"an independent online kurdish website

ماوەیەکى دیکە (13-07-1989) ساڵیادى تیرۆرکردنى یەکێک لە دانسقەترین ڕێبەرانى کورد، د.عبدالڕەحمان قاسملوویە، هەڵسەنگاندن و شیکارى لەسەر تێزە سیاسییەکانى قاسملوو، دبلۆماسیەتیى قاسملوو،sharif_hejari

 ئەخلاق و مۆرالى قاسملوو، زمانەوانى قاسملوو، ئەدیبیى و شیعر-ناسیى لاى قاسملوو بە مشت ومڕ و لێکدانەوەى بەڵگەدارى وورد ئەبێت کە توێژەر و ڕاڤەکار پاشخوانى زانستیى لەسەر زانستەکانى “فەلسەفەى سیاسیى و دبلۆماسیى، مێژوو و زمانزانیى” بە مێتۆدى ووردبوونەوەى شیکاریى و مشتومڕەوە هەبێ و بتوانێ جیا-بەجیا تەواوى تایبەتمەندییەکانى قاسملوو بخاتەڕوو. 

بۆیە نووسینێکى وا خۆى لە چەندین تێزى دکتۆرادا ئەبینێتەوە و منیش نامەوێت لەم ووتارەم دا زۆر بنووسم، بەڵکو ئەمەوێت ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم کە بەلاى خۆمەوە و لە ئەزموونى نووسین و کتێب لە بارەى شۆڕش و شۆڕشگێڕانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە وا ئەزانم خاڵگەلێکى نوێن و ، ئامادەشم لەگەڵ هەر بەڕێزێک کە پسپۆڕى مێژوو بێت و لە هەر یەکێک لە زانکۆکانى کوردستاندا بێت سیمینارى زانستى سازبکەم و خاڵەکانى ئەم بابەتەم بسەلمێنم، بۆ خۆشم لە زانکۆى سلێمانیم و هەر پسپۆڕێکى مێژوو ئەم خاڵانە بە گەورەکردن ئەزانێت یان سەرنجى لەسەریان هەیە و ئامادەیى تێدا هەیە بۆ مشتومڕى زیاتر، ئەتوانێت بفەرموێت لە زانکۆى سلێمانیى دا بەخۆشحاڵیەوە لە سیمینارێکى زانستى دا دیبەیتى چڕ و ووردى لە بارەوە ئەکەین، چونکە من پێموایە ئیتر پێویستییەکى سەرەکییە کە لە زانکۆکانماندا پێشبڕکێى زانستى لەسەر ئایدیا نوێیەکان بهێنینەکایەوە، بۆ ئەوەى چ مێژوومان و چ ڕێبەرانى ڕابردووى کورد هەڵسەنگاندنى تەواو زانستییان بە دوور لە ئایدیاى حیزبى بۆ بکرێت.

 

ئەو تایبەتمەندییە دەگمەنیى و دانسقانەى کە لە کەسێتیى د.عبدالڕەحمانى قاسموودا هەبووە و، تا ئێستا هەندێک لەو تایبەتمەندییانە لە ئاستى جیهاندا لە هیچ ڕێبەرێکدا نەبووە و هەندێکیشى تەواو دانسقەن لە ئاست ڕێبەرانى کورد و جیهانى ڕۆژهەڵاتدا:

 qasmluy_gewreman

1- “قاسملوو” تاکە ڕێبەر بووە لەسەر زەوى دا و تاکە نەفەرى یەکەمى حیزبێک بووە لە ئاست تەواوى نەفەرى یەکەم و سەرکردەى یەکەمى حیزبەکانى ووڵاتاندا لە جیهاندا کە زیاتر لە “10” زمانى زانیبێت، زمانەکانیش (فەرەنسى، ئینگلیزى، ڕوسى، عربى، فارسى، تورکى،چیکى، سلۆڤاکى، ئازەرى، کوردى) بوون.

ڕوونە کە لە ناو کورد دا هیچ ڕێبەرێک نەبووە کە دە زمانى زیندووى جیهانى بزانێت، بەڵام قاسملوو زانیوویەتى، وەک ئەوەى کە خۆشم ماستەرم لە :”ستراتیژى بەریتانیا لە ئەمەریکا لە زانکۆى لەندەن” دا هەیە و ئاشناى مێژووى ئەوروپا و ئەمریکا و بزاووتە شۆڕشگێڕییەکانیانم و بە دیقەتەوە کەسایەتى نەفەرى یەکەمى شۆڕشەکانیانم هەڵسەنگاندووە، ئەوا بۆم دەرکەوتووە و ئەشى سەلمێنم، کە قاسملوو تاکە نەفەرى یەکەمى حیزبێک بووە لە ئاست تەواوى سەرۆکى یەکەمى ووڵاتان و ڕێبەرانى یەکەمى پارتە سیاسییەکان لە جیهاندا کە دە زمانى زانیبێت.

 

2- لە ڕووى هەڵسوکەوتى کۆمەڵایەتیى و هەڵچوونەوە، قاسملوو تاکە ڕێبەرێک بووە لە کورد و بە گشتیش لە جیهانى ڕۆژهەڵات دا کە بۆ ماوەى نزیک بە 20 ساڵ (1970-1989)، ڕێبەرایەتى جووڵانەوەیەکى شۆڕشگێڕیى بەهێزى کردبێت کە جووڵانەوەى ڕۆژهەڵات لە سەردەمى قاسملوو دا بە بڕشتر بوو لە ئێستا، ئەوا تاکە ڕێبەرى کورد و جیهانى ڕۆژهەڵات بووە کە “جنێو و ووشەى ناپەسەندى کۆمەڵایەتیى” هەرگیز بۆ هیچ یەکێک لە نەیارەکانى بەکارنەهێناوە، لە کاتێکدا بە سەدان ووتارى جۆشدەرى نەتەوەیى هەیە لە شەڕەکان دا دژ بە دەسەڵاتى داگیرکەرى ئێران، بەڵام قاسملوو تاکە ڕێبەرێک بووە کە ئەتەکێتى گفتوگۆ و لێدوان و ووتارە حەماسییەکانى زۆر بە ئەدەبانە بووە و ، ووتارەکانى لە سەخترین ساتى شەڕەکانیش دا بە دوربووە لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکى ووشەى نەشیاوى کۆمەڵایەتیى.

 

3- قاسملوو پێچەوانەى ڕێبەرانى دیکەى کوردەوە زۆر دژى “فەرد پەرستى لە ناو حیزبەکان” دا بوو، هەر بۆیە قاسملوو تاکە ڕێبەرى کورد بووە کە هەڵواسینى وێنەکانیى و شیعار و هوتافدانى “بژى قاسملوو”ى لە نێو ڕیزەکانى حیزبەکەیدا قەدەغەکردبوو، کە بۆ سەلماندنى ئەم تایبەتمەندییە ناوازەیەى قاسملووش بە سەدان ڤیدیۆ و دۆکیۆمێنتى بەردەست هەن. بەلاى قاسملوەوە نرخ و بەهاى “گشت” هەمیشە لە پێشتر دا بووە هەتا هى “تاک”، با ئەو تاکەش “سەرکردە” بووبێ! ئەمەشى تەنها لە پێناوى نرخگەڕاندنەوە بۆ “گشت ئەندامان” دادەنا و ، قاسملوو پێى وابوو “بونیادنانى کۆمەڵگایەکى تەندروست بە خۆبەزلزانین و خۆپەرستییەوە بنیادنانرێ ، بەڵکوو بە شەرعیەتدان بۆ گشت کۆمەڵگا بنیاد ئەنرێ”.

 

4- لە ڕووى خیانەتى نەتەوەییەوە، قاسملوو تاکە ڕێبەرى کورد بووە کە لە پاش ساڵانى 1970 وەک نەفەرى یەکەمى حیزبێک لە مەیدانى سیاسیى دا بووبێ هەتا 1989، کە دەکاتە نزیک بە 20 ساڵى سەرکردایەتى جووڵانەوەى چەکدارى دژ بە ڕژێمى ئێران، کەچى بە هیچ جۆرە خیانەتێکى نەتەوەییەوە تێوەنەگلاوە! بەتایبەت هەموو بەڵگە مێژوویەکان گەواهیدەرى ئەو ڕاستییەن کە لە سەردەمى قاسملوو دا “هیچ کوردێک بۆ ڕژێمێکى داگیرکەر نەکوژرا و تیرۆر نەکرا” لەلایەن حیزبەکەى قاسملوەوە، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى قاسملوو هێندە زانایانە و لێزانانە سیاسەتى ئەکرد کە هەرگیز بە زیانگەیاندن بە جووڵانەوەى شۆڕشگێڕى بەشەکانى دیکەى کوردستان (باشور، باکور و ، ڕۆژئاوا) نەدەشکایەوە و , هیچ خیانەتێکى نەتەوەیى بەردەست لە تەواوى ژیانى قاسملوو دا ناتوانین بەدەست بێنین.

 

5- قاسملوو تاکە ڕێبەرى سیاسیى کوردە کە تواناى داهێنانى تێزى سیاسیى هەبووە و ئەشتوانم بڵێم کە” تاکە بیرمەندێکى سیاسیى کوردە” ، ئەو کۆمەڵە تێزەى کە قاسملوو هێناویەتیە نێو کایەى سیاسەتەوە یان داهێنانێکى نوێى لە جێ بە جێکردنیان دا خستووەتەڕوو بریتین لە 🙁 سەربەخۆیى بڕیاردان، ئەخلاق لەسیاسەتدا ، بەرپرسیارێتى ، دیموکراسیى ڕاستەقینە، سۆسیالیزمى دیموکراتیک) کە ئەگەر بە ووردى لێى بتوێژینەوە ئەوا بۆمان دەرئەکەوێ کە تێزەکانى تاچەندێک پڕ-بایەخن بۆ کۆمەڵگاکانى مرۆڤایەتیى. بۆ نموونە ئەگەر بە کورتى لە تێزەکانى فەیلەسووفێکى وەک “ماکیاڤێلیى” و بیرمەندێکى وەک ” قاسملوو” بڕوانین ، ئەوا قورسایى تێزەکانى قاسملوومان بۆ ئەسەلمێ ، کە یەکەمیان “ماکیاڤێلى” وەک نموونەى فەیلەسوفێکى سیاسیى لە تێزەکانیدا “مۆراڵ” لە کایەى سیاسیى دا وون ئەکا و ، دووەمیشیان “قاسملوو” وەک بیرمەندێکى سیاسیى لە تیۆریاکانیدا “مرۆڤگەرایى” و مۆراڵ دەکاتە پێوەرى جووڵە و تایبەتمەندیى مرۆڤى سیاسەتووان. ئەم مشتومڕە ئەیەوێ زیاتر لێکدانەوە و شیکارى لە نێوان تێزەکانى ئەو دوو بیرمەندە دا لەسەر بکرێ، وەلێ بە شارەزایى دەقیق لە تێز و نووسینەکانى هەردوولایان و هەڵسەنگاندنى بێلایەنانەوە.

 ئەم خاڵانەى کە خستمەڕوو بە دورن لە هەر سۆز و عاتیفەیەک بۆ نەتەوەکەم کە نەتەوەى کوردە ، یان لانى کەم بۆ ڕێبەرێکى نەتەوەى کورد کە “قاسملوو”ە، بەڵکو بە دیقەتەوە ئەم تایبەتمەندییانەم لە خوێندنەوەى تێزەکانى قاسملوو و بەراوردکردن لەگەڵ ڕێبەرانى جیهان و کورد دا ئەنجامم دا، هەر پێشنیار و ڕەخنەیەکیش لەسەر ئەم بابەتەم هەبێ، سوپاس بۆ هەر بەڕێزێک کە لە ڕێى فەیسبووکەوە پێم بگەیەنێت.

 

 “شەریف هەژارى “ماستەر لە ستراتیژى بەریتانیا لە خاکى ئەمریکا لە زانکۆى لەندەن”

 

 

فيسبووك : Shareef Hazhariy

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی