"an independent online kurdish website

دەگێرنەوە دوو پارێزەر لە پەنجەرەی ئۆفیسی خۆیانەوە پیاوێک دەبینن کە بە شەلەشەل رێگا دەڕوا. پارێزەری یەکەم وتی پێموایە ئەو کابرایە تازە “فەتخی” نەشتەگەری کراوە کە بەو شێوەیە هەنگاو هەڵدێنێت. mejid_heqi-01

ئەوی دیکە وتی نە بە بڕوای من ئەو کابرایە تازە “خەتەنە” کراوە بۆیە بەو شێوەیە لاق هەڵدەگرێت. ئەو دووانە مەرجیان بەست کە هەرکەس بباتەوە بۆ ئەوی دیکە میوانداریەکی چاک بدات. چوونە دەر و چاوەرێ بوون تا کابر گەیشتە لایان. دوای سڵاو و خۆشی وتیان کە مەرجێکی وامان پێکەوە کردووە و حەز دەکەین وەڵامی راستیمان پی بلێیت؟ ئەویش وتی هەرسێکمان لێکدانەوەی هەڵەمان بووە. منیش پێموابوو بای زگمە، بەڵام ….

 چێرۆکی جیابوونەوە و دابرانی حەوت ساڵ لەمەوبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شتێکی نزیک بە لێکدانەوەی دوو پارێزەرەکە بوو. بەبێ ئەوەی کە پێویست بکات برۆینە ناو قووڵایی هۆیەکانی جیابوونەوەیەک کە زەمینەکەی 17 ساڵ پێشتر رێژدرابوو و بەرهەمی چارەسەری ئەو کێشانەبوو کە لە کۆنگرەی هەشتمەوە هەروا بەجێ مابوون، نزیکبوونەوە بە جیابوونەوەی حەوت ساڵ لەمەوبەری   حیزبی دێموکرات بەو چیرۆکەی سەرێ دەچێت.

لایەنی جیابووە: “ئەوانە کەسانێکی بێ ئەزموون، لە لای خەڵک خۆشەویست نین، زۆربەی دێموکراتە دێرینەکان لە گەڵ خۆمانن، دوای جیابوونەوە ئەوان تووشی شکست دەبن و ناچار دەبن داوای ئێمە قبوول بکەن و تەسلیم بە ویستەکانی ئێمە بن.”

جیناحی دەسەڵاتداری حیزب: “ئەوانە هەر هەمان لادەرانی کۆنگرەی هەشتەمن، کە لە لایەن خەڵکەوە “تەرد” دەکرێن و دوای یەک دووساڵ شکست دەخۆن و لە ناو دەچن. “

 دوای حەوت ساڵ جیابوونەوە، دەرکەوت نە رێبەری حیزبی دێموکرات کەسانی بێ ئەزموون و نەخوێندەوارن و نەش لایەنی جیابووە هەمان “لادەرانی” کۆنگرەی هەشتن. لەوانەی پرسیارەکانی جیابوونەوەی ساڵی 1988 و 2006 وەک یەک بووبن، بەڵام بێگومان وەڵامەکان جیاوازن. پرسیارە سەرەکیەکان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕانی بەسەر نایەت، ئەوەی دەبێ بگۆردرێت وەڵام بە پرسیارەکەیە.

لە کۆنگرەی پانزدەهەمی حیزبەوە، کە بە دروشمی “یەکریزی لە پێناو سەرکەوتن” بەرێوە چوو، زیاتر لە ساڵێک تێپەر دەبێت، لەو ماوەیەدا بەداخەوە هەنگاوی زۆر کەمتر لە رادەی چاوەروانی لە هەردووک لایەوە هەڵینراوەتەوە. تەنگەژەی بڕوا (بحران اعتماد) بەجۆرێک باڵی بەسەر جۆڵانەوەی نەتەوایەتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کێشاوەتەوە کە رێکخراوە سەرەکیەکانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان و نەمازە حیزبی دێموکرات بە لایەنی جیابووەکەشەوە، کە سەردەمانێک دینامیزمی بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بوو و بە سەرەکی ترین حیزبێکی “ئێرانی” دەبیندرا کە سیستەمی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامی لێدەترسا، ئەمرۆ بووتنەتە حیزبی پەراوێز خراو ، کە تەنانەت بوێری ئەوەی نیە مافی مرۆڤی ٧ زیندانی کورد لە باشوور کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان هەڵوێستاین دەربرێوە و زیندانی کراون دەرببرێت.

رێبەری حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی پانزدەهەمدا بوێرانە رەخنەی لە خۆی گرت و کردەوەکانی خۆی بردە ژێر پرسیار. گرفتی ئەو رەخنە لەخۆ گرتنەوە ئەوە بوو کە تەنیا رەخنە لە مێتۆدەکان و شێوەی هەڵسوکەوت گیرابوو نەک لە سیاسەتەکان و هەڵوێستەکان کە مێتۆد و شێوەی هەڵسوکەوت پاشکۆی ئەانن. لەو رووەوە ئاڵوگۆرێکی بەرچاو لە هەڵوێست و “زەهنیەتی” رێبەری حیزب دا نەهات تا بتوانێت وەڵامدەری پێویستیەکانی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات و بزاڤی نەتەوایەتی بێت.

لەسەرەتای دەسپێکی گفتگۆی نێوان حیزب و لایەنی جیابووەدا، هەنگاوەکان بە هۆی نەبوونی شەفافیەت تەنانەت بۆ ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب، زۆرتر وەک کاری پۆپۆلیستی و کاتکوژی دێنە بەرچاو و پرۆژەیەکی بەکردەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کە یەکریزی بنەماڵەی دێموکرات بێ لە دەست دا نیە. هەموو کۆنفلیکت و کێشەیەک کە لانی کەم دوو لایەنی تێدا بەشداربێت، پیویستی بەلایەنێکی سێهەم دەکات، بۆ ئەوەی هاوکاریان بکات لە بەرێوەبەری و چارەسەری کێشەکە و گەیاندنی لایەنەکان بە خاڵی هاوبەش. لەو رووەوە گفتگۆکانی دوولایەنی هەرچەندیش لە رووی هەستپاکی و دڵسۆزیش بێت، ناتوانێت ئاکامێکی وای لێبکەوێتەوە کە یەکەم هەموو لایەنەکان بەتەواوی لێێ رازی بن و لەو مامەڵەیەدا هەردووک لا ببەنەوە. دووەم پلانێک دابرێژدرێت کە درێژخایەن بێت و رێگا بدرێت لانی کەم بەدەنەی چالاکی حیزب لەو داڕشتن یا خود پرۆسەی داڕشتنی پلانەکەدا بەشداری بکرێت و سێهەم: پلانێک بێت کە زەمینەی کۆنفلیکتەکان لە ناو ببات و سیستەمێک لە ناو حیزب دا دابمەزرێت کە کێشەکان نەبنە هۆی تەقینەوە و بەرێوەبەری کۆنفلیکت ببێتە یەکێک لە بنەماکانی قەوارەی حیزبی.

 گرنگتر لە هەمووی ئەوانە، چارەسەری کێشەکان لەو هەلومەرجەدا پرسێکی ئەخڵاقیە بۆ هەموو بنەماڵەی دێموکرات و وەڵام بە پرسیاری یەکریزی و یەکگرتنەوەی حیزب نابێت لە نوسخەکۆنەکانەوە بدۆزرێتەوە بەڵکوو وەڵامەکان دەبێ بە پێی پێویستی ئەمرۆ بن. لەکاتی نووسینی ئەو کورتە نووسراوەیە هەواڵی کۆچی دوایی کەلە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی نێلسۆن ماندێلام خوێندەوە. بۆیە جێی خۆیەتی بە وتەیەکی نێلسۆن ماندێلا روو لە بڕیاردەرانی حیزب بکرێت بۆ بینینی بەرپرسایەتی خۆیان لە چارەسەری کێشەکاندا: “شتێک کە لەکاتی گفتگۆکاندا فێربووم ئەوە بوو، کە تا کاتێک خۆم نەگۆرم ناتوانم کەسانی دیکە بگۆڕم.”

گۆڕان و یەکریزی لە ئێمەوە دەست پێ دەکات نەک لە لایەنی بەرامبەرمان. چالشێک لە بەردەم رێبەری حیزبی دێموکرات و بڕیاردەرانی پرۆسەی یەکریزی بنەماڵەی دێموکرات.

 مەجید حەقی

هێلسینکی 6.12.2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی