"an independent online kurdish website

كارەساتی شەهیدکردنی گەورە پیاو و رێبەری كوردستان و نیشتمانەكەم زۆر لەوە جەرگ برتر و بەژانترە كە زمان باسی بكا و قەڵەم بینووسێ،dr-qasmlu-10-

ئازاری نەبوونی تۆ ئەی سەرداری سەردارەکان ئازارێكی بێ كۆتایی ‌و برینێكی سارێژ نەبوویە… ئەی جەنگاوەری ئازادی كە لەو كارەساتە هەژێنەرەدا گیانت بەخشی، باش بزانە كە جگەر گۆشە و رۆڵەكانت هەموو رۆژێ بە ئازارەوە دەمرن و زیندوو دەبنەوە.

ئەی جەنگاوەری ئازادی جەستەی پڕ لەبرین و زامی تۆ ساڵانێكە بۆتە تەزوویەكی تەزیوی قورگی نیشتمانەكەم، 24 ساڵ لەمەوبەر و لەسەرەتای وەرزی هاویندا، ئەو كاتەی پێشمەرگە و وەفادارەكانت لەدوندی سەربەرزی دوژمن تەزێنی قەندیل سەرەڕای هەموو مەینەتییەكانی ژیانیان و چێشتنی هەموو ئازارێكی پێناسە نەكراو، بەڵام  بە ورە و وزە و هیوا بە دوارۆژی كوردستان لەسەنگەردا بوون، تۆ بیرت لەحەماسە و داستانێكی پڕ لەتراژیدیا بەڵام هیوا بەخش دەكردەوە، ئەو كاتەی پێشمەرگەكانت سەرقاڵی خۆڵقاندنی حەماسە و ئاگردانی ویژدانی بێ‌ویژدانەكان بوون و هەوڵیان بۆ تۆمار كردنی مێژوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی زێڕینی دیكەی خەبات لەپێناو ژیاندا دەدا، لەچركە سات و چاو تروكاندنێكدا، شیرازە و ریسا و یاسای هەموو شتە چێنراوەكان پچڕا و كوردستان و كوردستانییەكان روبەڕووی كارەساتێكی هەژێنەر و مرۆیی بوونەوە، كە بۆ هەمیشە لەبیر ناچێتەوە.

ئەی مامۆستای دێمۆكراسی و ئەندازیاری سیاسەتی جیهانی و پشتیوانی بێ‌پشتیوانەكان ئەو ساتانەی كە دەنگی حەقخوازنە و راست بێژانەی تۆ بە ئاگری چەك و بۆنی ناخۆشی باڕووت بێدەنگ كرا، ئەو كاتە بوو كە زەردە خەنەی سەر لێوەكان مردن و تارمایی شەوە زەنگێكی بێ‌كۆتایی باڵی بەسەر قەندیل و كوردستاندا كێشا و هەنیسكە هەنیسك و گریانی كۆرپەلەكان كش و مات كران. ئەی دكتوری زانا و رووگەشی كورد یاد و ناوی تۆ هیچكات لەیاد و بیرەوەری و دڵی خەڵكی كوردستاندا ناسڕێتەوە.

ئەی دكتوری بێ‌دەرەتانەكان ئەو كاتەی كە دونیا دەیوت بۆچی دەبێ شەر بكەین؟ تۆ بە قەڵەمی شۆڕشگێڕی فێرت كردین و بۆت نووسین بۆ چی دەبی شەڕ نەكەین و فێرت كردین كە ئێمە پارتیزانین و لەهەر شوێنێك نادادپەروەری هەبێ پارتیزانیش دەبێ هەبێ‌، مامۆستای گەورە ئەو كاتانەی كە سەهۆڵ بەندانی ئەندێشە باڵی بەسەر دونیادا كێشابوو تۆ ویستت ئەو سەهۆڵ بەندانە بتوێنیتەوە و بەهاری پڕ لەخۆشی بۆ كوردستان بە ئەرمەغان بێنی.

ئەی قاسملووی رێبەر و شۆڕشگێڕ ئەو كاتەی كە كوردستان دەیویست تەزووی ساردی زستان لە جەستەی فرێ‌بدات، هەورێكی رەشی چڵكن، لەناوەختا و لەهاویندا ئاسمانی گەشی كوردستانەكەم و دڵی ساماڵ و روونی پارتیزانەكانی شێواند و چاوە پڕ لەحەز و گەشبینەكانی، رەشبین كرد و فرمێسكی حەسرەتی بە كوردستان هەڵوەراند.

 شایەت تەنیا دایكێك بزانێت، كاتێك رۆڵەكەی لەپێش هەڵدەگرن و دیدار ئاخری لەگەڵ دەكات، چ ژانێك د‌ەڕژێتە دڵێیەوە، تۆ بڵێی ئەی ئەگەر باوكی شۆڕشگێڕانیان لێ‌دەستێنن، بڵێی چ ئازار و ژانێك سەرتاپای رۆڵەكانی بگرێتەوە، بەڵام ئەی رێبەری گەورە و دوور ئەندێش ودڵ پڕ هیوا، منداڵەكانی 24 ساڵ لەمەوبەر ئێستا لاوانی پڕ لە هەست و نیشتمانپەروەری كوردستانن و ئەو منداڵانەی كە 24 ساڵ لەمەوبەر تۆ لەپێناو خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزەرانیاندا خوێنت كردە گەشەی بیر و هزری ئەوان ئێستا بۆ خۆیان پێ‌گەیشتوون و سروودی ئەی رەقیب و دروشمی قاسملوو قاسملوو رێگا و رێبازەكەت درێژەی هەیە دەنووسن و دەڵێنەوە.

خەڵكی كوردستان هەمیشە ئەو بیرەوەرییە تاڵەی لەبیرە كە لەرۆژێكی گەرمی هاویندا كە وەكوو هەمیشە گوێیان بۆ رادیۆ خنجیلانەكەی دەنگی كوردستانی ئێران راگرتبوو لەناكاو دەنگێگی ئاشنا بەڵام جیاواز لە رۆژان و هەواڵێكی تایبەت بەڵام پڕ لەتاسە و دڵتەزێن، ئاواییەكانی كڕومات، تریفەی‌كزی چرای ماڵەكانی كوژاندەوە، تاریكستان كێوەكانی داپۆشی، تۆ بڵێی چی بێت؟ بنكەی شۆشگێڕانیش بێدەنگ! دەنگی غەمباری شێربەگیش كز و رادیۆش هێشتاكە هیچی نەوتووە! لەناكاو هەواڵی شەهید كرانی گەورە رێبەری كوردستانەكەم  بەدەستی هەوەسی گڵاوی جەلادەكان و تێنووی خوێنی تۆ، هەموو تەپەتەپی لێدانی دڵەكانی كرد بە رۆژی ماتەمینی و رێبوارانی تۆ هەزار جار مردن و زیندوو بوونەوە.

هەر چەندە كوردستان و هەموو دڵ بە خەمانی ئەو كات لەو ساتەوە هەتاكوو ئێستاش حەسرەت لەحەزەكانیان دەبارێ‌و لەخەمی نەبوونی تۆدا بە دەنگێكی هەناسە گیراو بە ئەسپایی دەڵێن “خۆزگە لەدەست نەچووبای” بەڵام هەموو ساڵێك لە رۆژی لەدەست چوونی تۆ ئەی مامۆستای ئەخلاق و مرۆڤایەتی بە تینتر، بە گۆڕتر و شۆڕشگێڕانەتر لەو كاتە، یادی تۆ بەرز و پیرۆز رادەگرن و خۆیان بە قوتابیی قوتابخانە دێمۆكراسییەكەی تۆ دەزانن وهەتا ئێستاش هەناسەی هەموو هەناسەسواران بۆ ساتێك ئارام نەبۆتەوە.

هۆ دكتورەكەم لەساڵیادی لەدەست چوونی تۆدا هەموو كوچە و كۆڵانی شارەكانی كوردستان، بست بە بستی چیا و بن دار و پێدەشتە سەر سەوزەكان و سەرچاوەی كانیاوەكان، لەلایەن تامەزرۆیانی ئازادییەوە بە یاد و ناوی تۆ ئەی جەنگاوەری ئازادی دەرازێنرێتەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی