"an independent online kurdish website

مەجید پاڵانی
لەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دوور و نزیکییەوە، لە ھەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ھزری، کولتووری، ئایینی، جوغرافیایی و … ھتد، گۆڕانکاری پێک ھاتووە و ئەم ڕەوتە ھەربەردوامیش دەبێ. ئەگەر بەچاوی بینی ڕاستییەکان و بە گوێی بیستنی دروستییەکانەوە بڕوانین و ببیسینmejid_palani_001

مێژووی ھەلسوکەوتەکانی مرۆڤایەتی بە گشت جۆرەکانییەوە، دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە مێژوو شەرمی لەکەس نییە و ھەموو شتێک تۆمار دەکا.

جاروبارە لەگەڵ ھندێک کەس بەرەوڕوو دەبم و سەبارەت بە ئەرکە کۆمەڵایەتییە ڕۆشنبیرییەکان دەکەومە ئاخافتن، بەداخەوە ژمارەیەک لە ھاونیشتمانەکانم ئەوە بە ئەرکی خۆیان نازانن و لەو وڵامدا دەڵێن “دونیا بە من ناگۆڕدرێ” منیش لە وڵامیاندا دەڵێم “منیش دەتوانم دڵۆپێک بم لە دەریای پێکھێنەرانی ئاڵوگۆڕەکان”

ھەروەھا درێژەی پێدەدەم و دەڵێم “تاکەکانن دەبن بە کۆمەڵ”

“ھەزار لە یەکەوە دەستپێدەکا”

کەوایە، بە ڕای من، ئەوە ئەرکی سەرشانی ھەموو تاکێکی کۆمەڵی کوردەوارییە، بەپێی لێزانی و ھەستکردن بە ئەرکی نیشتمانی کۆمەڵگا بەرەو ڕۆشنبیری بەرێ. نابێ لەوە سڵ بکاتەوە کە لە لایەن ھندێک کەس و کەسانی ناڕۆشنبیرەوە لۆمەی دەکرێ، دەخرێتە بەر تانەو تەشەر، یان بگرە ھەڕەشە و جنێوپێدرانیشەوە، چوونکە لە کۆمەڵگەیەکی لەدواکەوتووی ڕاگیراودا، دەبێ کەسی ڕۆشنبیر ئەو چاوەڕوانییەشی ھەبێ، دەنا ناتوانێ ھەنگاو بەرەو گۆڕانکاری لە نێو خەڵکەکەیدا ھەڵگرێتەوە.

 وەک دەبینین و دەخوێنینەوە و دەبیسین، ھەموو بوارەکانی پەروەردەیی کۆمەڵایەتی، ئایینی، ئابووری، کولتووری و ،،، تاد، گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، کەوایە، ئێمەی کۆمەڵی کوردەواریش پێویستە پێ بە پێی وڵاتانی پێشکەوتووی جیھانی بچینە پێش و ئاڵوگۆڕە زانستییەکانی سەردەم پەسەند بکەین و ملی پێ بدەین، دەنا لە کۆمەڵگەی جیھانی دوا دەکەوین.

ئەوە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە کە لە درێژایی مێژووی ئایینیدا بە ھەموو یانەوە، چ ئایینەکانی یەکخوا پەرەستی و چ ئەوانی دیکەش، بەسەدان و بگرە ھەزاران لێکۆڵەر، موفەسیر، شیکار و چی و چی لەسەر گشت پەرتووکە زەوینی و ئاسمانییەکان واتای جۆراوجۆریان لێداوەتەوە وتەنانەت زۆرجاریش لێدانەوەکانیان یەکناگرێتەوە و بگرە دژایەتیش لە نێوانیاندا دەردەکەوێ. دەبێ دان بەو ڕاستییەشدا بنێین کە زۆرجار بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی لە لایەن بەناو پارێزەری ئایینەکانەوە، کەڵکی خراپ لەو پەرتووکانە وەرگیراوە و تای تەرازووەکەیان بەلای بەرژەوەندیخۆیاندا قورستر کردووە. زۆرجار لەجلوبەرگی جۆراوجۆری ئایینی و بە زمانی جۆراوجۆر ھەوڵیان داوە ژمارەیەک مرۆڤی ساویلکەی خۆشباوەڕ بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و کەڵک لە دڵپاکییان وەرگرن.

بەڕای من، دەبێ ئێمەی تاکی کورد بە جۆری ئەمڕۆیی و بە پێی زانستی سەردەم واتا لەو پەرتووکانە بکەینەوە، بەواتایەکی دیکە، شێوەی تێگەیشتنی ئەمڕۆیی زۆر جیاوازە لە شێوە تێگەیشتنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، چوونکە پێشکەوتنی ئامێرەکانی گەیاندن و فێرکردن و بارھێنانەکانی ئەمڕۆ بە ھەزارانجار فەرقی کردووە. خراپ لێم تێمەگەن، ئەمە بەواتای رەدکردنەوەی نووسراوەکانی پێشوو نییە، بەڵکوو جۆری لێکدانەوەی ئەمڕۆییە بە پێی پێشکەوتووی تینۆلۆژیای سەردەم.

کەوایە، مەبەستم لە گۆڕانی زانستیانەیە کە سوود بە کۆمەڵگەکەمان بگەێنێ، نەک گۆڕانی بەرەو دۆڕان کە زیانمان پێ بگەێنێ.

پێویستە بە چاوێکی کراوەوە تماشای ڕابردوومان بکەین، ئەوەی کە زیانی بە بەرەکانی ڕابردوومان گەیاندووە، ئێمە دەبێ وەلاینێین، ئەوەش کە سوود بەخش بووە دەبێ دەرسی لێوەرگرین و نەوەکانی دوای خۆمانی پێ فێرکەین. نابێ ھەوڵی ئەوە بدەین کە منداڵەکانمان کوپییەک بن لە خۆمان بە ھەموو چاک و خراپەکانەوە. زۆر پێویستە پەنجە لەسەر ھەڵە و کەموکۆڕییەکانی خۆمان دابنێین، تا منداڵەکانمان بتوانن دووری لێگرن.

لەکۆتاییدا، ھیوادارم ئەم کورتە نووسراوەیە جێگەی ڕەزامەندی خوێنەران بێ.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی