"an independent online kurdish website

گەلی کورد کاتێک بە  سەرجەمی ئامانجە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی دەگات کە ستڕاتیژی  سیاسی  و میتۆدی بزووتنەوە یی خۆیی بگۆڕێت و بەر لە  هەر  شتێک نێو ماڵی خۆی ڕێکبخات و  زۆر جەوهەریانە سەبارەت بە دواڕۆژیی سیاسی و ئیداری حکوومەتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا  بیربکاتەوەmuhammad_suleimani-

و چارە سەرکردنی   کێشە نێوخۆیە کان بکات  بە هەوێنی هاوکاری و تێکۆشانی شیاو و  سەردەمیانە و هەوڵبدڕی مێزی دیالۆگ  بە مەبەستی لێک تێگەیشتن و رێککەوتن لە سەر ئەو  خالانەیی کە ئەساسین و  پەیوەندیان بە دواڕۆژی خەباتەوە هەیە سازش  بەیەکەوە بکەن و  چارەنووسی سیاسی وڵاتیک، زۆر  شیاو نابێت  ئەگەر بێت و فیدای بەرژەوەندی حیزبێک و ڕێککەوتنی چەند لایەن بە شێوەی کرچوکاڵ بکرێت و ئامانجە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی  خەڵکی کوردستان بە هێند نە گیرین.

جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لەو چەند دەیەیی ئەخیردا شاهیدی گەلێک کۆڕانکاری گەورەیی سیاسی نێوخۆی و نێونەتەوەیی بووە کە شوێنی بەربڵاوی لەسەر ئاستی وشیاری سیاسی و نەتەوایەتی کۆمەڵانی  خەڵکی کوردستان هەبووە و ئەمڕۆ چین و تووێژە جۆر بە جۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی پێشوو باشتر هەست بە شوناسی نەتەوەیی دەکەن و زۆر بیرمەندانە و بەرچاوروونانە  پشتیووانی خۆیان لە خەبات دەکەن بۆ ئەوەیی  گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر ستڕاتیژی سیاسی و نێوەرۆکی  داواکاریە سیاسی و مافەڕەواکانی گەلی کورد  لە چوار چێوەیی حکوومەتێکی یەکگرتوو و فیدڕال لە سەر ئاستی ناوچە ی ڕۆژهەڵات و ئێراندا پێک بێت .

 بزووتنەوەی نیشتیمانی گەلی کورد بەو ئەزموونە دوورودرێژە   مێژوویە کە لە مەیدانی خەبات دا بەدەستی هێناوە، بێگوومان ئێستا دەبێت بەکردەوە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان  بەگوێرەی  دەورو قورسایان کە  لەسەرجووڵانەوەی مافخوازی کوردستانیان  هەیە ،وێڕایی پتەوکردنی ئاستی  هاوکاری و یەکگرتوویی سیاسی و  پێک هێنانی سەکۆیەکی هاوبەشی   نەتەوەیی  کە هەموولایەک خۆی لە باری بیروهزری نەتەوەیی تێدا بدۆزێتەوە  دابمەزرێ و لەو میمبەرەوە  نێشتیمانیەوە نەخشە ڕێگایەکی نوێ بۆ داهاتووی خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی دابڕێژرێ و جەوهەری حوکمڕانی سیاسی  هەرێمی کوردستانی تێدا ڕەنگ بداتەوە و  هەلێکی ئەتۆ بڕەخسێندرێت  بۆ خەڵکی  کوردستان هەتا لە  ڕێگایی هەڵبژاردنێکی ئازاد و سەردەمیانە دا  بڕیار لە سەر شێوە و شکڵی چارەنووسی حوکمڕانی  خۆی بدات لە چوارچێوەی ئێرانی پاش روخانی ڕێژیمی  نیزامی ئاخوندی .

لەهەلومەرجێکی وەک ئەمڕۆدا بژاردە و  ڕۆشنبیرانی سیاسی کورد لەو دەورەیەیی خەبات دا ،  دەبێت بەباشی ئەرکی  میژووی خۆیان  بەڕێوەبەرن و پێناس و توێژینەوەیەکی  سەردەمیانە لەسەر چەمکی گەشەکردن و دامەزراندنی کیانی سیاسی کورد بکرێ و بەرچاوروونی سیاسی  کە پەیوەندی بە دیالۆگی ئاشتی کورد لە گەڵ ئەو حکوومەتانەی کە وڵاتی کوردنیان بەزۆر بە سەرخۆیاندا لەکاندوەو باس و ڕاویژی ڕۆشنبیری  گەورەیی لە بارەوە پێک بێنن  و هەرلەوپەیوەندیەشدا هانی  میدیایی ئازادی کوردی  بدرێ لەو هەلومەرجە زێڕینەی کە بۆکورد هاتۆتەپێش لە ئاستی نێونەتەوەییدا  ڕۆڵی گرینگ و هەستیاری  خۆی بگێڕێ.

ئێستا مەسەلەیی سیاسی و نەتەوایەتی  گەلی کورد بەپێچەوانەیی قۆناخە مێژوویەکانی  ئەو یەك دوو دەیەی ئاخیری ،لە هەموو رویەکەوە گەشەکردن و پێشکەوتنی بارچاوی بەدەست هێناوە لە سە ر ئاستی نێونەتەوەیدا و دەبینین کە لەوپەیوەندیەدا هەڵوێستی سیاسی زۆر وڵات گۆڕانی بەسەردا هاتووە. مەسەلەیی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورد ئەمڕۆ  وەک پرسیکی گرینگی  و هەستیاری رامیاری  سەری هەڵداوە و  کەوتۆتە سەر مێزی کۆمەڵێک وڵاتی گەورەو بەنفوزی سیاسی و ئابووری دونیا کە بەردەوام ڕۆڵی بەرچاویان لەسەر رەوتی روداو هاوکێشە سیاسیە نێونەتەوەیی  لە  پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووهەمی  جیهانی گێڕاوە  و ژمارەیەکی زۆر کیانی نوێ لە ژێربڕیاری سیاسی ئەواندا کەوتنە سەر نەخشەی سیاسی  جیهانیەوە.  لەقۆناخێکی  ئەتۆنویدا، بێگوومان  سەرکردایەتی سیاسی و ڕۆشنبیرانی بوێرو ئازادیخوازی کورد کە باوەڕیان بە ئەسڵی پرینسیبەکانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کورد هەیە، تێ بکۆشن هەوڵەکانیان  چالاکتر بکەن و لێک نیزیک بوونە و هابەشی و کۆدەنگی لەسەر بڕیاروڕاسپادرە سیاسی و نەتەوایەتیەکانیان  بەلاوە گرینگ بێت و  بڕیاری سیاسی لە سەر چارەنووس و شکڵی حوکمڕانی کورد لە ژێرتیشکی رووناکایی خوێندنەوەیەکی تازەدا  بدرێ .

دیارە  دروست بوونی ئەو هەلومەرجە مەعنەویە لە ئاستی دەرەوەدا   لە بەرژەوەندی چارەسەرکردنی کێشەی سیاسی و نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان لەلایەک و گەشەکردنی ئاستی وشیاری نەتەوایەتی  لە ڕۆژهەڵاتی  کوردستان بەدڵنیایەوە شوێنی گرینگی لەسەر حیزبەکان دانا و  بە گۆڕینی شیعاری ستڕاتیژی  خۆیان و بڵاوکردنەوەی بیروهزری نەتەوەیی بێگوومان دەوری وشیارکردنەوەیان هەبووە  و لەو ڕێگایەوە کۆدەنگی و هاوبەشی و پشتیووانی  لە نێو بزووتنەوەیی نیشتیمانیدا زۆر بارچاوترگەشەیکردوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی باشتر لە دەوری یەک کۆکردۆتەوە.

ئەوەیی لە هەموو کاتێک زیاتر گەلی کورد  دڵ گەرم و ئومێدەوار بە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان  دەکات لە  هەلومەرجی سیاسی  ئێستایی خەباتی شۆڕشگێڕانەیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساغ بوونەوە و هەتا رادەیەك  هاوکاری لە نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکانی دایە کە وێڕایی ڕەنگاو ڕەنگی لە بەرنامەی سیاسی و تێڕوانین و خوێندنەوەیی جیا لە سەر بارودۆخی ئێران و گێتی، بەڵام لانیکەم لەسەر چەسپاندن و وەدەست هێنانی مافی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورد لە وڵاتدا بە شکڵی فیدڕالی وەک تەنیا ڕێگایی چارەسەرکردنی گیروگرفتی نەتەوەیی لە ئێران کە وڵاتێکی فرەنەتەیەوە دەست نیشانکراوە و کورد و حیزب و ڕێکخراوەکانیش لەسەر ئەو بابەتە گرینگ و هەستیارە کۆدەنگی لە نێویاندا گەشەیکردوە و هیچ لایەک لەسەر ئەو ئامانجە سیاسی و نەتەوەیە لایان نیە و بووە بە ئامانجی سیاسی و نەتەوەیی کورد بەگشتی.

بژاردە و ڕۆشنبیرانی ئازادیخوازی کورددەبێت بایخی  بارچاوتر بە وشیاری  سیاسی و هزری نەتەوەیی بدەن  و هەرلەوکاتەشدا وێڕایی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیی بابەتیانەیی بارودۆخی سیاسی  کێشەی ڕەوایی گەلی کورد، بەرچاوروونی  زیاتر بخەنە پێش چاوی خەڵک و  لە ڕێگایی شیکردنەوە و تووێژینەوەیی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرزی داواکاریە سیاسیەکانمان کە گرێدراوە بە ئاستی وشیاری سیاسی و هاوکاری و کۆدەنگی  لە نێوان حیزب و ڕێکخراوەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بڕیار لە سەر چارەنووسی سیاسی و شێوەیی ئیدارەکردنی هەرێمی کوردستان  لە ڕیگایی ڕێفراندۆمێکی ئازادەوە بدرێ.

ڕێبەری بزووتنەوەیی شۆڕشگێرانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێگوومان ئەگەر لە ئێستاوە بنەمایی ستڕاتیژی سیاسی و مافەڕەواکانی بەوردی و لە سەر ئەساسی بەرژەوەدی گشتی جوولانەوە دیاری نەکات و بەخستنە بەرچاو ی نێوەرۆکی مافەڕەواکانی و دیاریکردنی سنوورو سەراوەدە جوگڕافیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گەلانیتری وڵات روون نەکرێتەوە و شەرمێونانە باسی کێشە ئەساسیەکان بکرێت،  دەبێت چاوەڕوانی ئەو بارودۆخەنالەبارە سیاسی و ئیداریەبین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەند بۆی دروست بووە و لەبەر ئەوەیی لەکاتی خۆیدا مەسەلە ئەساسیەکانیان یەك لانەکردۆتەوە ، ئێستا بە قەیرانێکی قۆڵی سیاسی و ئیداری  لە گەڵ حکوومەتی فیدڕالی ئێراق دەست و پەنجە نەرم دەکەن.

محمد سلێمانی

13.04.2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی