"an independent online kurdish website

 من هیچ شازانی بەوەوە ناکەم کە بندەستم، بەڵام لە پێناو مانەوە و ڕزگاری و بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری و شکاندنی نیلی بندەستی دا گەلێک روداوی مێژووی هەیە کەوا شانازییان پێوە بکەم.hiwa_golmohemmedi

 پێم وایە ئەگەر نەتەوەی کورد خاوەن یەکیەتی و پێشڕەوی جەسوور و بە بەرنامە بوایە ئەوا هەتا ئیستا بێ ناسنامە نەدەمایەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو کەمو کوڕیەکان ئێمە خاوەن گەلێک  شانازین، لە نیو ئەم نەتەوەیەی ئێمە دا دەیان  و سەدان مروڤی خاوەن هەڵوێست و فیداکای هەبوون و هەن کە توانیویانە بە شێوەیەک لە شێوەکان جێگەیان لە مێژوو دا بپارێزرێ و بونەتە هێزی پاراستنی مانەوەی نەتەوەکەیان.

 هەتا ئێستاش هەر کاتێک کە بیر لە تێکستی کورتە چیروکی “شێرە ژن”ی کتێبی پاشەرۆکی ماموستا هێمن دەکەمەوە هەموو گیانم دێتە هەژان و تەزویەک لە نوکی پێمەوە هەتا تەپڵی سەرم ئەم تەزێنێ. بە کورتی ئەمە ناوەروکەکەیەتی:

 دوای تێکشکانی کۆماری کوردستان، پێشەنگەکانی ئەو کۆمارە لە لایەن دەسەڵاتدارە داگیرکەرە ئێرانیەکانەوە ئێعدام کران. پۆلێک  لەو شوڕشگێرانە لە شاری سەقز لە لایەن ئەرتەشی داگیرکەری پاشایەتیەوە دوای مەحکەمەیەکی ڕواڵەتی و نادادپەروەرانە لە دار دران و بڕیارەکەش ئەوە بو کە بۆ چاوترساندنی خەڵک دەبێ ئەو جەنازانە چەند شەو و رۆژ لە دارەوە بن.

 دایکی ئەو سەردارە لە دار دراوانە دیت و ئەیەوی جەنازەی رۆڵەکانی وەرگرێتەوە. گونای خۆی ئەڕنێ و لە خۆینی سەر  رومەتی لیوی کوڕە شەهیدەکانی سوور ئەکات و ئەڵێ: مروڤی مردوو خۆێنی نامێنێ و رومەتی سپی دەبێتەوە، بۆ ئەوە دوژمن وا  تێنەگا کە کوڕەکانم لە مردن ترساون، لیویان بە خۆێنی خۆم سوور ئەکەم.

 ئەمە تەنیا ئاوا بە کورتی ئاسانە باس بکرێ، بەڵام ئەگەر بە ناوەروکی هەڵوێست و بڕیار و جەسارەت و فیداکاری و هەست و تێگەیشتنی ئەو دایکە دا شوڕ بینەوە و وردی کەینەوە و لایەنە جوراجورەکانی بخەینە بەر باس، ئەوا بۆمان دەر ئەکەۆێ  کە هۆکاری نەتوانەوەی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەکانی دیکەی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە جیرانی کورد بون و وەک ئێمە روبەڕوی داگیرکاری و تواندنەوە و ئینکار کردن بونەوە  و تێدا چون ،  نەتواوەتەوە و خۆی پاراستوە بونی دایکانی ئاوا بە جەسارەت  بووە.

 کاتێک لە شوڕشا بوین رویداوە کە کاتێک هەواڵی شەهید بوونی شوڕشگێڕیک بە بنەماڵەکەی دراوە، دایکی ئەو شەهیدە داوای لە کوڕەکەی دیکەی کردوە کە چەکی براکەی بکاتە شانی. هەر ئاوا نوسینی ئەم شتانە ئاسانە بەڵام ئەگەر لە قوڵاێی ناخەوە لەم هەڵوێستانە بڕوانین ئەوا لە گەورەیی و گرینگی ئەو بڕیارانە تێدەگەین.

 من خۆم دایە ئامینەم لە نیزیکەوە ئەناسی. دایە ئامینە 3 کوڕی هەبوو، هەر توزێک دوای داگیر کردنەوەی  شاری سنە لە لایەن داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە یەکێک لە کوڕەکانی شەهید بوو، کەچی دایە ئامینە خۆی و دوو کوڕی دیکەی بوونە پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی کورستانی ئێران و دواتر یەکێکیتر لە کوڕەکانی شەهید و ئەویتریان نیوە شەهید بوو، بەڵام دایە ئامینە قەت ورەی بەر نەدا. هیوادارم ئەم بەسەرهاتە بکەمە کورتە چیروکێک.

لەم نوسینەمدا مەقالە و شروڤە نانوسم و ئەمەوێ تەنیا ئاساێی و لە دڵەوە ئەم ڕەستانە بنوسمەوە و ئامانجم دەربڕینی ئەو هەڵوێستانەیە کە لە لوتکە دان.

 چەند رۆژێکە کتێنی ئەزمون و خەبات لە نوسینەوەی بەڕیز کاک هەیاس کاردووم دەست پێکردوە کە بە شێوەی وتووێژ لەگەڵ کەسایەتی سیاسی و خەباتکاری روژهەڵاتی کوردستان ڕیزدار عەبدوڵا حەسەنزادە(مەڵا عەوڵا) ئامادە و چاپی کردوە.

 لە لاپەڕەی  107 ی کتێبی ئەزمون و خەبات دا ئاوا باسی هەڵۆێستێکی بەرزی دایکێکی کورد ئەکا. دیارە ڕیزدار حەسەنزادە زوور سادە بەسەر ئەو هەڵویستەدا باز دەدا و لەوانەیە قەت ئەوەندەی پێویستە ئەو هەڵویستەی بەلاوە بەرز نەبوبێ وەک هەیە.

هەیاس کاردۆ پرسیارێکی ئاوا ئاراستەی ریزدار حەسەنزادە دەکات:

 هەیاس کاردۆ: یانێ لە راستیدا هیچ پشتیوانەیەکیان نەبوو( مەبەست لە شوڕشگێرانی ساڵەکانی  1346-1347 یان 1966-1967ە) ئەدی ئەو چەک و تەقەمەنی و ئەو شتانەیان چۆن دابین دەکرد؟

عەبدوڵا عەسەنزادە: نا نەیان بوو، ئەو چەک و تەقەمەنی یە کە پێیان بوو لە واقیع دا هەر ئەوە بوو کە پێشتر پێیان بوو. هێندێک دەسکەوتیشیان هەبوو لەو عەمەلیاتانەی کە کردبوویانن. چەند”ئیم 1″ یان(جۆرە چەکێکە، وەک تفەنگی بڕنەو وایە، بەڵام “ئیم یەک” ‌ هەشت فیشەک ئەخوا و نیوە ئەوتوماتە) لە شەڕەکانی سپی سەنگ و سەرشیوو و ئەوانە گرتبوویانن. چەند قەبزەیەکی دیکەشیان هەبوون. بەڵام ئەو خەباتە شتی سەیر و سەمەرەی تێدا هەبوو کە پێم وایە لە جێگایەکی دیکەدا باسم کردوە. یەکێک لەو پێشمەرگانەی  کە وەختی خۆی دەگەڵ سمایلی شەریفزادە شەهید بوون، میرزا محەممەدی شاتمانی بوو. میرزا محەمەدی شاتمانی کوڕی بێوە ژنێک بوو بە ناوی “ئەستی” یە مەنگوڕ. تفەنگەکەی ئی خۆی بوو. کە ئەو شەهید بوو، پووڵێکیان بۆ دایکی بردبوو و گوتبویان ئەوە پووڵی تفەنگەکەیە. ئەستیێە مەنگوڕ گوتبووی: ڕوڵە گیان، ئەمن ئەو تفەنگەم بە پووڵی تەشی رێسی یە بۆ محەمەدی کڕیوە. ئێوە ڕیگاکەی ئیدامە بدەن دیسان بە تەشی رێسی پێنجی دیکەشتان بۆ دەکڕم. پوولەکەی لێ وەر نەگرتبوون.

لە راستیدا ئەمە بەسەرهاتێکی پر لە هەست و بەرپرسایەرتی و جەسارەت و ئیرادەیە. ئەمە تەنیا لە چیروکەکاندا روو ئەدەن، بەڵام  ئەمە چیروک نیە، ئەمە بەسەرهاتی خەون و خەیاڵی ئەو کەسانە نیە کە بیانەوێ قارەمان دروست بکەن و کار بکەنە سەر هەستی خەڵک، بەڵکو ئەمە دایکانی زاگروس نشینن کەوا روڵەکانیان بە شیری فیداکاری و بەرخوەدان گۆش ئەکەن.

 دایکە ئەستێ، دایکە ئامینە و دایکە مازەڕین و سەدان دایکی دیکەی کورد بونەتە هەوێنی بەرخوەدان و مانەوە و بەردەوامی ژیان لە کوردستان وگەلی کورد. جێگای خۆیەتی کە لە سەریان بنوسین و ڕیزیان لێ بگرین و سەری ڕیز و خۆشەویستی و پاکی و ئازایەتیان بۆ دانەوێنین.

 هیوا گوڵ محەمەدی 20130624

تێبینی:

 مازەڕین، دایە ئامینە و دایە ئەستێ، دایکی شەهیدانی ڕیبازی ئازادی نەتەوە و نیشتمانن و رولەکانیان لە ڕیزی خەباتکارانی دیموکرات دا گیانیان بەخت کردوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی