ماوەی چەند مانگێک بەرلە ئیستا ، باسم لە دروست کردنی مێژووی دلخواز کرد کە هیندێک لایەن و بنەماڵە دەیانەوێ مێژوویەک بۆ لایەنی خۆیان و تەنانەت بنەمالەکەیان دروست بکەن ، هەڵبەت لە سەر ئەساسی نەڕاست.
ئەم ڕۆژانە لە نەکاو پارلەمانی کوردستانی عێراق هەستا بە دیاری کردنی ڕۆژی ١٧ ی دێسامبر وەک ڕۆژی هەڵدانی ئاڵای کوردستان و چەند کۆبوونەوەیەکی بچووکی حیزبی و سیاسیش پێک هێنران لە کامێرای میدیاکانی خۆیان ڕا نیشانیان دا.
ئەوەی کە پارلەمانی کوردستانی عێراق چۆن بڕیار دەدا و بە کام مەبەست بڕیار دەدات ، مەربووتە بە خۆیان و هیچ ڕەبتێکی بە نووسراوەی من ، یان هەڵوێستی منەوە نیە.
ئەوەی کە من دەمەوێ بە کورتی ئیشارەی پێ بکەم ئەوەیە کە :
لە ئاهەنگی هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە قەڵای هەولێر دا ، ڕاگەیاندرا کە ڕۆژی ١٧ . ١٢ ، ئەو ڕۆژەیە کە پێشەوا قازی محەممەد ئاڵای کوردستانی بە دەستی خۆی تەسلیمی بارزانی کرد؟!
لیرە دا ناڕوونی یەک وداتاشینێک وەبەر چاو دەکەوێ : ڕۆژی ١٧ ی ١٢ ئە وڕۆژەیە کە ئەرتەشی ئێران لە مەهاباد بووە . پێشەوا و بارزانی مەجالی دیداری یەکتریان نەبووە . لە هیچ نووسراوەیەکی ئەوکاتی مەهاباد دا باس لەوە نەکراوە کە ئەو ڕۆژەی ئەرتەش گەیشتۆتە مەهاباد ، پێشەوا و بارزانی یەکتریان دیتبێ. بەڵکوو ئەوەی نووسراوە و ماوە ، باس لەوە دەکەن کە کاتێک ئەرتەش گەیوەتە میانداو ، پێشەوا بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی سابڵاغ چووتە میانداو و لە گەل فەرماندەرانی ئەرتەش قسەی کردووە . بەڵام بارزانی و هاوڕییانی لەو کاتی دائیدی لە مەهاباد نەبوون تا ئاڵا تەسلیم بە بارزانی بکرێ .
ئەوەی جێگای سرنجە ئەوەیە کە ، بارزانی دوای هاتنە سەر کاری قاسم ، گەڕایەوە عیراق . لە گەل دەست پێکردنی شۆڕشی ئەیلوول تا کاتی وەفاتی(١٩٥٨-١٩٧٩) ، بڵێی بارزانیی نەمر قەتی باس لە تەسلیم کردنی ئاڵای کوردستان لە لایەن پێشەوا قازی یەوە نەکردبێ و تۆمار نەکرابێ؟ یا بە واتایەکی تر ، ئەو هەموو ساڵە بارزانی نەمر کە ڕێبەر و سەرکردەی پارتی و شۆڕشی ئەیلوول بوو ، چەند جار جێژنی ٢ ی ڕێبەندانی گرت ، چەند جار یادی لە سیدارەدانی پێشەوای کرد و چەند جار یادی ١٧ ی ١٢ ی کرد کە ئالای لە پێشەوا وەرگرتبوو؟ لە کاتێک د اکە شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئاخیر ڕۆژیش ناوچە و شاری ڕزگار کراوی لە بەر دەست دابووە ، تەنانەت دوای ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە واقیعدا دا حکوومەت بووە تا ٧٥. کەس هەیە باس لە تەنانەت یەک جاریش گێرانی ئاهەنگ ، یان مەراسیمێک بۆ کۆمار و لە سیدارەدانی پێشەوا و تەسلیم کردنی ئالای کوردستانی بە بارزانی بکا کە پارتی و بارزانی بەڕێوەیان بردبێ؟ دیارە ئەوەی کە لە دڵی خۆیان دا کردبێتیان ، مەبەستم نیە ، مەبەستم ئەوەیە کە جێژنێک یان مەراسێمێک ، تەنانەت بەرنامەیەکی ڕادیۆیی ، یان ڵاپەرەیەکی ڕۆژنامە هەیە شاهیدی بدات کە پارتی و بارزانی یادی ٢ی ڕێبەندان ، ١٠ خاکەلێوە ، یان ١٧ ی ١٢ بە فەرمی بەڕیوەیان بردووە(مەبەستم بارزانی نەمر و تا ئەوکاتەی کە جەنابیان لە ژیان دابوون ) ؟ کەوایە چۆنە دوای نیزیک بە ٦٨ ساڵ کەوتە بیری بەڕیزان کە ئاڵای کوردستان لە ١٧ ی ١٢ دا لە لایەن پێشەواوە بە فەرمی تەسلیم بە بارزانی کرا؟
چ بەڵگەیەک هەیە؟ کام بەڵگە هەیە تا شاهیدی بدات کە ڕۆژی ١٧ ی ١٢ پێشەوا و بارزانی یەکتریان دیوە؟
بۆچی باس لەوە ناکەن کە ئەو ڕۆژە دەست بە سەر دا گیرانی شارەوانیی مەهاباد و هەڵدانی ئاڵای کوردستانە لە باتی ئاڵای شاهنشاهی کە مانگێک بەرلە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بوو؟ بۆ ئەوە ناکرێتەوە سەنەدی دیاری کردنی ڕۆژی هەڵدانی ئاڵا، بۆ ئەو ڕۆژە بێ سەنەدەی کە گوایە پێشەوا ئاڵای تەسلیمی بارزانی کردووە ، دەکرێتەوە سەنەد؟بڵێێ چەندە نیەت پاکی لەو دیاری کردنە دا هەبێ؟ بەداخەوە کە نیە !
ئەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە ڕۆژی ٢٦ ی سەرماوەز وەک ڕۆژی پێشمەرگە کەم ڕەنگ بکرێتەو ە ، تا زاوێتەیەکیش بە سەر کورد دا وەک ڕۆژی پێشمەرگە بسەپێندرێ . بۆیە لە سەرەوە باسم کرد کە ئەو دیاری کردنە مەبەستدارە بۆ بەرژەوەندیی حیزبێک و بنەماڵەیەک ، مەبەستم ئەوە بوو.
لە کۆتایی دا دەڵێم ، هە رحیزب ولایەن و بنەماڵەیەک مافی خۆیەتی شانازیەکانی خۆی تۆمار بکات و بیکاتە موڵکی خۆی ، بەلام داتاشینی بەڵگەی دەستکردی مەبەستدار، بە مەبەستی پاوان کردنی مێژووی نەتەوەیەک بۆ حیزبێک یان بنەماڵەیەک ، نە تەنیا جێ ناگرێ ، بگرە ڕۆژگارێک لە باتی شانازی ، دەکەوێتەوە بەر ڕق و ڕەخنەی خەڵکی ، خەڵک و مێژوو زۆر لەوەی ژیرترن کە کەسانێک بیانەوێ مێژوو تاڵان بکەن . لانی کەم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو مێژوویەیان تۆمار کردووە و بە کەسیش تاڵان ناکرێ ، رەنگە بۆ ماوەیەکی کورت خایەن دڵ خۆشکەری یەک بۆ هیندێک لایەن هەبێ ، بەڵام لە داهاتووویەکی نیزیک دا ماف بە خاوەنەکەی دەگا کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە
{jcomments off}