"an independent online kurdish website

دوای مردنی محەمەد ئاغای سەرۆکی تایەفەی عەبدویی و سەر خێلی شوکاک،ئیسماعیل ئاغای سمکۆی کوڕی ناسراوترین و بەهێزترین کەسی ناو هەمو ئیلی شکاک بوو٠

شکاک لە دوای کوژرانی جەعفەر ئاغا پەلاماردانی عەجەمیان کردبووە پیشە، لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر شارەزاو جەربەزە لە سمکۆ کۆبوبونەوە٠ سمکۆ ناکۆکی دێرینەی کورد و ئازەری هەر لەدڵ دا بوو٠ ئەویش بەو کردەوانەی ئەی نواند زیاتر توندوتیژی کردو، تەقاندیەوە٠ لەبەرئەوە بوو تەقەلا سیاسیەکانی لەناو ئیراندا دۆستێکی نەبوو، بەڵکو لە هەموانەوە دوژمنایەتی ئەکراو، بە خراپ لە سەری ئەدوان و ئەیان نووسی٠ ناوچەی ورمێ لە کۆنەوە کە مەیدانی ململانێ و ناکۆکی دوژمنانەی کوردی سوننی و عەجەمی شیعە بوو، وە بەو هۆیەوە پشێویەکی بەردەوامی تیا بوو هاتنی یەکەمی عوسمانی و پەلاماردانی ناوچەکە پشێویەکەی زیاتر کردو، هاتنی ڕوس و دەرکردنی عوسمانی ئەویش ئاڵۆزتری کردو هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم و، لەشکرکێشی ئۆردوی عوسمانی و کشانەوەی ڕوس،دیسانەوە لەشکرکێشی بەرفراوانی ڕوسی و هاتنی چەتە ئەرمەنیەکان و داگیر کردنی ناوچەکە،کۆچی بەکۆمەڵی ئاسوری لە هەکاریەوە، ئینجا شوڕشی ئۆکتۆبەرو کشانەوەی یەکجارە کی سوپای ڕوسی، ئەم  ڕوداوانە هەموی لەماوەی چەند ساڵێکی کەم دا،هەلومەرجی ئەم ناوچەیەی برد بووە قۆناغێکی تراجیدیەوە٠ سمکۆ بە هۆی مێژوی درێژی بنەماڵەکەی و بەهۆی ئەو دەسەڵاتەوە کە لەناو هۆزەکەی و لە مەڵبەندەکەی دا هەی بو، کەسێکی ناسراو بو لە ناو کوردا٠ پێوەندی لەگەڵ زۆر کەس و زۆر سەرۆکی هۆزو زۆر لا هەبوو٠

پێش هەڵگیرسانی شەڕ، سمکۆ لەگەڵ عەبدولرزاق بەگی بەدرخان هاوکارو هاوبیر بوو٠ عەبدولرزاق بەگ ئەو پرۆژە گەورەیەی دای نابوو بۆ بەرپا کردنی شۆڕش و دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ، پشتی بە سمکۆ ئەستور بوو، هەر بە هاوکاری سمکۆش کۆمەڵەی ((جیهاندانی))دامەزراند٠ کە یەکەمین فێرگەی کوردییشی لە خۆی کردەوە، سمکۆ مناڵەکانی هەڵبژارد بۆ خوێندن و فێربون لەو فێرگەیەدا٠ شێخ عبدولسەلامی بارزانی کە لە بەردەمی هێرشی تورکیا کشایەوە ماوەیەک لە ناو شکاک دا بوو٠ لەگەڵ سمکۆ پێکەوە چون بۆ دیتنی جێگری قەیسەری ڕوسی لەقافقاس،بۆ ئەوەی داوای پشتیوانی و یارمەتی دانی بزوتنەوەی کوردی لێ بکەن٠ شێخ عەبدولسەلام هەر لەم ناوچەیەدا لە لایەن سۆفی عبدوڵڵای شوکاکەوە گیراو درایە دەست تورک٠ سمکۆکچێکی شێخ محەمەد سدیقی هێنابو٠ شێخ محەمەد سدیق کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای شەمزینی و برای شێخ عەبدولقادرو،لەڕاپەڕینی ١٨٨٠ دا سەرکردەی قۆڵی ورمێ و،باوکی سەید تەهابو٠ سەید تەها یەکێ بولە کوردە سیاسیە دەسەڵاتدارە ناسراوەکانی ئەو سەردەمەو سەردارێکی دەسڕۆیشتوی هەکاری بو٠ لەدوای((ئینقلابی عوسمانی))مەبعوسی ولایەتی هەکاری بوو لە(مەجلیسی مەبعوسان)دا٠ بەم خزمایەتیە هاوکاری بنەماڵەی شێخانی شەمزینان بە تایبەتی سەید تەها و سمکۆ پتەوتر بو٠ لەسەرەتای جەنگ دا سمکۆ بە هێزێکی ٣ هەزارکەسیەوە لە نزیک خۆی بۆ هاوکاری تورک بەرهەڵستی سوپای ڕوسی کرد٠ ڕوس بۆ چەند مانگێ ناوچەکەیان چۆڵ کردو کەوەتە دەس تورک٠

زۆری نەخایاند سوپای ڕوسی ئۆردوی تورکی لە ناوچەکە ڕاماڵی ٠ سمکۆئیتر خۆی هەڵ نەقورتان لەڕوداوە کانی دوایی٠ بەڵام کاربەدەستانی ڕوسی لەسەرەتادا سمکۆ و سەید تەها و چەند کوردێکی تریان دورخستەوە بۆ قافقاس٠ پاش ماوەیەکی زۆر ئینجا ڕێگەیان دا بگەڕێنەوە لە خوی دابنێشی٠ بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەید تەهاو سمکۆو چەند کەسێکی تر(جەمعییەتی ئستخلاسی کوردستان)یان دروست کرد٠ داوایان لە کاربەدەستانی ڕوسی کرد بۆ گفتوگۆ دەربارەی هاوکاری کورد ڕوس دژی تورک بەو مەرجەی پشتیوانی لە ئامانجی نەتەوەیی کورد بکەن٠                 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی