بیست و چار ساڵ لەمەوپێش، لە ١٣/٧/١٩٨٩، دکتۆر ئاوڕەحمانی قاسملو و دوو لە یارانی وی بەدەستی مرۆڤکوژانی ڕژێمی فرقەیی ئێرانێ لە ئوتریش شەهید کران. ئەو شیعرە پێشکەشە بە بیست و چارەمین ساڵوەگەڕی شەهید بوونی ئەو ڕێبەرەی کوردستانێ.
————— ——————– ———————
بۆ دکتۆر قاسملو
ڕۆحیکی پاک بووی
لە ئێوارەێیکی هاوینیی پەڵەی هەوری ترست دەشکاند
لە ئایەتولا ئەهریمەنەکان یاخی بووی
نهێنییەکانت دەپشکنی و لە لووتکەی خۆر دەنیشتیەوە
عەوداڵی دونیای ئازادیی بووی
دەمێکیان وەکوو گیانێکی باوەڕ بەخۆ هاتیە خوار و
لەسەر ترۆپکی گفتوگۆ
بەسەر قەنارەی مەرگ و مەنفا شۆڕ بوویتەوە
تۆ لە کاروانسەرای خاکێکی سووتمەڕۆ
لەسەر شۆستەی سبحەینەکان
شەختەی دیلێتییت دەتاواندەوە
بە ناو کاناڵی ترس و تۆنێلی خوێن سەفەرت دەکرد
وێنەی وڵاتێکی دیلت لە تیشکی خۆر
لە تریفەی مانگەشەو، لە سرووشتی جوانی وەرزەکان و
لە سادەیی ئەو غوڕبەتە درووست دەکرد
ئێوارەیێک ڕۆحت کەوتە ناو هەناوی مەرگ و
بۆ نەوەکانی میدیا ــــ بۆ
ئەم وڵاتە بێ پەرژینە بوو بە مێژوو
لە ڕۆژێکی هاوینییدا تۆ ون بوویت و
نە تۆ کوردستانت دیتەوە و نە کوردستانیش تۆ
تۆ هەڵوەدا بوویت و ڕۆحت لە مەنفا بزر بوو
نیشتیمانیش لە هەژمەت تۆ خۆی لە تەم گرت و سەراپا خەم بوو.
دوکتۆر کرمانج گوندی