"an independent online kurdish website

لە هاوینی ساڵی 1365 ی هەتاوی ، ئێمە کادرەکانی کۆمیتە ناوچەی لاجانی پیرانشار  لە گەڵ لکی چواری هیزی قەندیل لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، کە هەمیشە وێگرا بووین ، بە دۆڵی سنجەڵێ دا، دەوری سەعات 4ی بەیانی بەرەو دۆڵی قروچاوێ دەرۆیشتین،saleh_nalosi_1365_0

هەرچەند رێگاکەمان زۆر دوور نەبوو بەڵام ماندوو و شەکەت بووین و هێندەک لە هاورێیان زۆر بە تەپی دەرۆیشتن و خوا خوامان بوو زوو بگەینە شوێنی مەبەست و بۆی بخەوین، زۆرمان خەو دەهات. ‌ هێندەمان نەمابوو کە بگەینە سەر بستووی کە دەڕوا بۆ لای کانێ بای کە چەند هەوارێکی ناوچەی نەغەدەی لێ بوو، یەکێک لە هاوڕێیان هەرای کرد و وتی: چاو لێ کەن، سەر رەوەزەکان کە تەواو زاڵ بوون  بە سەر شوێنی رۆیشتنی ئێمەدا نەفەری لێیە و بە سەر رەوەزەکاندا نەفەر دەرۆن.

ئێمە نزیکەی 7 کەس بە ناوەکانی ، خۆم ساڵە نەڵۆسی کادری کۆمیتەی ناوچە ، حەسەن ئەبروزەنی کادری کۆمیتە ناوچە، محەممەد رەسوڵی بەرپرسی کۆمیتە ناوچە و سەلیم … و مراد… کە خۆیان تەحویل داوەتەوە، سمایل .. کە دواتر بوو بە جاش و شەهید دوکتۆر حوسێن فەتحوڵلاهی کادری دەرمانی لک، بە پەلە بە  بڕیارێکی هەڵە لە بستووەکە وەسەرکەوتین و  بەرەو لوتکەی دەستی راستی کانێ بای کە دەکەوێتە نێوان کانێ بای، کانی زەرد و  دۆڵی قڕووچاوێ  وەرێ کەوتین بەو نیەتە کە تا هاوڕێیانی تریش دێن ئێمە بەرزترین شوێنمان گرتبێ، پێش ئەوەی بەرەو لوتکە وەسەر کەوین، من برسیم بوو، بە هاوڕێیانم وت بە جێم مەهێڵن من دەچم لەو چادرە کە زۆر دور نەبوو، برێک نان دێنم با برسیمان نەبێت، بە پەلە خۆم گەیاندە بەر دەرکی چادرەکە کە لە نزیک کانی بای بوو، سەر رێگای کانی زەدردێ و خانمی میوان دۆست و روخۆش، هەر کە داوای نانم کرد، وتی: بە خوا نابێ برۆن، ئەوانی تریش بانگ کە و وەرن نانی بەیانی لێرە بخۆن و بڕۆن، منیش زۆر بە لە سەرەخۆیی بەم خانمە دڵسۆزەم وت کە بەداخەوە ناتوانین بێن و ئەو رەوەزەی کە دەڕوانێتە ئێرە گیراوە و لە شێوەی دەرکەوتنیان دەبێ پاسدار بن.

هەر کە وام وت فەوری برەک نان و سەلکە پەنێرێکی جوانی پێدام و خۆم گەیاندەوە هاورێیان و هێشتا زۆر نەرۆیشت بووین کە لە رەوەزە بەردەکانی کە دەی ڕوانێ دۆڵی سنجەڵێ  تەقەیان لە هاوڕێیان کرد و لەو تەقەیەدا دواتر بۆمان دەرکەوت کە هاوڕێیەک بە ناوی مستەفا …. بریندار بووە، دوای ئەم تەقەیە ئێمە کە هیوای ئەوەمان هەبوو کە هاوڕێیان بە دوای ئێمە دا دێن، لێک دابراین و ئەوان لە ئاست خۆیان چوونە سەر شاخی کە دەکەوێتە نێوان دۆڵی قروچاوێ و گوندی گرداسێ و لە بەر ئەوەی ئەوێ دوژمنی لێ نەبوو و هەدەفی هێرشەکەش دۆڵی قروچاوی نەبوو، ئەوان ئیتر تووشی شەڕ نەبوون لە وێ.

بەڵام ئێمە، گروپێکی بێ فەرماندە و گروپێک بووین کە کەس بە قسەی کەسی نەدەکرد و زۆرتر چاومان لە کاک محەممەد رەسوڵی بوو، کە بۆمان دیاری بکات چی بکەین و دەبێ بڵێم ئەویش تەجروبەی کاری سیاسی زۆرتر هەبوو تا شەڕ.

ئێمە بەرەو لوتکە، کە بە نەزەری خۆمان روبەروی دوژمن بوو، وەرێ کەوتین، دوای ماندوو بوونێکی زۆر بەرزترین شوێنمان گرت و کەسمان لە دوژمن نەدیت و بە پێی قانوونی شەڕ دەبا لەوێ خۆمان مات دابا و ئیتر ئەوێمان چۆل نەکردبا و چاوەروان باین تا بزانین چی دەبێ، بەڵام وامان نەکرد، بڕەک داگەڕایانە خوارتر،  دیتمان کەسێک سەنگەری گرتووە و زۆر لە ئێمە دورر نەبوو، بە هۆی ئەوەی جاشە لیباسی کوردی دەبەر دابوو، مەشکووک بووین کە لە وانەیە پێشمەرگەی هێزی ئەفشین بێت، بێ ئەوەی دەنگی بدەین و بە کاک محەممەدم وت: چی بکەین، کاک محەممەد زۆر خوێن ساردانە وتی: دەچینە ئەو توپە بەردە، واتە ئێمە لە بەرزترین شوێن و زاڵ بە سەر جاشەکاندا و بێ ئەوەی بزانین ئەو کەسە کێیە لە کاتێک دا لای ئێمە بەرداوی و لای ئەو روتەن، بە بڕیاری کاک محەممەد رۆیشتین بۆ لای تۆپە بەرەدە کە بەردە بۆقی پێ دەڵێن کە دەڕوانێتە سەر دۆڵی قڕوچاوێ، چەند قەدەم رۆیشتین، کەوتینە بە رەهێڵەی گوللەی خۆفرۆشان و ئێمەش تا شوێنی مەبەست ئاوڕمان نەدایەوە و کەسیشمان تەقەی نەکرد.

وەزعمان خراپ بوو، دەبا کەسێک تەقەی کردبا، منیش رووم لە هاوڕێیان کرد و وتم کاکە من تەقە دەکەم ناهێڵم بێنە پێش، هەر چەند کەس دیار نەبوو، ئێوەش بچوونەوە سەر رەوەزەکە و لێیان دەدەین،  من خەریکی تەقە کردن بووم، کاک محەممەدیش لە جیاتی تەقە کردن لە لام دانیشتبوو، لە ناکاو کاک محەممەد وتی: کوڕە ساڵە دەزانی کورەکانی تر هەموویان رۆیشتن هەر من و تۆ ماوین، کە ئاوڕم داوە خۆ شوێنی هەڵاتنیش نیە، هەموو روتەنە و زۆر بە ئاسانی دەکەوینە بەر گوللەی خۆفرۆشان، کاک محەممەد وتی چی بکەین، من وتم بە دوام دا وەرە من بە پشتەوەی رەوەزەکەدا وەسەر کەوتم کە بچمەوە سەرەوە بۆ ئەوەی شەڕ بکەین، کە  بڕەک وەسەر کەوتم و کاک محەممەدیش بە دوام دا هات، دیتمان کە لە رەوەزەکەدا گیرمان خواردوە و ئیمکانی وەسەرکەوتن بۆ سەر رەوەزەکەمان نیە، ئەگەریش بێینە خوار دەکەوینە ژێر گوللەی وان. کاک محەممەد وتی: چی بکەین، منیش وتم بە خوا چارەمان نیە، خۆمان لێرە مات دەکەین و دەنگ ناکەین، ئەگەر ئاشکرا بووین لێیان دەدەین دەنا ئەوە لێرەین، زۆری پێ نەچوو کە هاتنە شوێنی تەقە کردنەکەی من و زۆریان جنێو پێ داین و ئەمجارە هاتنە سەر لوتکەی ئەو رەوەزەش کە ئێمەی لێ بووین، دەنگی بێسیم و قسە کردنەکەیان بە باشی دەبیسرا، لە ناکاو دوو نارنجۆکیان خستە ئەم رەوەزە کە ئێمە تێدا بووین بەڵام دوریان هاویشت و زەرەدی بۆ ئێمە نەبوو، چەند جنێوکیان بە سەری نەمر قازی داو داوایان کرد کە بێینە دەرێ، وەک ئەوەی بزانن کە ئێمە لە وێ داین، کاک محەممەد رەسوڵی کە کەمێک لە ژێرەوەی من دا دانیشتبوو، وتی با دەرپەڕین، منیش وتم نا کاک محەممەد راوەستە وێ ناچێ ئێمەیان دیت بێ.

شوێنەکەمان زۆر ناخۆش بوو، خیزەڵان بوو، نەدەبا خۆمان جۆڵاندبا، زۆر بە سرتە قسەمان دەکرد، کاک محەممەد جاشەکانی دەدیت کە وەدوای کورەکانی تر دەکەوتن و لە ناکاو یەکیان لە سەر ئێمەوە بانگی لە نەفەری روبەرروی ئێمە کرد و وتی بزانە کەس لەم رەوەزە دیارە، ئەویش برەکی  روانی و وتی: نا کەس دیارە نیە، تەنیا کونێک دیارە و نەفەر دیار نیە، بەم قسەیە دڵمان خۆش بوو کە ئێمەیان نەدیوە و بە خاترجەمی بۆی دانیشتین، دانیشتنی یەک تا دو سەعاتە نەبوو ، زیادتر لە 4 تا 5 سەعات بێ ئەوەی خۆمان بجۆڵینین لەوێ ماینەوە. رادیۆیەکی تووشیبام پێ بوو، زۆرم ئاگا لێ بوو کە دوگمەی هەڵکردنەکەی دانەگرم و ئاشکرا نەبین.

جاشەکان وەدوای 5 پێشمەرگەکانی تر کەوتن، لە وێش سمایل …. کە باسم کرد، دواتر بوو بە جاش، گیر دەکات و شەڕیان لە گەڵ دەکات و هاوڕێیانی تریش  کە لە ئێمە هەڵبرابوون و دەبێ بڵێم ئەوان شەرکەری ئەسلی و لێزانتر بوون، بە شێنەیی دێنە لای چادرەکانی دۆڵی قروچاوێ کە 4 هاوڕێیەکەی تر کە بە قوونە شەر گەیشتبوونە وێ و ئاگاداریان دەکەن کە سمایل …  گیری خواردوە و ساڵە و محەممەد رەسوڵیش شەهید بوونە و جەنازەکەشیان بە جێ ماوە.

هاوڕێیان فەوری بەرزایەکانی پێش جاشەکان دەگرن  و گروپێکی چوار کەسی بە  ناوەکانی  شەهید رەحمان سەیدزادە  جێگری لک و عوسمان مامەش و عوسمان عەبدی و  ناوی نەفەری چوارەمم لە یاد نەماوە،  بە هانای سمایلەوە دەچن و کورەکانی ترش بە بی کی سی و قەناسە و لە بەرزایەکانەوە تەقە لە جاشەکان دەکەن، وای لێ هات کە ئێمە بێ ئەوەی خۆمان بزانین کەوتبووینە نێوان شەڕی جاشەکان و پێشمەرگەکان و بە تایبەت گوللەی پێشمەرگەکان بۆ ئێمە دەهات.  رێژیم دەستی بە خۆمامپارە باران کرد بۆ نەجاتی خۆفرۆشان، وردە وردە خۆمپارەکان لە ئێمە نزیک دەبوونەوە و ئێمە زانیمان کە لانیکەم شوێنی کە خۆمپارەکان  دەکەون، جاشی لێ نین، کە خۆمپارەکان نزیکتر بوونەوە، کاک محەممەد وتی: بە خوا من نام هەوێ بە خۆمپارە شەهید بم، رۆیشت بۆ خوارەوەی رەوەزەکە و منیش بە دوای دا رۆیشتم، کۆڵە پشتی کاک محەممەدیشم پێ بوو و  لە گەڵ خۆم هێنان و کە  کەمێک چوومە خوار،  چاوم لە دەورووبەر کرد، شەهید رەحمان سەید زادە و هاوڕێیانم دیت، کە لە راوی جاشەکان دەگەڕانەوە.

هەرچی کردم دەنگم دەرنەهات کە بانگیان بکەم ، چوونکە لە مێژ بوو ملم نەجوڵاندبوو، دەنگم نووسابوو، کۆڵەپشتیەکانم بۆ لای  وان هاویشتن بەڵام بە خۆشیەوە هەستیان بە وانیش نەکرد، دەنا خەتەری ئەوەی هەبوو کە تەقەم لێ بکەن و فکریان نەدەکرد، من لە وێ بم.

کە ئەوان رۆیشتن چوومە خوار دیتم کاک محەممەد خۆی مات کردوە، وتم بڕۆ با برۆین، وتی کورە ئێستا 4 جاش بێرەدا رۆیشتن، منیش بۆم باس کرد کە جاش نەبوون و کاک رەحمان و هاوڕێیان بوون، ئەو جار کاک محەممەد زانی کە جاش نەماون و ئێمە رزگاریمان بۆوە  و وەڕێ کەوتین بۆ لای هاوڕێیان لە چادرەکان.

لە رێگادا تووشی کاک برایم تارایی بووین کە رەختەکەی هەموو دڕابوو و  لێمان پرسی بۆ وات لێ هاتووە، وتی: وەڵا لە سەر رەوەزە بەردێک بووین، خۆمپارە لێی داین و من و مستەفا مەنافی هەر یەکەو بۆ لایەک فڕێ دا، بەڵام پێم وایە مستەفا شەهید بوو.

لەم کاتە ناخۆشەدا، کاک محەممەد کە تەقەی لە جاشان نەکردبوو، رەگبارێکی بە حەوادا تەقاند و وتی: پەیام بۆ مەناف، پەیام بۆ مەناف ورگ و ریخەڵۆکەی مەنافیان بە گۆڕێ وەرکرد و قاقای لێکدا لێکدا بۆ دەکێشا.

گەیشتینەوە چادرەکان کە خەڵکی ناوچەی پیرانانی پیرانشار  بوون و دیتمان کە سەرجەم هاوڕێیان سڵامەتن و تەنیا مستەفا …. کە من شۆرەتەکەی نانووسم، گوللەیەکی وەڕانی کەوتووە و وەزعی زۆر باشە و بەم جۆرە بە دیداری یەک شاد بووینەوە.

 جاشەکانیش بە سەر شۆڕی بەرەو مۆڵگەکانی خۆیان گەڕانەوە و دیارە چوونکە شەڕەکە رووی لە هێزی ئەفشین بوو، لەوێ بە هاوکاری لکی 2 ی هێزی قەندیل زەربەیەکی چاکیان لێدرا چەند کەسێکیان لێ کوژرا کە من رادەکەیم لە یاد نەماوە و سەرجەم پێشمەرگەکان سڵامەت بوون.

لە کۆتایی دا دەبێ بڵێم ئەگەر فەرماندەیکی باشمان لە گەڵ دابا، باشترین زەربەمان لە دوژمن دەدا، لە لایەکی تریش، کاتێک ئێمە دەچووین،  جاشەکان لە بەرزایەکە سەنگەریان گرتبا، ئێمە زەربەیەکی باشمان دەخوارد و چونکە ئێمە پێمان وا نەبوو کە ئەوێ گیراوە .

تێبینی: من ئەمجۆرە لە یادم ماوە و من لایەنێکی شەڕەکەم دیتووە و ئاگاداری سەرجەم شەڕەکە نیم و سەبارەت بە شەڕەکەی هیزی ئەفشین و  لکی 2 ی هێزی قەندیل لە 2 کەسم پرسی بەڵام هیچیان شتێکی وایان لە یاد نەمابوو.

saleh_nalosi_rehman_seidzade_aliasi-1364

شەهید رەحمان ئەلیاسی (سەیدزادە) و ساڵە نەڵۆسی  ساڵی 1364 لە سینەمۆکە، بناری قەندیل 

saleh_nalosi_1365_1

ئەمە قیافەی من بوو، کاتی کەم ئەم روداوە رووی دا و لێرەدا رادیۆ توشیباکەشم پێیە . ئەم وێنەی دواتر لە سەر گڵکۆی شەهیدان لە دۆڵی قروچاوێ گیراوە، کاتی ناشتنی شەهید رەسوڵ کانی بداغی دا، کە لە گرتنی پێگەی گرداسێ بەداخەوە شەهید بوو، روحی شاد بێت کوڕێکی زۆر زیرەک و ئارام و خۆشەویست بوو.

ساڵە نەڵۆسی

2012-12-25

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی