خەیاڵ و ئاڵۆزی
خەیاڵم هێند بژە و ئاڵۆز
ئێژی لوولی پرچ و قژی
تێکچڕژاوی
ئافرەتێکی باڵابەرزی نێو ئەفسانەی
خەونەکانە
بە ئەسپایی و دڵە ڕاوکێ،
تڵژنێک لەو مووی پرچانە
دەپێچمەدەست….
قەدەر دەکەم بە هاوڕێم و ملی ڕێگای تراویلکە
دەگرمەبەر،
لە نێوانی چوون و نە چوون،
گومان ئەبێ بە هەڕەشە ….
لە سەر بڕیار،
خۆ دەسپێکی ئەم سەفەرەم زۆر ئاسانە،
ئاوێتە بوون، تامەزرۆیە، بە بێ خاڵ و تا هەتایی
بەڵام،
جوێ بوونەوە و گەڕانەوە،
هەر خۆی بۆ خۆی دەریایەکە لە ئاڵۆزی و لە هوروژمی شەپۆلانی یاخی و سەرشێت،
نوقم بوونی نێو هەتەرەی سەرابێکە بێ کۆتایـــــی …..
ئاکۆ ئەلیاسی ـ ٢٢.٠٨.٢٠١٣
………………….
تۆ قاو کردن
شیعری “هانس لێوپۆڵد داڤای”
وەرگێڕانی لە ئاڵمانییەوە
” ئاکۆ ئەلیاسی”
هەتا ڕەوی کۆی هەورەکان
ناوت لەملای زەوی تاکوو ئەلای
هەڵبگرن
بانگت دەکەم
تا ئەو کاتەی، هەموو ماسی و
تێکڕای گشت باڵندەکان،
نێوت ئەزبەر دەڵێنەوە
بانگت دەکەم
تا ئەو کاتەی ئەستێرەکان
نێوت لە نێو دڵی مەنگ و شینی ئاسمان، وەکوو وێنە
دەکێشنەوە
پڕ بە گەرووم
قاوت دەکەم!
تێبینی:
ئەم شیعرە هاوکات بە دوو زمانی ئیسپانیایی و ئەڵمانی هۆنراوەتەوە.
