"an independent online kurdish website

وەک هەموو لایەک ئاگادارین لەم ماوەیەدا حدکا ١٥ هەمین کۆنگرەی خۆی گرت. بە پێی ئەو زانیاریانە کە تا ئێستا ئێمە دەیزانین ڕێژەی بەشداری ژنان لە کۆنگرەی ١٥ دا ٧% بوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ڕێژەی بەشداری ژنان لە کۆنگرەی ١٤دا ٩،٧% بوە.tuba_alisi

وەک زۆربەی ئێمە ئاگادارین یەکێک لە ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ١٤ی حیزبەکەمان  ئەوە بووە کە ڕێبەرایەتی حیزب کارو پلانی گونجاو دابنێت بۆ کارامە کردنی ژنان بۆ بەشداری کردنی بەرچاویان لە نێو ڕیزەکانی حیزبداو هەروەها چالاک کردنی ژنان لە ڕێبەرایەتی ئەم حیزبەدا. بەڵام کاتێک چاوێک بەو ئامارەی سەرەوەدا دەگێڕین بۆمان دەرکەوێت کە بەڕاستی ڕێبەرایەتی حیزبەکەمان چەندە کاری کردوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ڕاسپاردەیەی کۆنگرەی ١٤؟

ئێستاش یەکێکی دیکە لە ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ١٥ی حیزبەکەمان ئەوەیە کە لە ڕێگای هەموار کردنی دەرفەتی بەرابەرەوە تێبکۆشێت بۆ چالاک کردنی ژنان لە نێو ریزەکانی حیزب و ڕێبەرایەتیدا. جا لێرەدا پرسیار ئەوەیە، کە ئایا ئەوە میکانیزمێکی تازەیە کە حیزبی دێموکرات پێشنیاری کردوە؟ یان ئەوەی کە ئەو دەرفەتی بەرابەرە هەر لە دێر زەمانەوە دیسیپلینی حیزب بوە؟ لیرەدا پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەو میکانیزمە  نە تا ئێستا سەرکەوتوو بوە و نە لەمەو بەدواش سەرکەوتوو دەبێت لە بەر چەند هۆکار.

یەکەم لە بەر ئەوەی کە سیاسەت و بەڕێوەبەری وڵات بێجگە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان نەبێت هەمیشە لە ژێر پاوانخوازی پیاواندا بووەو ئەمەش وای کردوە کە کولتورێک لە کۆمەڵگا درووست بکات کە پیاوان لە ژنان بە تواناترن لە بەڕیوە بردنی وڵاتدا. هەر لە بەر ئەوەشە کە دەبینین ئیستاش ئەو کولتورە زاڵە بە سەر مێشکی ئەندامانی کۆمەڵگا و حیزبە کوردییەکاندا و لە هەڵبژاردندا زیاتر پیاوان هەڵدەبژێرێن بۆ کارە گرینگەکان و ئەو جێگایانەی کە بڕیار دەر بن.

 لێرەدا ئێمە ئەزموونی خۆمان لە هەڵبژاردنەکانی نوێنەر بۆ کۆنگرە ئەمەمان بۆ پشتراست دەکاتەوە. هەربۆیە بە بڕوای من مەودای بەرانبەر لە جیگایەکدا کە ئەو کولتورە زاڵ بێت بە سەریدا ناتوانێت کاریگەر بێت. . دووهەم ئێمە دەزانین کە ئەو لە بەرچاو گرتنی مەودای بەرانبەرە، حیزبەکان پاسیڤ دەکات لە دۆزینەوەو داڕشتنی پلانی کاریگەردا بۆ کارامە کردنی ژنان، چوون ئیتر ئەوان خۆیان تەنیا بەوەوە دەبەستنەوە کە مەوداکە هەیە و ژنان ئەبێت بۆ خۆیان بێنە مەیدان. ئیتر بێخەبەر لەوەی کە ئەمە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگاو تەشکیلاتەکەتە کە ئەبێت رێگاچارەی بۆ ببینیتەوە؟  لەوانەیە زۆر کەس بڵێن کە ژنان بۆ خۆیان تاوانبارن چوون پییان خۆش نییە بەشداری بکەن لە سیاسەتدا.{jcomments off}

بەڵام وەک لە سەرەوەش ئاماژەم پێ داوە، ژنانیش بەشێکن لە ئەندامانی هەر کۆمەڵگایەک و ئەوانیش بە تەواوی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بیر و کولتوری پیاوسالارییەوە ، بە شیوەیەک کە وای لێکردوون کە بۆ خۆشیان بروایان بە تواناکانی خۆیان نییە.  هەربۆیە من پێم وایە کەلەم کاتەدا سەهمیەی ئیجباری و هەڵبژاردنی ئینتسابی میکانیزمێکی گونجاو دەبیت بۆ درووست کردنی ئاڵوگۆڕ و کەم کەمرەنگ کردنەوەی ئەو کولتوری پیاوسالارییە کە تواناکانی مرۆڤەکان لە روانگەیەکی ڕەگەزییەوە چاو لێ دەکات. چوون لە ڕێگای ئەو میکانیزمەوە دو خاڵی گرینگ دەپێکرێ.

 یەکەم بە پێ ئەسپاردنی ئەرک بە ژنان هەم هانیان دەدەیت هەمیش بەرپرسیاریان دەکەیت خۆیان پێ بگەیەنن و بروا بە خۆ بوونیان بەهیز بکەیت و هەروەها ژنانی دیکەش هان دەدەیت کە هەوڵی زیاتر بدەن هەم بۆ خۆ پێگەیاندن، هەمیش بۆ ئەوەی کە جێگای خۆیان بکەنەوە لە جێگا بڕیار دەرەکاندا.

دووهەم ئەو کولتورەی کە لە دێر زەمانەوە تا ئێستا زاڵە بە سەر مێشکی ئەندامانی کۆمەڵگادا کە تواناکانی ژنان بە هێند نەگیراوە لە بەڕیوەبردنی وڵات و سیاسەتدا، ووردە ووردە کەم ڕەنگ دەبنەوە بە بوونی ژنان لە بەڕیوەبردن و سیاسەت کردندا. هەربۆیە من پێم وایە کە مەوەدای یەکسان ناتوانێت کاریگەر بێت، چوون ئێمە کارمان زۆر نەکردوە بۆ درووست کردنی کولتورێک کە تواناکانی ژن و پیاو وەک یەک چاو لێ بکرێن و لە ڕیگای سەهمی ئێجباری یان ئینتسابییەوە ئێمە توانیوتە هەنگاویکی کاریگەر بهاوێین بۆ درووست کردنی ئەو کولتورە.

شتیکی دیکە کە پێم خۆش بوو لێرەدا باسی بکەم هەڵگرتنی بەندی سێی فەسلی سێی پێڕەوی نێوخۆیی حیزبە لە کۆنگرەی ١٥ی حدکا.  لە بەندی سێی فەسڵی سێیەمی پێڕەوی نێوخۆی حدکا هاتوە کە حوکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لەوەی کە ڕیژەی ژنان لە بەڕیوەبردنی دامودەزگاکانی وڵاتدا کەمتر نەبێت لە یەک سێیەم. بەڵام ئەم بەندە هەڵگیراوە لە بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆیی حدکا. لەو بارەوە من پێم وایە هەڵگرتنی ئەو بەندە کارێکی باش نەبوە، چوون بوونی ئەو  بەندە لە پێشدا یەکێک لە روانگە و پرینسیپە باشەکان و سەردەمیانە بووە، هەرچەند با ئامارێکی بەرابەریش نەبێت، بەڵام ئەوە کێشە نەبوو دەکرا بە پێی هەلومەرجی گوونجاو ئاڵووگۆری بە سەردا بێت و ئامارەکەی زیاد بکرێت.

پاشانیش ئەو بەندەش وەک هەموو بەندەکانی دیکەی بەرنامەوپێڕەوی نێوخۆی حیزب ئەرکە بۆ دواڕۆژی پەرلەمانی کوردستان، بۆچی ئەرکە دیاریکراوەکانی دیکە زۆر پیویستە هەبن، بەلام کاتێک دیتە سەر مەسەلەی ژنان بە پێویستی نازانن و دەیهێڵنەوە بۆ دواڕۆژی هەریمی کوردستان؟ ئایا پێویست نییە کە حیزبی ئێمە هەر لە ئێستاوە لەو بارەوە روانگەی خۆی دیاری بکات و نیشانی دەورووبەری بدات کە ئەو چەندە پابەندە بە چارەسەر کردنی پرسی ژنان لە دواڕۆژیشدا؟ هەرچەند ئیمە دەزانین کە ئەو بڕیارانە ئەکرێ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لە سەر بدات، بەڵام من پێم وایە  بوونی پرینسیپێکی ئاوا هەم روانگەی حیزب دیاری دەکات.

هەمیش شانازییەکی زۆر گەورەیەو هەر دەمێنێتەوە بۆ حیزب. هەروەک چۆن لە بەرنامەو پێرەوی نێوخۆدا هاتوە کە ژن و پیاو لە بنەماڵەو کۆمەڵ دا مافی وەک یەکیان هەیە و بۆ کاری وەک یەک موچەی وەک یەک وەردەگرن، کە پرینسیپیکی یەجگاریەکسان و مرۆڤانەیە کە ئێستاش هێشتا لە وڵاتانی مرۆڤدۆست و یەکسانی ڕۆژئاواشدا ژنان بە تەواوی پێی نەگەیشتوون.

بە کورتی من پیم وایە، کە حیزبی ئیمە کاتێک راسپاردەیەک دیاری دەکات، بەرپرسیارە لە هەوڵدان بۆ جیبەجێ  کردنی کەم یان زۆر. دیسان سەهمییەی ئیجباری و دیاری کردنی ئینتسابی میکانیزمیکی ئەزمونکراو و سەرکەوتووە و پێم باشە کە حیزبی دیمۆکرات کە خۆی وەک حیزبێکی دیموکرات و پێشکەوتوو دەزانێ و کە منیش پێم وایە هەیە کەلکی لێ وەر بگرێ. ئینجا مەودای وەک یەک بە هۆی کولتوری پیاوسالارییەوە ناتوانێت کاریگەری هەبیت. لە کۆتایشدا هەڵگرتنی بەندی سێی فەسڵی سێی بەرنامەو پێرەوی نێوخۆ کارێکی باش نەبووە و ڕوانگەی حیزب نادیار دەکات بۆ دەورووبەرو هەروەها بۆ دواڕۆژی کوردستان.

تووبا ئەلیاسی، نۆرویژ ١٣.١٠.٢٠١٢

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی