للە دوورەوە …
پەنجەی دەستی پرسیارێک بووی…
هەردەم قیت و پڕ لە گومان،
چاوی تاسەم … قەت هەتەڵەی نەدەکردی
تاریکەشەو،
دەبووی بە دوا چۆڕی داکشانی …. تەمەن کورتیی ئەستێرەیەک
بەڵام دیسان … مانگەشەوان
دەزایتەوە نێو گلێنەم
زستان وێنەی سووکە باپووز،
سواری پشتی خۆی دەکردی و هەڵەت … هەڵەت
دۆڵ بە دۆڵ و یاڵ بە یاڵ و بەرەوە لووتکە
دەیفڕاندی
بەڵام …
چاوەڕوانی بێ سنوورم
پەلکێش … پەلکێش
دەی هێناییەوە
ژووری پڕ لە ژواری تەنیام
ڕازی دێڕی پەرتووکێک بووی،
پێچەڵ پێچ و پڕ لە مەتەڵ،
هەموو ساتێک …
بە تاســەوە
تێر … تێرم … دەخوێندییەوە
هەتا پێڵووی چاوەکانم
بە دیارتەوە کز دادەهات
من تەمەنێک … بە عەشقەوە
خوێندتمەوە
بەڵام هەرگیز…
نە وەڵامم وەرگرتەوە و
نە ئەوینت کۆتایی هـــات!
{jcomments off}