوێکى ناخۆش و بە پێچەوانەى بەرژەوەندیى حیزب و نەتەوەکەمان بوو و کاریگەریى زۆر نیگەتیڤی لە سەر جووڵانەوەى نەتەوەیی و دیمۆکراتیکى کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان دانا. بەڵام تەنیا شتێک کە لە تاڵیى رووداوەکە و قورسایی ئەم خەسارە گەورەیەى کەم دەکردەوە ئەو بەڵێنانە بوون کە سەربارى هەموو ناخۆشیەکان، مزگێنیى ئاسۆیەکى روونیان دەبەخشى. وەک ئەندازیارانى دابڕان دەیانگووت، “بەڵێن بوو ئەو حیزبە ئەوەندە گۆڕانکاریى پۆزەتیڤى تێدا بکرێ کە تەنیا بە ناوەکەیدا بناسرێتەوە” و دەیانگووت: “فرمێسکەکان دەکەین بە قاقاى پێکەنین”. بەڵام ئەمە تەنیا خەونێکى خۆش بوو کە تێپەرینى کات و زەمەن بەرەبەرە ناڕاستى و پووچەڵ بوونیانى سەلماند و ئەندامانى ئەو حیزبەى بەرەوڕووى بارودۆخێکى نالەبار و واقیعێکى نەخوازراو کردەوە. لە دواى دابڕانەوە وزە و پۆتانسییەلێکى باش لە دەورى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان کۆبووەوە و ئەندامانى ئەو حیزبە بە گیانێکى بەرزى هاوکارى وفیداکارییەوە قۆناغێکى تایبەتیان لە تێکۆشانى سیاسى دەست پێکرد. دۆست و دوژمن چاوەڕێ بوون کە ئەم هێزە نۆێیە لە کۆنگرەى چواردەدا وەرچەرخانێکى گەورە و پۆزەتیڤ بە حیزبی دیمۆکرات بدەن و ئاواتى هەستانەوە وەدی بێنن.
کۆنگرەى چواردە سەر بارى هەندێک کەم و کۆڕى  بە گشتى کۆنگرەیەکى زیندوو بوو و هەندێک بڕیارى باشى تێدا پەسەند کران کە لە ئەگەرى جێبەجێ بووندا دەیانتوانى وڵامدەرى زۆربەى چاوەڕوانییەکان بن. بەڵام بەداخەوە لە بەر دوو هۆکار بەشێکى بەرچاو لەو بڕیارانە یان بە نیوە چڵى جێبەجێ کران یا هەر لە جێدا پشت گوێ خران و لە بیر کران.
هۆکاری یەکەم، ناروونى و شرۆڤە هەڵگر بوونى ئەو بڕیارانە بوو کە لە ژێر کاریگەریی هەندێک کەس و لایەنى نێو کۆنگرەدا ( بڕیار بە دەستانی فەرمى و نافەرمیى ئێستا و ئەو کاتی حیزب) بە ئەنقەست رێگا لە روون بوونەوەیان گیرا.
هۆکارى دووهەم، خەمساردى و بێ ئیرادەیی رێبەرایەتیی حیزب لە دواى کۆنگرە، لە هەمبەر جێبەجى کردنى ئەو بڕیارانە بوو کە زۆربەى ئەو بڕیارانەى نەزۆک کرد.
لە راستیدا ئەوەى لە نێوان کۆنگرەى چواردە و پازدەدا رووى دا نەک هەر لە چواچێوەى وەدیهێنانى چاوەڕوانییەکانى دواى دابڕاندا نەبوو بەڵکوو رەوتێکى پاشڤەڕۆیانە و گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخە بوو کە بەڵێن درابوو بگۆڕدرێ.
پرسى بەهێز کردنى بارى نەتەوەیى حیزب پەراوێز خرا، چالاک بوونەوەمان لە نێو خۆی رۆژهەڵاتى کوردستان لە مانۆرێکى خۆجێگیرکردندا کورت کرایەوە کە تەنیا ئاکامى شەهید بوونى چەند کەس لە باشترین و فیداکارترین رۆڵەکانى حیزب بوو و لەوە بەدواوە بە تەواوەتى پشت گۆێ خرا. گرنگى دان بە رۆڵى ژنان و لاوان تەنیا لە ئاستى دروشمێکدا مانەوە و لە جیاتى ئەوەى بکرێتە پرۆژەیەکى شێلگیرانە بۆ بەشداریى چالاکانەیان لە پڕۆسەى بڕیارسازیدا، زیاتر بوو بە خێر پێکردن و بۆ خۆڵ لە چاو کردن بە کار هێنرا. نەک هەر سانترالیزمى ئۆرگانیى حیزب کەم رەنگ نەکرایەوە بەڵکوو تەنانەت کۆمیتەى ناوەندیش بێ کەڵک کراو دەسەڵات لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە پاوان کرا. پرۆسەى کرانەوەى نێو خۆیی حیزب بەربەست کرا، لاپەرەى ئازادى رۆژنامەى کوردستان لابرا، کۆبوونە گشتییەکانى رەخنە و پێشنیار کۆکرانەوە و لە ژێر ناوى سیناریۆى شانەبەندیدا هەموو دەنگە ناڕازى و رەخنەگرەکان کپ کران، جیابیران یەک لە دواى یەک خرانە پەراوێز و پاڵ پێوە نران. دیاردەکانى ناوچەگەرى و باندبازى کە ماوەیەک کاڵ بووبوونەوە سەر لە نۆێ و ناحەزتر لە هەموو کاتێکیتر سەریان هەڵدایەوەو بەرەبەرە و دیسان پێوەندییە نێوخۆییەکانی حیزبیان خستەژێر کاریگەریى خۆیانەوە تا ئەوەى کە لە کۆنگرەى پازدەدا بە تەواوەتى خۆیان دەرخست و قەیرانێکى جیددیان خولقاند، عەقڵییەتى سەرکردایەتى و گرووپە خاوەن دەسەڵاتەکانى نێو حیزب  ئەندامەکانى بە سەر دوو دەستەى خودى و ناخودیدا دابەش کرد و هەر ئەوەشى کرد بە پێوەرى دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکان.

لە کۆنگرەى پازدەوە تا ئێستا
کۆنگرەى پازدە بە پێچەوانەى کۆنگرەى چواردە لە کەشێکى سارد و بێ تیندا بەسترا، چوونکە هەر لە پێش کۆنگرە و بە تایبەتی لە رەوتى کۆنفڕانسەکاندا، دەستە بەندى و ناوچەگەرى و دەستێوەردانى پلانمەندى دەفتەری سیاسى بارودۆخەکەى ئاڵۆز کردبوو و دەنگێکى زۆرى ناڕەزایەتیى خولقاند بوو. لە خودى کۆنگرەشدا کۆمەڵێک دیاردەى نیگەتیڤ دەرکەوتن کە هەم کەشى کۆنگرەیان خستە ژێر کاریگەری و هەم شوێنەواریان لە سەر حیزب بەگشتى دانا:
1.  لە هەموو کۆنگرەیەکدا ئەندامانى کۆنگرە بەرابەرن و رێبەریی پێشوو لە کۆنگرەدا هەڵدەوەشێتەوە، کە چى لە کۆنگرەى پازدەدا دەفتەری سیاسیی پێشوو بە هۆی فێڵێکى تیکنیکییەوە، وەک خۆی مایەوە و کۆنگرەى بەرێوە برد، بەڵام ئەو فێڵە چ بوو؟ دەفتەرى سیاسیی پێشوو دواى لە کۆنگرە کرد رێگەى پێ بدا لە ماوەى رۆژانى کۆنگرەدا کار و بارى حیزب بەرێوەبەرێ. کۆنگرەش بە دەنگى زۆرینە ئەو داوایەى پەسەند کرد، بەڵام دەفتەری سیاسی بە کەڵکئاژۆکردن(سوْاستفادە کردن) لەو دەنگە نەک هەر بەرێوەبەریی حیزب بەڵکوو بەرێوەبەریى کۆنگرەشیان بە دەستەوە گرت و بە شێوەیەکى پلانمەند ئاراستەیان بە رەوتى کۆنگرەدا. بە شێوەیەک کە زۆر جار بابەتەکانى کۆنگرەیان دەبردەوە بۆکۆبوونەوەى دەفتەری سیاسی!!! و پاش گەڵاڵە کردنى بەو شێوەیەى کە خۆیان مەبەستیان بوو دەیانهێنایەوە بۆ کۆنگرە. تەنانەت هەندێک جار پێشیان لە هاتنە ئاراى هەندێک باس و بابەت دەگرت کە لە لایەن ئەندامانى کۆنگرەوە پێشنیار دەکران.
2.  هێشتا هەڵبژاردنى کۆنگرە نەکرابوو کە سکرتێر رۆڵى خۆی دەگێڕا و داواى لە هەندێک کەس دەکرد کە خۆ کاندیدا بکەن، گوایە ئەو بۆ دەفتەری سیاسی دەیهەوێن.
3 . لە کاتى پەسەند کردنى بەندەکانى بەرنامەو پێرەو و بڕیارەکاندا، سکرتێر (یا ئەو کەسەی دانرابوو بکرێتە سکرتێر) بەردەوام دەنگی سپى دەدا و بەو شێوە رایدەگەیاند کە لە داهاتوودا سیاسەت و بڕیارەکانیان ناخەنە چوارچێوەى بڕیارەکانى کۆنگرە و بەرنامە و پێرەوە.
4.  لەو کۆنگرەدا دوو بابەت پەسەند کران کە یەکیان لە بەرنامە و پێرەودا هاتووە، ئەویتریشیان وەک بڕیار پەسەند کرا. کەچى هەر لەو کۆنگرەیەدا بە گەرماوگەرمى هەردوو بڕیار پێشێل کران:
یەکەم بابەت کە لە پێرەوى حیزبدا هاتووە، بابەتى قەدەغە بوونى هەر چەشنە دەستەبەندیییەکى نهێنییە، بەڵام لە کۆنگرەدا دەستەبەندییەکى نهێنى رێکخرابوو کە ئەندازیارییەکەى راستەوخۆ لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە کرابوو.
بابەتى دووەهەمیش بڕیارێک بوو کە دەیگووت: “دەبێ گرینگى بە ناوچەکانى باشوورى رۆژهەڵاتى کوردستان بدرێ و هەوڵ بدرێ سیماکانى ئەو ناوچانە زیاتر لە بەرێوەبەرایەتییەکانى حیزب و بە تایبەتى لە ئاستى رێبەریدا دەرکەون”. کە چى بەپێچەوانەى ئەو بڕیارە لە رەوتى هەڵبژاردەکانى کۆنگرەدا زۆربەى هەرەزۆرى سیماکانى ئەو ناوچانە لە ئاکامى دەستەبەندییەکى ناوچەگەرایانەدا ( کە وەک پێشتر باسمان کرد لەلایەن دەفتەری سیاسییەوە پلانى بۆ دانرا بوو) وەلا نران. بە شێوەیەک کە رێبەرییەکى  تەواو لۆکاڵى (ناوچەیى) هەڵبژێردرا.
ئەمانە کۆمەڵێک رەخنەى جیدى بوون کە هاتنە سەر کۆنگرە و ئاکامى کۆنگرەیان خستە ژێر پرسیارەوە. بۆیە دواى کۆنگرە دەنگى ناڕەزایەتى بەرز بووە و کۆمەڵێک لە ئەندامانى حیزب بە مەبەستى چاکسازى، پڕۆژەى گرتنى کۆنفڕانسێکیان بۆ ناوچەکانى باشوورى رۆژهەڵاتى کوردستان پێشکەشی دەفتەری سیاسی کرد. لە سەر ئەو بابەتە چەندین کۆبوونەوەیان لە گەڵ دەفتەری سیاسی پێک هێنا کە چى لە کۆتاییدا دەفتەرى سیاسى پرۆژەکەى لە گشتییەتى خۆێدا رەد کردەوە، پڕۆژەیەک کە بە دەنگى نزیک بە 80 کەس پەسەند کرابوو زیاتر لە 250 ئیمزای بۆ کۆکرابووە. لە دواى ئەم پڕۆژەیەش چەندین هەوڵیتر دران و گەڵالەش پێشکەش کرا بەڵام ئێستاشى لە گەڵ بێ وەک لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتى رێبەرایەتیى حیزب و بەتایبەت دەفتەری سیاسیرا دیارە هیچ ئیرادەیەکیان بۆ چاکسازى و پێداچوونەوە بەو کەم وکۆڕییانەدا نییە.
بە لە بەر چاو گرتنى بێ ئاکام بوونى هەموو هەوڵەکانى چاکسازى لە دواى دابڕانەوە تا ئێستا و بە تایبەتى پشت گوێ خرانى هەوڵەکانى دواى کۆنگرەى پازدە، ئێمە وەک کۆمەڵێک لە ئەندامان وکادر و پێشمەرگەکانى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان بڕیارمان دا لە هەمبەر ئەو بارودۆخە و هەڵوێست و کردارى چەوت و نابەرپرسانەى رێبەرایەتیى حیزب و بە تایبەتى دەفتەرى سیاسی هەڵوێست بگرین و لە رێگاى ئەم نوسراوەیەوە گرووپى هەڵوێستى حیزبی دیمۆکراتى کوردستان رابگەیێنین.

ئامانجەکانى گروپى هەڵوێستى حیزبی دیمۆکراتى کوردستان
بە لە بەرچاو گرتنى بارودۆخى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناڤین و هەستیار بوونى دۆخى ئێران لەم هەلومەرجە و زۆر بوونى ئەگەرەکانى گۆڕانکارى لە ئێران و بە گشتى لە ناوچەکەدا، پێویستە حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان تۆکمەتر و ئامادەتر لە پێشوو بەرەو رووى ئەم قۆناغە ببنەوە. کە چى بە داخەوە ئێستا ئەم هێزانە پتر لە هەمو کاتێکیتر شپرزەیی و پەرش و بڵاویان پێوە دیارە و بە هیچ شێوەیەک ئامادەیی رووبەوروو بوونەوە لە گەل هەل ومەرجێکى نائاسایی ئەوتۆ نین. بۆیە بۆ ئەم مەبەستە ئێمە میکانیزمێکى دوو ئاڵتەرناتیڤی لە پێش حیزبەکەى خۆمان دادەنێن کە بتوانێ بە ئاراستەیەکى پۆزەتیڤەوە بەرەو رووى ئەو هەل ومەرجە ببێتەوە.
1 . بە لە بەرچاو گرتنى ئەوەى کە نە کاتێکى وا بە دەستەوە ماوە و نە بەستێنى لە باریش بۆ چاکسازیى قۆناغ بە قۆناغ لە حیزبدا بە دى دەکرێت، پێویستە کۆمیتەى ناوەندیى حیزب بە خێرایی هەنگاو بۆ بەستنى کۆنگرەیەکى نائاسایی هەڵبێنێتەوە و بە میکانیزمێکى نوێیەوە لەو کۆنگرەیەدا هەوڵى چاکسازى و رێکخستنەوەى نێو ماڵى حیزب بدات بۆ ئەوەى کە ئەو کەلێنانەى لەم ماوەیەدا کەوتۆتە جەستەى حیزبەوە پر بکرێنەوەو کۆنگرەى نائاسایی بتوانێت خەسارەکان قەرەبوو بکاتەوە. ئەمە دەتوانێ هەوڵێکى ئەرێنى بێ لە پێناو رێکخستنەوەى ریزەکانى کورد لەم هەل ومەرجەى ئێستادا.
2.  بێگومان تەنیا هۆکارێک کە دەیتوانى پاساوى دابڕانى 6 ساڵ لە مەو بەرى ریزەکانى حیزب بداتەوە، جێبەجێ کردنى ئەو بەڵێنانە بوو کە پێشتر ئاماژەمان پێکردن.  بە لە بەرچاو گرتنى ئەو راستییە کە حیزبى ئێمە لەم ماوەیەدا نەک هەر لە جێبەجێ کردنى ئەو بڕیارانەدا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو بە ئاراستەیەکى پێچەوانەشدا رۆیشتووە، ئەم پرسیارە دێتە گۆرێ، ئەگەر ئەو بەڵینانە جێبەجێ نابن  و لە باشترین حاڵەتدا وەک پێشوو دەمێننەوە، ئیتر بۆ چى جیا بووینەوە؟ و بوونى دوو دیمۆکراتى وەک یەک چ واتایەک دەبەخشێ و لە بەرژەوەندیى کێدایە؟
ئەمە لە لایەک ولە لایەکیتریش پێویستیى یەکیەتى و یەکگرتوویی ریزەکانى کورد لە هەلومەرجى ئێستاى ناوچەکەدا، بە شێوەیەکى جیددى بەرەورووى    پرسی یەکگرتنە و یەکخستنەوەى ریزەکانى حیزبمان دەکەنەوە. بۆیە بە پێویستى دەزانین هەموو هەوڵەکانمان لە پێناو وەدیهێنانى ئەو پێویستییە دا چڕ بکەینەوە.
لە کۆتاییدا هیوادارین بە هەوڵ و تێکۆشانى هەموو ئەندامان ودڵسۆزانى حیزبى دیمۆکرات گەیشتن بەم ئامانجانە مسۆگەر بکەین و ئۆمێدیش دەکەین سەرکردایەتیى حیزب رەخنە و پێشنیارەکان بە هێند وەر بگرێت و لە جیاتى گرژتر کردنەوەى بارودۆخەکە لە هەوڵى چارەسەریى راستەقینەدا بێت.

گرووپى هەڵوێستى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان

ده‌قی نووسراوه‌ی سه‌روو ،له‌ ماڵپه‌ڕی خۆرنیوز  وه‌رگیراوه‌ به‌ بێ ده‌ستکاری{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی