"an independent online kurdish website

بەڕیزان ئەو پرسیارەی سەرەوە کە دەیبینن پرسیاری کەسێک یان دوو کەس بوو کە لە کۆبوونەوەی پاڵتاڵکی لە ژووری کرماشان دیالۆگ لە ئێوارەی شەممە ٢٤ – ١١ -٢٠١٢ ئاراستەی بەڕێوەبەران و دامەزرێنەرانی ناوەندی کرماشان دیالۆگ کرایەوە. ali_qenberi1
  

     من لە ئێرەدا هەوڵ ئەدەم لە ڕوانگەی تێگەیشتنی خۆمەوە وەک یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری ئەم ناوەندە مەدەنییە چەند وڵامێکی کورت بە ئەو پرسیارە بدەمەوە..

بەڵام پێشەکی دەبێ بڵێم، کە بۆ ناساندنی هەر ڕێكخراو، حیزب، نیهاد و هەر وەها ناوەندی کرماشان دیالۆگیش هەبوونی پەیڕەو و پرۆگرام وەک بەڵگەنامەی ئەو نیهادانە سەرچاوەن بۆ قەبووڵ کردن، ڕەد کردن، ڕخنە گرتن و یا پێشنیار کردن کە دەتوانن لە سەر ئەو ئەساسانە ڕووبەڕوی ئەو ڕێکخراوە ببنەوە..

هەر بۆیە من داوا لە هاوڕێیانی دەستەی بەڕێوەبەری دەکەم کە جارێکی تر ئەو بەڵگانە کە بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی هەن بیخنە بەر دەست خوێنەرانی بەڕێز تا ڕاو بۆجوونی خۆیانی لە سەر دەرببڕن و بتوانن کەم و کوڕێیەکانی بخەنە پێش چاوی دامەزرێنەرانی ئەم ڕێکخراوە مەدەنییە.

دیارە ئەمە سەرەتای کارێکی  پیویست و گرنگە و بە یارمەتی هەموو لایەک دەتوانێ خزمەتی باشتر بکات. هەر بۆیە چاوەروانی هاوکاری زیاتری ئێوەی بەڕێزین بۆ خزمەت کردن بە ئەو ئامانجانە کە پێمان وایە دەتوانێ خزمەتی هەموو لایەک دەکات..

کرماشان دیالۆگ یانی کردنەوەی دەرفەتێک و سەکەۆیەک بۆ گوفتووگۆ کردن و لە یەک تێگەیشتن لە سەر خاڵە هاوبەشەکان و خاڵە جیاوازەکان کە سبەینێ ڕووبەروومان دەبنەوە!

کرماشان دیالۆگ ناوەندێکە کە لە ئەوێدا بتوانین  پێکەوە قسە بکەیەن تا لە یەک تێ بگەین، بە یەک ئاشنا بین و لە بیر و باوەڕی یەک زیاتر ئاشنا بین!

ناوەندی کرماشان دیالۆگ پێویستی خەڵکی ناوچەکەمانە بۆ زیاتر لە یەک نزیک بوونەوە و بۆ هاوخەباتی کردن لە پێناوی چارەنووسی هاوبەشدا، تا لە ئاڵووگۆڕەکانی داهاتوودا هەر وەک ٣٣ ساڵی پێش لە کاروان بە جێ نەمێنین!

تا مەجاڵ بە خەڵکی هەلپەرەست و بەرژەوەندیخواز نەدەین لە نێوانمان ناکۆکی و تەفرەقە درووست بکەن!  تا ئاستی هۆشیاریمان ئەوەندە بچێتە سەرەوە  جاڕیکی تر ڕووداوە تاڵەکانی شارەکانی پاوە و سەرپێڵی زەهاو دووپات نەبنەوە!

تا جارێکی تر بە ناو و بیانووی جۆراوجۆرەوە نەماندەن بە گژ یەکتردا!

تا لە ترسی تۆڵە سەندنەوە و قسەی ئەم و ئەو ماڵ و حاڵی خۆمان جێ نەهێڵێن و ئاوارەی ئەم لاو ئەو لا بینەوە!

ناوەندی کرماشان دیالۆگ هەوڵ ئەدات بە گرتنی کۆڕ و سمینار فەرهەنگێک پەرە پێبدات کە بتوانین بوونی یەکتر قەبووڵ بکەین!

بیر جیاوازی دینی و سیاسی یەکتر قەبووڵ بکەین! ئەگەر یەکێک وەک ئێمە بیری نەکردەوە بە دوژمنی خۆمانی نەزانین و لە ئازادی ئایین، مەزهەب و بیری سیاسی جیاوازی یەکتر ڕێز بگرین!

لە ئەم ناوەندەدا هەوڵ بدەین تەعەسوبات و دەمارگرژی ئایینی، مەزهەبی، حیزبی و سیاسی کەم کەینەوە و بۆ هاوچارەنووسی خەبات بکەیەن!

ئەوەی کە ئێمە هەموومان یەک نەتەوەین، بە یەک زمان قسە ئەکەین، خەڵکی یەک وڵاتین، هاوچارەنووسین، خۆشی و ناخۆشییەکانمان یەکن و لە گشتی گرنگتر مرۆڤین و پێویستمان بە ئازادی و دادپەروەی و ژیانی ئینسانی هەیە، بکەینە بنەمای خەباتی هاوبەشمان و بە یەکەوە گرێمان بدات!

لە ئەم ناوەندەدا هەوڵ بدەین فەرهەنگی پێشکەوتنخوازی، سکولاریزم، مرۆڤدۆستی، عەداڵەتخوازی و یەکبوون جێ بخەین و بە سەر بیری تەفرەقە و هەڵاواردندا زاڵ بین!

با خاڵە هاوبەشەکانمان بە هێزتر بکەین کە بریتین لە مرۆڤبوون لە سەدەی ٢١! کورد و کوردستانی بوون! سکولار بوون (یانی ئەو بیرە کە دەیەوێ دین لە دەوڵەت جیا بێت)، ئازادیخواز و دادپەروەر بوون و خاڵە جیاوازەکانمانیش بکەینە ئەمری تاکەکەسی و هەر کەس لە ئەو پەڕی ئازادی و ڕێز لێ گرتندا بۆ خۆی دیاری بکات کە لایەنگری کام ئایین، مەزهەب یان بیر و حیزبی سیاسییە!

لە ئاخردا دەمەوێ داوایەکی هاوڕێیانە لە ئێوە بکەم لە جیاتی درووست کردنی پرسیار و دوو دڵی لە لای خۆتان باشتر وایە:

یەکەم   پێڕەو و پرۆگرامی ئەم ناوەندە بە وردی بخوێننەوە.

دووهەم لە کۆبوونەوەکانی ژووری کرماشان دیالۆگدا بەشداری بکەن، کە ئێوارانی ڕۆژانی شەممەیە

سێهەم بێنە ناو خودی ناوەندەکەوە و ببن بە ئەندام و چالاکی ناوەندی کرماشان دیالۆگ

لە کۆتاییدا جارێکی تر هەموو لایەک دڵنیا ئەکەینەوە کە ئەم ناوەندە بە دوورە لە دەستتێوەردانی حیزبی و ئایینی و خاوەن بیری سکۆلارەو بە تەواوی سەر بەخۆیە!

ڕێکخراوێکی مەدەنیە کە لە خزمەتی خەڵکی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و هەموو کوردستاندایە!  ئامانجی پەرەپێدانی فەرهەنگی دیالۆگە بۆ خزمەت کردنی زمان و فەرهەنگی ناوچەکە و بۆ کولتووری یەک قەبووڵ کردن و پێکەوە ژیانی بە ئاشتیانە!

هەر وەها بۆ خەبات کردن لە پێناوی چارەنووسی هاوبەشدا!

سەرکەوتنی هەموو لایەکتان ئاواتمە!

عەلی قەنبەری ٢٦ – ١١ – ٢٠١٢ زایینی{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی