"an independent online kurdish website

ئەوەندەی وەبیرم دێ، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕێبەندانەوە زۆرتر هەر پێکەوەبوین. لە شەڕی داسەپاوی  ڕێژیم بەسەر گەلەکەماندا کە کاک مەلامەعروف و کاک حاجی سەید رەسوو لە کاتی پەلاماری رێژیم بۆ سەر شاری پیرانشار  شەهیدبوون و

braym_lajani

 تەرمەکانی ئەو شەهیدانەمان  رادەگوێست، کاک خدر بە کوڵ دەگریا.  ئامێزم لێداو داوام لێکرد نەگریا. وتی نازانم  باجەبێری خوشکم  و منداڵەاکان چۆن بەرگەی ئەو خەمە دەگرن.  ئاخر سەخت بوو دەبوایە تەرمی کاک مەلا مارف بەرینەوە بۆ لای خوشکی و خوارزاکانی.  ئەو لەو لەحزەیە دەترسا کە تەرمی شەهید مەلامارف بگاتەوە و و خوشکەبێری و منداڵەکانیشی بێنە سەرتەرمەکەی. سەرەنجام کاک خدر لە گەڵ ئەو لەحزە بەرەو ڕووبوو کە لێیدەترسا.  ئەو دەبوایە شاهیدی فرمێسک وەراندنی خوشکی و خوارزا بچکۆلەکانی بێت. هەر لەوێڕا بەکردەوە ئەویش کەوتە نێو مەیدانی خەبات.  ئیدی زۆرتر هەر لە گەڵ یەکبوین.

xdr_zarhiزۆری دەخوێندەوە. لەماوەیەکی کورتدا شارەزای  ئەدەبیات و سیاسەتەکانی حیزب بوو.  زۆری نەکێشا بوو بە یەکێک لە کادرە لێوەشاوەکانی حیزب. بەرپرسایەتی  جۆراوجۆری لە حیزب و تەشکیلاتدا  پێ ئەسپێردرا. لە هەمان کاتدا پێشمەرگەیەکی ئازاو بە ورەش بوو. باوکی کاک خدر زارعی واتە مام عەلی( مەلا عەلی لبادی) کە یەکێک لە ئەندامانی قەدیمی حیزب بوو لە ناوچەی پیرانشار، هەمیشە تەشویقی دەکردین بۆ  درێژەدانی خەبات.  هەرچی پێویستمان بوایە بۆی دەناردین. تەنیا داوای ئەوە بوو ئێمە درێژە بە  خەبات بدەین.  جار جار دەگەڵ کاک خدر دەچوینەوە ڕکاوێ لای پورەخەج دایکی کاک خدر.  بەیانان  لە  سەر بەرماڵەکەی  کە لە نوێژان دەبوەوە لە خوای دەپاڕایەوە ئێمە و پێشمەرگەکانی کوردستان مەحفوزبکا . هەمیشە دەیگووت ئێوە هەردووکتان کوڕیمنن. زۆری خۆش دەویستین. منیشی بە ئەندازەی کاک خدر خۆش دەویست.  داوای ئەوەبوو لێک هەڵنەبڕێین و ئاگامان لە یەکتری بێت.   ناو بە ناو  لیباس و کەوش و خەرجی گیرفانی بۆ دەناردینە لای ئامۆژنە حەلیمەم.
بەرە بەرە ئێمە لە ناوچە دوورکەوتینەوە و قۆناخی شەری پارتیزانی دەستی پێکرد. ئیدی کاک خدر زارع ببوو بە یەکێک لە کادرە لێوەشاوەکانی حیزب و جێی ئومێدی خەڵک و تەشکیلات. بنەماڵەکەیان، دایکی پوورەخەج، باوکی، براو خوشک و ئامۆزاکانی شانازیان بە کاک خدر دەکرد.  ئەوان سەربەرزبوون کە کوڕەکەیان پێشمەرگەی کوردستانە. منیش شانازیم پێوەدەکرد.  یەکترمان زۆر خۆشدەویست. بەڵام کاک خدر لە تەشکیلاتدا کەسایەتی سەربەخۆی خۆی پەیدا کردبوو. لە هەرجێیەک حیزب کاری پێ سپاردبایە وەری دەگرت. کەم کەس دەیزانی کە من و  کاک خدر خزم و هاوبنەماڵەین.
کۆنگرەی هەشتەمی حیزب بوو بە هۆی پێکهاتنی ئینشعاب لە حیزبدا.  من و کاک خدر  زارع کە هەردووکمان لە هێزی قەندیل بووین، بە هۆی ناکۆکی سیاسیەوە هەر یەکەمان کەوتینە لایەک.
من بەرپرسایەتی حیزبیم لە  ناوچەی پیرانشار وەرگرت و کاک خدریش لە لایەکەی تر  هەر لە پیرانشار بەرپرسایەتی هەبوو. بڕیاری سیاسی و تەشکیلاتیمان ئەوەبوو کە نەمان دەتوانی یەکتریش بدوێنین. سەرەنجام  چەندجار  ئێمە لە شاخەکانی قەندیل  کەوتینە بەرانبەری یەکتر و ئەوانەی  لە سەرەتای شۆڕشەوە پێکەوە و هاوسەنگەر بووین، ئێستا دەبوایە سێرە لە سێبەری یەکتر بگرین.
لە یەکێک لەو تێکهەڵچوونانەدا کە لە نێوان هەردوو لادا  لە شاخەکانی قەندیل روویدا، کاک خدر دەکەوێتە بەر گوللەیەکی وێل و  شەهید دەبێت. خەبەری ئەو ڕووداوە  هەموو خەڵکی ناوچەی هەژاند.
 ئەمن لە حیزبدا زۆرم زەبری ڕووحی وێکەوتون. بەڵام ئەو زەبرە ژانێکی تایبەتی و سەختی هەبوو . لەوێ و لە ڕووداوەدا بە ئێسک و پێستەوە زانیم مانای شەڕی براکوژی چیە. ئاخر من و کاک خدر برابووین، یەکبنەماڵەبووین و هاوسەنگەر و هاوخەبات بووین. نەم دەزانی  چ بەخۆم بڵێم. چۆن  وەڵامی ئامۆژنم و کاک مراد و کاک حاسڵ و مامم و ئامۆزاکانم بدەمەوە.  ئەوان من و کاک خدریان  دابوو بە شۆڕش و خەبات. ئەو ڕۆژانەم دەهاتنەوە بیر کە پوورە خەج بەیانان لە دیوەخەنەکەیان لە سەر سەری من و کاک خدر نوێژی دەکردن و لە خوای دەپاڕایەوە بمان پارێزێ و لەتیری دوژمن بە دوورمان کات.  دەنێو خۆم دا دەگریام ، شەرمم لە خۆم دەکرد.  بۆی دەگریام، بۆ خۆم دەگریام . بۆ کاک خدر. بۆ کتێبەکانی کە دوای جیابوونەوەش هەر لە ماڵێ لە لای   سەفیە  بوون. ئەو رۆژەم وەبیر دە هاتەوە کە پاش سەرکەوتنی شۆڕش لەگەڵم هات بۆ مەهاباد و چوینە خزمەت دووکتۆر قاسملوو  بۆ درووستکردنی تەسهیلات بۆ ئەوەی ئیمتیحانەکانم بدەم. کاک دوکتۆر دەستبەجێ تەلەفۆنێکی بۆ بەرێز کاک حەسەن شەرەفی، جێگری ئێستای سکرتێری گشتی حیزب کرد کە ئەو دەم مودیری یەکێک لە دەبیرستانەکانی شاری سابڵاخ بوو.  من کە زۆر شارەزا نەبووم کاک خدر لە گەڵم هاتە خزمەت کاک حەسەن.  کاک حەسەن کارەکەی دەستبەجێ ڕاپەراند.

دوایە شەر دەستی پێکرد. ئاخر کاک حەسەن  نەک هەر  لە حیزب دا براگەورە و بەرپرسم بوە، مودیر و مامۆستاشم بووە.  بەڵێ ئەو  خەمەش وەک  خەمەکانی دیکەی ژیانی حیزبایەتی و پێشمەرگایەتی هەر لەنێوخۆم دا هەڵی دەقرچاندم و برینەکەی ئێستاش هەر قەتماخەی نە بەستوە. بۆمن خەبات  هەمیشە ڕەنج و ئازار و مەینەت بەشی و قوربانیدان بووە. لە هیچ کوێ نەم دەوێرا خۆم نیشانی کاک مراد و کاک حاسڵ و ئامۆژنە حەلیمم  و  ئامازاکانم بدەم. چونکە نەمدەزانی چ بڵێم. سەرەڕای هەموو ئەوانە ناحەزان و دوژمنان ئەوەشیان بڵاو کردبووەوە کە لەو تێک هەڵچونانەدا من ڕاستەوخۆ  سێرەم لە کاک خدر گرتووە کە هیچ ئەسڵ و ئاساسێکی نەبوو. بەڵام دڵی  ئامۆژنمیان لەمن رەش کردبوو.
زۆری نەکێشا عەقڵی سەلیم و فەزیلەتی سیاسی بە سەر دێوەزمەی ناکۆکی و ناتەبایی نێو تەشکیلاتی حیزبدا زاڵبوو و حیزب توانی یەکبگرێتەوە.
من یەکێک لەو کادرانەی حیزب بووم کە  چارەسەریی ئەو ناکۆکیانەم پێ خۆش بوو. ئێستاش هەروام.

لە کاتی وەسەریەک کەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکڕاتدا ، بەو بۆنەوە حیزب جەژنێکی لە بنکەی دەفتەری سیاسی گرت و منیش بۆ بەشداری لە جەژنەکەدا لە شوێنی مەئموریەتم کە رادیۆ بوو هاتمەوە دەفتەری سیاسی. شایی بوو.  منیش وەک خەڵکی دی لەو شاییەدا هەڵدەپەڕیم. لە هەمان کاتدا وێنەی کاک خدریشم لەبەر چاوان بوو. لە کاتی هەڵپەریندا بەو کەسانەی کە لە دەستیاندا هەڵدەپەریم وتم هەرپێ یەک کە بە ئەرزی دادەدەین، گووللەیە و دەیگرینە سنگی دوژمنانی گەلەکەمان. کە چی هەر لەوێ جوابێکم وەرگرت کە ئێستاش شەرمی لێدەکەم بیگێرمەوە.

ئیدی وەسەر یەک کەوتینەوە و هەموو رۆژێ بە موناسەبەتی تێکەڵبوونەوە دەعوەت و دەعوەتکاری بوو. بە خۆشیەوە لە هیچکام لەو میوانیانەدا بەشدار نەبووم. بەڵام ئەوەم بۆ سەیر بوو کە خوایە ئەوانە کە هێندە ئاوا لە گەڵ یەک میهرەبانن ، چۆن بوو ئاوا شیروتیریان لێکتر دەسوو. شەرمم دەکرد و ئازاری کاک خدریش  بەدیتنی ئەو میوانی و سیناریۆیانە هێندەی دیکەش لە دڵمدا بە ژانتر دەبوو. پێم وایە ئەو شەرێ براکوژیە تەنیا لەمن وەڕاست گەڕابوو. چونکە بۆمن برینەکە لە جەستەی خۆم و بنەماڵەی خۆم دابوو.  کورد دەڵی برینی لە هاواڵی، کونە لە جەواڵی.

دووساڵ لەمەو بەر بۆ زەماوەندی کچەکەم چوومەوە کوردستان. پاش ئەو هەموو ساڵە ئامۆژنە حەلیمەم گەورەیی کردبوو و بە خۆی و کوڕەکانیەوە هاتبوو بۆ سەر زەماوەندی جگەر گۆشەکەم.  کە چووم وەریان بگرم و بە خێر هاتنیان بکەم، کە چاوم پێی کەوت یەکەم قسەی ئەوەبوو ئەدی کاکە گیان بۆ کاک خدرت دەگەڵ نیە.  من بە بیستنی ئەو قسەیە و دیتنی ئامۆژنم و بیستنی ناوی کاک خدر پێم خۆش بوو ئەرز دەمی لێک کردباوە و قوتی دابام. گریان و شینێکی تازە. تەنیا ئەوەندەم لە دەست هات بڵێم ئامۆژن من لە جیاتی رێبەریی حیزبیش داوای لێبوردنت لێ دەکەم.
ئیدی ئەو چەند رۆژە من و ئامۆژن کە چاومان پێکدەکەوت هەر کزەمان لە جەرگی هەڵدەستا. ئێمە دەمانزانی دەم و چاوی یەکتر بخوێنینەوە.

برایم لاجانی ١٦.١٢.٢٠١٢

بابەتەکانی تری کاک برایم لاجانی لە ماڵپەڕی ئێستا

بابەتەکانی کاک برایم لە ماڵپەڕی پێشوودا 

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی