"an independent online kurdish website

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان، کە لە (٢٠ی / نۆڤەمبەر/ی ١٩٨٩) دا، لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچوو ..reza_showan

بریتییە لە ( ٥٤) مادە، هەندێ لە مادەکان لە چەند بڕگەیەک پێک هاتوون، لەو کاتەدا (١٩١) وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان واژوویان لەسەر ئەم جاڕنامەیەیان کرد تەنها ( ئەمریکا) و ( سۆمال ) رەتیان کردەوە و، واژوویان نەکرد.

ئەم جاڕنامەیە لە ( ٢ ی / سێپتەمبەر/ی ١٩٩٠) دا، چووە بواری جێبەجێ کردنەوە .. ئەو وڵاتانەی واژوویان کردبوو، بەڵینیان دا، کە پابەندی ئەم رێکەوتننامەیە دەبن و،   رێز لە هەموو منداڵانی جیهان دەگرن و، دەیان پارێزن و، مافەکانیان جێبەجێ دەکەن .. بەڵام بەداخەوە، هەندێ لە ئەندامانی ئەو وڵاتانە کە واژووی مافەکانی منداڵانیان کرد، نەک هەر پێ بەند نەبوونە بە بەڵێنەکانیان و بە جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان، بەڵکو زۆر بە زەقی و بە ئاشکرا و بە بێ شەرمانە، مافەکانی منداڵانیان پێشێل کردوون و، تا ئەمڕۆش پێشێلی دەکەن، رەفتار و کردارەکانیان بە تەواوی بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیان و، بە پێچەوانەی گەڵاڵەنامەی مافەکانی منداڵانەوەن .. بە تایبەتی رەفتاری نامرۆیانەی هەریەکە لە تورکیا و ئێران و سۆریا و عێراق .. بە تایبەتیش پێشێل کردنی مافەکانی منداڵانی کوردمان، کە نەک هەر لە سادەترین ماف بێ بەشن بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەی رەگەزپەرستییانەش، دەیان چەوسێننەوە .. دوور لە رەوشت و لە بەزەیی و ويژدان .. دوور لە هەموو یاسا و رێسایەکی نێودەوڵەتی و، لە داب و نەریتێک.

منداڵ کێیە ؟ وەکو لە (مادەی یەکەم )ی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان دا هاتووە .. وەکو پێوەر و ستاندەرێکی جیهانی بەم جۆرە پێناسەی منداڵ دەکات :

( منداڵ ـ کچ و کوڕ ـ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ تێ نەپەڕیبێت، مەگەر یاسا و وڵاتەکەی تەمەنێکی کەی بۆ دیاری کردووبێت ..)

منداڵان، لە هەر شوێنێکی جیهاندابن هەر منداڵن .. لە هەر شوێنێکی جیهانیشدا بژین .. بە بێ جیاوازی هەموویان هەمان مافیان هەیە .. مافی ژیان و چاودێری و پارستنیان هەیە .. مافی خوێندن و چارەسەرکردن و یاری کردن و پێکەنین و، دابین کردنی پێداویستییەکانی گەشەکردن و نەشونماکردن و پێشکەوتنیان هەیە .. مافی … هتد.

لە ئەمڕۆدا زیاتر لە سێ ملیار منداڵ لە جیهاندا هەن، کە سێیەکی هەموو دانێشتوانی جیهان پێک دەهێنن .. بەڵام تا ئەمڕۆش بە ملیۆنان منداڵ لە جیهاندا بە برسێتی و ترس و بە هەناسەساری و بێ نازی سەردەنێنەوە .. بە ملێۆنان منداڵ توند و تیژیان دەرهەق دەکەن .. نە کەس گوێیان لێ دەگرن و نە خۆشیان دەوێن .. نە رێزیشیان لێ دەگرن .. ئێمە لە چەند نووسینێکی ترماندا، باسی مافەکانی منداڵان و، پێشێل کردنی مافەکانی منداڵانمان کردووە .. بەڵام بەداخەوە، کە لە راستیدا تا ئەمڕۆش، بە هۆی سیاسەتی رەگەزپەرستیی داگیرکەرانی کوردستانەوە .. بە هۆی ستەم لێکردن و چەوسانەوە و ژیانی پڕ لە کوێرەوەری و کڵۆڵییەوە .. بەشێکی زۆری منداڵانی کوردمان نازانن کە مافەکانیان چین، بەڵکو بەشێکی زۆری دایکان و باوکان و تەنانەت مامۆستاکانیش نازانن مافەکانی منداڵان چین .. بۆیە بە پێویستمان زانی کە جارێکی کەش ئەم بابەتە گرنگە بەسەربکەینەوە .. باسکردن لە هەموو مادە و بڕگەکان و لە هەردوو پرۆتۆکۆلە زیادکراوەکەی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان زۆری دەوێت .. بە کورتی باسی بەشێک لە مافە گرنگەکانی منداڵان دەکەین، بەو هیوایەی کە سوودیان لێ وەربگرن.

داواش لە وەزارەتی پەروەردە، لە حکومەتی باشووری کوردستان دەکەین، کە تێکڕای دەقی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان، بە زمانێکی سادە و ساکار و شیرین وەریان بگێڕنە سەر زمانی کوردی و، لە پەرتووکێکی قەشەنگ و جواندا، بە وێنەی جۆراوجۆری منداڵانی کورد بێڕازێننەوە و، چاپی بکەن و، بە خۆڕایی دابەشی سەر قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی بکەن .. بەشێکیش لە دەقەکانی مادە گرنگەکانی ئەم جاڕنامەیە .. بکرێنە بابەتێک لە بابەتەکانی کتێبی ( خوێندنەوەی کوردی ) بۆ پۆلەکانی چوارەم و پێنجەم و شەشەمی بنەڕەتی .. تا منداڵانی کوردمان بزانن کە مافە رەواکانیان چین .. پێویستە راگەیاندنەکان و میدیاکانی کوردستان و، رێکخراوەکانی منداڵانیش لەم رووەوە رۆڵێکی بەرچاویان هەبێت .. ئەمانەی دەیخوێننەوە بەشێکن لە جاڕنامەی مافەکانی منداڵان .. حەزیشم کرد بە زمانی منداڵەوە خۆیانەوە بڵێم ( مافی ئەوەم هەیە کە ) :

١ ـ مافی وەرگرتنی ناسنامە : لەو رۆژەوە کە لە دایک بوومە، دەبێ ناو و نازناوێکم هەبێ و، لە تۆماری لە دایک بوون تۆمار کرابێتم .. دەبێ ( شوناسنامە )ی کەسی و  رەگەزنامەم هەبێ .. ئەمانە بۆ من زۆر پێویستن و گرنگن ، تا لە دواییدا بتوانم بچم بۆ قوتابخانە و، بایەخم پێ بدەن و، لە دژی نەخۆشییەکان بمکوتن و دەرزیم لێ بدەن .. تا گەورەش بووم بتوانم لە هەڵبژاردنەکاندا، مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردنم هەبێت .. بە رێگای ئەم بەڵگانەوە، وڵاتێک هەیە کە لە سەریەتی پێشوازی و پارێزگاریم لێ بکات.

لە بۆلیڤیا، کە یەکێکە لە وڵاتەکانی ئەمریکای باشوور، لە هەردوو منداڵ دا، منداڵێک لە دایکبوونی ئاشکرا ناکرێت .. کەواتە مافی چوونە قوتابخانە و، چارەسەری پزیشکی نییە و، کە گەورەش بوو، بە هۆی نەبوونی ناسنامەی کەسی و بەڵگەنامەوە، ناتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدات یا خۆی کاندید بکات .

لە رۆژئاوای کوردستانی خۆشەویستیشماندا، لە سایەی سوریا داگیرکەرەوە، تا ئەمڕۆ بەشێکی زۆری منداڵان و گەورەکانی گەلەکەمان، رەگەزنامە و شوناسنامەیان نییە و، لە مافی خوێندن و، لە زۆربەی مافەکانی منداڵان و، لە مافەکانی مرۆڤدا، بێ بەش کراون .. هەر لەبەر ئەوەی کە بە رەگەز کوردن .    

 ٢ـ مافی خۆشەویستی و رێزگرتن : وەک هەر منداڵێک مافی ژیانم هەیە .. کۆمەڵێک کەس ( دایکم، باوکم، خێزانەکەم، کەسوکارم، یا ئەو کەسانەی کە هەندێ جار شوێنی ئەمانەم بۆ دەگرنەوە ) منیان خۆش بوێ و .. بایەخم پێ بدەن و .. رێزم لێ بگرن.

تا ئەمڕۆش (١٥٠) ملێۆن منداڵ لە جیهاندا، بەبێ خێزان، لەسەر شەقامەکانی شارە گەورەکانی هیندستان و بەرازیل و روسیادا دەژین .. ئەم منداڵانە بوونەتە نێچیر و گاڵتە و گێچەڵ پێ کردن و دەستدرێژی گەورەکان .

٣ ـ مافی یەکسانی : ( کوڕ یا کچ ) بم .. خاوەنی پێداویستیی تایبەتی بم یا تەندروست و باش بم .. لەسەر هەر ئاینێک بم .. یا رەنگی پێستم هەرچییەک بێت .. یا بە رەگەز لە چ نەتەوەیەک بم و ..  بە چ زمانێک بدوێم .. هەژاربم یا دەوڵەمەند بم .. دایک و باوکم یا بەخێوکەری یاساییم هەچ بیر و باوەڕ و ئایدۆلۆجیایەکی سیاسییان هەبێت .. نابێت جیاوازیم لەگەڵ دا بکەن .. منیش وەکو منداڵانی تر دەبێت هەمان مافم هەبێت .

لە گەلێ لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیادا .. ئاسان نییە کچانیان بۆ قوتابخانە بچن .. لە راستیدا زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتانە، ئەوەیان پێ باشترە کە تەنها کوڕان بخوێنن .. کچەکانیان لە ماڵەوەبن ، ئيشوکاری ماڵەوە و کێڵگە پێ بکەن .

٤ ـ مافی ژیان و تەندروستی : مافی ئەوەم هەیە کە خواردنی باش و ئاوی پاکم بۆ دابین بکەن .. جێی حەوانەوە و حەسانەوەم هەبێت .. گەر نەخۆش کەوتم ببەن بۆ لای دکتۆر، یا بۆ نەخۆشخانەم بەرن و چارەسەرم بکەن .. مافه ئەوەم هەیە، کە لە دژی نەخۆشییەکان بم کوتن و دەرمانی پێویستی بەرگریم بدەنێ.

تا ئەمڕۆش، رۆژانە لە جیهاندا، زیاتر لە ( ٣٥)  هەزار منداڵ بە نەخۆشی دەمرن .. کە ئاسانە لێیان دووربکەونەوە یا چارەسەریان بکەن .. منداڵیک لە پێنج منداڵدا، لە دژی سوورێژە و سیل و گەزاز ناکوترێن، چونکە ئەو وڵاتانەی لێیان دەژین، هەژارن و پارەی کڕینی دەرمانیان نییە .

٥ ـ مافی چوونە قوتابخانە : مافی ئەوەم هەیە کە بچم بۆ قوتابخانە و، فێری خوێندنەوە و نووسین و بیرکاری و زانیاری ببم .

لە جیهاندا، لە هەر شەش منداڵ، منداڵێک کاردەکات و، ناچێت بۆ قوتابخانە، ئەمەش سروشتی نییە، بەڵام گەر مرۆڤ فێری خوێندنەوە  و نووسین بێت، ئاسانترە بۆی، کە گوزەرانی ژیانی دابین بکات، دەتوانێت فێری ئەو پیشەیەش بێت کە بەلایەوە گرنگە و حەزی لێ دەکات ، دەتوانێت لە رووداوەکانی دەور و بەری خۆشی بگات.

لە وڵاتی مالی لە ئەفریقادا، لە هەر حەوت منداڵ دا، منداڵێک بەختی چوونە قوتابخانەی هەیە، بەڵام ئەو دوای نەزان و نابەڵدن، لە خوێندنەوە و نووسین و بیرکاری دا کڵۆڵن، .. ناتوانن رۆژنامەیەک بخوێنەوە و بۆ ئشێک بگەڕێن کە حەزی لێ دەکەن .

٦ ـ مافی خۆراک : وەکو هەموو منداڵانی تر، مافی ئەوەم هەیە بخۆم و برسی نەبم .. ئاوی خاوێن بخۆمەوە ..  بۆ ئەوەی نەخۆش نەکەوم، پێویستە خواردنەکەم هەمەجۆرە و باش بێت، تا جەستە و هۆشم گەشە بکەن و گەورەبم .

لە ئەمڕۆدا، منداڵێکی زۆر لە ئەفریقا دا، بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن .. هەروەها لە فەرەنساشدا، هەندێ خێزان ناتوانن، رۆژی دوو جار منداڵەکانیان بەرن بۆ چێشتخانە، ژەمی نێوەڕۆیان بۆ ناکڕن، تەنها ژەمی ئێوارەیان بۆ دەکڕن .

٧ ـ مافی ئازادی و رادەربڕین : ئەگەر هێشتا منداڵیش بم، دەبێت مافی ئەوەم هەبێت، کە لە ناو خێزانەکەم و لە پۆل و لە قوتابخانەکەم دا، بتوانم بە ئەوپەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە رای خۆم بکەم و، لەو پرسە گرنگانەش، کە پەیوەندیان بە ژیان و بە چارەنووسی منەوە هەیە، پەراوێزم نەکەن و، گۆێ بۆ خواستەکانم بگرن و، دەنگ و را و بۆچوونی منیش بە هەند وەربگرن و، بەڵکو پێویستە لە بڕیارەکانیشدا بەشداربم.

( ئەو رۆژە نەبینم ) ئەگەر دایک و باوکم لەیەک جیابوونەوە، پێش ئەوەی دادوەر بڕیاری خۆی بدات، پێویستە پرسم پێ بکات کە حەزدەکەم لە لای کامیان بمێنمەوە .. ئەگەرچی ئەو بۆی هەیە داواکەی من رەت بکاتەوە، بەڵام لەسەریەتی کە گوێم لێ بگرێت، چونکە ئەو بڕیارە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی منەوە هەیە.

٨ ـ مافی پاراستن لە توند و تیژی : کەس مافی ئەوەی نییە کە لێم بدات، یا بە خراپی رەفتارم لەگەڵدا بکەن، یا لۆمەم بکەن و گاڵتەم پێ بکەن .. لە کوێ دا بژیم مافی ئەوەم هەیە کە بە ئارامی و ئاشتی بژیم و .. دووربم لە توندوتیژی و لە شەڕ و لە ئاژاوە .. کەسیش ئەو مافەی نییە بمنێرێت بۆ بەرەی شەڕ .. مافی ئەوەم هەیە دایکم و باوکم و کەسوکارم لە شەڕ و ئاژاوە و لە زەبر و زەنگ و ئەشکەنجە بم پارێزن .

تا ئەمڕۆ، نزیکەی ( ٤٠٠)  هەزار منداڵ، کراون بە سەرباز و چەکدار، خراونەتە بەرەکانی جەنگەوە .. پێویستە بە زووترین کات ئەم پێشێلکارییە رابگیرێت .

لە ( میانمار) و ( سودان ) و ( کۆنگۆ) و، لە چەند وڵاتێکی تردا، ( مێردمنداڵان) ناچار دەکرێن، کە چەک هەڵبگرن و شەڕبکەن .. بە زۆری ئەمانە دەبنە پێشەنگی قوربانی.

٩ ـ مافی ناچاری نەکردن : شوێنی من پۆل و قوتابخانەیە .. نەک کێڵگە و کارخانەیە .. شوێنی من یاریگا و شاری یارییە .. نەک قووڵی تونێلی کانی کانزاییە .. تەنانەت گەر باوکم و دایکم و خێزانەکەم زۆر هەژاریش بن، نە ئەوان و نە کەسانی تر، ناتوانن ناچارم بکەن دەبێت کاربکەم .. بە تایبەتیش گەر ئەو کارە قورس و مەترسیداربێت .. کە لە توانامدا نەبێت وزیانم پێ بگەیەنێت، کەی بوشم بە شانزە ساڵان، کە لەوانەیە لەو تەمەنەدا باشتر رابێم و زیاتر تێ بگەم و قاڵ ببمەوە .. ئەوسا مامۆستاکانم دەتوانن مامەڵەی یاساییم لەگەڵدا بکەن.

لە پاکستان دا، هەر لە تەمەنی هەشت ساڵانەوە، هەندێ لە منداڵان فێری تەون و قالی چنین دەکرێن .. کە زۆر لەم پیشەیەدا بە توانان، چونکە پەنجە ناسک و بچووکەکانیان بە ئاسانی بەنەکان بە نێوان رایەڵی قالییەکانەوە رەت دەکەن و خێراتر گرێیان دەدەن .. هەروەها لە شوێنانی تریشدا ئیشی تریان پێ دەکەن .. وەکو دروستکردنی (تۆپ)ی پێ و پێڵاوی وەرزشی.

١٠ ـ مافی یاری و پێ کەنین و خەون : هەندێ لە گەورەکانمان، ئەوەیان لە یاد نییە، کە من هێشتا منداڵم و گەورە نیم، وەکو هەموو منداڵانی تر مافی یاری و پێ کەنین و خەونی خۆشم هەیە، منداڵیم لێ تێک مەدەن، چونکە من هێشتا زۆرم ماوە گەورە ببم.

پشوو، بۆ ئەوەیە کە گەشەی تیا بکەم لەزەتی لێ ببینم .. ئایا لەوە خۆشتر و باشتر هەیە، کە لە کاتی پشوودانمدا، هەوای پاک هەڵبمژم و، هاوڕێ ی تازە بگرم و، لە جەنجاڵی شار کەمێ دووربکەومەوە .. تا ئێستاش لە فەرەنسادا، لایەنی کەمەوە، لە سێ منداڵ دا، منداڵێک هەرگیز لە پشووەکاندا بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات.

١١ ـ مافی پێکهێنانی کۆمەڵەی منداڵان : مافی ئەوەم هەیە کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانمدا رێ بکەوین و، کۆمەڵەی تایبەت بە خۆمان دروست بکەین و، داوا و پێداویستییەکانمان بخەینە روو .. گۆڤاری منداڵانمان هەبێت و، بۆشم هەیە لە چالاکییە رۆشنبیری و هونەرییەکاندا بەشداری بکەم و، توانای خۆم بسەلمێنم و، رۆڵم هەبێت.

١٢ ـ لە سێدارەنەدان و بەند نەکردنی تا هەتایی :  ئەگەر بە هەر بیانوویەک تاوانبار کرام، نابێت ئەشکەنجە و ئازارم بدەن و، رەفتاری نابەجێ دەرهەقم بکەن و، نابێت سزای قورسم و نامرۆیانەم بدەن و، نابێت لە سێدارەم بدەن و، ناشبێت بەندکرنی  بە درێژایی ژیانم بە سەردا بسەپێنن ..ئەوەش بزانن  کە من هەرگیز حەز بە تاوان و بە خراپی و کاری ناڕەوا ناکەم.

لە ئەمڕۆدا، لە ئێراندا مانگ نییە، بە توومەتی هەڵبەستراوی بێ بنەما، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەی بێ وێنە لە جیهاندا .. چەند مێردمنداڵیک لە سێدارە نەدەن .. پشکی شێری ئەم تاوانە دڕندانەیەش، بەر مێردمنداڵانی کوردمان کەوتووە .

١٣ ـ پاراستن لە دەسترێژی : پێویستە لە دەستدرێژی سێکسی بمان پارێزن و، زۆر بە توندی سزای ئەو بێ رەوشتانە بدەن، کە دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان.

١٤ ـ خاوەنی پێداویستییە تایبەتییەکان : گەر منداڵێکی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بم، دەبێ ئەوە بزانن کە منیش وەکو منداڵێکی تەندروستی ئاسایی، مافی ژیانم هەیە و، پێویستە پێداویستییە تایبەتییەکانی نەشونما و گەشەکردنم بۆ دابین بکەن و، زامنی رێز و شکۆداری و سەروەریم بکەن و، پشتم لێ مەکەن و پشتیوانیم لێ بکەن، تابتوانم بە ئاسانی تێکەڵ بە کۆمەڵگاکەمان ببم و، وەکو تاکێکی ئاسایی رۆڵی بەرچاوم هەبێت.

١٥ ـ بیمەی کۆمەڵایەتی : مافی ئەوەم هەیە سوود لە زەمانی کۆمەڵاتی وەربگرم، ئەگەر خێزانەکەم هەژار و دەست کورتبێت، پێویستە مووچەیەکی مانگانەمان بدەنێ.

١٦ ـ پاراستن لە مادە هۆشبەرەکان : پێویستە لەسەرتان لە مادە هۆشبەرەکان و، هەر مادەیەکی سڕکەر و بێ هۆشکەری تر، کە کەسانێکی نەفس نزم و لە رێ دەرچوو، دەیانەوێت دڵپاکی و ساوێلکەییمان بقۆزنەوە و، هەڵمان بخەڵەتێنن و، بۆ مەبەستی گڵاوی خۆیان و بۆ بازرگانی کردن بەم مادانە، ئێمەی منداڵان تووش بکەن، یا بە کارمان بهێنن، پێویستە ئەو کەسانەی کە منداڵان تووش دەکەن، سزای قورس بدرێن.

١٧ ـ مافی پەروەردەکردنی دروست : گرنگترین و سەرەکیترین ئەرکی ئەستۆی دایکم و باوکم و بە خێوکەرم، ئەوەیە کە پێکەوە هاوکاری بکەن و، بە دروستی پەروەردەم  بکەن .. بایەخەم پێ بدەن و، ئەو راستییە لە بەرچاوبگرن کە لە داهاتوودا من دەبمە تاکێکی کۆمەڵگاکەم .. هیوادارم تاکێکی تەندروست و سوودبەخش بم .

١٨ ـ گۆشکردنم بە کوردایەتی و بە کوردستان پەروەری : ئەرکی دایکم و باوکم و خێزانەکەم و مامۆستاکانم و هەر دڵسۆزێکی دواڕۆژێکی گەشترە، بۆ گەلەکەمان و، بۆ کوردستانەکەمان .. بە بیری کوردایەتی دوور لە دەمارگیری، بە سۆز و خۆشەویسی بۆ کوردستانی شیرینمان گۆشم بکەن و رام بهێنن .. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی نیشتمانی هەموو لایەکتانە، گەر ئەو رێبازەم گرت، دەبمە مایەی شانازی بۆ هەمووتان.

١٩ ـ ئەرکەکانم و مافەکانم : پێویستە دایک  و باوکم و مامۆستاکانم، یان لە رێی میدیاکان و راگەیاندنەکانەوە، بزانم کە ئەرکەکانی ئەستۆم چین .. ئینجا مافەکانیشم چین بە جوانی بۆمی روون بکەنەوە .. چونکە ئەو دوو شتە بۆ من و بۆ هەموو منداڵان و، بۆ هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای کوردیمان، زۆر گرنگن کە بیزانین چین.

٢٠ ـ فرۆشتن و رفاندن : دەزانم هەژاری و نەبوونی، وای کردووە کە هەندێ خێزانی بێ دەرتان منداڵەکانیان پێ بە خێونەکرێت، وەکو کەلوپەلێکی بازرگانی دەیانفرۆشن .. یا هەندێ گرووپی مافیا و دز منداڵان دەرفێنن و، بۆ کاری ناهەموار گەورەیان دەکەن؛ یا ئەندامەکانی لەشیان دەفرۆشن، یا بۆ ئازاد کردنیان داوای پارەیەکی زۆر لە خێزانانی منداڵە رفێنراوەکان دەکەن بەرانبەر بە ئازاد کردنیان، زۆر جاریش درۆدەکە  و دەیان کوژن .. گروپە تیرۆریستییەکانیش منداڵان و هەرزەکارانی شێت و ناتەوا دەڕفینن و، بۆ کار و مەرامی تیرۆریستی و تاوان و خۆتەقاندنەوە بە کاریان دەهێنن .. هەموو ئەم کارە نامرۆییانە، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئێمەی منداڵان .. پێویستە لەم دز و گرووپە دڕندانە بمان پارێزن و، بە بێ بەزەییش، قورسترین سزای یاساییان بدەن .

٢١ ـ پاراستن لە دەمارگیری : لە هەموو شێوازێکی دەمارگیری ئاینی و نەتەوەیی بم پارێزن، بە هەستێکی پاک رام بهێنن، بە رووحێکی برایانە و خوشکانە  پەروەردەم بکەن، تۆوی هاوڕێتی و ئاشتی و لێبووردەیی و زمانی گفتوگۆ و رێزگرتن و هاوکاری و هاوسۆزی و دڵسۆزی و چاکە و خێرخوازی و ئاشتیخوازی و … لە دڵم دا بڕوێنن .. شین بوونی ئەم خەسڵەتە باشانە .. جیهانێکی ئاشتی و مرۆڤایەتی دۆستی دێننە کایەوە.

خوێنەرانی دڵسۆز : ئێوەی منداڵدۆستیش، کە ئەم بابەتەتان خوێندەوە .. دەبێ بە ئەوپەڕی تواناتانەوە، هاوکارمان بن و ببن بەشێک لە پەروەردەکردن و ئاراستەکردن و رێنمایی کردنی راست و دروستی منداڵانی کوردمان .. رێز لە مافەکانیان بگرن و، ببنە داکۆکیکەر و پاڵپشتیان .. چونکە کاردانەوەی هەموو پریشک و تیشکێکی داهاتووی ئەم منداڵانەمان .. بە باش و خراپییانەوە .. هەموو لایەکمان دەگرێتەوە.

(*) رەزا شوان : نووسەر و رۆژنامەنووسێکی جێ پەنجە دیاری بواری ئەدەب و رۆشنبیری منداڵانی کوردە .. لە شاری( کەرکوک) لە باشووری کوردستان لە دایک بووه.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی