"an independent online kurdish website

ماڵپەری پێشمەرگەکان بە بۆنەی یادی ١٠ی خاکەلێوە” رۆژی شەهیدانی کوردستان ”  کە ٦٧ ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی ١٠ی خاکەلێوە ، پێشەوای مەزنی گەلەکەمان ” شەهید پێشەوا قازی محەممەد” و شەهیدان ” سەیفی قازی و سەدری قازی” بە دەستی مرۆڤکوژانی رێژیمی حەمە رەزاشا  لە گۆڕەپانی  “چوار چرا “ی مهاباد شەهید کران ، لەگەڵ خاتوو تووبا ئەلیاسی “چالاکی سیاسی و چالاکی بواری ژنان” پێک هێناوە.toba_eliasi_-_Kopie

خوشکە تووبا ئەلیاسی لە ئێستادا دانیشتووی وڵاتی نۆروێژە و ماوەی ٢٠ ساڵە  ئەندامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و  حیزبی دێمۆکراتە. بەرێزیان ساڵانێکی زۆر لە ئوردووگای ڕۆمادی وێرای بنەماڵەکەی ژیاوە و لەو سەردەمەش دا وەک زۆر یەک لە کوردانی ڕۆمادییە و بەتایبەت ژنانی شۆڕشگێر بە خەبات و تێکۆشانەوە سەرقاڵ بووە و لە هیچ هەل و مەرجێکدا  نەتەوەکەی لە یاد نەکردووە. 

ئەوەی خوارەوە دەقی وتووێژێکە کە ماڵپەری پێشمەرگەکان لە گەڵ خوشکە تووبادا پێکی هێناوە .

پ – خوشکە تووبا لە پیشدا زۆر سپاستان دەکەین کە بە دەم داواکارییەکەی ئێمەوە هاتن .پێمان خۆش بوو کەمێک باس لە خۆتان بکەن و تووبا ئەلیاسی کێیە؟چۆن گەیشتنە روومادییە و کەی ئەو شوێنەتان بەجێ هێشت ؟

وڵام: پێشەکی وێرای سڵاو و ڕێز بۆ خۆتان و خوێنەرانی ماڵپەڕەکەتان، پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانین بۆ ئەو بەسەر کردنەوەیەتان.

 من  لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٤ی زاینیم  . جێگای لە دایکبوونم  گوندێکە  بە ناوی قەرەسەنی کە دێیەکە سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.  شایانی باسە کاتێک کە من تەمەنم نزیکەی ٥ ساڵان بوو، بنەماڵەکەم بە هۆی شەڕی نێوان ئێراق و ئێران ناچار پەڕیوەی هەندەران واتە ئێراق بوون. من تەمەنی منداڵی، مێرمنداڵی و گەنجی خۆم لەو ئۆردوگایە کە ئێوە ئاماژەتان پێ داوە بە سەر بردووە. لەوێ تا پۆلی چواری سەرەتایی دەرسم خوێندووە. لەو کاتەوە کە خۆم ناسیوەتەوە و لە گەڵ ڕەنج و مەینەتی گەلە بەشخوراوەکەم ئاشنا بوومە، هەمیشە خەمخۆری دۆزی نەتەوەکەم بووم، هەرچەند ڕەنگە بە پێی پێویست کارم نەکردبێت بۆ دۆزی گەلەم.  هەروەها ساڵانێک تا پێش هاتنم بۆ دەرەوەی وڵات چالاکیم هەبووە لە بواری کار کردن بۆ مافی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا. لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٩ وەک پەنابەری سیاسی نیشتەجێی وڵاتی نۆویژم لە گەڵ بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەم . بە دوای نیشتەجێ بوونم لە وڵاتی نۆرویژ توانیومە بروانامەی ڕەگەز، فمینیزم و بەرابەری بە دەست بێنم و ئیستاش خەریکی نووسینی بڕوانامەی زانستی سیاسیم.

toba_eliasi1

 ئێستاش لە هەموو کات زیاتر خۆم  بە دڵسۆزی ئازادی و سەبەستی گەلەکەم  دەزانم و بۆ مافەکانی ژنانیش هەروا  یەکێکم لە ڕێبوارانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، هەرچەند بە هۆی سەرقاڵی خوێندن و ژیانی تایبەتی خۆمەوە ، بە پێی پێویست کاتم نییە بۆ چالاکی لە بواری ژناندا، بەڵام هەمووکات ڕێبوارێکی بەوەفای ئەو بزوتنەوەیەم.

پ – خوشکە  تووبا ، وەک دەزانن ٦٨ ساڵ بەسەر شەهید کردنی پێشەوای نەمر و هاوڕێکانی دا تێ ئەپەڕێ ، ئێوە چۆن سەیری ئەو رووداوە مێژووییە دەکەن ؟ پێتان وایە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان چ ئەرکێکیان لەو بارەوە لە سەر شانە ؟

وڵام: گومان لەوەدا نییە، کە شەهید کرانی پێشەوا و هاوڕێکانی، زەربەیەکی کاریگەری مێژوویی بووە بۆ گەلەکەمان و ڕەنگە ئەو کارەساتە لەو کاتدا چاوترسانێکی زۆری هەبووبێت بۆ تێکۆشەرانی گەلەکەمان و ڕەوڕەوەی خەباتی بۆ ماوەیەک ڕاگرتبێت. لە هەمان کاتدا ئەو ڕووداوە نیشان دەدات کە گەلی کورد گەلێکی ئازاو چاونەترس بووەو هەر لە دێر زەمانەوە بە گژ داگیرکەرانی خاک و نیشتمانەکەیاندا چوونەتەوەو و خوازیاری ئازادی و سەربەستی کوردستان بوون و هەن.

وڵامی من بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەتان، بە بڕوای من گەلی کورد کە مێژووییەکی پڕ لە خوێناوی و فیداکاری هەیە و لە هەمووی زیاتر کوردستانەکەی ئێستاش لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران دایە، زۆر گرینگە کە یەکیەتیی و یەکڕیزی بپارێزێزن. هاودەنگ و هاوڕەنگ بن لە خەبات کردن بۆ ئازادی و سەربەستی ئاوو خاکی خۆیاندا و نابێت چۆک دابدەن لە بەرانبەر ئەو دیکتاتۆرو خوێنمژانەی کە کوردستانەکەمانیان لێ داگیر کردووین.  ‌toba_eliasi6

هێزە سیاسیەکانیش بە هەمان شێوە، ئەرکی ڕێبەری کردن و دۆزینەوەی باشترین ڕێگاچارە بۆ ڕزگاری گەلەکەیان لە سەر شانە‌. دیسانیش یەکیەتی و هاوپەیمانی لە نێوان هێزە سیاسیە کوردییەکان زۆر پێویستە، هەم بۆ بەهێز بوونی خۆیان و هەمیش بۆ بەرز ڕاگرتنی وورەی تاک تاکی کۆمەڵگای کوردی بۆ ئەوەی پرش و بڵاو نەبن. لە هەمان کاتیشدا پلاتفۆرمی هاوبەش زۆر پێویستە چوون یەکیەتی و یەک ئامانجی گەلی کورد نیشان دەدات. هێزە سیاسیەکان کە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی کوردی دەکەن، زۆر پێویستە کە یەک دەنگ بن هەم لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان هەمیش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی دونیا بۆ لای دۆزی کورد.

 

پ- زۆر لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی ١٠ی خاکەلێوە وەک رۆژی شەهیدانی کوردستان بە شیاوترین دەزانن ، هەڵبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش ١٠ی خاکەلێوەی وەک رۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کردووە و هەموو ساڵێک لە بۆنەی جیاجیادا رێز لەو رۆژە دەگرێ ،بە بڕوای ئێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان پێویستە چ تایبەتمەندییەکی هەبێ و چ رۆژێک وەک رۆژی شەهیدانی کوردستان بە شیاو دەزانن؟

ڕەنگە ئەگەر من بڵێم ١٠ی خاکەلێوە بە شیاوترین بۆنە دەزانم بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی کوردستان، کەسانێک هەبن بێ ئەوەی کە بۆچوونەکەم چاو لێ بکەن، دەستبەجێ بڵێن ئەوە لە بەر ئەوەیە کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. بە بڕوای من تایبەتمەندی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ئەبێت، هەر ئەو تایبەتمەندیانە بێت کە لە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوەدا بەدی دەکرێ. وەک دەزانین کۆماری کوردستان ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بووە، تەقریبەن نوێنەرانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان یان بەشداری ئەو خەباتە بوون یان نوێنەری تایبەتیان ناردووە بۆ لای ئەو ڕیبەرایەتیە و هاوپەیمانی خۆیان لە گەڵیان دەر بڕیوە. پاشانیش سەرکردەکانی کۆماری کوردستان لە بەر داخوازیەکانیان واتە ئازادی و سەربەستی کوردستان شەهید کران و و ڕێژیمی خوێنمژی ئەو کات پێی وابوو بە شەهید کردنی پێشەواو هاوڕێکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە نێو دەچێت و کۆتایی پێ دێت و چیتر کورد خوازیاری ئازادی و سەربەستی کوردستان نابێت. هەروەها پێشەوایەک کە دەیزانی بە داکۆکی کردن لە ماف و ئامانجەکانی گەلەکەی گیانی خۆی لە دەست دەدات، بەڵام ئامادە بوو  بوێرانە داکۆکی لەو ئامانجانە بکات لە کاتی دادگایی کردندا، پێمان دەڵێت کە ١٠ی خاکەلێوە زۆر شیاوە کە دیاری بکرێت وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان. هەرچەند ڕەنگە کەسانێک هەبن کە ڕۆژی هەڵەبجە بە شیاوتر بزانن، بەس من بەشبەحاڵی خۆم تایبەتمەندی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان زیاتر لە ١٠ خاکەلیوەدا دەبینم، سەرەڕای ئەوەی کە کارەساتی هەڵەبجە و کیمیابارانی هەڵەبجە کارەساتێکی جەرکبڕە لە مێژووی نەتەوەیی گەلی کورددا.

 

 پ- دادە تووبا ، با بچینە سەر پرسی ژنان . وەک دەزانن ڕێکخراوی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، کۆنترین ڕێکخراوی سنفی هەر چوار پارچەی کوردستان و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریشە کە بە پێشەوایەتی جەنابی قازی محەممەد و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٤ی رەشەمەی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دا دامەزرا . ئێوە وەک ژنە چالاکێکی کورد و ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە ، چۆن لە پێگەی یەکیەتی ژنانی دێموکرات دەڕوانن ؟ 

 

وڵام:  ئەو ڕێکخراوە هەر وەک ئاماژەتان پێ کرد، کۆنترین ڕێکخراوی ژنانە و خاوەنی شانازی ئەوەی هەیە کە ڕەنگە کۆنترین ڕێکخراوی تایبەتی ژنان بێت نەک لە کوردستان بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاسدا؟ بەڵام نابێت لە بیرمان بچێت کە ئەو ڕێکخراوە لە بەر ئەوەی هەڵقوڵاوی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و هەمیشە لە لایەن ژنانی نێو بنکەکانی حیزبەوە ڕیبەرایەتی کراوەو، لە هەمانکاتیشدا ئەو ژنانەی کە ڕێبەرایەتی ئەو ڕیکخراوەیان کردووە ئەرکی پێشمەرگایەتی و شۆڕش بۆ ڕزگار کردنی گەلەکەیان لە سەر شان بووە و زۆر بە ئاسانیش دەستیان ڕانەگەیشتووە بە ناوخۆی وڵات، هەر بۆیە بە بڕوای من نەی توانیوە بەو شێوەی کە پێویستە و شایانی مێژووی دورودرێژی خەباتی خۆیەتی ڕۆڵی باش و کاریگەری هەبێت لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام وەک وتم ئەو هۆکارانە بوون کە نەیانهێشتووە ئەو ڕیکخراوە بە پێی پێویست چالاکی و ڕۆڵی خۆی هەبێت لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا، ئەگینا لەو شوێنانەدا کە ئەو ڕیکخراوەیە توانیویەتی چالاکی بکات، کاریگەری باشی هەبووە.

toba_eliasi

بۆ نموونە ئەو کات کە ئێمە لە ئۆردووگای ڕومادی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانمان دروست کرد، پاش ماوەیەک کارەکانی ئەو ڕێکخراوەیە توانی شوێندانەر بێت لە سەر  بەشیکی زۆری  بنەماڵەکانی نیشتەجێی ئەو ئۆردوگایە. هەروەها  کارەکانی بوون بە جێگای سەرنج ڕاکێشانی بەشیکی زۆری ژنان و کۆکردنەوەی ئەوان لە دەوری ئامانجەکانی یەکیەتیی ژنان. ئەوانە دەتوانن دڵنیامان بکەن کە دوای ئەوەی کوردستان لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران ڕزگاری ببێت و ئەو ڕێکخراوەیە چالاکی ئاشکرای خۆی بباتەوە نێوخۆی وڵات ، دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەری خۆی هەبێت لە نێو کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستاندا.

پ- وەک دەزانن لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەراستدا ، ژنانی کورد ئەگەر یەکەم نەبن لە پێشەنگایەتی خەبات و تێکۆشان دا ، بە دڵنیاییەوە لە بەرچاوترین خەباتکارانی توێژی ژنانن کە شان بە شانی پیاوان قولی خەباتیان لێ هەڵماڵیوە و لەو ڕێگایەشدا قوربانییەکی زۆریان داوە . وێرای ئەوەی کە ژنانی تێکۆشەری کورد بەگشتی جێگای رێز و حورمەتی کۆمەڵگا و تەنانەت بنەماڵەکانیشیانن، بەو حالەش لە کۆمەڵگای کوردەواریدا پێشێل کاری مافی ژنان چ لە لایەن دەسەڵاتداران و چ لە لایەن کەس و کار و کۆمەڵگای کوردییەوە هێشتا بەرچاوە و ژنان تووشی ئازار و لێدان و کوشتن دەبنەوە . هۆکاری ئەو جیاوازییە لە چی دا دەبینن ؟

وڵام: هۆکار زۆرن کە توندووتیژی ڕەگەزییان دروست کردووە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا، هەر وەک چۆن لە زۆر کۆمەڵگای دونیای ئەورۆشدا هێشتا بەردەوامە. بەڵام ڕەنگە توندووتیژی و ئازارەکان جیاوازیان هەبێت لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە. لە پێشدا وایە ، ژنانی کورد لە بەر ئەوەی کە ئاو و خاکەکەیان هەتا ئێستاش  لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران دایە، هەمیشە ڕۆڵی خۆیان هەبووە لە بەرەوپێش بردنی ئەو خەباتەدا. جا ئەمە چ لە ڕیگای بەشداری کردن لە خەباتی چەکداری بوبێت، یان لە ڕێگای یارمەتی دان لە بەرەوپێش بردنی ئەو خەباتە بوبێت بە شێوازی جۆراوجۆر، کە ئەمەش ئەرکی سەرشانی خۆیان بووە وەک تاکێکی کۆمەڵگای کوردستان. هەرچەند ڕەنگە سەربەست نەبوونی کوردستان یەکێک لەو هۆکارانە بوبێت کە تا ئێستاش نەیهێشتووە ژنانی کورد بتوانن و کاتی تەواویان هەبوبێت بۆ داکۆکی کردن لە مافە مرۆییەکانی خۆیان، بە بڕوای من ئەمە تاقە هۆکار نییە ، چوون ئێمە زۆر وڵاتی سەربەستی دونیا دەبینین کە ژنان لەوێدا ئەو مافانەشیان نییە کە ڕەنگە ژنی کورد هەیان بێت .

toba_eliasi4

من پێموایە هۆکارە سەرەکیەکانی توندوتیژی دژی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ بیری پیاوسالاری. واتە بیرێک کە پێی وایە ژن مڵکی پیاوەو ئەو مافە بە پیاو دەدات کە چۆنی پێ خۆشە و پێ باشە ئاوا لە گەڵ ژناندا بجوڵێتەوە. هەروەها کولتوری دواکەوتوویی کۆمەڵگا و بیری ئاینی کە ئەویش بیرێکی پیاوسالاری هەیە، یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە توندوتیژی ڕەگەزیان دروست کردووە. لە هەمووی خرابتر نەبوونی دێموکراسی و یاسایەکی دادپەروەرانە کە زەمانەتی داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنانی لە ئەستۆ دایە ، ئەمانە و زۆر هۆکاری لاوەکی دیکەن کە بوونەتە مایەی دروستکردنی توندوتیژی ڕەگەزی.

 بۆ کۆتایی هێنان بەو هەلومەرجەی کە ژنانی کورد تێیدا دەژین، لە پێش هەموو شتێکدا پێویستیمان بە پرۆسەیەکی دیموکراتیخوازی و یەکسانی خوازی هەیە، کە ئەویش پرۆسەیەکی زۆر گرینگی دونیای مودێرنی ئەوڕۆیە و  ئەبێت ڕەوتی ئاسایی خۆی بپێوێ بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام. جا ئەم پرۆسەیە، پێویستی بە چوونەسەری ئاستی زانیاری تاک تاکی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە هەیە. پاشانیش دەگاتە قۆناغەکانی دواییتری وەک دیموکراتیزە کردنی یاسای وڵات و سیستمی پەروەردەیی و بەڕێوەبەری و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و هەبوونی زەمانەتی بەڕێوەبەری یاسایی. هەربۆیە هەتا ئەم پرۆسەیە ڕەوتی ئاسایی خۆی نەپێوێ و کۆمەڵگایەک نەبێت بە خاوەنی یاسایەکی دادپەروەرانە و ئاستی زانستی کۆمەڵگا لە گەڵ ئەو یاسا دادپەروەرانەیە یەک نەگرێتەوە ،توندووتیژی ڕەگەزی هەروا دڕیژەی دەبێت . جا ئەمە کەم بێت یان زۆر. ئەمەش بەو واتایە نییە، کە ئەگەر ئەو پرۆسەیە گەیشت بە ئاکام، تووندوتیژی ڕەگەزی بۆ هەتاهەتایە کۆتایی پێ دێت، بەڵام باشترین میکانیزمە بۆ کەمکردنەوەی توندووتیژی ڕەگەزی و دابینکردنی ژیانێکی باشترو دادپەروەرانەتر بۆ ژنان.

 

پ- دۆخی ڕێکخراوەکانی ژنان و بەتایبەت یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران چۆن دەبینن ؟ پێتان وایە بۆ بەرەوپێش بردن و کاریگەریان لە سەر ژنانی کورد و بەتایبەت کۆمەڵگای کوردەواری و لەسەروو هەمواندا ئاڵ و گۆڕ لە بیرکردنەوەی پیاوان بەرانبەر بە ژنان ، چ شتێک پێویستە بکرێ و ئەو ڕێکارانە کامانەن کە دەتوانن یارمەتیدەری خەبات و تێکۆشانی ژنان بن ؟

وڵام: پێم وایە بەشێکی زۆر لە وڵامی ئەم پرسیارەم لە دوو پرسیاری پێشوودا وڵام داوەتەوە. بۆ ئەو بەشەی ڕێکخراوەکانی ژنان لە پێشدا پێم وایە ڕێکخراوی ژنان ئەبێت سەربەخۆ بن، ئەوە بەو واتایە نییە کە حیزبە سیاسیەکان مافیان نییە ڕێکخراوی تایبەت بۆ خۆیان هەبێت. بەڵام سەربەخۆ بوونی ڕێکخراوەکانی ژنان دەتوانێت پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە نێوان ژنانی هەموو پارچەکاندا دروست بکات . بێ کاریگەری سیاسەتی تایبەتی حیزبە سیاسیەکان و سەرنجی زیاتری ژنان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، چوون ڕەنگە ژنانێک هەبن کە لایەنگری هیچ حیزبێکی سیاسی نەبن و کاتێک رێکخراوی ژنان سەربەخۆ بن جێگای هەموو ژنێکی کورد لە نێو خۆیاندا دەکەنەوە بە هەموو بیروڕایەکی جیاوازەوە. هەربۆیە ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی کەم کاریگەری ڕێکخراوەکانی ژنان تا ئێستا لە کوردستان ئەو گڕێدراوییە سیاسییە بێت. چوون من بۆ خۆم ساڵی ڕابردوو لە کاتی سەردانم بۆ کوردستان چاوپێکەوتنم لە گەڵ چەند ڕێکخراوی ژناندا هەبوو، لەو چاوپێکەوتنانەدا بۆم دەرکەوت کە ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستانی باشووردا زیاتر کار بۆ سیاسەتی حیزبە سیاسیەکان دەکەن تا بۆ ژنانی کوردستان.

toba_eliasi5

تێبینی دووەمم ئەوەیە کە بۆ بەهێز کردنی ڕێکخراوەکانی ژنان پێویستە لە پێش هەموو کەسێکدا ژنانی کۆمەڵگای کوردەواری شارەزایی تەواو پەیدا بکەن لە ئاست مافەکانی خۆیان و ئاشنا بن  لە گەڵ شیوازی خەبات کردن بۆ بە دەست هێنانی مافەکانیاندا کە ئەمە ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنی و ڕۆشنبیرەکانی کۆمەڵگای کوردەواریە بۆ ئەوەی ئەم زانیاریانە بدەن بە ژنانی کوردستان و هەروەها ئەندامانی کۆمەڵگای کوردی. لەو ڕیگایانەوە دەکرێت ڕوانگەی مرۆڤ دۆستی و یەکسانیخوازی پەرەی پێ بدرێت لە کۆمەڵگای کوردستاندا

 ژنانی کورد کە قوربانی زۆریان داوەو ئێستاش دەیدەن  لە بەر ژن بونیان . زۆر پیویستە کە خۆیان لە پێش هەموو کەسدا ئاڵا هەڵگری خەباتی یەکسانیخوازی بن و بوێرانە بێنە مەیدانەوە بۆ داکۆکی کردن لە مافە مرۆییەکانی خۆیان. هەروەها ئەرکی سەرشانیانە کە خۆیان باش پەروەردە بکەن و کاتەکانی خۆیان بە فیڕۆ نەدەن بە شتی لاوەکیەوە، چوون هەتا ژنان نەبن بە هێزێکی باش و پێگەیشتوو لە باری زانست و شارەزایی باشیان نەبێت لە سەر بابەتەکانی تایبەت بە مافی خۆیان و بابەتی سیاسی و بەڕیوەبەری ناتوانن هێزێکی حەساو بۆ کراو بن لە بەرانبەر پیاواندا. جا هەربۆیە پێویستە هەوڵی زۆرتر بدەن بۆ بەرەوپێش چوون و خۆ پێگەیاندن .

toba_eliasi2

لێرەدا نابێت ڕۆڵ و ئەرکی حیزبە سیاسیە کوردییەکانمان لە بیر بچێت، چوون ئەوان وەک حیزبی ڕزگاریدەری گەل و خوازیاری ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری ئەبێت ڕۆڵی باشیان هەبێت لە بەرەوپێش بردنی خەباتی یەکسانیخوازی ژناندا. هەروەها  بە بڕوای من ئەبێت دەسپێشخەر بن لە چالاک کردنی ژنان لە نێو ڕیزەکانی خۆیاندا و هەروەها لە ڕێبەرایەتیدا. چوون مادام ژنان نیوەی کۆمەڵگای کوردەوارین و حیزبە سیاسیەکانیش ئەیانەوێ شوێن و جێگای خۆیان هەبێت لە نێو ئەو نیوەیەی کۆمەڵدا، هەر لە ئێستاوە ئەبێت هەنگاوی باشتر بنێن بۆ چالاک کردن و بەشدار کردنی ژنان لە نێو خۆیاندا. چوون بەداخەوە ئێستاشی لە گەڵ بێت لە نێو بەشێکی زۆری ئەندامانی حیزبە سیاسیەکاندا بیری پیاوسالاری هەیە و پێیان وایە کە پیاوان شیاوترن لە بەڕیوەبردن و سیاسەت کردندا و ئەمەش وای کردووە کە زۆر جار ژنان پراوێز بخرێن لە نێو ئەو حیزبانەدا. هەرچەند ناکرێت چاوپۆشی لە کەمکاری ژنان خۆشیان بکەین، چوون بەشێک لە ژنان کە بۆ خۆیان دەرفەتی کاری سیاسیان هەیە ڕەنگە  کەمکاری لە خۆیاندا هەبێت، یان ئەوەی کە  پشودرێژ نین و کەمتر لە ململانێی سیاسیدا بەشداری دەکەن و زووتر گۆشەگیر دەبن و واز لە کار دێنن.

پ- ئێوە وەک ژنێکی بە ئەزموون و سەرکەوتوو و خاوەنی ساڵانێک خەبات و تێکۆشان لە بواری ژناندا ، چ ئامۆژگاری یان پێشنیارێکتان بۆ ژنان و کچانی کورد هەیە و لە بنەڕەتدا پێتان وایە ژنان بە گرتنە پێشی چ ڕێکارگەلێک دەتوانن بە مافەکانیان بگەن ؟

ووڵام: سوپاس بۆ لوتفتان، هیوادارم کە بتوانم لە داهاتوودا زیاتر کار بۆ یەکسانی لە نێوان ڕەگەزەکاندا بکەم و ئەوەی کە تا ئێستا پێم وایە قەرزاری بزووتنەوەی ژنانم بتوانم لە داهاتوودا لانی کەم ویژدانی خۆم ئازد بکەم و کاری باشتر بکەم بۆ ئەو پرسە گرینگە کە هەمیشە بە لای منەوە گرینگی تایبەتی خۆی هەبووە.

 وەک ئامۆژگاری نا ، چوون خۆم لەوە بە بچوکتر دەزانم کە ئامۆژگاری ژنان بکەم، بەڵام پێشنیارم بۆ ژنان و کچانی بەشمەینەتی گەلەکەم ئەوەیە کە کاتی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن و هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ بردنە پێشی ئاستی زانیاری خۆیان چ لە بواری مافە مرۆییەکانی خۆیان بێت چ لە بواری هەستی نەتەوەیی و شارەزا بوون لە بواری زانستی و سیاسیدا بێت. لە هەمان کاتدا، هەست بە بەرپرسایەتی بکەن لە بەرانبەر بەرەوەپێش بردنی خەباتی یەکسانیخوازی و نەتەوەییدا. خۆ پێگەیاندن و بڕوا بە خۆ بوون باشترین چەکی سەردەمە بۆ بەرەوپێش چوون و دروستکردنی کەسایەتیەکی سەربەخۆو و ئازاد کە بتوانێ کاریگەری و ڕۆڵی خۆت بگێڕی لە کۆمەڵگادا. جا هەربۆیە ژنان و کچان ئەبێت خۆیان لەو بوارانەدا بەهێز بکەن، ئەگینا ناتوانن لە نێو بەحری ململانێی دەستەڵات و سیاسەت کردندا سەرکەوتوو بن. بەشداری ژنان لە سیاسەت و ڕۆڵی ئەوان لە نێو حیزبە سیاسیە کوردییەکاندا زۆر گرینگی تایبەتی خۆی هەیە کە نابێت ژنانی کورد لە بیری بکەن. چوون ئەزموونی کوردستانی باشوور پێمان دەڵێیت ئەگەر بۆ خۆمان ژنان نەتوانین جێگای شیاوی خۆمان لە نێو حیزبە سیاسیەکاندا هەر لە ئێستاوە بکەینەوە لە داهاتوودا پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی ڕەگەزەکان ئەگەر لە ئێستای باشووری کوردستان خراپتر نەبێت ڕەنگە باشتریش نەبێت.

 

لە کۆتایی ئەم قسە و باسەدا کە بە بۆنەی یادی ٦٨مین ساڵیادی شەهید کرانی جەنابی سەرۆک کۆماری خۆشەویستی کوردستان ” شەهید قازی محەممەد و هاوڕێانی ” پێکمان هێنا ،لە لایەن خۆم و  ماڵپەری پێشمەرگەکانەوە پڕ بە دڵ سپاستان دەکەین و هیوای ژیانێکی خۆش و پڕ لە کامرانیتان بۆ بە ئاوات دەخوازین .

 

منیش پڕ بە دڵ سوپاسی گەرمی خۆم پێشکەش بە ئێوەو بە خوێنەرانی ئازیزی ماڵپەڕەکەتان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم بۆ خزمەتی زیاتر کردن بە کۆمەڵگاکەمان. لە گەڵ ڕێز

 

ئامادەکار : رەشید زەرواوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی