"an independent online kurdish website

دوای شەش ساڵ لێکترازانی ریزەکانی حیزبی دێموکرات، دوای شەش ساڵ ناکۆکی و ململانێی ڕێبەرایەتی حیزب لە سەر دەسەڵات و کێشە شەخسی و جەناحیەکان،kerim_ferxepur_1
دوای شەش ساڵ داواکاری خەڵکی کوردستان و ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی دێموکرات بۆ چارەسەری کێشەکان، سەرەنجام هەر دوو رێبەرایەتی دوو لایەنی دێموکرات لە دوو بەیاننامەدا بەرەوڕووی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بیروڕای گشتی، ئامادەگی خۆیان بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لە گەڵ یەکتر ڕاگەیاند.

 بێگومان ئەم هەواڵە جێگەی دڵخۆشی هەموو ئەویندارانی دێموکراتە و هەموومان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی دانیشتن و وتووێژ و ئاکامی ئەو دانیشتنانەین. لە گەڵ ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشتریش ئامادەگی خۆی بۆ دیالۆگی راستەوخۆ بۆ چارەسەری کێشەکان دەربڕیوە بەڵام لە وەڵامدانەوەی ئەم جارەیاندا ئەو گەرم و گوڕیەی پێشوو لە بەیاننامەکەیاندا بەرچاو ناکەوێ. بە بڕوای من ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی کە ماوەیەک لەمەوبەر بە چوونی چەند کەسێک لە حدک بۆ ناو حدکا و سازدانی ڕێ و ڕەسمی پێشوازی بۆ ئەوان، گرژی و ئاڵۆزیەکانی زیاتر کرد و نەوعێک بێ متمانەیی لەلای حدک دروست کرد.

لە بۆچوون و نوسراوەکانی ئەندامانی دێموکرات لەم چەند رۆژەی دواییدا ئەم بێ متمانەییە بە زەقی خۆی دەردەخا و لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی حدک بە گومانەوە سەیری ئەم هەڵوێستەی پلینۆمی حدکا دەکرێ.

هەر بۆیەش لە ئێستاوە پیویستە هەردوو رێبەرایەتی دێموکرات متمانە و ئیعتمادی پێویست بدەنە بەدەنەی دوو لایەن و بە قەناعەتەوە بچنە سەر مێزی وتوویژ و وەک دوو هاوڕێ کە چەندین ساڵ بە یەکەوە هاوسەنگەر و پشت و پەنای یەکتر بوون، هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەن و بەدەنەی حیزب و خەڵکی کوردستان دڵنیا بکەنەوە کە بە نیەت پاکیەوە لە هەوڵی چارەسەری کێشەکان دان.

رێبەرایەتی سیاسی و شارەزا دەبێ ڕابردوو بکاتە دەرس و ئەزموون و لاپەڕە کۆنەکان هەڵداتەوە تا لاپەرەیەکی تازە لە ژیانی حیزبایەتی بکاتەوە. پێویستە رق و کینە شەخسی و گروهیەکان وەلا بنرێن و بەرژەوەندی گشتی خەڵک لە بەرچاو بگرن.ئەو هەموو خوێن و قوربانیەی خەڵکی کورد فەرامۆش نەکەن. ئەوان نابێ وەک دوو دەوڵەت یا وەک دوو حیزبی جیاواز بە یەکەوە بکەونە وتوووێژ و نابێ بە دوای ئیمتیاز و نوقتە و وێرگول و بەهانە دا بگەڕێن و لە سەر مەسائیلی جوزئی وتووێژەکان پەک بخەن.

هەر دوو لایەن پێویستە واقعییەتەکان قبووڵ بکەن، وەک دوو دیموکڕات یا دوو لایەنی دێموکرات بە نیەت پاکی و بە شەفافیەتەوە لە گەڵ یەکتر بدوێن و ئاکامی وتووێژەکان بە بەدەنەی حیزب رابگەیەنن. لێرەدا باسێک لە براوە و دۆڕاو نیە بەڵکو گەورەیی بە نسیبی ئەو لایەنە دەبێ کە بۆ خاتری بەرژەوەندی گشتی کۆتا دێت. رێبەرانی ئێمە پێویستە بە دوای خاڵە هاوبەشەکانەوە بن نەک خاڵە جیاوازەکان بکەنە بەربەستی سەر رێگەی یەکبوونەوەی حیزبەکەمان.

 ئەرکی سەرشانی بەدەنەی حیزبە لەم هەلە زێڕینە دا کە دەستمان کەوتووە، هاوکار بین بۆ سەر خستنی ئەم پرۆسەیە. بێگومان ئەم رێگایەش بێ هەوراز و نشێو نابێ و ئەم وەرزەش ساردی و گەرمی خۆی هەیە.لە لایەک دژمنان و نەیارانی حیزبەکەمان و لە سەرووی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی هەوڵی لە بار بردنی ئەم وتوویژانە دەدەن و لە لایەکی دیکەشەوە نەیارانی یەکبوون و مقام پەرستانی نێو ریزەکانی حیزبەکەمان بۆ پەک خستنی ئەم پرۆسە بیدەنگ و بیکار دانانیشن.

ئەرکی سەرشانی هەموومانە کە بە گژ هەر نەخشە و پیلانیک دا بچینەوە کە بۆ یەکریزی حیزبەکەمان دێتە ئاراوە. ئەم جارەیان بە پێچەوانەی دابڕان و یەکگرتنەوەکانی پێشوو، بەدەنە پێویستە حەکەم بێت وبە وشیاری و وریایی نەخشی بەرچاوی خۆی بگێڕێت و وەک بەدەنەی یەک حیزب چاوەدێری وتووێژەکان بکات و بێ لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە سەر بە کام لای دێموکراتە لە هیچ لایەنێک قەبووڵ نەکات کە بەربەست بخاتە سەر ڕێگای وتووێژەکان.

پێویستە هەموومان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بە گژ ئەو کەس و لایەنانەدا بچینەوە کە دەیانهەوێ ئەم پرۆسەیە پەک بخەن. بەدەنەی حیزب نابێ دوو دێموکراتی قبوڵ بکات و دەبێ هەموو هەوڵمان بۆ یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزب بێت .

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی