پێرۆز بێ ٣٢ هەمین ساڵڤەگەری دەست بەکار بوونی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران
ئۆگرانی دەنگی کوردستانی ئێران
خوێنەرانی هێژا
ساڵێک بەر لە ئێستا کەوتمە بیری ئەوە کە ئەگەر بۆم بکرێ لانی کەم لیستی ئەو تێکۆشەرانەی کە ساڵانێکی تەمەنیان لە رادیۆ دەنگی کوردستان ، دەنگی شەهیدان وخەڵکی قارەمانی کوردستان ، دەنگی زوڵاڵی پێشمەرگە لە ڕۆژەڕەشەکان دا ، کۆبکەمەوە و بیکەمە لیستێک تا جیلی ئێستا و داهاتوو بزانن کێ بوون ئەو ئینسانە ماندووی نەناسانەی کە ئەو دەنگەیان دامەزراند ، کاریان بۆ کرد ، گەورەیان کرد و کردیانە دەنگی حەق وێژ و جێی متمانەی خەڵکی کوردستان .
ئەگەر باس لە شانازی یەکان و خەباتی خەڵک و پێشمەرگە بکەین ، ناتوانین باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو دەنگە کەم ئیمکانات ، کەم پێرسۆنێل و هەمیشە لە ژێر ڕەهێڵەی تۆپ باران و بۆمبارانی کۆماری ئیسلامی دا نەکەین کە بن بەرد و ئەشکەوتەکانی کوردستانی کردبووە ستۆدیۆی کار بۆ گەیاندنی دەنگی خەباتی گەلێکی زوڵم لێکراو . دەنگێک کە گوێگرتنی بۆ خەڵکی کوردستان ببووە فەرز و واجبات .
بە دوور لە ئیغراق دەتوانین خەڵکی کوردستان بە شاهید بگرین کە ڕادیۆ دەنگی کوردستان سەرچاوەی ڕاستی یەکان بوو بۆ گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەکانی کوردستان ، بۆیە ئۆگرانی ئەو دەنگە زۆر زیاتر بوون لە ئۆگرانی حیزب .
کاتێک دەستم بەو کارە کرد ، چاوەروان بووم کە هاوڕێ و دۆستانم هاوکاری یەکی زۆرم بکەن . لەوەش زیاتر چاوەڕوانیم لە کۆمیسیۆنی ئێستای ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو کە بۆ تەواو کردنی پڕۆژەکە ئەوپەڕی هاوکاریم بکەن . دیارە چاوەروانیەکەم زۆر بەجێ بوو ، بەڵام بەداخەوە بە هەر هۆیەک بێ بە بێ جێ دەرچوو ، نە تەنیا هاوکاریان نەکردم ، دوای چەندین جار پەیوەندی گرتن ، هەر وڵامیشیان نەدامەوە . هیوادارم کە ئەوان لە داهاتوویەکی نیزیک دا پڕۆژەیەکی بەرینتریان بۆ ئارشیوی ڕادیۆ هەبێ و منیش یەکێک لەو کەسانە دەبم کە بە هەموو توانامەوە هاوکاریان دەکەم .
زۆر کەس وەک خۆی پەیوەندی پێوە کردم ، دەست خۆشیان کرد کە سوپاسیان دەکەم. ڕەخنەیان گرت کە ڕەخنەکانیان زۆر بەجێ و دڵسۆزانە بوو و منیش پڕ بە دڵ سوپاسیان دەکەم.
خوێنەری هێژا
لەم کارە دا یەک شت لای من ئەسڵ بووە و هەیە ، ئەویش پاراستنی بێ لایەنی و بە دوور لە جیهەتی حیزبی . زۆربەی ئەو کەسانەی کە ناوم هێناون و باسم کردوون ڕەنگە ئەمڕٶ لە گەل من هاوبیر نەبن، بگرە زۆریان موخالیفی سیاسیی من بوون . تەنانەت نایشارمەوە کە کەسی وای تیدایە کە دوای نەمان لە ڕادیۆ دەنگی وکردستان ، کەوتۆتەوە خزمەت دوژمن . بەڵام پێم وابووە کە ئەگەر سادقانە باسی ئەوکاتی نەکەم کە لە ڕادیۆ خزمەتی کردووە ، ئەوە خیلافێکی ئەخلاقی یە و نابێ بیکەم. بۆیە تا ئێستا بە خۆشی یەوە هیچ کەس گلەیی لە و بارەوە نەبووە .
ماوە بیڵێم کە ساڵێک دەرباز بوو ، کۆڵم نەدا و چوومە پێش . لەمەو دواش کۆڵ نادەم . لانی کەم توانیومە ٩٣ کەس بیکەمە یەک لیست بە وینەی خۆیانەوە . هەر چەند دەزانم کە کەمترین زانیاری یە بۆ خوێنەر ، بەڵام لە ویشکە ساڵی دا ڕێژنە بارانێکیش هەر نێعمەتە .
هەر وەک بەڵێنم دابوو کە واز نەهێنم ، دیسان هەر بەڵێنەکە دووپات دەکەمەوە ، مەگەر حەزرەتی ئیزرائیل بەربینگم پێ بگرێ کە ئیدی پاڕانەوەش سوودی نەبێ ، دەنا بە هاوکاریی دڵسۆزان دەڕۆینە پێش. بە تایبەتی هاوڕێی بەڕیزم کاک سالە نەڵۆسی کە هاوکاری هەمیشەیی من بووە و هەیە.
ئێوەش هەر شاد بن
٢٥.٣،١٣٩١ دانمارک
تکایە بۆ بینینی ئەسڵی لیستەکە کلیکی ئەو دوو دێرەی خوارەوە بکە :
- لیستی دۆستانی که له رادیۆ دهنگی کوردستان کاریان کردوه
- دهقی بۆچوونهکان و کورته نووسینهکهی که پێشتر نووسی بوومان
دۆستان دهتوانن بهم ئیمایلە پهیوهندیم له گهڵ بگرن و هیوادارم هاوکاریم بکهن بۆ هەرچی زیاتر تهکمیل کردنی .