ئاوڕێك لە سەر دوانزەمین كۆبوونەوەی ” KNK”
*كەیهان یووسفی
بێگومان پاراستنی بەرژوەندی گشتی و هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی حەز وخۆزگەكانی هەر نەتەوەیەك، ئەركی سەرشانی هەر تاك، رێكخراو و رەوت و بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە. هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی ئەم گەلە ماف زەوتكراوە، ئەوەمان بەردەوام بۆ دووپات دەكاتەوە كە هۆكاری بنەڕەتی و سەرەكیی سەرنەكەوتنی سەرهەڵدان و بزووتنەوەكانی گەلی كورد نەبوونی یەكگرتوویی و هاودەنگی بووە و هەمیشە پاوانخوازی لایەنێك یان خیانەتی لایەنێكی دیكە بۆتە رەمزی سەركەوتن و زاڵبوونی داگیركەرانی ئەم خاكە. هەر بۆیەش پێویستی مێژوویی بۆ سەركەوتنی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد لە گشت پارچەكان هاودەنگی و یەكگرتوویی نێوان هێز و رەوتە سیاسیەكان و یەكخستنی هێزە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی كوردە.
بێگومان یەكخستن و یەكگرتوویی ماڵی كورد لە هەر بەشێكی كوردستان و لە هەر چوارپارچەش ئاواتی خەڵكی كورد ودروشمی هەر لایەنێكی سیاسی بووە، بەڵام لەم پێناوەدا تا چەندە ئەو هەنگاوانەی كە هەڵگیراون لە سەر بنەمای رۆحی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نەتەوەییدا بووە جێی تێڕامان و پرسیار هەڵگرە؟
بۆ ئەم مەبەستەش لەم ساڵانەی دواییەدا كۆڕ و كۆبوونەوە، كۆنفرانس و كۆنگرەی بە رواڵەت نەتەوەیی و بە ناوئاخنی حیزبی گیراوە، بەڵام هەروەك چاوەڕوان كراوە نەیتوانیوە وەڵامدەر و كاریگەر بێت. هەربۆیەش تا ئەوكاتەی كە پاوانخوازی و بیرۆكەی دۆگم وچەقبەستووی حیزبی خۆی لە جیاتی رۆحی نەتەوەیی و بەرژوەندی نەتەوەیی پێناسە بكات ولە هەوڵی قۆرخكردنی هەموو شتێكدا بێت، هەنگاوكان بەرەو دوامان دەبەن نەك بۆ پێشەوە.
لەم رۆژانەی دواییەدا واتا 26 و 27 مانگی مەی، كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان( ك ن ك ) دوازدەهەمین كۆبوونەوەی خۆی لە ژێر ناوی “كۆمبوونا مەزن” لە شاری برۆكسێل بەرێوەبرد. ئاكامی دوو رۆژ كاری كۆبوونەوە بەیاننامەیەكی 8 خاڵی بوو كە پرسیارێكی زۆر دەخاتە بەردەم هەر تاكێكی كورد نیشتمانپەروەری كورد.
ناوی مەزن و دروشمە پڕ زریق و بریقەكان و ناوئاخنی بەیاننامەكە ئەوەندە ناتەبا بوون لە گەڵ یەك و حزووری گوتاری لایەنێكی سیاسی ئەوەندە زاڵ بوو كە كۆبوونەوەی مەزنی نەتەوەیی وەكوو كۆبوونەی نێو خۆیی حیزبێكی سیاسی دەهاتە بەرچاو كە بۆ ئەندامەكانی خۆی گرتوویەتی. هەر حیزبێكی سیاسی بێگومان نوێنەرایەتی بەشێك لە كۆمەڵگای كوردی دەكات بەڵام تەنانەت كۆی حیزبەكانیش پێكەوە ناتوانن ئیدیعای نوێنەرایەتی گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگای كوردی بكەن تا بگاتە یەك لایەن. هەر بۆیەش ئەم چەشنە كردەوانە دەتوانێت ئەنجامێكی نێگەتیڤی لێبكەوێتەوە تا پۆزێتیڤ.
دوای تێپەڕ بوونی 13 ساڵ لە دامەزرانی “ك ن ك” و گرتنی 12 هەمین كۆبوونەوەی، بۆچی بۆشایی حزووری پارچەكانی دیكەو بە تایبەت رۆژهەڵات لەوێ زەق وبەرچاوە، پرسیار خولقێنە. بێگومان هۆكاری ئەمەش ناگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەریانی نەتەوەیی لە نێو لایەن و رەوتە سیاسەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵكوو هۆكاری سەرەكی بوونی گوتارێكی پاوانخوازی لایەنێكی سیاسی و ویستی سەپاندنی وەكوو گوتارێكی زاڵە بە سەر لایەن وپارچەكانی دیكەدا كە ئەمەش لەگەڵ رۆحی نەتەوەیی و دێموكراسیخوازی هیچ تاك و لایەنێكی شۆڕشگێردا یەك ناگرێتەوە.
كۆسار فەتاحی یەكێك لە میوانەكانی كۆبوونەوە لە وتارێك كە لە ماڵپەڕی ” ”nnsrojدا بڵاوی كردبووە، لەمەڕ پێكهاتەی كۆبوونەوەكە وەها دەڵێت:” قۆرسایی حیزبەكان وەك یەك نەبوو. ئەوەی پێوەندیی بە باكووری كوردستانەوە هەبوو حزوورێكی بەرچاو و هەمەلایەنە بوو…. كوردەكانی باشوور بەڵام ئەمساڵ حزوورێكی ئەوتۆیان لێ نەبینرا و … كوردەكانی رۆژهەڵات، ئەگەرچی پێشتر كۆمەڵێك كەسایەتی بەرچاوی كوردی رۆژهەڵات لە دامەزراندنی ك ن ك بەشدار بوون … بەڵام ئەمساڵ رێژەیەكی زۆر كەم لە پێكهاتەكانی كوردی ئەم بەشە لە ساڵۆنی كۆبوونەوەكەدا دەبینران.”( بڕوانە دوازدەهەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەبروكسێل وچەن سەرنجێكی كورت! ـ كۆسار فەتاحی ـ ماڵپەڕی nnsroj).
پێناسەیەكی وەها لە رێژەی بەشداران و قورسایی لایەنەكان لەو كۆبوونەوەدا دەرخەری راستی و شەرعیەتی وەها كۆبوونەوەیەكی نەتەوەییە . تا ئەو جێگای كە من ئاگادار بم ژمارەی ئەو كەسانەی كە وەكوو رۆژهەڵاتی لەوێ بەشدار بوون كەسانێكن كە خۆیان بە دەورێشی گوتاری باكوور دەزانن و ئینتمایەكی باوەڕمەندانەیان بەو گوتارە هەیە نەك تێڕوانینێكی لۆژیكی یان بیركردنەوەیەكی نەتەوەیی. بەڵام ئەوەیكە لە بەیاننامە 8 خاڵیەكەی ” ك ن ك” دا هاتووە خۆی دەرخەری ناوڕۆك و تەوەری سەرەكی باس و بابەتەكانی نێو كۆبوونەوكەیە. وادیارە لە روانگەی ” ك ن ك” وە كوردستان پێك دێت لە باكووری كوردستان و دوژمنی گەلی كوردیش تەنیا دەوڵەتی توركە. لێكدانەوەی ” ك ن ك ” و راسپاردەكانی دوای كۆنگرە سەبارەت بە رۆژهەڵات و تەنانەت رۆژ ئاواش زۆر لاوازە. لەوێدا لە خاڵی یەكەمدا لەمەڕ كوردەكانی رۆژئاوا وەها دەڵێت:”…. لە رۆژئاوای كوردستان دەرەتانی بە دەست خستنی قەوارەیەكی نەتەوەیی بۆ كورد رەخساوە. هەموو كورد و كوردستانیێك پێویستە لە سەر ئەگەرەكان راوەستن و دەرەنجامی سەركەوتنیش بە دەست بێنن و …”. خاڵی جێی سرەنج ئەوەیە كە كورد لەسووریا هەستیارترین قۆناغی مێژوویی خۆی تێپەڕ دەكات بەڵام كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هیچ راسپاردە و پێشنیارێكی سەرەكی بۆی نیە. “ك ن ك ” بە دژی دەوڵەتی بەشار ئەسەد هیچ پەرچەكردار و هەڵوێستێك لە خۆی دەر نابڕێت لە حاڵێكدا لەم رۆژانەدا ئێمە دەبینین دەوڵەتی ئەسەد بە بێ رەحمانەترین شێواز خەڵكی سڤیل و لەوانەش كوردەكانی سووریە قەڵاچۆ دەكات و لەم رۆژانەدا كوردێك بووە سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی سووریە. ” ك ن ك ” لە جیاتی شرۆڤە كردنی دۆخی سووریە و هەڵسەنگاندنی پێگەی كورد لەوێ و داڕشتنی میكانیزم بۆ خەباتی بزووتنەوەی كوردی لەوێ، دیسانەوەی هۆشدار لەمەڕ دەوڵەتی تورك دەدات و لە خاڵی چوراەمدا وەها دەڵێت” دەوڵەتی داگیركەری توركیە لە كوردستان رەفتاری زۆر …… بە تایبەت لە سەروبەندیی هەڵوەشانی رێژیمی سووریەدا و دروست بوونی چاوەڕوان كراوی قەوارەیەكی سیاسی بۆ كورد تەواوی وزە و ستراتژی خۆی بە دژی ویستی كوردان وەگەر خستووە….”. لێرەدا دیار نیە كە مەبەست لە درووست بوونی چاوەڕوان كراوی قەوارەیەكی سیاسی بو كورد، بەڵێنەكەی بەشار ئەسەد بە كوردەكان بۆ بەشداری نەكردنیان لە سەرهەڵدانی خەڵكی سووریەیە، كە سیاسەت داڕێژەرانی قەندیلیش ئەو رەچاو دەكەن یان چی دیكە؟ راستە كە داگیركەرانی كوردستان ولەوانە توركیە چاوی بینینی سەركەوتنی كوردییان لە هیچ بەشێكی كوردستان نیە، بەڵام ناكرێت كورد لەم دۆخەدا پشت لە گەلی سووریە بكات و بەڵێنی بێ بنەمای دیكتاتۆرێك قەبووڵ بكات كە بەرەو رووخان دەڕوات، ئەگەرچی قەبووڵكردنی ئەم بەڵێنە رەنگە بە قازانجی لایەنێكی سیاسی لە بەشێكی دیكەی كوردستان بێت كە هاوپەیمانی ستراتژیكی لە گەڵ دەوڵەتی ئەسەد هەبووە و هەیە.
لە ئێران رۆژانە چەندین كاسبكار دەكوژرێت، چالاكانی سیاسی دەگیردرێن و زیاتر لە 24 چالاكی سیاسی كورد حوكمی لە سێدارەدانیان بە سەر سەپاوە، زەخت و گوشار لە سەر گەلی كورد 33 ساڵە لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە بە كار دەبرێت و رۆژانەش بەردەوامە. هەر لەم رۆژانە رێژیمی ئێران دیسانەوە هێرش دەكاتە سەر سنووری باشووری كوردستان و بە پێی ئامارەكان بە هۆی تۆپبارانی رێژیمی تارانەوە زیاتر لە 164 كوردی باشووری كوژراون، بەڵام ” ك ن ك ” هیچ پێشنیار و داوكارییەك سەبارەت بە دۆخی كورد لە ئێران ئاراستەكۆمەڵگای نێونەتەوەیی و رێژیمی ئێران ناكات. ئەم چەشنە هەڵسوكەتە و هەڵوێستگیرییە تەنیا دەڕواتە خانووی سیاسەتێكەوە كە لەم ساڵانەی دواییەشدا بۆ زۆر كەس ئاشكرا بوو و ئەویش سیاسەتێكە لە قەندیل دادڕێژرێت و خۆی بە ئیمرالیەوە پەیوەند دەدات و بڕیار لە سەر چوار پارچەی كوردستان دەردەكات نەك بۆ بەرژوەندی نەتەوەیی بەڵكوو بۆ بەرەوپێشبردنی ویستی دەسەڵاتدارانی حیزبی بە شێوەیەكی یەك لایەن وپاوانخوازنە.
پارادۆكسە سیاسیەكانی ئەم چەن ساڵەی دواییە ئەم چەشنە سیاستە زۆر شتی بۆ هەموولایەك ئاشكرا كردووە و ئیدی دروشمی بە رواڵەت نەتەوەییەكان كە تەنیا ئاخنراون بە دێماگۆژی و فریودانی بیروڕای گشتی گەلی كورد، كڕیارێكی ئەوتۆیان لە نێو گۆڕەپانی سیاسیەتی كوردیدا نەماوە و لاواز بوونی ئەو چەشنە هەڵوێستە رۆژ لە دوای رۆژ خۆی زیاتر دەردەخات.
خاڵەكانی ئەم بەیاننامە بە گشتی تەرخان كراوە بۆ باكووری كوردستان و نەك خواستەكانی گەلی كورد و لە راستیدا ئەم هەشت خاڵە رەنگدانەوەی خواست وداوكارییەكانی قەندیلە و راسپاردەكانی بۆ دەوڵەتی ئانكارایە كە بە زمانێكی دیكەو لە لایەن ناوەندێك وەكوو ” ك ن ك ” وە دەردەبڕێت. سیاسەتی پشت گوێ خستنی كوردەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و مامڵەكردن لە گەڵ دەوڵەتانی داگیر لەسەر بنەمای چارەنووسی ئەوان دەمێكە لە لایەن ئەم رەوتە سیاسیەوە رەچاو دەكرێت و لە قۆناغگەلێكدا كە كۆمەڵگای كوردی وجیهانی بە دژی رێژیمەكانی زاڵ هەڵوێستیان گرتووە ئەوان بە پێچەوانە جووڵانەتەوە.
خاڵی 8ی بەیاننامەكە باس لە زیندوو راگرتنی كولتوور و زمان و … كوردی دیاسپۆرا دەكات و هەروەها لەگشت خاڵەكاندا جەخت لە سەر بەرزكردنەوەی رۆحی نەتەوەیی و یەكگرتوویی كورد كراوە، بەڵام كاتێك سەردانی ماڵپەڕی ئەم ناوەندە دەكەیت تەنیا زارەوەی كرمانجی ژوور و زمانی توركی بەرچاو دەكەوێت و جا كوردەكانی بەشەكانی دیكە چۆن خۆیان لەوێدا ببینەوە جێی پرسیارە؟
لەم بەیاننامەدا زۆر بە زەقی باس لە دەستێوەردانی رۆژئاوا لە سەرهەڵدانەكانی ناوچەدا دەكرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە دەستێوەردانەكەی داگیركەری بەشێكی كوردستان واتا كۆماری ئیسلامی ناكرێت كە بەپاڵپشتی لە گرووپە توندئاژۆ و تیرۆریستەكان گشت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆز كردووە. هیچ ئاماژەیەك بە دەستێوەردانی ئێران لە بەحرەین، یەمەن، لۆبنان، فەلەستین، عێراق، سەعوودی، ئەفغانستان، ئازەربایجان و … ناكرێت كە دەست و پێوەندییەكانی رێژیمی تاران ئەم وڵاتانەی گشت تووشی نائارامی كردووە وخەریكە پەرە بە بیرۆكەی دوگم و دژە مرۆیی خۆی دەدات، یان هیچ ئاماژەیەك بە دەستێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی لە سووریە و پاڵپشتی و هەناردنی كەل وپەلی سەربازی و هێزی سەركوتكەر بۆ پێشگرتن لە رووخانی رێژیمی داگیركەری ئەسەد ناكرێت كە بێگومان ئەمانە گرێدراوی مەسەلەی كوردن لە ناوچەدا ودژ بە بزووتنەوەی كوردیین. بەڵام هەروەك وتمان لە روانگەی ” ك ن ك ” وە دوژمنی گەلی كورد تەنیا دەوڵەتی توركە.
بە ڕای نووسەری ئەم دێڕانە ” ك ن ك ” دەتوانێت وەكوو تریبونی حیزبێكی سیاسی یان لقێك لە قەندیل خۆی پێناسە بكات و هەڵگرتنی ناوێك وەكوو كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئەم ناوەندە تەنیا دەتوانێت وەهمێك بێت كە شوێنكەوتووانی ئەو بۆچوونە لە رووی باوەڕەوە ئیمانی پێ بێنن نەك هیچی دیكە.
*ئەم وتارە روانگەی تاكەكەسی نووسەرە.
{jcomments off}