"an independent online kurdish website

پەیام تی ڤی کاناڵی زمانحاڵی کۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی مەلا عەلی باپیر ماوەیەکە دەستی کردووە بە دۆبلاژی فیلمێک بە ناوی “عشق سالهای جنگ” عیشقی ساڵانی شەڕ ، و وەک دراما پێشکەش بە بینەرانی خۆی دەکا .oeyam_tv

ئەو فیلمە لە لایەن دام و دەزگا تەبلیغاتیەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی شەڕی سێ مانگە کە لە شاری پاوەی پارێزگای کرمانشان لە هاوینی ساڵی ١٩٧٩  بە دەستووری خودی خومەینی و بە فەرماندەیی چەمران و ئەبوو شەریف و …. دەستی پێکردووە .

فیلمەکە لە سەرەتاوە تا ئاخیر دەیەوێ بزووتنەوەی کورد بە گشتی  و باسکی  بە هێزی بزووتنەوەی کورد واتە” پێشمەرگە” بێ بایەغ بکا و ئەوەی ناشیاوە ، و تەنیا لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی  دەوەشێتەوە بداتە پاڵ ئەو ئینسانە شۆڕشگێڕ و خۆنەویستانەی گەلی کورد .

لە نێو فیلمەکە دا هیندێک دیمەنی وای داناوە کە نە تەنیا شایەنی پێشمەرگە وەک پاکترین  ئینسانی کورد ، بگرە شایانی هیچ ئینسانێکی خاوەن ویژدان نیە . ئەوەش دیارە ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی داغدارە لە  هەمبەر زەبرە گورچکبرەکانی هێزی پێشمەرگە و گەلی قارەمانی کورد کە لە هیزە ترسەنۆکەکانی ئەوانی وەشاندووە.

بەڵام هەرگیز ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە  زەبر لە گەورەیی پێشمەرگە و بزووتنەوەی کورد بدات ، گومانێکی تێد انیە و تەنانەت ئەفرادی خودی ئەو ڕێژیمەش باوەر بە وەها فیلمێک ناکەن .

ئەوەی لای من و زۆر یەک لە بینەران پرسیارە ئەوەیە کە ، ڕئکخراوێک کەلە کوردستان فەعالیەتی هەیە و ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە هەر هەموویان کوردن ، لە سەر چ ئەساسێک ئەو فیلمەیان هەڵبژاردووە بۆ کاناڵەکەیان؟ خەلکی کوردستان چ شتێک لەو فیلمە فێر دەبن ؟  بلاو کردنەوەی فیلمێکی دوژمنکارانەی وەک ئەم فیلمە ، لە کاناڵێکی کوردی مانای چیە ؟ بڵێی ئەو کانالە بیری لەوە نەکردبێ کە بلا وکرندەوەی وەها فیلمێک دڵی دایکی هەزاران ڕۆڵەی شەهیدی کورد بریندار دەکا؟  بڵێی ئەو کارەی کاناڵی زمان حاڵی کۆمەڵی ئیسلامی تەنیا بۆ خۆش خزمەتی بە کۆماری ئیسلامی نەبێ  وبەس؟ داخوا ئەوە مانای ئەوەنیە کە ئەو ڕێکخراوە دەیەوێ بەو فیلمە غورووری بەشێکی گرینگی نەتەوەیەک بشکێنێ کە  بەداخەوە ئەوان خۆشیان بەشێکن لەو نەتەوەیە؟ بڵاو کردنەوەی ئەو فیلمە ، نیشانەی تەئیدی مەبەستی فیلمەکە نیە؟

ئایا کۆمەڵی ئیسلامیش پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەکەی بەو دیدەوە دەبینێ کە کۆماری ئیسلامی دەیبینێ ؟ کۆمەڵی ئیسلامی پێی وایە کە بزووتنەوەی کورد لە ڕٶژهەڵاتی نیشتیمان سەربە سۆڤیەت و بەدەستووری ئەوان کاری کردووە؟ یان پێی وایە کە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان سەربە بێگانە بوون بە دژی کۆماری ئیسلامی؟

 ئەدی ئەو دڵسۆزیەی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ کۆماری ئیسلامی  دەکەوێتە کام خانەوە؟

لیرە دا جێی خۆیەتی رووبکەمە وزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گلەییەکی کوردانەیان لەوانیش بکەم کە بۆچی پێش بە بڵاو بوونەوەی فیلمێک تا ئەو ڕادەیە سووکایەتی بە کورد دەکا ، ناگرێ؟{jcomments off}

هیوادارم  نەتەوەکەمان بەگشتی و ڕۆشنبیرانمان بەتایبەتی لە هەمبەر ئەو بێ حورمەتیەی کۆمەڵی ئیسلامی بێ دەنگ نەبن و ئیزن نەدەن کە ، هەر لایەنێک هەستا و بە فیتی داگیر کەرێک سووکایەتی بە نەتەوەکەمان بکات .

بەتایبەتی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەبوایە ئیزن نەدەن سووکایەتی بە کوردی ڕۆژهەڵات بکرێ کە هەمیشە پشت و پەنای ئەوان بوون لە ڕۆژەڕەشەکان دا .  

ئەو کارەی کاناڵی زمانحالی کۆمەڵی ئیسلامی نە تەنیا ناچێتەوە خانەی میدیای ئازاد و ئازادیی ڕاگەیاندن ، بگرە خۆش خزمەتیە بە داگیرکەرێکی کوردستان .

١٢.١٠.٢٠١٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی