هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن ماوەی هەفتەیەکە باس و بابەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و دیاری کردنی کۆمیتەیەکی ئامادەکاری ٢١ کەسی و دابەش کردنی ئەو ژمارەیە بە سەر بەشەکانی کوردستان دا، زۆر گەرمە.
کۆمەڵیک ئەحزاب لە ئاکامی دیاری کردن ، یان هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی هەرکام لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بە جۆرێک ناڕازین و ئەو ناڕەزایەتیەش لە میدیاکان دا دەردەکەوێ.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ویستم ڕا و بۆچوونی چەند کەس لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان وەربگرم، و وەک خۆیان بڵاویان بکەمەوە. هەر لە ئێستاوە رادەگەیەنم کە نە ئەو کارەی من پەیوەندیی بە هیچ حیزبێکەوە هەیە، نە ڕاو بۆچوونەکان دەربڕی سیاسەتی هیچ حیزبێکن، هەرهەمووی ئەو بەڕێزانە ڕای شەخسیی خۆیان دەربڕیوە و بەس .
پرسیارەکە ئەوە بووە کە ، ڕای بەڕێزان سەبارەت بەو کێشەیەی کە هاتۆتەوە ئاراوە چیە؟
ئامادەکار : کاووس عەزیزی
——————————-
عەلی قەنبەری: من پێموایە، ئەوە شتێکی سروشتی یە کە لایەنێک لە هەڵبژاردنێکدا دەنگ ناهێنێتەوە ناڕازی بێت بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە. ئەمە بە تایبەت لە کولتووری وڵاتان و خەڵکانی لای ئێمەدا بە داخەوە بۆتە باو . دڵنیام هەر کام لەو لایەنە بەڕێزانە کە بۆ خویشیان بەشداری ئەو دەنگدانە بوون، دەنگیان بهێنایەتەوە، ئێستە داکۆکییان لە نەتیجەی هەڵبژاردنەکە ئەکرد . من ناڵێم کام لایەنی سیاسی زۆرتر قوربانیداوە، زۆرترین پشکی فیداکاری و بەرەنگاریی لە خەڵکی کوردستانی وەبەر کەوتووە. ئەمانە دەبێ خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەزاوەتی لە سەر بکەن.
من ئەڵێم ٩ لایەن لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت کراون. بڕێار بوو لە نێوئەو نۆ لایەنە دا پێنج نوێنەر هەلبژێردرێت بۆ کۆمیتەی ئامادەکاری کونگرەکە . لە ڕێگای هەڵبژاردنێکەوە کە هەر نۆ لایەنەکە تێیدا بەشدار بوون، نوێنەرانی ئەو پێنج لایەنە دەنگیان هێناوەتەوە. خۆزگە ئەخوازم کە دەرفەت بۆ لایەنیتریش هەبوایە. بەڵام مەجاڵ و ئیمکاناتەکان هەر ئەوەندە بوونە. کۆمەڵەکان و دیموکراتەکان سەرەڕای هەر کەم و کورتی و ڕەخنەیەک کە دەکرێ لە سەریان هەبێت، بە بڕوای من جێگە و پێگەدارترین و سەربەخۆترین حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. هیچ بڕیارێکی سیاسی لە سەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ بەشداری ئەو لایەنانە بە کردەوە ئیمکانی نابێت! بەڵام، من پێموایە با ناڕەزایەتی ئەو کەس و لایەنانە نەکرێتە باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەوانەیە کە لایەنێک ، یان کەسانێک پێێان خۆش بێت کە بۆ ماوەیەک خەڵک بە ئەم باسانەوە سەرگەرم بکەن و لەو ڕێگاشەوە هێرشێک لە دژی کۆمەڵەکان و دیموکراتەکان دەست پێ بکەن.
سۆران کەرباسیان: کاتی خۆی کێشەیەکی زۆر لە ناوبەری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بۆ پێکهێنانی بەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. ئێستا ئەو کێشەیە لە کاتێکی وا هەستیاردا خەریکە بە جۆرێکی دیکە خۆی دەنوێنێ. من پێم باشترە لە هەر حیزبێکی ڕۆژهەڵات ئەندام بۆ ئەو کۆنگرەیە بنێردرێت. پێویستە پلۆرالیزمی فکری و سیاسی بە هەندێک سازانی ژێرەوە بایکۆت نەکرێ. ئەوەی لە ئێستادا دەیبینم ئەوەیە کە لە کەرەستەی دێمۆکراتیک بۆ کوشتنی دێمۆکراسی کەڵک وەرگیراوە. حیزبەکانیش پێویستە ئەمە بزانن کە بڕیار لە داهاتوودا بۆ دەنگی تاک لە هەڵبژاردنێکی دێمۆکراتیکدا دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە هەر حیزبێکی سیاسیدا پێویستە بواری ئەوەی بۆ برەخسێ کە سیاسەتی خۆی بلێزێ. جوانی نیشتمانی من بە ڕەنگاوڕەنگییەکەیەتی. من بە شکاک و ئەردەڵانی و بابانی و بارزانی و کورمانجەوە جوانم. هەورامانم بەهەشتی سەر زەوییە و هەولێر و کەرکووک هەمان واتەی پیرۆزی مەهابادیان بۆ من هەیە. کورد خاوەنی مێژوویەکی سیاسی دێمۆکراتیکە و پێویستە لەم گرنگەشدا ڕێز لە فکرە جیاوازەکان بگرێ. لە نیشتمانی من پێویستە ئاتێئیست و ”اسلامی” و ڕاست و چەپ و لێبێراڵ بواری خۆدەرخستن و بەشدارییان هەبێ. لە کۆتاییدا من لە سەر ئەو بڕوایەم کە لە پارتی دێمۆکراتی کوردستان تەنیا هێژا کاک ”مسعود” بارزانی بۆی هەبێ بەشداری کۆنگرە بێ. لە ی.ن.ک بە هەمان شێوە یەک نەفەر هەڵبژێرن. حیزبەکانی دیکەی هەر کوێی نیشتمانیش تاقە یەک نوێنەریان هەبێ و تەواو.
هەمزە ئاگووشی: من تا ئێره زیاتر وهک کۆنگرهیهکی حیزبی دهیبینم تا کۆنگرهیهکی نهتهوهیی . ههر لایهنهی دهیهوێ ئیرادهی خۆی بهسهر ئهو کۆنگرهیهدا زاڵ بکات و بیخاته ژێر رکێفی خۆیهوه . ئێمه باس له یهکگرتوویی نهتهوهیی دهکهین و دروشمی ئهو کۆنگرهیهش ههر ئهوه بووه، بهڵام له دهستپێکی کارهکانهوه مهسهلهکه بهرهو ئاقارێکی دیکهدا دهڕوات و گیانی حیزبایهتی درز دهخاته نێو ستراژییهکهوه . ههر هێزهی دهیهوێ هێزهکانی نزیک له خۆی پهلکێشی ناو کۆنگره بکات و ئهمهش لهو دوو کۆبوونهوهی رابردوودا به ئاشکرا دهرکهوت . ئهگهر ئێمه باوهڕمان به دێموکراسی و دهنگی زۆرینه ههیه، کهواته دهبێ رێزی لێ بگرین . کورد له رۆژههڵات 5 کورسی بۆ ئهو لیژنه 21 کهسییه ههیه و ئهم 5 کورسییهش لهنێو 9 هێزی رۆژههڵاتدا ههلبژاردنی بۆ کراوه و باش یان خهراپ ئهو کورسییانهش به دیموکراتهکان و کۆمهڵهکان بڕاوه . ئیتر ناکرێ دهستتێوهردانی دیکه ههبێ و ههر لایهک لایهکی دیکه دنه بدات و بهرچهسپی ههڵبژاردنی نادیموکراتێک و گهلهکۆمهکی و چووزانم چهندین دهستهواژهی تری لێ بدرێ.
ئەیاز سیاوەشان: بە ڕای من ئیعترازی ئەو سێ لایەنە کە جەنابت ئاماژەت بە ناوەکانیان کردووە، لە جێگای خۆیدایە. چوونکە:
١_ لە هەر ڕوانگەیەکەوە سەیری بکەین دابەشکردنی ئەو پێنج کورسییە لە نێوانی سێ کۆمەڵە و دوو دیموکراتدا، بێعەداڵەتییە. بە پێی کام فاکتۆر و کام ئارگۆمێنت، سێ لایەنی کۆمەڵە خاوەنی سێ کورسی بن بەڵام دیموکراتەکان خاوەنی دوو کورسی؟(تەنانەت بەشی زۆر بەر کۆمەڵەکان کەوتووە!) ئەگەر تەنیا بوونی فیزیکی حیزب لە ئارادا بێت، ئەوا هەم پژاک و هەم پاک و هەمیش خەبات، خاوەن تەشکیلات و حیزب و مێژووی تایبەتی خۆیانن. پرسیاری سەرەکی لێرەدایە کە لایەنێک لە کۆمەڵەکان(حیزبی کومونیستی ئێران) باوەڕی بە کوردایەتی و ناسیوناڵیزم و مافی نەتەوەیی نییە بەڵکوو هێشتا خەون بە جیهانی سۆسیالیزمەوە دەبینێ و خەونەکەشی هێندە قورس و شیرینە، هێشتا نازانێ کە جوغرافیای سیاسی جیهان ئاڵۆگۆڕی بنەڕەتیی بە سەردا هاتووە، دەبێ لە کونگرەی نەتەوەیی کورددا چ خەونێک بۆ کورد ببینێت؟
٢_ ئایا رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا موڵکی دیموکرات و کۆمەڵەیە؟ ئایا هەر هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان وەک دیموکرات و کۆمەڵە بیر دەکاتەوە؟ ئایا ئایدئولوژی و جیهانبینی و هێز و رێخراوی دیکە جگە لە کۆمەڵە و دیموکرات، لە رۆژهەڵاتدا بوونی نییە؟ وەڵامەکان دیار و روونن!
٣_ بە ڕای من هەم کۆمەڵەکان و هەمیش دیموکراتەکان زیاتر لە حیزبەکانی دیکە خاوەن مێژوو و پێگەی کۆمەڵایەتین بەڵام ئەگەر باوەڕمان بە پلۆرالیزم و فرە دەنگی و فرە رەهەندی هەبێت، دەبێ ئیجازە بدرێت لایەنەکانی دیکە، بەشدار ببن چوونکە هەر کام لەو سێ لایەنە(هەر کام بە سەبک و شێوازی خۆی) نوێنەرایەتی بەشێک لە خەڵکی کوردستان دەکەن.
٤_ کومیتەی ئامادەکاری کونگرە، خۆ کورسیی پارلەمان و کورسیی وەزارەت و لە ئاکامدا دابەشکردنی دەسەڵاتی کوردستان نییە کە ئەوا حەساسیەتی لە سەر درووست بووە. هەر بۆیە تا لایەنی زۆرتر بەشداریی تێدا بکەن، دەوڵەمەندتر و بە پریستیژتر دەبێت و…
عەلی مونەزەمی: بە دوو شێوە ئێمە دەتوانین لێکدانەوە بکەین لە سەر ئەو کێشەیە: ١. رئالیستانە. ئەوەی کە نوێنەرانی لایەنەکانی نارازی بۆ خۆیان حزووریان هەبووە لە کۆبوونەوەی یەکم دا و یان دەبوایە هەر لە دەستپێکەوە بەشداری پرووسەی هەڵبژادنی نوێنەرانی رۆژهەڵاتیان نەکردبا، یان ئەوەی کە بەشداریان کردووە، دەبێ ئەنجامەکەشیان قەبووڵ بێ. ئەوان هەر وەها دەیانتوانی پێش بەشداریکردنیان، داوایان کردبا کە مکانیزمێکی دیکە دیاری بکرێ بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر. هەر لایەنێک بۆ خۆی بەرپرسیارە لە ئەنجامی کار کردەوەکانی. کاتێک کە هیچ داوایەکیان نەبووە و لە هەلبژاردن دا دەنگیان نەهێناوە، یان بڕوایان بە دێموکراسی و هەلبژادن نیە، یان ئەوەی کە دەیانهەوێ بە زۆر خۆیان بسەپێنن و دێموکراسیان تەنیا ئەو کاتە قەبووڵە کە لە بەرژەوەندی خۆیان دا بێ. نە مافی دەنگدانیان لێ زەوت کراوە و نە دەنگ وەرگرتن. کە وا بوو، دەبێ ئەنجامەکەیان قەبووڵ با و ئەو دژایەتی ئێستایان، بەو مانایە دێ کە نە بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆیان گرینگە و نە ئازادی و دێموکراسی. بە داخەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەراست و لە کوردستان دا زۆر کەس و لایەن هەن کە خۆیان بە ئازادیخواز و دێموکرات و پارێزەری بەرژەوەندی نەتەوەیی دەزانن، بە بێ ئەوەی کە تۆزقالێک کاراکتێری کەسایەتی دێموکراتیان لە وجوود دا هەبێ.
.٢ ئیدئالیستانە: دەبێ هەر لە دەستپێکەوە لێژنەی مێوانداری ئەو کۆبوونەوەیە مکانیزمێکیان هەبوایە بۆ بەشداریی هەموو لایەنەکان و حەتتا نوێنەرانی رێکخراوەکانی سڤیل و کوردەکانی دەرەوەی وڵات و کوردەکانی ئەرمەنستان و رووسیە و کوردەکانی بە زۆر کۆچپەرکراو لە نێوخۆی ئەو وڵاتانەی کە کوردستان بە سەریان دا دابەش کراوە، وەک کوردەکانی خۆراسان و ئیستانبۆل و … بەو شێوەیە نوێنەری هەموو لایەنەکان بەشدار دەبوو. بەڵام وەها کارێک وەخت و کەرەستە و هێزێکێ زۆری پێویست بوو و لە سەر ئەو بڕوایەم کە زۆر ئاستەم دەبوو وەها کارێک لە قۆناغی ئێستا دا زۆر عەمەلی بایە.