"an independent online kurdish website

یەکێک لە تا یبەتمەندیە بەرزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە بە شانزیەکی مێژویی بۆی سەبت کراوە و ئەندامان و لایەنگران و بگرە هەموو ئەوانەی حیزب دەناسن شانازی پێوە دەکەن و  نەیارانیشی ئێرەیی پێدەبەن ، سەربەخۆیی بڕیاردانە.mela_braym_mejid_pur

لە کارنامەی حیزبدا خاڵی هەرە بە هێزی ئەوە بووە کە لە هەستیارترین کاتدا گرینگترین بڕیاری داوە. ئەوە میراتێکە لە ڕیبەرانی شەهیدیەوە بۆی بەجێ ماوە، بۆیە دەبێ لە قوڵایی دڵەوە  دەستخۆشی بە ڕێبەرایەتی حیزب بڵێم و پیرۆز باییان لێبکەم  بۆ ئەو هەلوێستە ژێرانەی سەبارەت بە برایانی رۆیشتو گرتویەتی ، بەڕاستی لە جێدایە و وڵامێکی دروستە بۆ داوای گەل .

بە پێی ئەوەی لە تەمەنی ٦ ساڵیمەوە  لە شوێنی لە دایکبونم هەڵکندراوم  بە گوێرەی شوغڵ و ئەرکەکەم  بە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان گەڕاوم و دەگەڵ چینە جۆراوجۆرەکانی گەل ڕۆنیشتوم و هەستاوم ، بە تەجرەبە بۆم دەرکەوتوە و بە ڕوح و جەستەش هەستم پێکردوە، ئێمەی کورد تا ئێستاش گەورەترین عەیبی کارمان ئەوە بووە لە ئەزمونە تاڵەکانی ڕابردومان وەک پێویست دەسمان وەرنەگرتوە!  نامەوێی بچمە ناو قوڵایی ئەو مەسەلەیە و بۆیەکانی بەڵام دەڵێم : لە حیزبی ئێمەدا چەند جیا بونەوەیان دابەشبون یا هەرچی ناوی بنێین رویان داوە، بەشە جیا بۆکە هەرگیز نەبۆتە شتێک و درەنگ یان زو تێک چون و هێندێکیان گەڕاونەوە و هێندێک بۆ ئەم لا و ئەو لا رۆیشتون ، هەر دوک لا کارەکەیان بە خراپ زانیوە و بە زیانی حیزب و گەلیان لە قەڵەمداوە، هاتونە سەر ئەو باوەڕە واباشتر یەک بگرنەوە. ئەوەی بە باوەری من جێی سرنجە ئەوەیە تا ئێستاش هۆی ڕاستەقینەی ئەم ڕۆیشتن و هاتنەوانە  ڕون نەکراونەوە، هێندێک راستی شاراوە هەن ڕانەگەێیندراون ، بۆیە  نەڕۆیشتنەکان و نە گەڕانەوەکان بەردەوام نەبون.

ئێستا کاتەکە زۆر گرینگ و هەستیارە، یەکگرتویی بۆ گەیشتن بە یەک ئامانج پێداویستیەکی مێژوییە.  کێی بیهەوێ و کێی نەیەوێی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وەک هێزی سەرەکی لە بواری وەدیهێنانی مافی نەتەوەکەمان کە ڕزگاری گەل و نیشتمانە پشکی شێری  پێدەبڕێ و ئەرکی مێژویی لە سەر شانە، بۆیە نەک هەر دەبێ دەگەڵ هاورێیانی ڕۆیشتوو یەک بگرنەوە بەڵکو دەبێ دەگەڵ هەمو ئەو حیزب و سازمانانەی کە بڕوایان بە مافی گەلەکەیان هەیە بەرنامەی هاوبەشیان هەبێ و هاوکار بن . مەرجی سەرەکی ئەو یەکبون و هاوکاریە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گەل و نیشتمان و سەداقەت و نیاز پاکیە. تایبەتمەندی بەرزی شوڕشگێڕان ئەوەیە خۆیان دەکەنە قوربانی گەل و نیشتمان، بەرژەوەندی تاکی وەلا دەنێن و گەورەترین دەسکەوت و پلە و پایە بۆ ئەوان ئەو شانازیەکە  کە پێیان دەبڕێی.

جیا بونەوە لە ناو حیزبان دا نە تازەیە و نە قەباحەتە،  ئەوە بۆجارێک رەنگە رەوا بێ بەڵام ئەو هەمو بڕۆو  وەرەوەیە کایەیەکی زۆر ناشیرن و زیانبارە، لانی کەمی  زیانەکەی بێ بڕوایی و ناهومێد بوونی گەلەکەمانە!

ئێمە کە ئامانجی سەرەکیمان ڕزگاری گەل و نیشتمانە  دەبێ  بەو ڕێگایەدا باژوێین کە دەمان گەیێنێتە ئەو ئامانجە. لەت بوون ، لێک دابڕان و ناکۆکی، دژایەتی و دوبەرەکی لە ژێر هەر ناوێک و بە هەر مەبەستێک بکرێی تەنیا بە قازانجی دوژمن و بە زیانی خۆمانە و لە ئامانج دورمان دەخاتەوە.  ڕێبەرانی حیزنی ئێمە  دەبێ بە هەست بە  بەرپرسایەتیکردن لە بەرانبەر  مێژوی گەلدا  هەرچی زوتر کەندو کۆسپەکانی  سەر ڕیگای یەکگرتن وەلا بەرن و بە پەلە و ژیرانە  بە هێزەوە  ئامادەی قوستنەوەی ئەو دەرفەتانە بن کە دەڕەخسێن . ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حاڵی گۆڕانکاریەکی  قوڵ و بە پەلە دایە، ئێمەش لەو بەشەی ئەم دنیایەدا دەژین ، زێدەکەمان  جگە لە دابەشکران و داگیرکرانی لە هەر چوار لاوە لە گەمارۆی دوژمنان دایە، بۆیە بەرەورو بوون دەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانە و بەرپەرچ دانەوەی پیلانی ئەو دوژمنە بێبەزەیانە هیزێکی بە هێزو یەکگرتو ، سیاسەتێکی ژیرانە و ئیرادەیەکی لە خۆ بردوانەی گەرەکە. دەبێ هەمو هزرو بیرو هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ ئەوە بێ بە باشترین  شێوە کەڵک لەو هەلانە وەرگرین و بە کەمترین زیان زۆرترین دەسکەوت وەدەست بێنین. سیاسەتێکی ڕون و جەساڕەتێکی  شۆڕشگێڕانە لە بەرانبەر روداوەکان لە خۆمان نیشان بدەین، ڕاستیەکان بخەینەڕو و لەوە باکمان نەبێ کێی  خراپمان دەڵیی و کێی گلەییمان لیدەکا.

بەڕێزان بوونی ڕاو بۆچوونی جۆراو جۆر  نەک خراپ نیە زۆریش پێویستە، رەنگی جۆراوجۆر  ئەگەر زانستیانە لە پاڵ یەک دابندرێ دیمەنەکان دەڕازێننەوە، هونەری حیزبی ئێمە لەوەدا دەبێ کە ئەوانە چۆن جوانە و چاکە ئاوا ڕێک بخا. لە سەر هەر دوک لا پێویستە بە چاوێکی رەخنەگرانە ئاوڕێک لە ڕابردو بدەنەوە، بە بیرێکی ژیرانە بیر لە ئێستا بکەنەوە زانایانە ڕابردوو ، ئێستا و داهاتو  لێکدەنەوە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجی تێدا بدۆزنەوە، دان بە هەڵەکان دابێنن و بە ڕوحێکی برایانە  و دڵسۆزانە  دەگەڵ یەک هەڵسوکەوت و هاوکاری بکەین، بە کردەوە هەوڵی شوشتنەوەی  ئاسەواری  ئەو لەت بوون و لێکدا بڕانانە  بدەین و دڵنیاش بین گەل لە پشتمانە.

بە هێوای ئەوەی ڕێبەرایەتی و هەمو کادرو پێشمەرگە و دۆست و لایەنگرانی حیزب بە هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە برینی دڵی دایکان و باوکان و خۆشک و برایان و دۆستان دڵسۆزان لە کوردستان بە گشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ساڕێژ بکەینەوە و لە دنیای ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی  دوریان بخەینەوە و بەم چەشنە وڵامی فیداکاری و قوربانیەکانیان بدەینەوە، ئەو شانازیە مەزنە بە نسیبی حیزبەکە و خۆمان بکەین . ئاواتمە ئەو قەیرانە سیاسیە  بە هێمەتی هەمولایەک لە یەخەی حیزب بکەینەوە و بۆ هەتایە بیخەینە زبڵدانی مێژوو  هەمو دیاردەکانی لە لاپەرەی مێژوی حیزبەکەمان  پاک کەینەوە   بەو هیوایە.

   براتان مەلا برایمی  مەجید پور     هۆلەند     ١٠/٨/٢٠١٢

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی