"an independent online kurdish website

ئەمرۆ [ ٦ی تەمووز کاتژمێر  ٣٠ : ٢٢ بە کاتی هەوڵێر]  کوردستان تی ڤی هەڤپەیڤینێکی لە ژێر ناوی ” کۆنگرەی نەتەوەیی و ستراتیژی ئایەندەی بەشەکانی کوردستان ”  لەگەڵ بەرێز ” مستەفا هیجری” سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناkurdi_stantv10

ئەوەی خوارەوە دەقی  تەواوی هەڤپەیڤینەکەیە  بە بێ دەستکاری وشەکان .

لە ئامادە کردنی رەشید زەرواوی

کوردستان تیڤی : بەرێز کاک مستەفا ! لە رۆژاوای کوردستان بار و دۆخێک هاتۆتە پێشێ بە دوو لایەنی خێر و شەڕ . خێرەکەی ئەوەیە کە دەرفەتێک هاتۆتە پێش ، لایەنەکیتریش ئەوەیە کە لەم رۆژانەدا بینیمان جۆرێک لە کوشتاری خەڵکی سڤیل دەکرێ لە لایەن هێندێک گرووپی ئیسلامی ،تێروانینی بەرێزتان چۆنە ؟

مستەفا هیجری : بە بۆچوونی منیش ، هەروەک ئیشارەتان پێکرد وەزعییەتێکی زۆر هەستیارە ، بۆیە پێویستە لەو کاتەدا هێزەکانی کورد لەو بەشە لە کوردستان زۆر بە هەستیارییەوە لەگەڵ مەسەلەکە تەعامول بکەن ،ئێستا کە وەزعی سووریە لە ئاڵ و گۆڕدایە ،  بەتایبەت لەو ناوچانە کە کوردنشینن و خەریکن دەتوانن بۆ خۆیان ئیدارەیەک پێکبێنن ،دوژمنانی کورد و هێزەکانی ئیرتجاعی و دواکەوتوو لە پیلاندان بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە لەبار بەرن و نەیێڵن کورد بەوجۆرەی پێویستە ئیستفادە بکات . ئێمە بە نیگەرانییەوە سەیری ئەو رووداوانە دەکەین و ئاوات دەخوازین هێزەکانی کورد هەمووی بە یەکگرتوویی و بەیەک دەنگییەوە هەموو هێزەکانیان بخەنە سەریەک و لە موقابیلی ئەو هێزە دواکەوتووانەدا بتوانن دیفاع بکەن و ئەو ناوچانە کە کوردنشینن بیپارێزن لەو شەڕ و کوشتار و تاڵان و برۆیەی کە دەستیان پێکردووە. ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بەو مەسەلە حەساسین و هەرلەو پەیوەندییەشدا دەفتەری سیاسی حیزب بیانییەی دەرکردووە و ئەو فیتوایەی ئەو گرووپە تووندرەوە کە کوشتار و تاڵانی کوردیان حەڵاڵ کردووە و هەروەها ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر ئەو ناوچانە ، مەحکوومان کردووە .هیوادەخوازین دۆخێکی وا بێتەپێشێ کە ئەو گرووپانەش چیدیکە ئازار و ئەزیەتی خەڵکی کوردی رۆژاوا نەدەن .

کوردستان تیڤی : لەسەر عەرزی واقیعدا و ئەگەرچی هەوڵێک هەبوو لە سەر دەستی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەوەی کە لایەنەکانی رۆژاوا کۆ ببنەوە و پێکەوە بەرەیەک یا خود جۆرێک لە یەکریزیان بپارێزن ،بەڵام لە کرداردا ئەوە نابیندرێ ، بە بڕوای بەرێزت هۆکار چییە ؟

مستەفا هیجری : موشکیلەی ئێمەی کورد لە راستیدا زۆر جاری وابووە کە دەرفەتی زۆر گونجاو و لەبارمان لەدەست داوە بە هۆی قازانج و بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی یا قازانج و بەرژەوەندی کاتی بۆ لایەنێک ، بۆ گرووپێک . ئەو وەزعەش کە هاتۆتەپێشێ ، ئەمن لەو چوارچێوەیدا دەیبینم ، بۆیە هیوادارم کە هەموو لایەنەکان بە دەرس وەرگرتن لە ڕابردووی مێژووی کورد و ئەو زەربانەی کە خواردوومانە لە ڕابردوودا لەسەر تەفرەقە و جیاوازی و قازانج و بەرژەوەندی تەسک ، ئەوانە ببنە هۆی ئەوەی کە بەخۆماندا بچینەوە و هەموو لایەک خۆ لە سپاندن و قازانج و بەرژەوەندی گرووهی وحیزبی بپارێزن . چونکو لە رۆژاوای کوردستاندا ئێستا هەل و مەرجێکی زۆر گونجاوە و لەدەستی نەدەین ، بەراستی ئەو هەلە ئەگەر لەدەست بچێ ؟ مێژووی کورد لەسەر ئەو لایەنانەی کە دەبنە هۆی لەدەست چوونی ئەو دەرفەتانە ، زۆر بەخرابی باس دەکەن .

کوردستان تیڤی : ئێوە چ هەنگاوێکتان ناوە ، ئێوە چ هەنگاوێکتان ناوە لە رووی عەمەلییەوە ؟ باستان لەوە کرد کە بەیانیەتان دەرکردووە ، بەڵام هەنگاوی عەمەلی چتان ناوە لەو بارەوە ، بۆنموونە پەیوەندی بەلایەنەکانەوە بکەن بگەرێنەوە سەر رێکەوتن نامەکەی لەهەولێر ئیمزا کرا ؟

مستەفا هیجری : ئێمە لەگەڵ هێزەکانی کوردی سووریە بەگشتی پەیوەندیەکی دۆستانەی باشمان هەیە ،دیدار و چاوپێکەوتنمان هەیە ،ئەوەی کە لەو چاوپێکەوتن و دیدارانەدا بووە باسمان کردووە و وەبیرمان هێناونەتەوە ئەو گیر و گرفتانەی کە لە تەفرەقە و جوداییدا دێتە پێشێ و هانمان داون بۆوەی کە هەموو لایەک بە رۆحێکی لێبردوویی و بەهەست کردن بەو وەزعیەتەی کەلە کوردستانی سووریادا لە ئارادایە ، بریار بدەن و خۆیان لەشەر و کێشەی نێوخۆیی و دوژمنایەتی و خۆسپاندن دوور ڕابگرن .

کوردستان تیڤی : دوای ئەو گۆرانکارییەی لەو چەند رۆژەی دواییدا ، ئەو هێرش و ئەو شەرە درووست بوو لەبەین هێزە چەکدارەکان و لەبەین کورد دا ، بە بۆچوونی تۆ ڕوانگای تورکیا چۆن دەبینی لە چۆنیەتی مامەلە کردن لەگەڵ ئەم دۆسییەدا کە بەشێکی سنوور پێکەوەیە و دوای سەردانەکەی بەرێز سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت و وە سەرۆکی “پەیەد”ەش بۆ تورکیا؟

مستەفا هیجری : بە پێی ئەو لێدوانانەی کە بەرپرسانەی تورکیا ڕایانگەیاند و ئێمە بیستوومانە کە یەکێکیان هی بەرێز ” بلیند ئارنج” بوو کە جێگەری سەرۆک وەزیران کە ڕایگەیاند کە پێکهاتەی کۆنگرەی نەتەوەیی و ئەو وەزعیەتەی لە سووریا هاتۆتە پێشێ ،لەواقعدا ئەگەر سنوورەکانی وان نەخاتە مەترسییەوە ، ئەوان بەرگر نابن لەبەرانبەریدا . بەڵام شتێکی زۆر روونە کە ئەو دەوڵەتانە ، چ تورکیا ، چ وڵاتانی دیکە بە نیسبەتی نائارام بوونی سنوورەکانیان حەساسیەت نیشان دەدەن و سەعی دەکەن هێزێک یا لایەنێک کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی ئەو سنوورانە یا نائارام بوونی سنوورەکان و کێشە ساز کردن لەناوچە سنوورییەکانی واندا ، ئەوەی کە بۆیان بکرێ دژایەتی دکەەن . من پێموابێ سەفەری بەرێز کاک نێچیرڤان بارزانی و ئەوەی کە لە ڕاگەیندنەکاندا گوێم لێ بوو و خوێندمەوە ، ئەوەیە کە نەوعێک دڵنیایی داوە بە حکوومەتی تورکیا کە ئەو ئاڵ و گۆرانە نەبنە هۆی ئەوە کە کێشە بۆ دەوڵەتی تورکیا پێک بێ . سەفەرێکیش کە ” ساڵح موسلیم” سەرۆکی “پەیەدە” کردی بۆ تورکیا ، لە راگەیاندنەکاندا باسی ئەوەی کردووە کە ئەوانیش ئیتمینانیان داوە بە تورکیا کە حکوومەت پێکنایەنن ، بەڵکوو نەوعێک لە ئیدارە مەنتەقە تا ئەو وزعیەتە ئارام دەبێتەوە پێکدێنن . لەو بارەوە پەیوەندیان هەیە و من پێموایە ئەوە هەنگاوێکی باش بوون لە ئارام کردنەوەی وەزعییەتەکە بۆوەی کە دەوڵەتی توورکیا نەکوێتە بەربەرەکانی کردن لەگەڵ کوردەکان لەو مەقتەعەدا کە ئێستا هەیە .

کوردستان تیڤی : بەرێزتان لەگەڵ چ جۆرە سیستمێکن یان خود لەگەڵ چ جۆرە دامەزراوەیەکی ئیدارین لە کوردستانی رۆژاوا کە ئێستا زۆر مشت و مڕی ئەوەیە کە ئیدارەیەک ئێعلام بکرێ لەوێ ؟

مستەفا هیجری : من پێموابێ لەهەل و مەرجی ئێستادا کە وەزعییەتی سووریا نادیارە و گرووپی جیاواز و بیر و بۆچوونی جیاوازی تێدا پێکهاتووە ، چ لە باری ئایینی و چ لەباری عەشیرەتی و لەباری نەتەوەیی ، وەزعییەتێکە کە نازانی لە داهاتوودا چی لێدێتەوە ، بەڵام ئەگەر کوردەکانی سووریا بتوانن لەو هەل و مەرجەدا کوردستانی سووریە بپارێزن لە شەر و کیشە و ئەوانە و بتوانن حکوومەتێکی خۆجەیی بەناوی ئوتۆنۆمی بێ یا هەر حکوومەتێک بێ کە ب توانێ وەزعییەتەکە ڕا بگرێ  و بیپارێزێ لە شەر و لە دوژمنکاری  بەکەڵکە . بۆیە لەو وەزعییەتەدا ئێستا رەنگە داخوازی ماکزیمۆم قبوول نەکرێ ، چوونکە نەدەوڵەتی سووریا لە حاڵەتێکدایە کە بتوانێ بریارێک بدا و نە ئەو گرووپانەی کە ئێستا لە سووریادا تێدەکۆشن و لە ئوپۆزسیۆنەوە بیگرە کە خۆیان تێکەڵاوێکی جۆراوجۆرن و تاکوو ئێستا ئامادە نەبوونە مافی کورد بە شێوەیەکی رەسمی قبوول بکەن، بەڵام بەو حاڵەشەوە پێموابێ ئێستا بە لەبەر چاوگرتنی ئەو وەزعییەتە رەنگە مومکینترین یان گونجاوترین داخوازی بۆ کورد ، خۆبەرێوەبەری ئیدارەیەکی مەنتەقەییە لە شکڵێکی ئوتۆنۆمیدا .

کوردستان تیڤی : چ مەترسییەک رووبەروویان دەبێتەوە ، بۆ نموونە لەسەر ئەو پڕش و بڵاویە و یەکتر قبوول نەکردنە ئەگەر بەردەوام بێ ؟

مستەفا هیجری : مەسەلەکە زۆر روونە . من پێموابێ وەختێک کە ئەو ئاڵ و گۆرە کە ئێستا خەریکە رووبدا، دوژمنانی کورد لە مەنتەقەدا پێیان ناخۆشە و لەفکری ئەوەدا بە جۆرێک ئەو حەرەکەتە لەبار بەرن ، بۆوەی کە کورد لەو دەرفەتە ئیستفادە نەکا و گونجاوترین و باشترین دەرفەت بۆ دوژمنانی کورد لە هەر لایەنێک بێ ، ئەو پرش و بڵاوییەی کوردە کە هەر لایەنەی دەتوانێ دەست بەرێتە ناویان ، پشتی لایەکی برێ ، دژی لایەکیتر کاربکا ،بۆوەی کە لەباتی وەی کورد هەموان  پێکەوە  هێزەکانیان بخەنە سەریەک و لەفکری چارەسەرییەکی گشتی بۆ مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستانی سووریادا بن و ئەو هەلە بەقازانجی نەتەوەیی بقۆزنەوە ، مل لەبەر ملی یەکتری نێن و هیوادارم وانەبێ ، بەلام تێکۆشن شەرێکی نێوخۆیی ساز بکەن یانی  کورد لەباتی وەی خەریکە بێ وەزعیەتی ئیداری لە رۆژاوای کوردستان بۆخۆی دامەزرێنێ ، خەریکی شەر و کوشتار بێ لەگەڵ یەکتری و وەکوو زۆر جاری وا لە ڕابردوو کە روویداوە.

کوردستان تیڤی : ئێوە لە دیدارەکان پێتان نەکوتوون بۆ نموونە سوود لە تەجروبەی مێژوو یا خود تەجروبەی کوردستانی عێراق وەر برگن ، لەو بارێیەوە .

مستەفا هیجری: تەبیعەتەن ئێمە لەو دانیشتنانەدا لەگەڵ ئەو لایەنانە ، ئەو مەسەلانەمان باس کردووە ، بەڵام بۆخۆتان دەزانن کە لە ئەو مێژووە تاڵەی کە لەرابردوودا بوومانە ، هەموو دەیزانین . بەتایبەت مێژووی نە زۆر کۆن بەلکوو ئی تازە ، هەر ئەوەی کە ئیشارەتان پێکرد لە خودی مەسەلەی کوردستانی عێراق ، کاتێک دەرگیری شەڕێکی براکوژی بوون ، چەندە زەرەری کردووە و ئەگەر ئێستا کیانێک لە کوردستانی عێراقدا پێکهاتووە بە خۆشییەوە هەمووی کورد قازانجی لێ وەردەگرێ ، لە سایەی یەکریزی و یەکبووندایە .

کوردستان تیڤی : کاک مستەفا ! لەم چەند حەفتەی رابردوودا لە هەولێری پایەتەختی هەرێمی کوردستان ، کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ئامادەکاری بۆکراوە و ئێستاش لیژنەکانیان بەردەوامن ، بە بۆچوونی تۆ چ بیرکردنەوەیەکی نوێ لە نێو لایەنە سیاسیەکانی هەرچوار پارچەدا هاتۆتە کایەوە بۆوەی بتوانن لەسەر مێزێکی گفتوگۆ دانیشن و هەموان یەکتری ببینن و جۆرێک لە یەکتر قبوول کردن هەستی پێدەکرێ ؟چی وای کرد ئەمە روو بدات و ئایا بیرکردنەوەیەکی نوێ نییە؟

مستەفا هیجری : بەڵێ! من پێموایە بیرکردنەوەیەکی نوێیە لەو بارەوە کە پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی وەکوو ئارەزوو و وسیتێکی لەمێژینەی گەلی کورد بووە . لە دوای رووخانی رژێمی پاشایەتییەوە سەرکردەکانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستاندا ، لە فکری ئەو مەسەلەدا بوون . د. قاسملوو بەرەحمەت بێ ! پێش شەهید بوونی لەسەر ئەو مەسەلەیە کاریان کرد بەلام ئەو دەمی وەزعیەتی ناوچە و دونیا و کوردستان جۆرێک بوو کە پێکهێنانی یەکگرتنێکی ئاوا گونجاو نەبوو .

بەڵام ئێستا بە خۆشییەوە بە هۆی ئەو ئاڵ و گۆرانە ، بە هۆی پێکهاتنی حکوومەتێک لە هەرێمی کوردستاندا و ئەو ئاڵ و گۆرانەی خەریکە دێتە پێشێ لە کوردستانی باکوور ، لە کوردستانی رۆژاوا کە چاوەروانین بە قازانجی نەتوەی کورد تەواو بێ ، ئەو هەل و مەرجە لازمەی هێناوەتە پیش کە کورد بتوانێ بە یەک دەنگی پەیامێک بدا بە گوێی دونیا .

ئەوەی کە دونیا تاکوو ئێستا لە کورد بیستوویەتی ، شەر و کێشە و دووبەرەکی و دوژمنایەتی لەگەڵ یەکتری بووە،ئەو کۆبوونەوەیە بە ناوی کۆنگرەی نەتوەیی لە واقعیدا پەیامێکی نوێیە بە نیسبەتی رابردووی تاڵی خۆی ، بە گەلی کورد لە پێشدا ، بۆ گەلانی ناوچەکە و بۆ دونیا کە کورد لە راستیدا دەتوانێ وەکوو نەتەوەیەک دەنگی هاوبەشی هەبێ لە چوارچێوەی قازانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان دا .

کوردستان تیڤی : چی وای کرد ئەو شوێنە دیاری بکەن ، بۆ نموونە سەرۆکایەتی هەرێم و هەولێر بۆ گرتنی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەو جۆرە؟

کاک مستەفا هیجری : دیارە کە ئەو ئیمکانەی کە بگونجێ کە کۆنگرەیەکی ئاوای تیا بگیردرێ ، بێجگە لە حکوومەتی هەرێم لە کوردستانی باشوور جێگایەکی ئاوا نییە کە لەو شوێنە حکوومەتێکی کوردی هاتۆتە ئاراوە و دەسەڵاتی خۆی هەیە ، بەڵام لە بەشەکانی دیکەدا بەداخەوە ئەو ئیمکانە نەگونجاوە و لە کوردستانی ئێراندا جارێ هیچ جۆرە ئازادی و ئازادی دەربرین و بۆچوونێک وجوودی نییە ، کورد مافێکی بەرەسمی نەناسراوە . لە کوردستانی باکووردا لەگەڵ ئەوەی کە لەگەڵ ساڵانی رابردوو فەرقی کردووە و ئێستا پرۆسەیەکی ئاشتی و لە نێوان “پەکەکە ” و حکوومەتی تورکیا هەیە و هەموو لایەک چاوەروانین کە ئەوە بە ئاکامێکی باش بگات بە قازانجی خەڵک . لە سووریاشدا وەکوو باسمان کرد وەزعەکە جۆرێکە کە ئێستا حکوومەتی ناوەندی دەسەڵاتی نەماوە و کورد دەتوانێ لەوێدا ئیدارەیەکی مەحەلی بۆ خۆی پێک بێنێ . ئەوانە هەموو بوون بە هۆکاری ئەوەی کە جێگایەکی موناسبتر لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بەرێز کاک مەسعوود بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێم و کە بۆ خۆشی لە مێژ ساڵە باس لە کۆنگرەیەکی ئاوا دەکا ، ئەوانیش گەیشتوون بەو قەناعەتەی کە ئێستا فورسەتێکی موناسبە و پیشی پێ ناگرن .

کوردستان تیڤی : باسی سەرۆک بارزانیت کرد ، دەوری ئەو چی بوو لە هاوکار بۆ کۆبوونەوە هەموو لایەنەکان یا خود بۆ بانگ کردنی هەموو لایەنەکان بۆ دانیستن لەسەر میزێک بۆ گفتوگۆ ؟

مستەفا هیجری : تەبیعەتەن کاک مەسعوود هاوکار بوو و ئەو وتارەی کە پێشکەشی کرد لە کۆبوونەوە سەرەتاییەکەدا و دوایی ئەوەی کە دەسەڵاتەکە درا بە هەر بەشەی کوردستان کە هەیئەتی خۆیان بۆ کۆمیتەی ئامادەکار دیاری بکەن و بەرنامەکانی دیکەش کە بەدوای ئەویدا هەیەتی ، کۆبوونەوەیان کردووە ، نیشان دەدا کە هەموو ئامادەکاریەکان لە لایەن کاک مەسعوودەوە بەرێوە دەچێ و زۆرتر دەسەڵاتەکە دراوە بە حیزبەکانی دیکە بتوانن  پێکەوە بسازێن و پێکەوە بتوانن بەرنامەی هاوبەشیان هەبێ بۆ بەرەو پێش بردنی کارەکان . تاکوو ئێستا ئەوەندەی کە ئێمە بەشداریمان هەیە ، نوێنەرمان لە کۆمیتەی ئامادەکار هەیە ، کارەکان بە باشی دەچێتە پیشێ . تەبیعەتەن چاوەروانین تا کۆتاییش بە باشی برواتە پیشێ و ئەو ئامانجەی کە هەموومان لەو کۆنگرەیە چاوەروانیمان هەیە بێتە دی .

کوردستان تیڤی : ئەو ئامانجە چییە ؟

مستەفا هیجری : وەکوو عەرزم کردی بە بۆچوونی من ئامانجەکە ئەوەیە کە ئێمە بتوانین پەیامێکی هاوبەش و یەکگرتوو لەو مەنتەقەدا ، بە دەوڵەتەکانی مەنتەقەدا ، بە گەلانی ناوچە ، بە خەڵکی کورد بە گشتی کە هەمیشە لە دابران و تەفرەقە و شەرە ناوخۆییەکان بێزار بوون ، ڕابگەیەنین .

کوردستان تیڤی : چەندە ئەو ئومێدەت هەیە لەوەی کە ئەو کۆنگرەیە یەکیەتییەکی نەتەوەیی بۆ کوردان چێ بکات ؟

مستەفا هیجری : هیوادارم کە ئەو یەکیەتییە نەتەوەییە پێک بێ ، چوونکە هەر ئەوەی کە رێکخراوەکانی سیاسی هەرچوار پارچەی کوردستان پێکەوە کۆ بوونەتەوە ، پێکەوە هاوکاری دەکەن ،لە دەوری مێزیكدا کۆبوونەوە ، پێکەوە هەیئەت دیاری دەکەن بۆ کۆمیتەی ئامادەکار ، ئەوە بۆخۆی دەستکەوتێکی زۆرە و هیوادارم کە ئەوە بچێتە پیشێ کە بە ئامانجە نەهاییەکانی بگەن . ئەگەر هەموو لایەک نەکەونە فکری قازانج و بەرژەوەندی گرووپی ، حیزبی یان سپاندنی قازانج و دەسەڵات ، بێ گومان ئەوە بە نەتیجە دەگات ، چونکە وەکوو عەرزم کردی لە باری ناوچەیی ، لەباری نێونەتەوەیی فورسەتێکی باش و موناسبە . ئێمە بۆخۆمان وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بریارمان هەیە هەموو توانای خۆمان وەگەڕ بخەین ، بۆوەی کە بتوانین یارمەتیدەر بین ، بۆوەی کە ئەو کۆنگرەیە بەو ئامانجەی کە بۆی دیاری کراوە پەی بگات .

کوردستان تیڤی : هێندێک بۆچوون هەن کە رۆحییەتێکی حیزبی ،لەسەرەتای دانانی ئەندامانی ئامادەکار و تا ئێستاش رۆحیەتێکی حیزبی دەبیندرێ لە نێوان هێندێک لایەن ، هێندێک کەس ، تۆش ئەوە دەبینی ؟

مستەفا هیجری : تاکوو ئێستا کەم و زۆر ئەوە دیارە ، دیارە ئەوە بە بۆچوونی من گەورەترین مەترسییە کە ببێتە کۆسپێک لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو کۆنگرەیە ، من تەنانەت لە کۆبوونەوەی سەرەتاییشدا کە بۆخۆم ئامادە بووم ، لەوێدا هوشداریم دا بە نیسبەتی مەسەلەی هێژموونی تەڵەبی ، مەسەلەی دەسەڵات سپاندن ، چوونکە راستیەکەی ئەوەیە کە ئێمە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا ، هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدارن ، ساڵهای ساڵە دژایەتیمان کردووە ، خەباتمان کردووە دژی سپاندنی دەسەڵاتێک بەسەر نەتەوەی کورد دا. ئێستاش پێموابێ ئێمە هەموومان دەبەی بەو نەتیجە بگەین کە دەتوانین بە پاراستنی مافی یەکتری ئەو سەرکەوتنە بە ئاکام بگەیەنین. بۆیە هیوادارم کە هەموو لایەک لەو فکرەدا بن یانی قازانج و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی لێرەدا فیدای قازانج و بەرژەوەندی گرووپێک ، حیزبێک یا دەسەڵاتێک نەبێ . ئەوە مەترسییەکە کە تەبیعەتەن ئێمە لەی نیگەرانین بەلام هیوادارم نەیەتە پێشێ .

کوردستان تیڤی : ئەو رۆحیەتە لای ئیوە نییە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ؟ لە ناو کۆنگرەکە ؟

مستەفا هیجری : ئێمە لە نێو حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات یا بڵێین کوردستانی ئێران کە بۆخۆمان هەیئەتی ئامادەکارمان دیاری کردووە ، لەوێ ئێمە بە شێوەیەکی دێموکراتیک کۆبووینەتەوە ، (٩) لایەن کۆبووینەتەوە ، رەیی گیری کراوە بە شێوەی ئازاد ، هەموو لایەنەکان لە دەنگدانەکەدا بەشداریان کردووە، دەنگیان داوە ، دەنگیان وەرگرتووە ،لە ئاکامدا ئەو پێنج لایەنەی کە قەرار بوو بۆ کۆمیتەی رۆژهەڵاتی کوردستان دیاری کراوە ، ئەو پێنج لایەنە ڕاگەیندراون و دیاری کراون . ئێمە لەو چوارچێوەدا یانی لەو بەشەدا تاکوو ئێستا نەمان ویستووە هیچ لایەنێک خۆی بە لایەنەکەی دیکەدا بسەپێنێ ، هیچ لایەنێک بە هیچ دەلیلێک بەسەر لایەنێکیتردا بە زیاتر بزانێ یا لایەنێکی دیکە بەکەمتر بزانێ ، بۆیە بە خۆشییەوە تاکوو ئیستا توانیومانە ئەو بەشە باش بچێتە پیشێ و کێشەیەکمان نییە لەوێدا .

کوردستان تیڤی : هێندێک لێرە و لەوێ  باس لەوە دەکەن کە هەڵبژاردنێک لە هەرێمی کوردستان بەرێوەیە ، باس لەوە لەبەر هەڵبژاردن  کۆنگرەکە دوا بخرێ یا خود برو و بیانووی ئەملاو لا زۆر دێتە پیشێ ، بە چی دەبینی لەپێشدا ئەو داوایانە ، ئاخێر داوایەک بۆ کۆنگرە کە چەندین ساڵە وەک بەریزتان ئاماژەتان پیکرد هەوڵ هەیە ، ئیستا دوا بخرێ یان نەکری ، ئەمە چ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنەوە هەیە کە لە هەرێم بکرێ ؟

مستەفا هیجری : یەکێک لە موشکیلاتی کورد هەر ئەوەیە ، زۆر جاری وایە کە بابەتێکی گرینگ دێتە پیشێ ، زۆرتر لە فکری ئەوەدا دەبین بزانین حیزبەکەی خۆمان ، گرووپەکەی خۆمان چی بەر دەکەوێ . بە بۆچوونی من لەو پەیوەندییەدا ئەوەی گرینگە ڕێکەوتی پێکهێنانی کۆنگرەکە نییە ، بەلکوو ئامادە کردنی هەرچی باشتریەتی . یانی ئەگەر ئەو کۆنگرەیە کۆمیتەی ئامادەکار بتوانێ هەموو بەرنامەکەی کە لەدەستی دایە ، بەرنامەیەکی کەمیش نییە لە ماوەی (٢٠) رۆژدا ئامادەی بکا ؟ لە (٢٠) رۆژدا پێک بێ ، ئەگەر لە مانگێکدا پێک بێ ؟ لە مانگێکدا پێک بێ . لە دوو مانگدا؟ با لە  دوو مانگدا پێک بێ . یانی هیچ عامیلێک نەبێتە هۆی ئەوەی کە کارەکە بە پەلە پەل و بە نیوە چڵی بکرێ . بەلام ئەوەی کە حیزبێک بە قازانجی خۆی ئیستفادەی لێ دەکا یان لەی ناکا ئەوانە مەساییلێکن بە بۆچوونی من ئەگەر ببێ ، مەسەلەی زۆر بچووکن . بۆیە من ئارەزووم ئەوەیە و داخوازم ئەوەیە کە هەموو لایەنەکانی بەشدار لەو کۆنگرەیەدا بەو دیدەوە بڕواننە نەتیجەی ئینتخابات، نەک لەبەر  ئەوەی کە ئەمرۆ هەڵبژاردنی کوردستانی باشوورە ، سبحەینێ فڵان شتی دیکەیە  و لەبەر ئەوی دوا بکەوێ یان نەخێر پێش بکەوێ ، یانی ئامادە کردنەکە گرینگە نەک ئەوەی کە بە پەلە پەل بکرێ یان نەخێر ئەوەندە دوا بکەوێ کە رەنگە فورسەتەکە لە چنگ بچێ ، وانییە . بە بۆچوونی من ئەو وەزعییەتەی کە لە رۆژهەڵات هاتۆتە پێشێ ، بەتایبەت لەو بەشانەی کوردستان تەیدا هاتۆتە پێشێ ، وەزعییەتێکە بە جۆرێکە کە ئەگەر لەدەست بچێ ؟ رەنگە بە ئاسانی دەستمان نەکەوێتەوە .

کوردستان تیڤی : پێتوایە ئەو کۆنگرەیە هەر لە چوارچێوەیەکی رەمز یا خود سومبلیکدا دەمێنێتەوە ، بە بۆچوونی تۆ یا خود ئەکتیڤ دەبێ و کۆنگرەیەک دەبێ ، دەبێتە خاوەن بریار ؟ بۆ نموونە ئایا دەتوانێ تەحریمی شەری کورد بە کورد بە کوشتان یاخود شەری براکوژی بکات ؟

مستەفا هیجری : ئەوەی کە بۆخۆم لە کۆنگرەی نەتەوەیی چاوەروانیم لەی هەیە و ئێمەش بۆ خۆمان حەول ئەدەین بەو ئاکامە بگا ، ببێتە دام و دەزگایەکی داییمی کە بمێنێتەوە ، بەشی جیاوازی هەبێ ، ئۆفیسی جیاوازی هەبێ لە دەرەوەی وڵات ، لە نێوخۆی وڵات و  بێجگە لەوەی کە پەیامی هاوبەشی کورد بە لایەنی جۆراوجۆر بگەیێنێ ، بەلکوو لە نێوخۆیدا ببێتە  نەوعێک ئیدارەی نێوخۆیی بۆ هەموو بەشەکان . چوونکە ئێمەی کورد بێجگە لە کوردستانی باشوور کە ئێستا حکوومەتێکی هەیە ، باقی بەشەکانیتر ئێستا هیچمان نییە ، حکوومەتەکان بە رەسمیمان ناسن ، بۆخۆمان کێشەمان هەیە ،زۆر جاری وا هەیە لەسەر مەسەلەی بچووک  شتی گەورە لە بیر دەکەین. ئەمن ئاواتم ئەوەیە کە ئەو کۆنگرەیە ببێتە ناوەندێک کە لەسەر هەموو ئەو مەسەلانە بریار بدا. مەسەلەن ئەگەر شەڕێک بەینی دوو لایەنی کوردی هەیە ، ئەو بتوانێ دوای لێکۆڵینەوە بریار لەسەر هەق و ناهەق بدا. ئەگەر ئەوەی کە تاکوو ئێستا باو بووە و من بۆچوونم ئەوەیە کە هەر چەند کەسێک لە حیزبێک زیز دەبن ، ئینشعاب دەکەن و لە حیزب جودا دەبەنەوە و بۆخۆیان دام و دەزگایەک پێکدێنن و دەکەونە دژایەتی لەگەڵ یەکتری و نائومێد دەکەن خەڵکی کورد، ئەو کۆنگرەیە لەسەر ئەو مەسەلانە بریار بدا . دیاری بکا کێ هەقە و کێ ناهەقە و زۆر مەسەلەی دیکە کە لێرەدا بۆ کورد جێگاکەی بەتاڵە ، وەکوو دادگایەکی نێونەتەوەیی یان بڵەین  مەنتقەیی بتوانێ لەسەر ئەو مەسەلانەی کە لە چوار بەشی کوردستان دێتە پیشێ ، بتوانێ هاوکاری بکا ، تەنانەت یەکدەنگ بێ لەسەر ئەوەی کە ئەگەر لە بەشێک لە کوردستان دا خەڵک دەکەونە ژێر زەبر و زەنگی دوژمنانی کورد جا ئەوە وڵاتی داگیرکەر بن ، لایەنی دیکە بن کە دژی کوردن ،گرووهای ئیرتجاعی و دواکەوتوون کە باوەریان بە مافی کورد نییە ، لەسەر هەمووی ئەوانە قسەی خۆی هەبێ. تەنانەت ئەمن بەشبەحاڵی خۆم ئارەزوو دەکەم ئەو کۆنگرەیە وای لێبێ ، بگاتە ئەو ڕادەیە کە نوێنەرێکی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ، لە کۆبوونەوە حاشیەیەکاندا لانی کەم وەر بگیرێ وەکوو مەرجەعێکی ئەسڵی ، ئەوەی ئێستا ساڵها لەوە پێش فلستینیەکان بوویانە ، من پێموایە ئەگەر هەموو لایەنەکانی کوردی یارمەتیدەر بین بەو مەسەلەیە ئێستا دەتوانین ئاوات و ئارەزووەکانمان هەموو لەو کۆنگرەیەدا جێبەجێ بکەین .

کوردستان تیڤی : کاک مستەفا ! رەوشی لایەنە کوردییەکانی کوردستانیەکانی ئێران چۆنە ؟ لەو ساڵانەی رابردوودا جۆرێک جیابوونەوە ، لێکترازان دروست بوو ، ئێستا وەزعی ئێوە چۆنە ؟

مستەفا هیجری : بەڵێ بەداخەوە وەکوو هەموو بەشەکانی کوردستان ، لە کوردستانی ئێرانیشدا چەند ساڵ لەوە پیش لێکترازان و ئینشعابات لە نیو حیزبەکانی سەرەکی کوردستانی ئێراندا هاتە پێشێ ، ئەوە بۆخۆی گیر و گرفتێکی گەورەی پێک هێنا کە ئێمە نەتوانین پێکەوە هاوکاری بکەین، پێکەوە پلان و بەرنامەی هاوبەشمان هەبێ ، بەرە پێک بێنین . ئەوە زەربەیەکی گەورەی لە رۆحیەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا دا ، ئەو خەڵکە نا ئومێد بوو . بەڵام دوای ئەو ساڵانە ئەمن ئێستا دەبینم کە فەسڵێکی نوێ دەستی پێکردووە لە بەینی رێکخراوەکانی کوردی ئێرانیدا . بۆ نموونە ئێمە پێش کۆنگرە بریارێکمان لە کۆمیتەی ناوەندیدا پەسەند کرد و دوایەش لەکۆنگرەدا  کردمانە بەرنامە . ئێمە لەگەڵ ئەو هاورێیانەی پیشووی خۆمان کە پێنج – شەش ساڵ لەوە پێش لە حیزبی دێموکرات جودا بوونەوە ، لەگەڵ ئەوان پەیوەندییەکانمان عادی بکەینەوە ، دەستمان کرد بە دانوستان ، دانیشتن لەگەڵ یەکتری و هات و چۆ کردن و مەشوەرت کردن لەگەڵ هێندێک بابەتی پەیوەندیدار بە مەسەلەی کورد لە کوردستانی ئێران و شتی دیکە . فەزایەکی دۆستانە و باشمان پێکهیناوە لەگەڵ یەکتری . بریارێکی کە لەو کۆنگرەیەدا دامان ، ئەوە بوو کە ئێمە لەگەڵ ئەو هاورێیانەمان بکەوینە گفتوگۆ و دانیستن و دوای مەشوەرت کردن و پێکەوە کار کردن لە باری سیاسیەوە و دوای وی و لەنەهایەتدا یەک گرتنەوە . هەر لە چوار چێوەی ئەو سیاسەتەدا ، ئێوە ئاگادارن کە هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی ئێران ،ئێمە پێکهێناوە و ئیمزامان کردووە و لەسەر هێندێک خاڵ رێک کەوتووین و ئەو هاوپەیمانەتیە تاکوو ئێستاش باش دەچێتە پێشێ . بێجگە لەوەش ئێمە لە لایەن خۆشمانەوە حەولمان داوە کە لایەنەکانی کۆمەڵەش بتوانن پێکەوە دابنیسن ، لانی کەم ئەگەر جارێ یەکگرتنەوەیەکیش لە ئارادا نییە ، بتوانن پێکەوە دابنیشن و لەسەر گیر و گرفتەکان و بەگشتی هەموومان پێکەوە دابنیسین و قسە بکەین . بە خۆشییەوە ئەوە لەو ئاخرانەدا ئامادە بووە، فەراهەم بووە ، چەند جارێک ئێمە لەسەر کێشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پێکەوە دانیشتووین ، مەشوەرەتمان کردووە . من لەبەرەو پێشەوەچوونی ئەو پرۆسەیە رازیم هەرچەند خەڵکی کورد زیاتر لەوە دەخوازێ ، دۆستانی کورد زیاتر دەخوازن ، حەتتا هەل و مەرجەکە زیاتر لەمە  دەخوازێ کە زۆرتر بتوانین پێکەوە کێشەکانمان بە تەواوی چارەسەر بکەین و لانی کەم بەرەیەک پێک بێنین و بتوانین لە سەر خاڵە هاوبەشەکانمان پێکەوە کار بکەین .

کوردستان تیڤی : لەو بارەوە روانگەیەکی نوێ دەبینی؟

مستەفا هیجری : بەڵێ ! من پێموابێ لە هەموو لایەنەکاندا بە خۆشییەوە ئەوەی کە تا ئێستا ئێمە لەگەڵیان دانیشتووین ، قسەمان لەگەڵ کردوون ، هەموو لایەنەکان تێ دەکۆشن ئەو پرۆسەیە بچێتە پێشێ ، هەر بۆیەش فەزاکە پێک هاتووە و لە راستیشدا دەتوانم بڵێم هەموو لایەکان یارمەتیان داوە و ئەمەن بەش بە حاڵی خۆم سوپاسیان دەکەم .

کوردستان تیڤی : کاک مستەفا ! خەریکە ئەوەی کە دەبیندرێ ، کورد دەبێتە کاراکتەرێک لە نێو گۆرانکارییەکانی ناوچەکەدا ، بە بۆچوونی تۆ کورد بە چ شێوازێک دەتوانێ بۆ نموونە سەرنجی جیهان بۆ خۆی ڕابکێشێ ؟ شەری چەکداری کراوە و پرش و بڵاوی هەبووە و لە حالی ئێستادا کورد چۆن دەتوانێ سەرنجی دونیا بۆ خۆی ڕابکێشێت ؟

مستەفا هیجری : من پێموایە کە لە هەل و مەرجی ئێستادا ، کورد دەتوانێ لە پێش هەمووشتێکدا لە پەیامێکی هاوبەش بتوانێ سەرنجی دونیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێ ، ئەو پەیامی هاوبەشە  ناوەڕۆکەکەی بریتی بێ لە داخوازیەکانی سەردەم کە بۆ دونیای پێشکەوتوو قابیلی قبوولە ، وەکوو مەسەلەی پاراستنی مافی مرۆڤ، دێموکراسی ، دژایەتی لەگەل ئیرتجاع و دواکەوتووی و یەک گرتن و هاوپەیوەندی لەگەڵ یەکتری . چونکە من بەش بە حالی خۆم و پێموابێ  تاکوو ئێستا کۆمەڵگای نێونەتەوەییش لەو پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و چەند دەستەگی کورد ماندوو بووە، نازانێ کە دەبەی گوێ لە کێ بگرێ ، کێیە کە پەیامی کوردی پێیە ؟ بۆیە من پێموایە کە ئەگەر ئەو پەیامە هاوبەشە کە پەیامێکی ئاشتی و تەبایی و پەیامی سەردەم رەچاو بکا ،ئەورۆ لە دونیا گوێی لێ دەگرن .

کوردستان تیڤی : چی وای کرد کە ئەو  قەناعەتە لای تۆ سەقامگیر بێ کە کورد بتوانێ بە سیاسەتی نەرم سەرنجی دونیا بۆ میللەتەکەی خۆی ڕابکێشێ ؟

مستەفا هیجری :  ئەزانی مەسەلەی کورد وەکوو هەموو لایەک ، هەموو بەشەکان تا کوو ئێستا لە مێژوشدا هەروا بووە ، ئێستاش وایە ، هەمیشە کورد تێکۆشاوە کە لە رێگای سوڵح و ئاشتییەوە بۆچوونەکانی خۆی بەرێتە پێشێ ، بەڵام هەروەختێکی دەستی داوەتە توند و تیژی ، هیچ رێگایەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە . بۆیە ئەوە ئێستا دبەی وەکوو سیاسەتێکی گستی ، وەکوو پەیامێکی گشتی بۆ خەڵکی کورد هەبێ کە خەڵک دەیهەوێ بە ئاشتی بە ئامانج و ئارەزووەکانی خۆی بگات ، ئەوە پەیامێکە کە لەدونیادا قبووڵی دەکەن . بەڵام لە عەینی حاڵدا ئەوەمان لەبیر بێ کە بلەخەرە لە هەموو دونیاشدا مافی دیفاع لەخۆ کردن ، بەرگری لە خۆ کردن شتێکی رەوایە .

کوردستان تیڤی : لە وتارەکەی کە بەرێزتان ئاماژەتان پیدا هی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، باس لە پەیامێک یا خود جۆرێک لە دیالۆگێک  و لێک تێگەیشتن لە نیوان نەتەوەکانی “تورک” ، ” فارس” و “عەرەب” کرا .باشە چۆن کورد بتوانێ کە سەرنجی ئەم میللەتانە بۆ خۆی ڕابکێشێ و بتوانن بە شێوازی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ کورد دا بچنەوە ؟

مستەفا هیجری : موشکیلەیەکی کە ئێمە تاکوو ئێستا بوومانە ، کورد دوبارە دەڵێم بە عام ، لە ڕابردوودا زۆرتر دوژمنانی ئێمە کە دەوڵەتە داگیرکەرەکان بوونە ، ویستوویانە سیمایەکی توند و تیژ ، دواکەوتوو و ناسەردەمیانە لە کورد نیشان بدەن . بۆچوونی گشتی کە دەوڵەتەکان تەبلیغیان کردووە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە  بگرە تا بەشەکانی دیکە، ئەو داخواز و مافخوازیەی کە کورد کردوویەتی ، هەمیشە وەک جودابوونەوە، دابەش کردنی  وڵات ، دژی ئەو حکوومەتانە و نۆکەری و بەستراوەیی بە ئیسرائیل و ئەو قسانە کە بووە هەمیشە ڕایانگەیاندووە . یانی سیمایەکیان وەکوو سیامەیکی دواکەوتووانە و شەرخواز و تێکدەر لە کورد بە دونیا و بە مەنتەقەدا ناساندووە . ئێستا کورد پیویستە ئەو پەیامە لە زمان خۆیەوە کە کۆنگرەی نەتەوەیە ، بەیان بکا . کە ئەو پەیامەی کە لە ڕابردوودا بە خەڵکی ناوچە ، بە نەتەوەکانی ناوچە دراوە ، ئەو پەیامە پەیامێکی هەڵە بووە. پەیامی ئێمە پەیامی برایەتییە ، پێکەوە ژیانەوە ، تەحەمولی یەکترە . بە بۆچوونی من دەتوانێ نموونەکەی هەر کوردستانی باشوور بێ کە ئێستا حکوومەتێک لێرەدا پێکهاتووە ، لە راستیدا حورمەتی تەواو و بەشداری تەواوی داوە بە هەموو نەتەوەکان و بە بیر و بۆچوونە جیاوازەکانی ئایینی و تاییفی . ئەوە بۆ خۆی نموونەیەکی باشە کە کورد دەیەوێ ئەوە بکا . بەڵام شتێکی زۆر تەبیعییە کە ئەوە ماوەیەکی زۆری دەوێ ، کاری زۆری دەوێ ، پێویستی بە تێکۆشانی میدایەکی زۆر ، کۆڕ و کۆبوونەوە لەگەڵ رووناکبیران ،رۆژنامەوانان و میدیاکارانی هەموو بەشەکان هەیە کە بتوانن ئەو پەیامە بە شێوەی هاوبەش بە نەتەوەکانی ناوچە بگەیەنن .

کوردستان تیڤی : کەواتە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان توانیویەتی سوود لەو هێزە ئاشتییە وەر بگرێ کە بەرێزتان ئاماژەی پێ ئەدەن و سەرنجی ئەو میللەتانەی پێ ڕابکێشرێ ؟

مستەفا هیجری : من پێموابێ توانیبێتی . لەگەڵ ئەوەی کە ئێستاش لە باشووری کوردستان کەم و کوری هەیە ، هێزی ئوپۆزسیۆن هەیە ، ڕاگەیاندن هەیە بە دژی حکوومەت ، بە دژی دەسەڵات . ئەمن پێموابێ خۆی لەگەڵ ئەوەی کە رەنگە لە بەشێکی ئیفرات بکرێ ، بەڵام خۆدی ئەوە بەو نموونەیە دەزانم . چونکە مەسەلەی بوونی ئوپۆزسیۆن ، بوونی ئازادی بەیان و ئەوەی کە خەلک بە ئازادی قسەی خۆی بکا ، ئەوە فەقەت لە سیستمێکی دێموکراتیکدا دەبیندرێ . هیج کام لە بەشەکانی دیکەی کە کوردستانی تێدا دابەش کراوە خەڵک ناتوانێ ئاوا قسە بکا . بۆیە ئەمن پێموابێ ئەوە نموونەیەکی باشە . تەبیعەتەن لەگەڵ هەموو کەند و کۆسپەکانی لەسەر رێگای حکوومەتی هەرێم بووە، بەڵام لە باری ئابووری ، لەباری ئیداری و بەتایبەتی کە زۆر گرینگە بەنەزەری من ، لەباری ئەمنییەتێک کە ئێستا لە کوردستانی عێراقدا هەیە و هەموو کەس دەیبینێ ئەوەی  بە چاوی خۆی و لە مەنتقەیەکدا کە کوشتن و برین و تەقینەوە و ئەوانە ، بەداخوە بۆتە خەبەری رۆژانەی ئەو مەنتقانە ، ئەوە بە بۆچوونی من نموونەیەکی زۆر باشە و پەیامێکی سیاسی زۆر باشە بۆ خەڵکی مەنتقە و بۆ خەڵکی دونیا . من پێموابێ بەشێکیشی لەسەر ئەوەیە کە ئەو حکوومەتانەی کە دوژمنی کوردن ، ئەو وەزعییەتەیان پێناخۆشە . ئەوان پێیان ناخۆشە کە لە مەنتقەیەکی ئاڵۆزی خۆرهەڵاتی نیوەراستدا ، لە عێراقێکدا کە رۆژانە خەبەری بەداخەوە دەیان کوژران و بریندار و تەقینەوە دەبیسن ، کوردستانێکی ئارام هەیە کە خەڵک رووی تێدەکا ، لەی دەحەسێتەوە، بە چاوی خۆی دەیبینێ ، ئەوانە بۆ حکوومەتهایەکی وەکوو ئێران وەکوو بەشێک لە حکوومەتی عێراق و زۆر شتی دیکە قابیلی قبوول نییە . بۆیە هەمیشە لە فکری پێکهێنانی بەربەست دان .

کوردستان تیڤی : دەوری سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک بارزانی لە ئاشتی یا خود جۆرێک لە هاوکاری لە بەشەکانی دیکە ، بۆ نموونە:  ئەوەی کرانەوەی باکوور یاخود رۆژئاوا ، چۆن دەبینی ؟

مستەفا هیجری : ئەوەی کە لە راگەیندنەکانی حکوومەتی تورکیا و هێزەکانی بەرهەڵستکاری تورکیاش بیستوومانە تا ئێستا ، ئەوەیە کە بەرێز سەرۆک بارزانی و ئەو سەفەرانەی کە کاک نیچیرڤان بارزانی کردوویەتی و هەروەها یەکیەتی نیشتمانی و بەرێز مام جەلال لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەدا تێکۆشاون و توانیویانە بە خۆشییەوە وەزعییەتێک پێک بێنن کە ئەو بیر و بۆچوونەی کە پێشتر لە حکوومەتی تورکیا بە نیسبەت هەرێمی کوردستان بوو، ئەو بۆچوونە بە تەواوی پێچەوانە بێتەوە. بەو مەعنایەی کە ئەگەر لە سەرەتادا تورکیە یەکێک لە هەرە کۆسپەکانی سەر رێگای پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم بوو و بە شێوەی جۆراوجۆر کۆسپیان دەخستە سەر رێگای ئەو حکوومەتە ، ئێستا وەزعییەتەکە وای لێهاتووە کە بەرێز بارزانی یان کاک نیچیرڤان بارزانی یان هێندێکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێم کە دەچنە توریکە ، وەکوو سەرۆک کۆمارێک ، وەکوو سەرۆکی وڵاتێکی دیکە چاویان لێ دەکەن ، ئیستقبالیان لی دەکەن ، هات و چۆکانیان بۆ ئێرە، سەرمایە گوزارییان دکەن ، من پێموایە لەو پەیوەندییەدا حکوومەتی هەرێم بەتایبەتی سەرۆکی هەرێم سەرکەوتوو بووە .

کوردستان تیڤی : بەرێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر سوپاست دەکەم کە بۆ جارێکی دیکە لە بەرنامەی کوردستان تیڤی میوان بووی .

مستەفا هیجری: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و ئێوەش ماندوو نەبن .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی