"an independent online kurdish website

لە ڕێکەوتی ١٣ جوولای ساڵی ١٩٨٩، عەبدولڕەحمان قاسملوو لە وییەن بەدەستی دیپلۆمات تێروریستەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تێرۆر کرا.Dr-Qasmlo-0

سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژێک پێش تێرۆرەکەی گەیشتبووە پێتەختی وڵاتی ئۆتریش تاکو لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەورێکی نوێ لە وتووێژی نهێنی کە شەش مانگ پێشتر تێک چوو بوو، دەست پێی بکاتەوە. وتووێژەکانی پێشتر هیچ ئاکامێکیان لێ نەکەوتبووەوە. عەبدولڕەحمان دەیوت کە رژیمی تاران لەگەڵ ئەوەی کە ئامادەیە ڕێفۆرمێک بە قازانجی کوردەکان قەبووڵ بکا، لە باسەکانیدا سوور بوو لەسەر خودموختاری بۆ خەڵکی کوردستان. ئەمە پۆختەی چاوپێکەوتنێکە کە مارک کراڤێتس لەگەڵ دوکتور قاسملوو پێش تێرۆرەکەی لە پاریس ئەنجامی داوە و لە درێژەی نووسینەکەی دا دەنووسێ:

چەند هەفتەیەک پێش تێرۆری دوکتور قاسملوو، ناوبراو لە پاریس بانگهێشتنی کردم بۆ ئەوەی پێکەوە پەرداخێ شەراب بخۆینەوە. زیاتر لە ساڵێک دەبوو کە یەکترمان نەبینیبوو. ناوبراو زۆر دڵخۆش هاتە بەرچاوم. من تازە لە تاران گەڕابوومەوە چوونکە بە نوێنەرایەتی ڕۆژنامەی لیبراسیۆن بۆ لێکۆڵینەوەی بەخاک سپاردنی خومەینی چووبوومە تاران. مردنی خومەینی ببووە باسی سەرەکی ئێمە و عەبدولڕەحمان وتی: “ئێوە کە لە کاتی گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران، ئامادە بوون و ئێستاش شایەتی چوونی واتە مردنی خومەینی بوون”.  وتەیەکی زۆر کورت بوو بەڵام بەباشی شتەکەی باس کرد. منیش ئەوەم باس کرد کە شانازی ناسینی لەگەڵ ناوبراو قەرزاری خومەینی و شەڕێکم کە خومەینی دژی کوردەکانی ئێران هەڵیگیرساندبوو. دوکتوریش سەرەڕای دڵنیابوونی، ئەوەی پشت ڕاست کردەوە کە زیاتر لە دە ساڵە یەکتر دەناسین. پاشان باسی بیرەوەری مهاباد و ئەو گوندەی کە یەکتر یەکمان ناسی، قسەمان کرد. لە نێوان قسەکانمان دا ناوبراو وتی: “ئێوە بڕیار بوو کە کتێبێک بنووسن. منیش پرسیم: “کتێبێک لە سەر ئێوە؟” ئەگەر لە سەر ئێوە بێ زۆر باشە”. وەڵامی دایەوە: “نە، بۆ کەس سەرەنج ڕاکێش نیە”. بەڵام ئەگەر لە سەر مێژووی کورد بێ، دەتوانم ماتەریاڵی زۆر سەرەنج ڕاکێشت پێی بدەم”.  پاشان وتی لە بیریدایە لە پشووی هاویندا دووبارە بگەڕێتەوە بۆ پاریس. لە هەمان کاتدا کە ئامادەی چوون بوو بۆ چاوپێکەوتنێکی تر وتی:” بیر لەو کتێبە بکەرەوە”. (واتە نووسینی کتێبێ لەسەر مێژووی کورد).

Marc-Kravetz

لە کاتی قسەکردنماندا لەگەڵ عەبدولڕەحمان پرسیم ئایا بە مردنی خومەینی هەلومەرجێکی نوێ لە ئێراندا بە سوودی کوردەکان دەست پێی دەکا؟ نابراو زۆر بە کورتی وەڵامی دایەوە و وتی: “هەلومەرجێکی نوێ پێش هاتووە، بەڵام دەسەڵات هێشتا بەدەستی هەمان کەسانە و دەبێ چاوەڕێ بین و بزانین چی ڕوو دەدا”. هەرچەند زۆر شتی ترمان باس کرد بەڵام ئەوەم نەزانی ئایا لەو کاتەدا هیچ بڕیارێکی چاوپێکەوتنی لە وییەن دابوو یان نە. هەر جۆرێک بێ عەبدولڕەحمان لە جێگا و شوێنی وتووێژ کردنەوەکەی لەگەڵ کەسانی سەر بە رژیم لەگەڵ مندا هیچی نەدرکاند. هەرچەند چاوپێکەوتنی ئێمە لەسەر کاروبار نەبوو. دانیشتنەکەمان تەنیا لەسەر سەفەری دووبارەی ناوبراو بوو بۆ پاریس لە داهاتوودا، بەداخەوە نەمزانی کە ئەمە دەبێتە دوایین چاوپێکەوتنمان و پاش ماوەیەکی کەم لە وییەن دەبێ لێکۆڵینەوە لە سەر تێرۆرەکەی دەست پێی بکەم.

مارک کراڤێتس دەنووسێ کاتێک قاسملوو لەسەر ئارمانی کوردەکان قسە دەکا، هیلاکی بۆ نیە. لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا کە دەمناسی، زۆر جار پێش دەهات کە لەسەر زۆر شتی جۆراوجۆر کە حەزی لێ دەکرد وەک فەلسەفە، هۆنراوە و شەرابی فەرانسە قسەی دەکرد، لە ڕاستیدا شارەزا بوو، ئۆستاد بوو. ناوبراو لە درێژەی باسەکەدا دەنووسێ، من لە ڕێگای دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو تەنانەت خۆمیش بە قەرزاری ناوبراو دەزانم کە کوردەکانم ناسی، بە هێزو توانایەکی بێ وێنە ئەم میللەتە لەبواری بەرخۆدان و عشق بە ئازادی ژیان ئاشنا بووم، بەرزتر لەوەش لەگەڵ ڕێبەرێکی سیاسی ڕووبەڕوو بووم کە وێنەی لە سەر ئەم کورەی خاکییە کەمتر دەبینرێ، سەرەڕای ئەوەش حەز ئەکەم لێرەدا هەندێک تایبەتمەندیەکانی کەسایەتی ناوبراو باس بکەم.

Dr-Qasmlo--

هەموو کەس بە دوکتور بانگیان دەکرد. منیش دەبێ دان بەوەدا بنێم کاتێک عەبدولڕەحمان قاسملووم بۆ یەکەم جار لە دەفتەری کارەکەی لە مهاباد بینی، بەخۆش باوەڕی وام زانی سکرتێری حیزبی دیموکرات کوردستانی ئێران لە ژیانی تایبەتی خۆیدا تەنیا پزشکێکە. بەڵام خێرا بۆم دەرکەوت کە دوکتۆرای لە بەشی زانستی ئابوری و زۆر شتی تر دا هەیە. هەرچەند ئەم کردەوە ناشیرینانەی من لە ڕووی ئەوەی کە تا رادەیەک زانیاریم هەبێ، نەبووە. گەرچی لەو سەردەمانەدا لانی کەم لە زۆربەی ڕۆژنامەکانی ئێمە لە سەر کوردەکانی ئێران بێ زانیاری بوون. ئەوەش بڵێم بەرپرسی زۆربەی ڕاگەیاندنە گەورەکانی ئێمەش دەیان وت ئەم جۆرە زانیاریانە خەڵک نایان کڕێ. (واتە زانیاری لە سەر پرسی کور و بزووتنەوەکانی کورد). پاش گەڕانەوەی خومەینی، کێشەی کورد بوو بە کێشەیەکی گەرم و گوڕ و بوو بە سەروتاری زۆربەی ڕۆژنامەکانی دەرەوە. کراڤێتس دەنووسێ کە هەموو دەزانن خومەینی بە ئاشکرا هەڕەشەی لە دوکتور قاسملوو دەکرد. ئەوە بوو دوکتور وەک نوێنەری گەلی کورد بۆ “مجلسی خبرگان” هەڵبژێردرا و کاری مجلسیش دانانی یاسا بوو بۆ ئێران. بەڵام بۆ ڕۆژی کردنەوەی مجلسی خبرگان دوکتور قاسملوو ئامادە نەبوو. دیارە پێشتر بە دوکتوریان ڕاگەیاندبوو کە بەشداری کردنەوەی مجلس نەبێ. ئەو ڕۆژە خومەینی ڕاستەوخۆ هەواڵی دوکتور قاسملووی پرسی کە هاتووە بۆ مجلس یان نە؟ خومەینی لە بەر کامێرای تەلەڤزیۆن و لە لای ئەو خەڵکانەش وتبووی: “بەداخەوە نەهاتووە! گەر دەهات، هەر ئێستا دەمگرت و دەمدا یەکسەر گوللەبارانیان بکردایا.”  کراڤێتس دەنووسێ” لە دوکتورم پرسی بۆ خومەینی دەیەوێ بتکۆژێ؟ وام دانابوو کە دوکتور ئێستا بە دوورودرێژی باس دەکا و دەڵێ ئەمە بەرنامەیەکی بەربەڵاوە. بەڵام ناوبراو زۆر بە کورتی وتی من هەم قاسملووم و هەمیش کوردم، ئەمەش بۆ ئەوانە واتە دوژمنەکان بەسە کە من کوردم و لە پێناوی رزگاری نەتەوەی کورد تێدەکۆشم. ئەمەش بۆ من گەورەترین شانازیە. (واتە کوردە). دوکتور لە درێژەی قسەکانی دا وتی: “لە مهاباد لە خەڵکانی جۆراوجۆر وەک جوولەکە، مەسیحی، بەهایی و بێ دین و هەروەها زۆر کەسانی تر کە لە تارانەوە هەڵهاتوون، لە مهاباد دەژین. بۆچوونی ئێمە لەسەر ئیسلام لەگەڵ بۆچوونی خومەینی جیاوازە. کوردەکان باشتر لە هەر کەسێکی تر لە دەرد و ڕەنجی کەمە نەتەوەکان تێدەگەن”.

کراڤێتس لە درێژەی نووسینەکەیدا دەنووسێ لە یەکەم چاوپێکەوتنم و ئەو هەست و هەڵسەنگاندنانەی کە لەسەر قاسملوو هەمبوو لە چاوپێکەوتنەکانی تریدا بە تەواوی بۆم ئاشکراو بوون و هەمووی بەڕاست دەرچوون. من هیچم لەسەر مێژووی تاکەکەسی ناوبراو نەدەزانی، بەڵام تێگەیشتم کە سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە جۆرێکی تر، هەم ڕێبەری سیاسی و هەمیش نیزامی بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز لە جیهانی سێهەم، لەو دەورانەدا کەڵکمان لە”ئیستلاحی” جیهانی سێهەم وەر دەگرت و وەک ڕۆشنبیر دەهاتە ژماردن و لەو بوارەشدا هیچ شکم نەبوو.

ناوبراو دەنووسێ هەرچەند ئامریکا ئەوەی یاساغ کردبوو کە ئیجازەی چوون بە دوکتور قاسملوو نەدا بە هۆی ئەوەی کە پێشتر بیروباوەڕی چەپی هەبووە، بەڵام لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٩٨٩ کۆشکی سپی دوکتور قاسملوویان بانگهێست کرد بۆ ئەو وڵاتە و لە کۆشکی سپی لە سەر پرسی کورد و هەلومەرجی ناوچەکە قسە بۆ ئەندامانی کۆنگرە بکا. گەرچی دوکتور زۆر چاوەڕوانی ئاکامی سیاسی نەبوو بەڵام بایەخێکی زۆری بەو سەفەرەی دەدا کە لەوێ کێشەی کورد بە باشی بناسێنێ و گرنگی بەو سەفەرە دەدا، کە هەرگیز ئەو سەفەرەشی نەکرد…

درێژەی هەیە…

https://peshmergekan.com


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی