"an independent online kurdish website

لەو ساڵانەى دوایدا میدیاکانى ڕۆژئاوا چەندین جار سەبارەت بە ڕۆڵ و چالاکیەکانى “قاسم سلێمانى”فەرماندەى سوپاى قودسى کۆمارى ئیسلامى ئێران، شتیان نووسیوە.qasim_silemani1

دەزگا ئەمنیەکانى وڵاتانى ڕۆژئاوا و لەوانەش ئەمریکا،ناوبراویان بە”فەرماندەى ڕاز و نهێنیەکان”یان”کەسایەتییە بەهێزەکە” لەقەڵەم داوە کە ڕۆڵێکى گرنگى لە سەرکردایەتى کردنى گۆڕانکاریەکانى عێراق و ئەفغانستان و لوبناندا گێڕاوە.

بەم دواییانەش” دیکستەر فیلکینس ” (Dexter Filkins )ڕۆژنامەنووسى ئەمریکایى و براوەى خەڵاتى” جۆرج پۆلیتزەر ” ( Georges Politzer ) لەساڵى 2009 کە بەهۆى ڕووماڵکردنى هەواڵەکانى شەڕ لە هەریەک لە عێراق و ئەفغانستان ناوبانگى دەرکردووە،لە وتارێکى بیست و دوو لاپەڕەیدا لەژێر ناوى” فەرماندەى ڕاز و نهێنیەکان ” لەهەفتەنامەى” نیویورکر”( The New Yorker ) دەنووسێت”گرنگترین فەرماندەى سەربازى لەشەڕى ناوخۆى سوریادا،جگەلە قاسم سلێمانى کەسێکى دیکە نییە”. نووسەرى وتارەکە لەزمانى بەرپرسێکى پێشوى دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا(سى ئاى ئەى)لەعێراق،دەڵێ کە لەئێستادا قاسم سلێمانى”بەهێزترین بەرپرسى نهێنیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا”.

قاسم سلێمانى کە لە پانزە ساڵى ڕابردوودا فەرماندەیى سوپاى قودسى لەئەستۆ بووە،هەوڵى داوە ڕووداوەکانى ئێستاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبەرژەوەندى ئێران بگۆڕێت،چ لەڕێگاى هێز و چ وەک فەرماندەیەکى سەربازى لەڕێگاى تیرۆرکردنى نەیاران،چەکدارکردنى هاوپەیمانەکانى وهەروەها سەرپەرشتى کردنى تۆڕێکى میلیشیاى چەکدار بۆ کوشتنى سەدان ئەمریکایى لەعێراقدا”. وتارى ناوبراو وێڕاى ئاماژەکردن بە پێکهاتەى سوپاى قودس و بەراوردکردنى بە دەزگا و یەکە سەربازیەکانى ئێستاى ئەمریکا دەنووسێت:سوپاى قودس پێکهاتەیەکە لە(سى ئاى ئەى) و “هێزەکانى چالاکى تایبەت)ى ئەمریکا،بەومانایەى کە ئەندامەکانى ئەو سوپایە، لەچوارچێوەى چالاکیە سیخوڕیەکان و کۆکردنەوەى زانیارى،بەرپرسانى نهێنى ئەو ڕێکخراوە سەرپەرشتى دەکەن و لەکاتى پێویستدا نەیارەکانیان لەناودەبەن”.

بەرپرس و سیخوڕەکانى سوپاى قودس لەزۆربەى ناوچەکانى جیهاندا بڵاو بوونەتەوە و بە هەزاران ئەندامیشیان وەکوو ڕاوێژکار لەسوریا کاردەکەن”. بەگوێرەى ئەو ڕاپۆرتە،قاسم سلێمانى لەمانگى ئوتى 2012 بە دیبلۆماتکارێکى عێراقى ڕاگەیاندووە”سوپاى سوریا هیچ تایبەتمەندییەکى تێدا بەدى ناکرێت و دەتوانم بە تیپێکى بەسیجى ئێران، هەموو وڵاتى سوریا داگیر بکەم”. هەرلەمانگى ئوتى هەمان ساڵدابوو کە هێزەکانى نەیارى ڕژێمى بەشار ئەسەد، 48 کەسى ئێرانيیان لەناو خاکى سوریادا بە بارمتەگرت کە بەرپرسانى ئێران ئەو کەسانەیان بە “زیارەتکار”ى شوێنە پیرۆزەکان ناساندبوو.بەڵام نەیارانى ئەسەد و دەزگا ئەمنیەکانى ڕۆژئاوا ئەو کەسانەیان بە ئەندامانى سوپاى قودس لەقەڵەمدا.

دواجار،بەشار ئەسەد،بە سەرنجدان بەو پشتیوانیەى سوپاى قودس لە حکومەتەکەى،48 ئێرانیە بارمتەکراوەکانیان لەبەرامبەر 2500 چەکدارى گیراوى سەربە هێزەکانى ئۆپۆزیسیۆنى سوریا گۆڕییەوە.لەدواى ئەو ڕووداوە،یەکێک لە فەرماندە باڵاکانى سوپاى قودس بەناوى”حسن شاطرى”کە پێشینەیەکى دوور و درێژى لە چالاکیە نهێنیەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باشورى ئاسيادا هەبوو،لەسوریا کوژرا. دیکستەر فیلکینس دەنووسێت:کۆمارى ئیسلامى ئێران ڕووخانى حکومەتى ئەسەد وەک هەڕەشەیەک بۆسەر خۆى لەقەڵەم دەدات و دەست بۆ هەموو کارێک دەبات بۆئەوەى ڕژێمى سوریا نەڕوخێت”. مانەوەى ڕژێمى بەشار ئەسەد بۆ قاسم سلێمانى گرنگى خۆى هەیە،ناوبراو چەندین جار سەردانى دیمەشقى کردووە تا لەنزیکەوە چاودێرى دەست وەردانەکانى ئێران لەکاروبارى ناوخۆى سوریادا بکات.

بەپێى زانیاریەکان،قاسم سلێمانى لە شارى دیمەشق و لەبینایەکى بە ڕواڵەت ئاسایى بەڵام بە تەواوى پارێزراو،”ژورى عەمەلیات”ى پێکهێناوە کە پێکهاتووە لە چەند بەرپرسێکى سەربازى سوریا و فەرماندەیەکى حزب اللەى لوبنان و ڕێکخەرى میلیشیا چەکدارە شیعیەکانى عێراق. هەر لەو وتارەدا ئاماژە بە شێوەى هاوکاریەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ڕژێمى بەشار ئەسەد دەکات و دەڵێ:لەکۆتاییەکانى ساڵى ڕابردووەوە،گەشتە هەواییەکان بۆ گواستنەوەى ئەفسەرانى سوپاى قودس و هەروەها گواستنەوەى چەک و تەقەمەنى بۆ سوریا پەرەیان سەندووە.”ئەو ئەفسەرانەى سوپا،دەستیان هەیە لە مەشق و ڕاهێنان پێکردنى چەکدارانى سەربە ڕژێمى ئەسەد و ڕێکخستنى هێرشەکانى سوپاى بەشار ئەسەد بۆسەر پێگەى هێزەکانى ئۆپۆزیسیۆنى حکومەت و چاودێرى کردنى پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانى نەیارانى حکومەتى سوریا.

لەهەمووشى گرنگتر،ئەفسەرەکانى سوپاى قودس،دەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەدیان کە زۆرتر بە مەبەستى سیخوڕى و چاودێرى کردن بەسەر کاروبارەکانى یەکترەوە دامەزراون،ناچارکردووە کە لەدژى نەیارەکانى حکومەت هاوکارى یەکتر بکەن. لەدرێژەى ئەو بابەتەدا هاتووە:ئاکامەکانى ئەو پشتیوانیەى ئێران بۆ ڕژێمى سوریا لە مانگى ئاوریلى ئەمساڵ ئاشکرابوو کە لەڕاستی دا خاڵى وەرچەرخان بوو لە شەڕى ناوخۆیى سوریادا.لەو مانگەدا هێزەکانى ئەسەد توانییان شارى سنورى و ستراتیژى(قصیر)کۆنتڕۆڵ بکەن و لەدەستى نەیارەکانیان دەرى بێنن،ئەوشارەى کە یەکێکە لەهێڵەکانى پەیوەندى حزب اللە بە سوریا و ناوچەیەکى گواستنەوەى چەک و تەقەمەنی ئێرانە بۆ حزب اللەى لوبنان.

بۆئەم کارە،قاسم سلێمانى داواى لە دۆستە لەمێژینەییەکەى خۆى(حسن نەسروڵا)کرد کە دوو هەزارکەس لە میلیشیا چەکدارەکانى حزب اللە بۆ هاوکارى کردنى هێزەکانى بەشار ئەسەد ڕەوانەى سوریا بکات کە لەمیانى ئازاداکردنى شارى قصیر دەیان کەس لە ئەندامانى حزب اللە و نزیکەى هەشت کەسیش لە ئەفسەرەکانى سوپاى قودس كوژران. هەروەها لەدرێژەى ئەو وتارەدا هاتووە:لەوچەند ساڵەى دوایدا سوپاى قودس توانیویەتى لەڕێگاى پێکهێنانى تۆڕێکى گەورەى نێودەوڵەتى و بەسود وەرگرتن لە هۆکارى جۆراوجۆر لەنێویاندا سورد وەرگرتن لە ئێرانیەکانى نیشتەجێى دەرەوە،چالاکیەکانى خۆى پەرە پێبدات.

لەساڵى 2010،سوپاى قودس بەهاوکارى حزب اللە،وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەوڵە شاراوەکانى ڕۆژئاوا بۆ لەکارخستنى چالاکیە ئەتۆمیەکانى ئێران وەک هێرشى ڤایرۆسى ئینتەرنێتى و کوشتنى زانا ئەتۆمیەكانى ئێران،چەندین هێرشى کردە سەر ئامانجەکانى ئیسڕائیل و ئەمریکا. بەپێى زانیاریەکانى ناو ئەو وتارە،لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا، سوپاى قودس بەلاى کەمەوە 30 هێرشى نهێنى لە چەند ناوچەیەکى جیهاندا سەرکردایەتى کردووە لەوانە : تایلەند،نیودەلهى،لائوس ونایرۆبى. گرنگترینى ئەو چالاکیەش لەساڵى 2011 دابوو کە تیایدا بازرگانێکى مادە هۆشبەرەکانى مەکسیک ڕاسپیردرا کە سەفیرى عەرەبستانى سعودیە لەواشنتۆن تیرۆر بکات.

نووسەرى ئەو وتارە لەدرێژەى باس کردنى چالاکیەکانى سوپاى قودس لەعێراقى دواى سەدام حوسێن و ڕۆڵى سەرەکى قاسم سلێمانى،دەنووسێت:لەسەرەتاکانى ساڵى 2008دا،جەلال تاڵەبانى سەرۆک کۆمارى عێراق،مۆبایلێکى داوەتە دەست ژەنەڕاڵ دەیڤید پترایۆس،فەرماندەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان لەعێراق کە کورتە نامەیەکى تێدابووە،لەو کورتە نامەیەدا قاسم سلێمانى بە ژەنەڕاڵە ئەمریکیەکە دەڵێت : ژەنەڕاڵ پترایۆسى خۆشەویست،تۆ پێویستە ئەوە بزانیت کەمن(قاسم سلێمانى) سیاسەتەکانى ئێران لە عێراق و لوبنان و ئەفغانستان سەرکردایەتى دەکەم،سەفیرى ئێران لە بەغدا ئەندامێکى سوپاى قودسە،ئەو کەسەش کە قەرارە جێگەى سەفیر بگرێتەوە ئەویش هەر ئەندامى سوپاى قودسە”.

سەبارەت بەعێراق، دیکستەر فیلکینس دەڵێت کە یەکێک لەسەرکەوتنە گەورەکانى قاسم سلێمانى ڕازىکردنى دۆستەکانیەتى لەناو حکومەتى عێراقدا تاکوو ڕێگا بدەن فڕۆکەکانى ئێران کە هەڵگرى چەک و تەقەمەنین بۆسوریا،بە ئاسمانى عێراقدا تێپەڕببن. بەگوتەى ژەنەڕاڵ جیمس ماتیس،سەرۆکى پێشوى سەرۆکایەتى ناوەندى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ( CENTCOM)”حکومەتى بەشار ئەسەد بەبێ ئەو هاوکاریانە دەمێک بوو ڕوخابوو”.

چاودێرى کردنى گەشتى فڕۆکە ئێرانیەکان بە ئاسمانى عێراقدا لەئەستۆى”هادى العامرى”وەزیرى گواستنەوەى عێراقدایە کە هاوپەیمانێکى لەمێژینەى قاسم سلێمانییە.هادى العامرى پێشووتر فەرماندەى “سوپاى بەدر”بوو کە لەسەردەمى شەڕى عێراق-ئێراندا لەڕیزى سوپا ئێران دژبە ڕژێمى سەدام شەڕى دەکرد. لەکۆتایى ئەو وتارەشدا ئاماژە بەوەکراوە کە پشت کردنە حکومەتى بەشار ئەسەد و وازهێنان لە پڕۆژەى پەرەپێدانى زیاترى کاریگەرى و نفوزى کۆمارى ئیسلامى لە سوریا و لوبنان کە بۆ درێژە پێدانى شەڕى شاراوە لەدژى ئەمریکا و ئیسڕائیل بەکار دەهێنرێت،بەلاى قاسم سلێمانییەوە کارێکى ڕەت کراوەیە.

بەم دواییانەش،قاسم سلێمانى بە ئەندامانى ئەنجومەنى شارەزایان”مجلس خبرگان”ى ئێرانى ڕاگەیاندووە”ئێمە کارمان بە پڕوپاگەندەى دوژمنانەوە نییە،چونکە سوریا بۆ ئێران هێڵى بەرگرییە….. و ئێمەش تاکۆتایى بەرگرى لە سوریا دەکەین”.

* سەرچاوە : رادیوفردا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی