"an independent online kurdish website

دوێنێ شەو گوێم لە رووداو تیڤی ئەگرت، کە کاک خالید عەزیزی وەک بەرپرسی رێکخراوێکی سیاسی کورد، باسی چۆنیەتی خەباتی کوردی دەکرد لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.amir_alyasi

کاک خالید پێی وایە کورد باشترە هەوڵ بدات بە جۆرێک کۆماری ئیسلامی ئێران رازی بکات بۆ ئەوەی رێگە بدات کورد باسی مافی خۆی لە گەڵ بێنێتە گۆڕێ. باسەکەیم ئەوەندە پێ منداڵانە بوو،کە کەوتمەوە بیری هەلوێستی مناڵێکی خزمی خۆم لە ئۆردووگای رومادی، کە ئەم باسەش ئەگەرێتەوە بۆ 24 ساڵ پێش ئێستا. ئەو کورەی خزمی ئێمە تەمەنی مناڵ بوو، داوای لە باوکی ئەکرد کە ماشینێکی بۆ بکرێت، تەنانەت بەڵێنی ئەدا بە باوکی کە ئەگەر ماشینەکەی بۆ بکرێت، کاری پێ ئەکات و داهاتێکیش بۆ ماڵ دابین ئەکات.

بەڵام باوکی کورەکە بە گاڵتە وڵامی ئەدایەوە و ئەیگوت: رۆڵە بێ ئەقڵ مەبە، تۆ مناڵی و ناتوانی ماشین ئیدارە بکەیت، تۆ و ماشین کوجا مەرحەبا، راوەستە با گەورە بیت ئەودەم فکرێکت ئەکەم. مناڵەکەش هەر پێداگری ئەکرد و ماوەیەکی زۆر هەر چاوەروان بوو کە باوکی ماشینی بۆ بکڕێت، بەڵام هەرچی کرد فایدەی نەبوو. سەرەنجام رۆژێک کورە هات و بە باوکی وت: باوکە مادام ماشینم بۆ ناکری ئەکرێ داوایەکیترت لێ بکەم؟ باوکی وتی بەڵێ فەرموو. کورەکەی وتی: تۆ کە ماشینی راستەقینەم بۆ ناکرێ، کەوایە ماشینێکی مناڵانەم بۆ بکڕە. باوکی بڕێک پێ کەنی وتی: باشە رۆڵە، بەڵام تۆ ئەگەر بە قسەی باوکت بکەی قەت زەرەر ناکەیت.
کاک خالید عەزیزیش ئەڵێ  کورد کۆماری ئیسلامی پێ نارووخێت و لە بەنی نایەت، مادام  رۆحانی  مەیانەرەوە و هاتۆتە سەرکار، باشترە لێی نزیک بینەوە بۆ ئەوەی رێگامان بدەن برۆینەوە لە ئێران خەباتی سیاسی بکەین. وەک ئەوەی تا ئێستا کاک خالید نەیزانیبێت کە لە ئێران و لە ژێر دەسڵاتی وەلی فەقیح، تێکۆشانی سیاسی یانی چی. دەسڵاتێک کە خزمەتکار و گوێ لە مشتەکانی خۆی بە خاتری نارەزایەتی دەربریین ئەخاتە زیندان و ئەشکەنجە و ئازاریان ئەدات، دەسڵاتێک کە رێبەرانی کورد لە سەر مێزی وتووێژ لە وڵاتانیتر ترۆر ئەکات، پێم ناڵیێ چۆن رێگا بە تۆ ئەدات باسی مافی کورد لە تاران و لە ژێر رکێفی ئەودا بکەیت؟. کاک خالید پێت وانییە چوونەوە بۆ لای کۆماری ئیسڵامی و باوەرکردن بە بەڵێنییەکانی ئەو رێژیمە، بێجگە تەسلیم بوونەوە هیچ مانایەکیتری نییە؟

لە درێژەی ئەم کورتە رخنە و رادەربڕینەمدا، پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە، باش قسە کردن قەت بە مانای قسەی باش کردن نییە و،  قسەخراپ کردنیش بە مانای قسەی خراپ کردن نییە. هەربۆیە ئێمە پێمان وانەبێت ئەگەر کەسێک لە قسە کردندا باش قسەی کرد ، مانای ئەوەیە کە راو بۆچوونەکانیشی درووست و باشە و هەڵوێستەکەی لە جێی خۆی دایە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژەکەی کاک خالید لەگەڵ رووداو تیڤی دا، بەرێوەبەری بەرنامەکە روو ئەکاتە کاک خالید و ئەڵێ: ئێوە و هەموو رێکخراوە کوردییەکاتیتر هەڵبژاردنی ئەمجارەی   سەرۆک کۆماری ئێرانتان تەحریم و بایکوت  کرد، کەچی خەڵک چوون دەنگیان داو بە قسەی  ئێوەیان نەگرت.  کاک خالید لە وڵامدانەوەکەیدا بێ ئەوەی بچێتە سەر هۆی ئەسڵی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکەدا،  ئەڵێ: راستە و بەجورێک وڵام ئەداتەوە کە ئەبوا رێکخراوە کوردیەکانی رۆژهەڵات وایان نەکردبا و هەم خۆیان و هەم رێکخراوەکانیتری کوردستانی بە بێ ئاگایی لە وەزعیەتی ناوخۆی ئێران و درووست هەڵوێست نەگرتن تاوانبار ئەکات. یانی درووست وەک ئیسلاح تەڵەبێکی فارسی لایەنگری ولایەتی فەقیح وڵام ئەداتەوە و لەباتی تاوانبار کردنی کۆماری ئیسلامی، خۆیان تاوانبار ئەکات.

باشە کاک خالید بۆ مەگەر تۆ نازانی کە نیوەی خەڵکی ئێران نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیان نەدا؟ یانی تۆ نازانی زۆربەی ئەوانەش کە چوون و دەنگیاندا، لە ناچاری چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان؟ نەک لە بەر ئەوەی کە ئاخوند روحانییان پێ باش بووبێت؟ یانی تۆ نایزانی کە یارانەگر و ئیمدادی ئیمامگر و دانشگاهی و قوتابی و کارمەند و مامۆستا و بە گشتی ئەوەی بەشێوەیەک بەستراوە بە رژیمە، ناچارن و ئەبێ برۆن دەنگ بدەن؟ ئەگینا نانیان ئەبرن؟ تۆ لە رووداو تیڤی باسی ئەمانەت بۆ نەکرد؟ تۆ بۆ باسی ئەوەت نەکرد کە، لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەرۆک کۆمار بۆ خەڵک دیاری ئەکرێت، نەک خەڵک سەرۆک کۆمار دیاری ئەکەن. لە راستیدا تۆ بەو قسانەت خەڵکی کوردستانت نائومێد و بێ هیوا کرد،درووست لەم کاتەدا کە کورد لە هەموو سەردەمەکانی مێژووی خۆی ورە بەرزتر و بە هیواترە و لە ئامانجەکانی نزیکترە، تۆ نائومێدی و بێ هیوایی دەرئەبریت و بانگەوازی سەردانەواندن رائەگەیەنیت.
لەمانەش سەیرتر کاک خالید ئەڵیت: ئێمە واتە( خۆیان و رێکخراوە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) کە لە تاراوگەین، لە ویست و خواستی خەڵکی کوردستان بێ ئاگایین. هەربۆیە هەڵوێست و بریاری نەگونجاو ئەدەین. باشە من وەک بینەرێک بۆم نییە بپرسم: مەگەر تۆ ناڵێت ئێمە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان  ئەندامی تەشکیلاتیمان هەیە و پێوەندیمان هەیە لە گەڵ ناوەوە؟ ئەگەر راست ئەکەیت، چۆنە لەو رێگایەوە ناتوانیت بارودۆخ و شێوازی بیر کردنەوەی خەڵکەکەت بزانی و لە ویست و داخوازییەکانیان ئاگادار بیت؟ لەوش گرنگتر، تۆ کە نازانیت خەڵک چیان ئەوێت و داخوازییەکانیان چییە و هەڵوێستیان چۆنە، بۆ لە تاراوگەوە داوای مافەکانی ئەوان ئەکەیت و خۆت بە پێشەنگ و رێنیشاندەر و قەیومی ئەوان ئەزانیت؟. بەراستی سەیرە.  بەرێوەبەری بەرنامەکەش ئەیفەرموو: بە تۆ ئەڵێن قاسملووی نوێ و سەردەم!!!

بەڵام بۆچی کاک خالید عەزیزی بەم شێوەیە بیر ئەکاتەوە و  پێداگری ئەکات لە سەر ئەوە کە  کێشەی کورد لە گەڵ تاران، ئەبێ لە رێگای ئاشتیخوازانە و وتووێژەوە چارەسەر بکرێت. بە رای من بیرۆکەی کاک خالید هەمان ئەو بیرۆکەیە کە کۆنە توودەیی و چریکەکانی ئەکسەرییەت هەیانە. ئەوانە پێیان وایە بۆ ئەوەی بگەی بە ئامانج، درووست ئەوەیە کە لە رێگای پارلمان و هەڵبژاردنەوە خەبات بکەیت و لە گەڵ دەسڵاتدارانی وڵات، بکەویتە دانوستان و دیالۆگەوە. بەڵام وەک هەموومان ئەزانین و ئاگادارین، ئەم بیرۆکەیە بە تایبەت لە گەڵ دەسڵاتدارانی ئێران تاقی کراوەتەوە و شکستی هێناوە و بە ئامانج نەگەیشتووە.

هۆیەکیتری ئەوەی کە کاک خالید بەم شێوەیە پێداگری ئەکات کە کورد پێویستە لە دەسڵاتی ئاخوندی نزیک بێتەوە، ئەوەیە کە کاک خالید کەسی هەرە نزیک و بڕیار بەرێوەبەری مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادەیە و پێم وانییە بێ رەزامەندی ئەو بریاری سەربەخۆ بدات. بۆ ئەوەی بزانن مامۆستا لە سەر ئێران چۆن بیر ئەکاتەوە، پێم خۆشە شتێکتان بۆ بگێڕمەوە: چەند ساڵ پێش ئێستا و ئەو دەمەی مامۆستا سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، بە سەردان هاتبووە وڵاتی نرویژ و لە ماڵی هاورێیەکی من میوان بوو، ئەو هاورێیەم منی بانگهێشتن کرد بۆ ماڵی خۆیان و وتی پێم خۆشە مادام مامۆستا لێرەیە، تۆش بێیت. من داواکەیم  قەبووڵ کرد و چووم بۆ ماڵیان. بێجگە مامۆستا حەسەنزادە، چەند کەسێکی ناسراو و هاورێی منیش لەوێ بوون.پاش نان خواردن، کەوتینە قسەو باسەوە و هەرکەسە شتێکی ئەهێنایە گۆرێ و بیرورای جۆراوجۆری لە سەر ئەوترا.

من دوو پرسیارم لە مامۆستا کرد: یەکەمیان پرسیم: مامۆستا ماوەیەک لەمەوبەر گوێم لە وتووێژێکت لە گەڵ یەکێک لە رادیوە فارسییە کان ئەگرت، کە لێتی پرسی: ئەگەر ئەمریکاو ئەورووپا هێرش بکەنە سەر ئێران، ئێوە وەک حیزبی دیموکرات، هەڵوێستتان چۆن ئەبێت؟ تۆش لە وڵامدا وتت: ئێمە پێمان خۆش نییە هیچ هێزێکی بێگانە هێرش بکاتە سەر ئێران و وڵاتەکەمان داگیر بکات. وتم مامۆستا تۆ ئەم قسەیە هەر ئەبێ لە راگەییەنە گشتییەکاندا بێژیت، بەڵام پێم خۆشە رای خۆت بزانم، ئایا بە راستی تۆ بۆ خۆت پێت ناخۆشە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران و رێژیمی ئاخوندەکان بیرووخێنێت؟  مامۆستا لە وڵامدا وتێ: بەڵێ، من پێم ناخۆشە ئەمریکا بێت و ئێران داگیر بکات، من پێم ناخۆشە وڵاتێکیتر بێت و وڵاتەکەم داگیر بکات …هتد. کە ئەمەی وت، هەموو بەشداران هاتنە دەنگ ووتیان: درووست نییە وا بیر ئەکەیتەوە مامۆستا. من ئەوەم وت: باشە مەگەر وڵاتەکەی من و تۆ، ئەوە نییە ئێستا داگیر کراوە، بۆ تۆ پێت وایە لەمە خراپتر ئەبێت؟ کەچی مامۆستا لە سەر قسەی خۆی هەر سوور بوو. پرسیاری دووەم.

ئەمریکا خۆی ئامادە کردبوو هێرش بکاتە سەر عێراق و داگیری بکات، هەر بۆیە ئەو باسە، باسی رۆژ بوو و هەموو کەس بیرورای خۆی لە سەر دەرئەبڕی. منیش لە مامۆستام پرسی: پێت وایە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر عێرا‌ق؟  مامۆستا وتی بەڵێ هێرشی ئەکاتە سەر، بەڵام با بزانن کورد زەرەر ئەکات و قازانج ناکات. بۆ ئەم وڵامەش ئێمە هەموومان سەرمان سووڕما، کە بۆچی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات ئاوا بیر ئەکاتەوە.

پرسیم مامۆستا لە بەر چی کورد زەرەر ئەکات؟ وتی: لەبەر ئەوەی ئێستا کوردستانی عێراق سەربەخۆترن، بەڵام ئەگەر دەسڵاتێکیتر بێتە سەرکار، ئەرتەش ئەچێ سنوورەکان ئەگرێتەوە و دامودەزگای خۆی ئەباتەوە بۆ کوردستان و ئەودەم خودموختارییەکی بەرتەسکیان بەر ئەکەوێت….هتد، هەربۆیە باش نییە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر عێراق و  و سەدام برووخێنێت. بەڵێ ئەوە روانگە و بۆچوونەکانی مامۆستا عەبدووڵا حەسەنزادەیە و تا چەندە کاک خاڵید و مامۆستا  لەم بیرۆکانە شەریک و هاورابن، بە تەواوی نازانم، بەڵام هەر نەبێ وێکچوونێک هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی