"an independent online kurdish website

لای هەڵۆی بەرزە فری بەرزه مژی    

 چۆن بژی شەرته نە وەک چەنده بژی   hisam-asadi-shehid

 

بیرەوەری هاورێیان بەهمەن رۆستەمی، عەلی ئەشرەف مەجیدی، خالید درودی و د. خەلێقی

 

شکۆفە هاورێی بەرێز!

ئەوەی کە وەبیرت هینامەوه که حیسام لە کاتی گیانبەختکرنیدا تەنیا ٢٢ ساڵ لە تەمەنی تێپەر ببوو، زۆر منی راچەکاند. ئەگەر لە تایبەتمەندییەکانی کاک حیسام وەک کەیفییەتی کار، رێبەری، ئینسانی بوون، هونەری نیزامی و تەشکیلاتی سەرەنج بدرێ بۆمان دەردەکەوێ کە حیسام مرۆڤیکی زۆر زۆر گەورە بوو. بەم بۆنەوە دەتوانم بلێم کە کەیفییەتی کاری ئەو بەرێزە هەر لەو کاتەدا بەرچاو بوو.

من ساڵی ١٣٥٦ لە گەڵ حیسام لە دانشسەرای راهنمایی شاری سنە ئاشنا بووم. هەر لەو کاتەدا عەلاقەمان بە یەک پەیدا کرد و هەر رۆژ یەکترمان ئەبینی و پێکەوە لە گەڵ هاورێ مەریوانییەکان هاتوو چووی یەکترمان ئەکرد. هەر لەو کاتەدا شوجاعەت، لە خۆ بردووی و کۆمەڵایەتی بوونی ئەو بەرێزە زۆر لە بەر چاو بوو.

لە کاتی دەورانی ژیان و پێشمەرگایەتی لە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان، بیرەوەری زۆرم لە کاک حیسام هەیە کە ئەگەر هەمووی بنووسم کاتی زۆری دەوێ. لە ئاوایی سەرهوویە کە ماڵی ئیوە لەوێ بوو، درگای ماڵتان دایم بە رووی هەموو پێشمەرگەکان کراوە بوو. تۆی بەرێز شکۆفە گیان، نە تەنیا هاوسەری کاک حیسام بووی، بەڵکوو هاوکات هاورێی هەموو هاورێکانی حیسامیش بوویت. ماڵەکەی ئێوە لە سەرهوویە ئاسایشگاو بنکەی هەموو ئەو پێشمەرگانە بوو کە لە پەنای ژنێکی شۆرشگێر وەک شکۆفە ئیحساسی ئەمنییەت و ئارامشیان دەکرد، وەک من، مەنسوور، برایم، ناسر، سەلاح و زۆری دیکە.

شکۆفە گیان!

بە بروای من خەسڵەتی شۆرشگێرانە و تایبەتمەندی کاک حیسام تەنیا بەرهەمی  کەسایەتی ئەو نەبوو، بەڵکوو وجوودی ژنێکی دانا، شۆرشگێر، هاورێ و فیداکار وەک تۆ تەئسیرێکی یەکجار زۆری لە بەرز بوونی ورەی کاک حیسامدا هەبوو.

ئاخرین بیرەوەریەکان لە کاک حیسام!

ئاخرین رۆژەکانی مانەوەمان لە ناوچەی بێساران و ژاوەرۆ بوو کە خەبەر هات کە هێزەکانی رژێم لە لای پایگڵانەوە هێرشیان هێناوەتە سەر ناوچەکە. ئێمە هەموو کۆ بووینەوە تا لە سەر چۆنیەتی بەربەرەکانی لە بەرانبەر ئەم ‌هێرشەدا بیرو را بگۆرینەوە. کاک حیسام وتی کە ئەو خۆی دەیهەوێ برواتە سەنگەر تا هاورێیانی پێشمەرگە ورەیان بەرز بمێنێ. ئەو بە تایبەت زۆر خەمی کاک مەنسووری فەتاحی هەبوو. کاک حیسام چەند هاورێی پێشمەرگەی لە گەڵ خۆ بردوو و رووی کردە شاخی کوڕەی مریەم لە پایگەڵان. رۆژی دواتر گەرایەوە بە ئێمەی وت کە هێزەکانی رژێم زۆرن و ئەو دەبی بە تەواوی هێزەوە بگەرێتەوە بۆ کوڕەی مریەم.  بەیانی هێزێکی زۆری پێشمەرگە کۆ بوونەوە و بۆ بەربەرەکانێ لە گەڵ هێزەکانی رژێم روویان کردە شاخی کوڕە مەریەم. ئاخرین جار کە حیسامم دیت و ئاخر قسەی ئەوە بوو گوتی بەهمەن ئەگەر من نەگەرامەوە چاوەدێری شکۆفە بکە و ئاگات لێی بێ.

بە داخەوە رۆژی دواتر خەبەری گیانبەختکردنی ئەو ئازیزەمان پێ گەیشت و هەموومانی خەمبار کرد. بەراستی بە مەرگی دڵتەزێنی حیسام زەربەیەکی زۆر گران لە حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەریوان کەوت. حیسام بە دڵێکی پر لە ئاوات، پر لە سۆز و عیشق و پر لە هەست بە بەرپرسایەتی ئیمەی بە جێ هێشت. ناو و یادی حیسام بانەیی وەک رێبەر و و فەرماندەیەکی ئازا و ناودار، بە غیرەت و خەڵکی سەربەرزییە بۆ کوردستان و بۆ تۆی بەرێز شکۆفە گیان. ناو و یادی حیسام لە ناوچەی ژاوەرۆ، بۆ شاخەکانی کوڕە مەریەم، کوڕەمیانە، بێساران و ئەوی‌هەنگ و هەموو ناوچەی مەریوان و کامیاران هەر بەرز و پیرۆز دەمێنێت.

هێوادارم کە رێبەرانی شۆرشگێری تر هەبن کە ئاڵای شۆرشەکەی حیسامی خۆشەویست بەرز و شکاوە رابگرن.

یادی حیسام و هەموو خۆشەویستانی گیانبەختکردووی تر پیرۆز بێت.

بەهمەن روستەمی

ئاڵمان نوامبری ٢٠١٢

**********************************************

hisam_asadi_glko_shehid

لە ساڵی ١٣٥٨ لە شاری کامیاران حیزبی دێموکرات و سازمانەکانی‌تر بنکەی پێشمەرگەکانیان کردەوە و خەڵک بە گەرمییەوە رویان لە مەقەڕەکان دەکرد. مەقەڕی حیزبی دێموکرات چەند کەسێکی لێ‌بوون بۆ سازماندانی خەڵک بەڵام بە هۆی نەبوونی کادری سیاسی باش کەم و کووڕی زۆرمان هەبوو و نەماندەتوانی بە جۆری پێویست سیاسەتی حیزب بۆ خەڵک بە تایبەت گەنجەکان شی بکەینەوە. ئەو کات کاک شاپووری فیروزی بەرپرسی مەقەری حیزب بوو و داوای لە حیزب کرد کە چەند کادرێکی باش بنێرن بۆ ناوچەی کامیاران .

هەر لە سەر ئەم داواکارییە بوو  کە کاک حیسام ئەسعەدی ناسراو بە حیسام بانەیی لە لایەن حیزبەوە  ناردرا بۆ کامیاران و بوو بە بەرپرسی سیاسی بنکەکە. کاک حیسام لە ماوەیەکی کەم دا بنکەکەی بووژاندەوە و خەڵک بە باشی سەردانی مەقەڕی حیزبیان دەکرد . بەڵام زۆری نەخایاند کە رژیمی دژی گەلی ئاخوندی هێرشی کردە سەر شاری کامیاران لە زستانی ١٣٥٨ دا کامیاران کەوتە دەست هێزەکانی رژێم و  پێشمەرگەکانی حیزبیش لەوی دابەش بوون و کاک شاپور و کاک حیسام کەوتنە سەر جادەی سنە کامیاران و ئێمەش کەوتینە سەر جادەی کامیاران مەریوان و تەنیا لە رێگای بێ تەلەوە پێوەندیمان هەبوو.

پاش داگیرکردنی شاری سنە لە لایەن هێزە دژی گەلییەکانەوە هاورێ کانمان کە لە نێوان سنە کامیاران دا بوون گەڕانەوە لای ئیمە لە سەر جادە کامیاران مەریوان. بنکەی ئەسڵی لە زەمان گریوەی پاڵنگان بوو و بنکەی کۆمیتە شارستان لە گوندی کاشتر بوو و هەروەها لە گوندەکانی گازرخانی ، بزوەش و چەند شوێنێکی تریش بنکەی سەیارمان هەبوو.

کاک حیسام کاری تەشکیلاتی دەکرد، لەو ماوەییەدا کاک حیسام کۆمەڵە کەسێکی باش و خوێندکاری لە دەوری خۆی کۆ کردەوە و کۆمیتەی شارستانی زیندوو کردەوە. ئەوەی راست بیت من هێشتا بە جوانی کاک حیسامم نەدەناسی و پێکەوە قسەمان نەکردبوو. چەند شەڕێک لەو ناوچەیە رویدا وەک شەڕی ماویان و تیانە و سەراوکام کە کاک حیسام بە باشی خۆی نیشاندا.

رۆژیک دوای ئەوەی کە هێزەکانی رژیم تێک‌شکان و زەبرێکی گەورەیان وێ کەوت  لە گوندی ماویان  لە سەر گردێک دانیشتبووین، چوومە لای کاک حیسام و خۆم پێ ناساند  گوتم پێم خۆشە  پێکەوە هەندێک قسە بکەین. کاک حیسامیش زۆر بە روو خۆشییەوە گوتی منیش پێم خۆشە فەرموو: هەر لەوێ یەکترمان ناسی و بوین بە هاوڕێیکی زۆر نزیکی یەکتر. 

کاک حیسام لەو ماوەیەدا کە لە ناوچەی کامیاران بوو بە شەهامەت و پشتکار و جەسارەتەوە کاری دەکرد جا چ کاری سیاسی چ کاری نیزامی، بە لاییەوە فرقی نەبوو. کاک حیسام زۆر رێک و پێک و خۆش قیافە و جوان‌چاک بوو و رەخت و سەرشانی زۆر لێ جوان بوو. سەر و روو خۆش بوو بە سۆرانیێکی جوان و پاراو قسەی دەکرد بە راستی کاک حیسام چووبووە دڵمەوە زۆر خۆشم دەویست زۆریشم پێ خۆش بوو کە لە شەڕەکاندا لە گەڵ کاک حیسام بام  . 

بەڵام بە داخەوە هێز ئەو رێگایەی پی نەدام ، هەر بۆیە نەمدەتوانی لە شەڕەکاندا پێکەوە بین. من وەک بەر پرسی بەشی ئەمبار و تەقەمەنی دیاری کرام بەڵام جارێک لە گوندی تەنگیوەر لە ماڵی خۆمان دانیشتبووم کە لە ناکاو کاک حیسام هاتە ماڵەوە و پێشمەرگەیەکی لە گەڵ بوو. هەندێک کاری هەبوو بە دزگاێکی تایپ هەندێک بەیانییەی تایپ کرد  و لەو ماوەیەدا کە لە ماڵی ئێمە بوو خەڵکی ئاوایی تەنگیوەر زانیان کاک حیسام هاتووە زۆربەیان بو ناسینی هاتنە ماڵی ئێمە. رانک‌ و چۆخەیەکی جوانی لە بەردا بوو چەکو رەخت و دەمانچەیەکیشی بەستبوو زۆری لێ جوان بوو.

شایانی باسە کە من چەند جاریک داوام لی کردبوو کە ئەگەر چووی بۆ شەڕ منیش ئاگادار بکەوە پێم خۆشە بێم و لەگەڵ تۆ بم. کاک حیسام کاتێک کارەکەی تەواو بوو گوتی ٣ رۆژی‌تر وەرە بۆ دێی گەشکی پێکەوە دەچین بۆ ئەو جێگایەی کە خۆت پێت خۆشە و منیش پاش ٣ رۆژ رۆیشتم بۆ گەشکی. کاک حیسام لەوێ نەبوو کاتێک پرسیارم کرد لە کوێ‌یە وتیان لە شەڕی گوندەکانی پشتەو خەراجیانە. ماوەیێکی پێ چو تا کاک حیسام گەڕاییەوە کە باسکی بریندار ببوو.

شەو هێنامانە گوندی گازرخانی  و بەیانییەکەی من و کاک رۆستەم سیما ،رۆحی شاد بێت، لە گەڵی چووین کە رەوانەی ناوچەی مەریوانی بکەین بۆ لای دوکتۆر. بە ماشینێکی جیپ هێنامان هەتا سەر رێگای مەریوان سنە، لەوێ بە ئێمەی گوت ئەمن خۆم لێرەوە بەدوا شارەزام ئێوە بگەڕێنەوە و ئاگاتان لە خۆتان بێت .

ئێمەش زۆر بە نارەحەتییەوە گەڕاینەوە و بەراستی زۆر نارەحەت بوین لەوەی کە کاک حیساممان بە جێ هێشت. کاک حیسام بانەیی لە ناوچەی کامیاران جێگای خۆی کردبووەوە خەڵک زۆر زۆر خۆشیان دەویست کە زۆرێک لە دایک و باوکانی ئەم ناوچەیە کە منداڵیان دەبوو ناوی کاک حیسامیان لە منداڵەکەیان دەنا .

کارەکەی من وابوو کە زۆر لەگەڵ کاک حیسام نەبووم و هەتا ماوەیەکی زۆر کاک حیسامم نەبینیەوە ، هەتا کاتێک بوو بە فەرماندەری هێزی زرێباری مەریوان .

لە ساڵی ١٣٦١دا  ناوچەی بێڵەواری کامیاران لە چەندین لاوە هێرشی کرایە سەر. هێزی بێستوون داوای هێزی کۆمەکی لە کۆمیتەشارستانی مەریوان کرد  و ئەوە بوو کە هێزی زرێباری مەریوان لکێک لە پێشمەرگەکانی بە سەرپەرەستی کاک حیسام بۆ یارمەتی نارد بۆ ناوچەی کامیاران.

لەو ماویەدا وەک هێزی کۆمەکی هاتنە گوندی سێویە و لە چەند شەڕی قارەمانانەدا وەک شەڕی پشتی گوندی پەشاوە و گرتنی پایەگای کوڕەی دەژن بەشدار بوون و کاک حیسام ورەی بە پێشمەرگەکان دەدا و نەخشی بەرچاوی هەبوو.  پاشان بۆ دواینجار کاک حیسامم لە پشت گوندی گڵیان بینی و لەوێ ماڵ ئاوایی لێ کردین و گوتی کاک عەلی ئەشرەف ٢ کراسیان بۆ هێناوم لە ماڵی فڵان کەسە لە مێرگەسار  بڕۆ کراسە سەوزەکەیان بۆ خۆت هەڵگرە زۆر جوانە و لێت دێ با وەک یادگاری من بۆ تۆ بێت ، پاشان بەڕێ کەوتن بۆ ناوچەی مەریوان

رۆژیک پێش شەهید بوونی کاک حیسام لە ٢٩/٨ ١٣٦١ هێزی بێستون  و هێزی شەهید شەریف زادە لە گوندی شیان کۆبوینەوە و قەرار وابوو گوندی تەوریوەر بگرینەوە. بۆ ئەم مەبەستە پیشمەرگەیەکی زۆرمان کۆ کردبووەوە کە شەو هێرش بکرێتە سەر پایەگای پشتی تەوریوەر. رۆژی دواتر نزیک نیوەرۆ من لە گەڵ چەند پێشمەرگە لە ماڵێک نانمان دەخوارد  کە کاک شاپوور فیروزی پێشمەرگەیەکی ناردبوو بە دوامدا ومنیش رۆیشتمە لای کاک شاپوور. رۆحی شاد بێت کاک شاپور زۆر نارەحەت بوو گوتی خێرا خۆت و لکەکەت بەڕێکەون بۆ کۆمیتەشارستانی مەریوان لە گوندی سەرهوویە، گوتی کاک حیسام داوای کۆمەکی نیزامی کردووە منیش خێرا لکەکەم کۆ کردەوە و بە ڕێکەوتین .

کاک شاپور زانیبووی کاک حیسام شەهید بووە بەڵام لە لای ئێمە هیچی نەدرکاند.

لەو کاتەشدا بەفر و باران دەباری کە گەیشتینە گوندی سەر هوییە و پیان گوتین شەڕەکە لە بێسارانە و سەردار برای شەهید مەنسوور فەتاحی کادری کۆمیتەشارستانی مەریوان منی بانگ کرد و گوتی کاک حیسام شەهید بووە ورەی هێزەکە دابەزیوە هەر کارێکت کردووەخۆت بگەێنە بێساران.

منیش بێ راوەستان لە گەڵ پێشمەرگەیەک کە وەک شارەزای رێگا لە گەڵیان ناردبووین بەرەو بێساران وەرێ کەوتین.  ئەمن زۆر نارەحەت بووم و خەم دایگرتبووم بەڵام نەم دەتوانی بە روی خۆمیدا بێنم بە هۆی ئەوەی ورەی پێشمەرگەکان دانەبەزێت. لەو پێشمەرگەیەی کە وەک شارەزا لە گەڵمان هاتبوو پرسیارم کرد کاک حیسام لە کوێ شەهید بووە گوتی لە گەردەنەی نێوان سەرهوییە و بێساراندا و بردمیە ئەو شوێنەی کە شەهید ببوو خۆێنەکەی ئەو شوێنەی سوور کردبوو.

بەڕاستی ئەو رۆژە بۆ من رۆژێکی زۆر ناخۆش و بوو رۆحی شاد و رێگای پڕ رێبوار بێت .

شەهید بوونی کاک حیسام ورەی داگیرکەرانی بەرز کردبووەوە ئەو هێرشە هەر بەردەوام بوو. شەو هەتا بەیانی لە نێو بەفرێکی زۆردا ماینەوە و بە داخەوە پێشمەرگەیەکی هێزی بێستونیش بە ناوی گەرمیان شەهید بوو .

شایانی وتنە کە شەهید بوونی کاک حیسام ئەسعەدی خەسارێکی گەورە و زەبرێکی قورس بوو بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و ناوچەکانی کامیاران و مەریوان.

یادی بەخێر بێت ئەو قارەمانە بە بلیمەت و هەڵمەتە.

عەلی ئەشرەف مەجیدی

******************************
ساڵانێک پێش ئیستا, ئه‌وده‌مه‌ که‌ شه‌ری نێوان پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هێزی ‌داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران ببوه‌ شتێکی رۆژانه،‌ که‌ به‌ ناوچه‌ی بێڵه‌واردا و له‌ سه‌رجاده‌ی کامیاران بۆ مه‌ریوان تی ئه‌په‌ریت دائیم نه‌فه‌ربه‌ر و تانکه‌ێکی تێک شکاوی ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ سه‌رنجی رێبوارانی بۆ لای خۆی رائه‌کیشا. تانکه‌ شکاوه‌که‌ له ‌خوار ئاوای کۆره‌ده‌ره‌ به‌ ده‌ستی نادر جوانرۆی و گولله‌ ‌ئارپیجی ئه‌و تێکشاکابوو. نه‌فه‌ربه‌ره‌که‌ نزدیک به‌ کیلومترێک ئه‌ولاتر له‌ نێوان ئاواییه‌کانی ماویان و کۆره‌ده‌ره‌ له‌ ته‌نیشت پردێک ئاگری گردبوو.‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ئه‌یانزانی ئه‌و نه‌فه‌ربه‌ره‌ به‌ ئاگری ئارپیجیه‌که‌ی حیسام بانه‌ی تێکشکاوه‌. له‌ ناوچه‌ی کامێران حیسام ناوێکی ناسراو و ببوه‌ جێگای رێزی خه‌ڵک و هه‌ر له‌به‌ر ئازایه‌تی ئه‌و، چه‌ندین منداڵی تازه‌ له‌ دایک بووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ناوی حیسامیان لێ‌نرا‌. حیسام ئه‌سعه‌دی خه‌ڵکی ئاوای که‌سنه‌زانی سه‌قز بوو، به‌ڵام له‌ ناوچه‌کانی کامێران به‌ حیسام بانه‌ی ناوبانگی ده‌رکردبووه‌.
کاتێک بنکه‌ی حیزبی دیموکرات هێشتا له‌ نێو شاری کامێرانا بوو، ئه‌و لاوانه‌ که‌ برێک ته‌مه‌نیان له‌ من گه‌وره‌تر بوو ئه‌یانگێڕاوه‌ که‌ حیزب مه‌سئولێکی لاوی فره‌ خوێنگه‌رمی هێناوه‌‌ و هه‌وڵ ئه‌دا لاوه‌کان له‌ ده‌وری اتحادیه‌ جوانان دیموکرات رێک بخا، له‌ بیرمه‌ ئه‌و ده‌مه‌ لاوه‌کان زیاتر هاتووچوی‌ بنکه‌ی کۆمه‌ڵه‌یان ئه‌کرد هه‌تا حیزبی دیموکرات، به‌ڵام دوای هاتنی حیسام بۆ کامیاران زۆر له‌ لاوانی ئه‌و شاره‌ روویان له‌و حیزبه‌ کرد. من هیچکات نه‌چوومه‌ ئه‌و بنکه‌ و حیسامم هه‌ر له‌ دوره‌وه‌ ئه‌بینی هه‌تا کاتی شه‌ڕی کامیاران، کاتێک هێزه‌‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشیان هێنایه‌وه‌‌ سه‌ر شاری کامیاران هێشتا هه‌وا تاریک بوو که‌ له‌ خواری شاره‌وه به‌ره‌وه‌‌ کرماشان ته‌قه‌ ده‌ستی پێکرد و خه‌ڵکی شار له‌ خه‌وی خۆش ڕاچڵه‌کان. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ و ته‌قالای باوک و دایکم کاتێک هه‌وا به ‌ته‌واوی رۆشن بووە، خۆم له‌ ماڵ دزیه‌وه‌ و گه‌یشتمه‌ نێو شار. شاری کامیاران ئه‌و ده‌مه‌ هه‌ر یه‌ک شه‌قامی گه‌وره‌ی هه‌بوو که‌ ئه‌ویش هه‌مان جاده‌ی کرماشان ـ سنه‌ بوو که‌ به‌ ناوه‌ندی شاردا ئه‌چووه‌، کاتێک من گه‌یشتمه‌ سه‌ر چوارڕیانی نێوه‌ڕاستی شار، کاک حیسام ئه‌سعه‌دیش په‌یدابوو، وادیار بوو ئه‌و به‌نیاز بوو دیسان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌شی خواری شار که‌ به‌ پێی گه‌رمی ته‌قه‌ی ئه‌و چه‌که‌کانه‌وه‌‌ که‌ له‌وێوه‌ ئه‌هاتن ده‌ر ئه‌که‌وت شه‌ره‌که‌ زیاتر له‌و شوێنه‌ قورستره‌. ئه‌و به‌ شێوه‌ی زیکزاکی ئه‌چووه‌ پێش، منیش که‌وتمه‌ دوایی و به‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی زیکزاکی به ‌دوایدا رۆیشتم هه‌تا‌ له‌ خوار گاراجی کرماشان چوینه‌ ناو ئه‌و کوچه‌ که‌ ئه‌چوو بۆ مزگه‌وتی جامعه‌، چه‌ند پێشمه‌رگه‌ که‌ کاک شاپور فیروزی و حوسه‌ین قیخابابام له‌ بیر ماون له‌ سه‌ر ماڵێک و له‌ کۆماجی ئه‌و ماڵه‌وه‌ ته‌قه‌یان له‌ هێزی دوژمن ئه‌کرد.
له‌ سه‌ر ئه‌و کوچه‌ بێجگه‌ له‌ حیسام ئه‌سعه‌دی پێشمه‌رگه‌یکی کۆمه‌ڵه‌شی لێی بو‌ که‌ بێجگه‌ له‌ چه‌که‌که‌ی ده‌ستی، کلاشێنکۆفێکیشی به‌ جامه‌دانه‌یک به‌ستبو به‌ ناوشانیدا، هه‌ره‌ها کورێکی کامیارانیش سێ چوار ساڵ له‌ من به‌ته‌مه‌نتر ئه‌ویش وه‌ک من بێ چه‌ک لێره‌دا بو که‌ دوای چه‌ند ساڵ زانیم سالار ئیبراهیمی بووه‌. شه‌ویک له‌ بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کان له‌ ناوچه‌ی هه‌ورامان له‌ ته‌ک کاک سالار ئیبراهیمی، داده‌ شکوفه‌ی قوبادی که‌ پێشتر ژیانی هاوبه‌شی له‌ ته‌ک حیسام ئه‌سعه‌دی پێک هێنابوو و سه‌مه‌ره‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ ‌ ببوه‌ کوڕێک و ناوی هێوا، باسی ئه‌و شه‌ری کامیاران هاته‌ پێشه‌وه‌، که‌ منیش ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی خۆمم بۆ ئه‌وان گێراوه‌ کاک سالار وتی ئه‌و گه‌نجه‌ بێ چه‌که‌ ئه‌و بوه‌. ئێمه‌ هێشتا له‌ سه‌ر ئه‌و کۆلانه‌دا بوین که‌ له‌ ئه‌وبه‌ری خیابانه‌که‌وه‌ که‌ مه‌درسه‌ی کچانه‌ بو دو ژ3 به‌ده‌ست ئێمه‌یان دایه‌ به‌ر ته‌قه‌ هه‌مو که‌وتینه‌ سه‌ر یه‌ک به‌ڵام که‌سمان توش نه‌بوین. کاک شاپور و ئه‌وان زو هاتنه‌‌ ده‌سته‌وه ئه‌و که‌سانه‌یان دایه‌ به‌ر ته‌قه‌‌. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا چه‌ند که‌سێک ته‌رمی کوژراویکیان هێناوه‌ وتیان له‌ گه‌رەکێکی خواری شار له‌ پشته‌وه‌ له‌ ماڵێکه‌وه‌‌ ته‌قه‌یان لێ کردوه‌، ته‌رمی ئیسمائیل ئیبراهیمی له‌ سه‌ر‌شانی خه‌ڵکه‌وه‌‌ برایه‌وه‌ بۆ ماڵی کاک ئیبراهیمی باوکی. له‌ چه‌ند کۆڵان خوارتر له‌ سه‌ر ماڵێکی به‌رز، مورتەزا مورادی پێشمه‌رگه‌ی حیزب له‌ په‌نا کۆماجی ئه‌وماڵه‌دا کوژرابو، چه‌ند که‌سێک چون ته‌رمه‌که‌ی بێنه‌ خوار ته‌قه‌یان لێ کرا و حوشمه‌تی ئه‌ڵماسخان بریندار کرا، دواتر دوو ژنه‌که‌ی مورتەزا و دایکی هاتن و چون ته‌رمه‌که‌یان کیشا خواره‌وه‌. له‌م گه‌ره‌کانه‌ی خواری شاره‌وه‌ شه‌ڕ به‌ ته‌واوی گه‌رم بوو، ماشینێکی سیمرغی پاسداره‌کان له‌ نێوه‌ڕاست خیابانی شار تێکشکابوو، کوڕێکی کۆمه‌ڵه‌ ئه‌ویش هه‌ر خه‌ڵکی کامێران به‌ ناوی عه‌لی حه‌سه‌ن کوری حاجی عه‌زیم ویستبوی بڕوات ئه‌و ماشینه‌ ئاگر تیبه‌ردا به‌ڵام ئه‌ویش که‌وتبوه‌ به‌ر ته‌قه‌ی هێزی دوژمن و له‌ سه‌ر جاده‌که‌ کوژرابوو.
نیوه‌ڕۆ تووشی باوکم بووم پاش برێک هه‌ڵات هه‌ڵاتی ئه‌و به‌ دوای مندا پێکه‌وه‌ چووینه‌وه‌ بۆ ماڵ. لای ئێواره‌ش زۆر له خه‌ڵکی شار و به‌ تایبه‌ت‌ ره‌گه‌زی نێرینه‌ی ئه‌و شاره‌ هاوکات له‌ ته‌ک هێزی پێشمه‌رگه‌ شاری کامیارانمان بۆ هێزی خومینی چۆڵ کرد. ئێمه‌ شه‌و چووینه‌ ئاوای باو و باپیرانمان ئاوای چرۆسانه‌.
دواتر کاتێک‌ من له‌ رێگای ره‌شاد حوسێنی یه‌وه‌ که‌ ئه‌ویش لاویکی خوێنگه‌رمی دیکه‌ی دیموکرات له‌ ناوچه‌که‌‌دا بوو، ده‌ستم کرد به‌ هاوکاری حیزبی دیموکرات وه‌ک نوێنه‌ری لاوانی حیزبی له‌ نێو شاری کامێران له‌ کونفرانس بۆ گونگره‌ی پێنجمی حیزب که‌ له‌ ئاوایی گازرخانی له‌ ناوچه‌ی بێڵه‌واردا گیرا به‌شدار بووم. کاک شاپور فیروزی و کاک حیسام ئه‌سعه‌دی که‌ ئه‌بوایه‌ به‌شداری کونفرانسه‌که‌ بن به‌ هۆی رووداوی ماشین هه‌ردووکیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئاوایی بزوه‌ش له‌سه‌ر ته‌ختی سارێژی بوون و ئه‌و جاره‌ش من نه‌متوانی حیسام ببینم، که‌ بوومه‌ پیشمه‌رگه‌ حیسام له‌ مه‌ریوان کرابوو به‌ فه‌رمانده‌ری هێزی “زرێبار”. 
من بێجگه‌ له‌ چه‌ند جارێک ئه‌ویش کورت ئیتر له‌گه‌ڵ کاک حیسامی ئه‌سعه‌دی نه‌بووم به‌ ناسراو و هاوڕێ. له دوایین رۆژه‌کانی پاییزی ساڵی 1361 هه‌تاوی حیسامی فه‌رمانده که‌ بۆ لاوانی هاوته‌مه‌نی من له‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ببوه‌ سمبولی ئازایه‌تی و فیداکاری له‌‌ شه‌ڕێکدا له‌ نزدیک ئاوای بێساران و سه‌ر‌هویه‌ی ناوچه‌ی ژاوه‌رۆی مه‌ریوان له‌ شه‌ڕ دژی هێزی سه‌رکوتگه‌ری ئێراندا شه‌هید بوو.
یادی حیسام ئه‌سعه‌دی و هه‌مو ئه‌وانه‌ی گێانی شیرینی خۆیان له‌ رێگای رزگاری کورد و کوردستاندا به‌ختکرد هه‌رده‌م به‌رز و پیرۆز و گه‌شاوه‌ بێت.

خالید درودی

  ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی، دوای شۆڕشه‌ شوومه‌که‌ی ئاخونده‌ کانی ئێران و ئاڵۆزبوونی کوردستان و سه‌رهه‌ڵدانی هێزی پێشمه‌رگه ‌ورێکخستن، له‌کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانه‌وه‌، ته‌لفوونیان کرد بۆ زانکۆی سنه‌ و داوایان له‌ من کرد، بۆ پێڕاگه‌یشتن به‌ دۆخی ئالۆزی کامیاران، له‌گه‌ڵ کاک جه‌لیل گادانی بچین بۆ ئه‌وشاره‌. که‌ گه‌یشتین، هێزی رژیمی تازه‌، له ‌لێواری شار، به ‌ته‌مای تێپه‌ڕ بوونه‌ به‌ره‌وسنه‌ و خه‌ڵکی قاره‌مانی ئه‌وشاره‌ به ‌لانک و مناڵ و پیرو لاوه‌وه‌، به ‌دانیشتن، پیشیان پیگرتووه‌. له‌و کاته‌دا، کاک جه‌لیل ده‌ستی به ‌ئاخاڤتن کرد و له‌ به‌رئه‌وه‌، به ‌شێوه‌ی موکرایانی باسه‌که‌ی درێژه‌دا وبن زاری ئارده‌ڵانی سۆرانی وگورانی یان که‌لهۆڕی زۆر به‌ وشه‌کان ئاشنا نه‌بوون، باش له ‌په‌یامه‌که‌ی تێنه‌گه‌یشتن. داوایان له‌منی خۆماڵی کرد، بئاخاڤم. له‌ کاتی ئاخاڤتنی مندا، زڵه‌ له‌ خواره‌وه‌ی شار به‌رپابوو. ده‌رکه‌وت، پێشمه‌رگه‌کانی حیزب، تانگێکیان ناچارکردووه‌ خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌بدا و هێنایان بۆ لای کوری ئاخاڤتنه‌که‌ وبه‌ هورژم بردنی خه‌ڵکه‌که‌ بۆ لای تانکه‌که‌، ئاخاڤتنی منیش، کوتایی پێهات. لێره‌دا بوو، دیمه‌نی لاوێکی بروا به‌ خۆبوو و به ‌هه‌ست له‌ سه‌رتانگه‌که‌ که‌وته‌ به‌ر چاوم. دوای دابه‌زاندنی سه‌رنشینه‌کانی تانکه‌که ‌و ولێپرسینه‌وه‌یان، بۆم ده‌رکه‌وت، ئه‌ولاوه‌ به ‌هه‌سته ناوی‌”حیسام ئه‌سعه‌دی”یه‌ و خه‌ڵکی ناوچه‌ی سه‌قزه‌. هه‌ر له‌وێ، هه‌ستم کرد، ئه‌م رۆڵه‌ هه‌ستیاره ‌نیشتمانپه‌روه‌ره‌، ده‌بیته‌ سه‌رمایه‌کی به ‌نرخ له‌ کوره‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیماندا. ئه‌مه‌، دوای داسه‌پاندنی شه‌ڕی سێ مانگه‌ و سه‌رکه‌وتنی گه‌ل و گه‌ڕانه‌وه‌پێشمه‌رگه‌ بۆ شاره‌کانی کوردستان بوو. دوای ده‌سپیکردنه‌وه‌ی شه‌ر له ‌دووریسانی پاوه‌وه‌ و هێڕش بردن بۆکامیاران و ئاواره‌بوونی به‌شێک له‌وخه‌ڵکه‌، بۆ له ‌قاودانی دوژمن وئاگادارکردنی خه‌ڵکه‌که‌مان بۆناسینی مافه‌کانیان چوومه‌ ناوچه‌ی بێڵه‌وار، له‌ گوندی کاشتر، جارێکی دیکه‌ چاوم به‌ حیسامی نه‌مر که‌وت. ئه‌مجاره‌ حیسام له‌گه‌ڵ خۆشکی هاوکه‌لاسییه‌کی خۆی له‌”هنرستان صنعتی”سنه‌، په‌یمانی هاوسه‌رییان به‌ستبوو. شکۆفه‌ خانمم بۆ یه‌که‌مجار دیت و بوومه‌ میوانیان. له ‌درێژایی کاتدا، بۆم ده‌رکه‌وت، حیسامی نه‌مر، له ‌دوژمن ناترسێ و بۆگه‌یشتن به ‌ئاواتی، واتا رزگارکردنی خه‌لک وخاکه‌که‌ی، ئاماده‌ی قوربانی دانه‌. هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی به‌ری ململانێ بوو له‌گه‌ڵ دوژمن. هه‌رچه‌ند دواتر بوو به ‌فه‌رمانده‌یه‌کی لیوه‌شاوه‌، ئه‌و شێوه‌ خه‌باته‌ی له‌ بیر نه‌کرد و هه‌رئه‌و ره‌وته‌ش بوو به‌ هۆی شه‌هید بوونی. هه‌رچه‌ند حیسام ته‌مه‌نی کورت بوو و له‌ ژیانی وه‌ک لاوێک که‌ڵکی وه‌رنه‌گرت، به‌ڵام شێوه‌ ره‌فتار وهه‌ڵوێستی مێرانه‌ی و به‌خشنده‌گی و زمانشیرینی و لێبوردووی، ئه‌وی له‌جه‌رگه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ئێمه‌دا، بەرەو هەرمان برد.

به‌ کورتی من له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیمدا، زۆر رۆڵه‌ی قاره‌مانی کوردستانم دیوه‌. حیسام یه‌کێک له‌وانه‌یه‌ که‌ هه‌تا ماوم، دیمه‌نی شوڕشگێڕیی ئه‌وم له‌ بیرناچی. یادی به‌خێر و رێگای خه‌باتی، پڕ رێبوار بێ.

خه‌لێقی١٣/١١/٢٠١٢ سوید.

……………………

ئامادە کردنی: شکوفە قوبادی 

تکایە بۆ بەشی 2 ئێرە کلیک بکەن

تکایە بۆ بەشی 1 ئێرە کلیک بکەن 

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی