"an independent online kurdish website

لە شەوی ٥ ئوت لە کاناڵ یەکی ئێران فیلمێکی دۆکۆمێنتی بڵاوکراوە فیلمەکە بە نێوەرۆک باسی لە چۆنێتی کوژرانی چەند زانایەکی ناوەکی ئێرانی دەکرد.itraf_kanal

سەڕەڕایی ئەوەی ئەو فیلمە قسەی زۆر دێتەوە سەر و پرسیاری زۆری بێ وەڵام هێشتەوە بەڵام بە بینینی یەکجاری فیلمەکە ڕەنگە بینەڕ زۆر بە ڕوونی هەست بەوە بکات کە فیلمەی “کلوپی تێرۆر” نەتەنیا فیلمێکی دۆکۆمێنتی نییە کە لەودا چەند کەسێکی تێرۆریست دان بە تاوانەکانیان دادنێن بگرە بە پێچەوانە ئەو فیلمە لە ڕاستییدا فیلمێکە کە بە دەستەی بەرپرسانی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە دەست شارەزایانی بواری ئەمنیەتی ئێران سازکراوە و  بەڵام بۆ “کلووپی تێرۆر” فیملمێکی دۆکۆمێنتی نییە؟ و شانۆگەرییەکی ئەمنیەتی هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێرانە؟

بە گشتی فیلمەکە پێکهاتووە لە دوو دەنگ، یەکەم دەنگی بێژەری فیلمەکەیە هەرچەند بە ڕوواڵەتی دەنگی بێژەر دەنگێکە  کە دەیهەوێت   ڕەنگ و بۆن و شەرۆڤەیەکی تایبەت بدات بە قسەی ئەویتر بەڵام لە ڕاستیدا دەنگی بێژەر دەنگی یەکەمی فیلمەکەیەو  دەرهێنەری ئەو فیلمە  دەیەوێت زۆربەی ئامانجەکانی فیلمەکەی لە رێگەی ئەو دەنگەوە بە پێکێت.

 بەڵام ئەویتر کێیە؟  ئەویتر لە دۆکۆمێنتی “کلوپی تێرۆر”دا کەسانێکن کە دەبێ لە  تێرۆری زانایانی ناوەکی ئێران دەستیان بوبێت. ئەو کەسانە بەناو تێرۆریستن و کە ئێستا لە دەست هێزە ئەمنیەتێکانی ئێران دان.

دەنگی دووهەم کە دەبێت دەنگی سەرەکی بێت بەڵام دەنگێکی زۆر لاوازە کە لەگەڵ ئەوەی کە  لە کردەی خۆیان زۆر پەشیمانە بەڵام هیچ ڕێگەیەکی دەرچونیان نییە.

لێرەدا هەوڵ دەدین بە ڕاڤەیەی ئەو دوو دەنگە کە بە ڕواڵەت جوداوازن بەڵام  پێکهێنەری    فیلمی کلووپی تێرۆرن خوێندنەوەیەکمان هەبێت. کە هۆی بڵاوکرنەوەی فیلمێکی بەو شێوەیە لە راگەیاندراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا چییە؟! .

لە سەرەتای فیلمەکەدا بێژەر یان دەنگی یەکەم کە خۆی وەک دەنگی خەڵکی ئێران پێناسە دەکات و دەکرێت ئێمە ناوی دەنگی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنێن باسی ئەوە دێنێتە ئاراوە کە دەوڵەت و هەرێمێکی “اقلیم”  درواسێ ئێران  لە دۆسیەی تێرۆری زانایانی ناوەکی ئێران دەستیان هەبووە و لەو دۆسیەیەدا بەرپرسن.

بە خوێندنەوەیەکی کورت و بە پێی ئەو هەواڵانەی کە لە ڕابردوودا لە راگەیاندنە فەرمیەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاوبۆتەوە دەبێت دەوڵەتی درواسێ مەبەست وڵاتی ئازەربایجان بێت و بە پێی ئەوەی کە لە وێژەی سیاسی کۆماری ئیسلامیدا بە هەرێمی کوردستانی عێراق دەگوترێت “ئێقلیم”  هەر بەو هۆیەش  دەبێ مەبەست لە ئەو هەرێمەی کە دەستی لە تێرۆری زانایانی ناوەکی ئێراندا هەبووە هەرێمی کوردستانی عێراق بێت.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە چین ئەو هۆکارانەی کە دەنگی کۆماری ئیسلامی ئەو دوو دەوڵەتە بە بەڕپرس دەزانێت سەرەرای ئەوەی کە بە پێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی هەر دوو دەوڵەت، تا ئێستا کۆماری ئیسلامی بە فەرمی  لەسەر ئەو بابەتە هیچکام لەو دەوڵەتانەی  ئاگادار نەکردۆتەوە.

ڕەنگە بۆ وڵامی ئەو پرسیارە پێویست بێت هێندێ بگەرینەوە بۆ دواوە واتە  کاتێ کە لە ناوەندی ئێراندا نارەزایەتییەک لە گۆرێدا بوو بە ناوی ڕەوتی کەسک لەو کاتەدا واتە پاش هەڵبژاردنی خولی دەهەمینی  سەرۆکۆماری  لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە چاوەروان دەکرا، پاش هاتنە ئارای  ئەو سەرهەڵدانانەی کە لە ناوەندی ئێران روویدا خەڵکی کوردستان و ئازەربایجانی ئێرانیش بە داخوازیەکی نزیک لەو داخوازییەی رەوتی کەسک ، دەنگی خۆیان بدەنە پاڵ کەسکەکان.

بەڵام  ئەو چاوەروانییە نەهادە دی و بێدەنگەیەکی مانادار  هەموو ئەو چاوەروانییانەی بردە ژێر پرسییارەوە.

 لە پاش سەرهەڵدانەکانی رەوتی کەسک زۆر کەس لە چاوەدێرانی سیاسی ئێران هاتنە سەر ئەو باوەری کە ئەو بێدنگییە  لە لایان  خەڵکی کوردستان و ئازەربایجانەوە، لە ڕاستیدا هۆکارکەی دەگەرێتەوە سەر ئەو باسەی کە ئەو دوو کەمینە نەتەوەی ناو ئێران داخوازییە نەتەوەیەکانیان لە چوارچێەوەی داخوازی و بەرنامەکانی رەوتی کەسکدا نەبووە و هەر بۆیەش نەچوونە پاڵ ئەو ڕەوتە.

  بێدەنگییە کەمینە نەتەوەیەکانی ئێران لە ماوەی سەرهەڵدانی رەوتی کەسک  ناڕاستەخۆ بۆ دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو بە هێمایەک لە مەترسی و هێمایەک کە دەبوو زۆر زوو چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە بۆیەش دیتمان پاش ئەوەی کە تاران و شارەکانی ناوەند بە ڕواڵەت هێور بوونەوە، سەرەڕای ئەوەی کە بە گشتی و بە  ڕواڵەت هیچ دەنگێک نارەزایەتی  لە کوردستان و ئازەربایجانەوە نە چووبوە پاڵ رەوتی کەسک، گەچی دەزگای داپلۆسێنەری کۆماری ئیسلامی روویی کرد کوردستان و ئازەربایجان و رێژەیەکی زۆر لە چالاکانی فەرهەنگی ، مەدەنی و مافی مرۆڤی ئەو دوو ناوچەیی دەستبەسەر کرد،  کەسانێکی زۆریان لە دەستگیر کراوەکان  هەتا ئێستاش لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان و لەو نێوانەدا ٢٩ زیندانی کورد حوکمی لە دار دانیان پێ دراوە.

 لێرەدا و پاش ئەو باسە  دەتوانین بڵێن کە دەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لە فیلمی “کلووپی تێرۆر”دا یەکێ لەو ئامانجانەی کە هەیەتی ئەوەیە کە  “نەتەوەکانی ئێران بۆ ئەمنیەتی نەتەوەی ئێران  مەترسیدار پیشان بدات”

بەڵام بۆ دەیانەوێت وا پیشان دەن کە نەتەوەکانی ئێران مەترسی دەخەنە سەر ئەمنیەتی نەتەوەی ئێران؟!  دەرهێنەرانی فیلمی “کلووپی تێرۆر” لە هێنانە گۆری ئەو باسەدا  دەیانەوێت چەند ئامانج بپێکێن:

 ١:  ڕێگەی لە هێنانە گۆرێی  مەترسی ئەمنیەتییەوە  هەتا ڕادەیەک ئەو رێژەیە لە پێشێکارییە مافی مرۆڤەی کە  کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ئازەربایجانیدا کردویەتی پاساو بدەن. 

 ٢: ناڕاستەخۆ  جۆرێک ‌ئاگادار بونەوەیەک  بداتە ناسیونالیزمی فارس و پێی بڵێت کە بوونی لە مەترسیدایە و دەبێت هەستیارتر لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران هەڵسووکەوت بکات.

٣: بە پەیدا کردنی پاڵپشتێک بۆ ناسیونالیزمی کوردی و ئازەری ئەو ناسیونالیزمانە بۆ داهاتووی ئێران بە مەترسیدارتر لە قەڵەم بدات.

٤:  لەو فیلمەدا هەوڵ دەدرێت کۆماری ئیسلامی  وەک پارێزەر و داکۆکیکاری ناسیونالیزمی فارس و سنووری ئێران لە قەڵەم بدرێت هەتا لەو رێگەیەوە بەشێک لە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی لەناو ئێراندا کە لە ماوەی ٣٣ ساڵ دەسەڵاتداری بە تەواوی لە کیسی چووە وەدەست بێنێتەوە.

بەڵام دەنگی یەکەم تەنیا ئەو ئامانجەی نییە و کۆمەلێک ئامانجی تریشی بە دەستەوەیە کە گرینگترینیان ئەوانن:

دەنگی یەکەم دەیەوێت وا بە بینەر بە قەبلێنێ کە دەزگای ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی زۆر دەسەڵاتدار و ئاگاداری هەموو رووداوێکی ناو ئێرانەو و هەر بۆیەش لە سەرەتادا باسی چۆنێتی پەشیمانی جەماڵی فەشی دەکات. ئەو کەسە کە لە ساڵی ٢٠١١دا، بە تاوانی ئەوەی لە کوشتنی دکتور مەسعودی عەلی محەمەدیدا دەستی بووە  لەدار درا و بێژەری فیلمی کلووپی تێرۆر  دەلێت” کۆتایی ژیانی فەشی واتایی دەستپێکی چالاکییەکی ئەمنیەتی  بەرینی بۆ دەزگایی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی هەبووە”

و لە تەواوی فیلمەکەدا چ ئەو جێگای کە بێژەر قسە دەکات و چ لەو شوێنانەدا کە بنەماڵەکانی کوژراوەکان قسە دەکەن ئەو هەستە بەدی دەکرێت کە درهێنەری فیلمی “کلووپی تێرۆر” دەیەوێت بینەر بێنێتە سەر ئەو باوەر کە دەزگای ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی زۆر بە دەسەڵاتە و تەنانەت لە بەشێک لە فیلمەکەدا باسی هێندێ کامێرای چاوەدێری دەکات و بەوە پتر دەیەوێت. ئەو بیرۆکەیە بخاتە مێشکی بینەرەوە کە هەمیشە لە ژێر چاوەدێریدان.

 هۆی چییە کە کلووپی تێرۆر دەیەوێت ئەو ترسە بخاتە دڵ بینەرکەیەوە؟

دیارە زۆر کەس لە چاوەدێرانی سیاسی ناو ئێران ئەوە باسە دەورووژێنن کە یەکێ لەو درەنجامانەی کە قەیرانی ئابووری ئێران دەیبێت، ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزایەتی خەڵکە لە دژی حکوومەت.

 چوون لە راستیدا سیاسەتی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامییە کە خەڵکی ئێرانی تووشی ئەو قەیرانە بەرینە ئابوورییە کردووە.

 لە یەک مانگی ڕابردوودا  دەزگا ئەمنیەتێکانی ناو ئێران داوایان کرد کە ڕاگەیاندراوەکانی ئێران زۆر لەسەر باسی گەمارۆی ئابووری و قەیرانی دەرنجامی ئەو گەمارۆیە نەرۆن. لەگەڵ ئەوەش وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە گوتارێکدا لە نوێژی جومعەی تاران ئەو باسەی وەرووژاند کە کەسانێک دەیانەوێت کەسی یەکەمی کۆماری ئیسلامی واتە عەلی خامنەی وەک بەرپرسی قەیران ئابووری ئێران لە قەڵەم دەن. و وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ئەو کردەویی بە  مەترسیە بۆ سەر  کۆماری ئیسلامی ئێران دانا.

 بە پێی ئەو زانیاریانەو کۆمەلێک هەواڵ و زانیاریتر بە ڕوونی بۆمان دەر دەکەوێت کە ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزایەتی خەڵکی لە ئێران  لە دژی حکومەت بە هۆی ئەو قەیرانانەی کە ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە لای دەزگای ئەمنیەتێکانی ئێران ئەگەرێکی زۆرە  بەرچاوە و هەر بەو پێیەش دەنگی کۆماری ئیسلامی لە فیلمی “کلووپی تێرۆر”دا دەیەوێت بینەرەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکەیەکی زۆر لە دەزگا ئەمنیەتێکانی کۆماری ئیسلامی بکات. دەزگای ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی هەبوونی ئەو ترسە لە دڵی خەڵکی ئێران وەک لەمپەرێک دەزانێ بۆ بەرگری کردن لە سەرهەڵدانی نارەزایەتی خەڵکی ئێران.

لەو فیلمەدا بۆوەی ئاستی دڵەڕاوکە و ترس لە دەرونی بینەردا بەچێتە سەرێ تەنانەت باسی پڕپێچ پەنا بوونی چۆنێتی گروپە تێرۆریستەکەش دەکرێت.

 وەک باسی لێکرا لە فیلمەکەدا دوو دەنگ لە گۆرێداییە دەنگی دووهەم، دەنگی ئەو کەسانەیە کە دان بە تاوانەکانیان دادەنێن. دەنگی دووهەم دوو رۆلی لە ئەستۆیە:

 یەک:

 دەبێت بە بەڵگەی، گوتەکانی دەنگی یەکەم ، هەتا لەو رێگەیەوە هەم بەڵگەیە هێندرابێتەوە بۆ قسەی بێژەری فیلمەکە  و هەمیش  بازنەی ترس و دڵە ڕاوکەکە بەرینتر بکرێت  بۆ وێنە چەند جار کەسانی تاوانبار باسی ئەوە دەکەن کە لە  هەرێمی کوردستان  و لە رۆژئاوای سولیمانی خولی ڕاهێنانیان بۆ داندراوە لەوێ فێریان کردوون کە چۆن تێرۆر بکەن.  دیارە ئەو جۆرە ناو هێنانە بۆ ئەو قسەیە کە بێژەر لە سەرتای فیلمەکە دا دیکات واتە  بە تاوانبار زانینی هەرێمێکی درواسێی ئێران

دوو:

دووهەمین رۆلی دەنگی دووهەم ئەوەیە کە لە درێژەی دەنگی یەکەمدا  و ئامانجیەکانی دەرهێنەر  ئەو فیلمە دابێت. واتە دەنگی دووهەم لەگەڵ ئەوەی کە دەنگی بەرانبەری دەنگی یەکەم نییە بگرە  دەنگێکی پەشیمان و کلۆڵە و بەشێک لە سناریۆی فیلمی کلووپی تێرۆرە

ئەو کەسانی کە وەک تاوانبار قسە دەکەن ڕاوێژەکەیان ڕاوێژی کۆماری ئیسلامییە و بەو کەسانی کە کوژروان کراون دەڵێن: شەهید

دیارە هەڵبژاردنی وەها راوێژێک لە لایان دەرهێنەرە بۆ دەنگی دووهەم ئەو شرۆڤەی لێدەکرێت کە ئەوانە لە کردەی خۆیان پەشیمان و کەسانێکی فریودراون  کە تووشی هەڵە هاتوون بەڵام  هۆی پەشیمانی ئەو کەسانە چییە و تا چەند ئەگەری ئەوەی هەیە کە ئەو پەشیمانییە ژیانیان بپارێزێت یان  تا چ ڕادەیەک ئەو پەشیمانییە دەتوانێت لە سەر هەڵسوکەوتی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو کەسانە شوێنەواری بێت؟! ئەو پرسیارێکە لە کە ماوەی فیلمی کلووپی تێرۆر وەڵامی نادرێتەوە. 

ئەوەی کە لە دەنگی دووهەمدا زۆر جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە  زۆربەی  ئەوانەی کە لە فیلمی “کلووپی تێرۆر”  وەک تاوانبار قسەیان لەگەڵ دەکرێت لە  باسی جۆری پەیوەندی یان شێوەی ناسینی، ئەو کەسانی کە فەرمانی تێرۆرەکانیان دەرکردووە و لە ناوەندی تێرۆرەکە بوون  دەلێن کە لە رێگەی ماڵپەر ، ئیمل یان چەت یەکتریان ناسیوە و یان پەیوەندیان هەبووە پێکەوە .

 لێرەدا ئەو قسەیەی  دەنگی دووهەم لە راستیدا هاوکات  لەگەڵ ئەوەی کە  هەوڵدانێکە بۆ  پاساو هێنانەوە بۆ ئەو چاودێری  و جەغزانەی کە لە لایان کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە خراوتە سەر رایەڵەی ئێنترنێت. ترسێکیش بخاتە دەرونی بنەماڵەکانی ئێران روونتر باس بکەین کە  روویەکیتری ئەوی کە دەگوترێت رێگەی پەیوەندی و ئاشنایی ئەوان(تاوانبارەکان) لەگەڵ ناوەندەکانی فەرماندەری تێرۆر ئینترنێت بووە  بنەماڵەکان دەگرێتەوە و لە راستیدا ئامانجی سەرەکی ئەو قسەیە هەوڵدانێکە بۆ سازکردنی ترس لە دەرونی دایک و بابەکاندا کە پەیوەندی منداڵەکانیان بە تایبەتی گەنجەکان بە ئینترنێتەوە وەک مەترسییەک ببینن.

  لە دۆکۆمێنتی “کڵووپی تێرۆر” دا بە گشتی هەوڵ دەدرێت ئێنترنێت وەک یەکەم رێگا و تەنیا رێگای پەیوەندی ئەو کەسانە لەگەڵ لایەنە فەرماندەری  ئەو گروپە باس بکرێت.

 لێرەدا بە روونی   ئەو خواستە دەبیندرێ کە  بینەر بە تایبەت بنەماڵەکان تووشی ئەو پرسیارە بکات کە ئایا بەکار هێنانی ئێنترنێت و نەبوونی فیلتر لەسەر ئەو رایەلەیە ئەگەری ئەوە پتر ناکات لە منداڵەکانیان بە تایبەت لاوەکان تووشی رێگەگەلی لەو چەشنە ببن؟داهاتووی لەو شێوەیەیان لەسەر رێ بێت.

 بە گشتی نوسەرانی فیلمی “کلووپی تێرۆر”  دەیانەوێت مەترسیەک لە رایەلی ئینترنێت بخەنە دڵ بنەماڵەکانەوە و هەتا لە رێگەی سازکردنی ئەو ترسە لە ڕایەلەی ئینترنێت هاوکات هەم ڕەوایی خۆیان بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئینترنێت لە کۆمەڵگا وەرگرن و هەمیش  بوونی ئینترنێت لە ناو ماڵەکاندا لەلایان بنەماڵەکانەوە وەک مەترسییەک پێناسە بکرێت.

لە درێژەی فیلمەکەدا دەنگی دووهەم باسی وەرگرتنی برێکی نادیار پارە دێنێتە گۆرێ، رێژەی پارە و چۆنێتی وەرگرتنی پارەکە هیچ باسێکی لەسەر ناکرێت.  ئەو باسە پتر بۆوە هاتۆتە گۆرێ کە بگوترێت هەر چەشنە دژایەتییەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەرنجامی جۆرێک خۆفرۆشییە و هیچ بنەمایەکی فکری نییە.

لە فیلمی “کلووپی تێرۆر”دا باسی ئەوەش دێتە گۆرێ کە ئەو کەسانە پەیوەندی سێکسیان لەگەڵ یەک بووە و سەرجێی یەکیان کردووە  هەر چەند لە ماوەی فیلمەکەدا تەنیا جارێک  ئەو باسەکەی دێتە گۆرێ  بەڵام لە راستیدا  کۆماری ئیسلامی سالیانی ساڵە کە هەر دژبەرو بەرهەڵستێکی خۆی بە بێ رەوشت دادەنێ ئەو هەموو بەرهەڵستانی خۆی  بە نەبوونی هیچ چەشنە بنەمایەکی ئەخلاقی لە کرداریاندا تاوانبار دەکات.

   یەکێ لەو خاڵانەیتر  کە جێگای سەرنجە، لە ماوەی ئەو  فیلمی کلوپی تێرۆر هیچکام لەو کەسانی کە وەک تاوانبار قسەیان لەگەڵ دەکرێت باسی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ جەمالی فەشی ناکەن و ناوێک لەو کەسە ناهێنن. ئەوە لە کاتێکدایە  ئەو کەسە لە ساڵی ١٣٩٠ بە تاوانی ئەوەی راستەخۆ بەشداری دۆسیەی تێرۆری دکتور مەسعودی عەلی محەمەدی کردووە لە دار درا. ئەو باس نەکردنە لەگەڵ ئەوەیە کە لە فیلمەکەدا بە وردی باسی  چۆنێتی تێرۆری دکتوور مەسعودی عەلی محەمەدی دەکرێت. بەڵام تاوانبارەکان هیچیان هیچ باسێک لە جەمالی فەشی ناکەن و ئەگەرچی   سەرەتای فیلمەکە بە  وتوێژێک لەگەڵ جەمالی فەشی و باسکردنێک لە ناوبراو لەلایان بێژەرەکەوە دەست پێدەکات.  وتوێژ لەگەڵ جەمالی فەشی کە لەو فیلمەدا بڵاوبۆتەوە گواییە چەند کاتێک بەر لە دار دانی ئەو کەسە ئەو  وتوێژەی لەگەڵ کراوە

 لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر لە دوو راگەیاندراودا کە وزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردۆتەوە لەو ڕاگەیاندراونەدا هاتووە کە، کەسانی سەرەکی دۆسیەی  تێرۆری زانایانی ناوەکی ئێران  گیراون. بەڵام  لە کۆتایی فیلمەکەدا دەر دەکەوێت کە ئەو کەسانی کە لەو فیلمەدا وەک تاوانبار قسەیان لەگەڵ کراوە تەنیا بەرێوەبەرانی راستەخۆی تێرۆرەکان بوون و کەسی بریاردەر نەبوون و ئەو کەسانە فەرمانیان لە کەسانێک لە دەروەی ئێران وەرگرتووە.

 دیارە بەو شێوەیە دۆسیە تێرۆری زانایانی ناوەکی ئێران هەر ئاوا کراوە دەمێنێتەوە و ئەگەری ئەوە هەر ماوە کە لە داهاتوویەکی نزیک یان دووردا کەسانێکتر بەهێنە سەر شاشە تلویزیۆنەکان و وەک دەستوپەیوەندی ئەو کەسانی ئێستا پێناسە بکرێن.  {jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی