"an independent online kurdish website

ئومید
شەوێک خەونم دی چەمی گاڕەش ڕاست بە بەر دەرگای ماڵی ئێمەدا ئەهاتە خوار، هەر ئەو چۆمەی کە ساڵی ٥٩، کاتی شەڕی پێشمەرگەو پاسدار، لە ناوچەی سەرشیوی سەقز ئاوارە بووین و لەگەڵ فەرەیدوون و ئومید و نەجات بە سەدان جار مەلەمان تیا کردبوو. bane_bane63

چەند ماڵ بەرەو سەرتر لە ماڵی ئێمە لە بەر دەرکەی ماڵی ڕەحیم لەیلێدا گۆمێکی قووڵ و مەنگ بوو، هەموو منداڵی گەڕەک لەوێ کۆ ببوونەوە و خۆیان لە ئاوی خستبوو، ئومید کۆتە سەوزە مەخمڵیەکەی لەبەردا بوو بە بەرزاییەکەوە لە کەناردا وێستابوو، ئەوەندەم دی خۆی لە ئاوەکە دا بەڵام نەیتوانی لەبەری قووڵایی بپەڕێتەوە… منیش بە خێرا خۆم دا لە ئاوەکە کەمێک لەوباشتر مەلەم دەزانی کەمێکیش باڵام زیاتر بوو لەو بۆیە ئاوەکە هەموو باڵامی نەگرتوو و ڕزگارم کرد.
ئۆخەی ڕزگارم کرد نەمهێشت بخنکێ ئەو ئێستا زیندووە ئەی بۆ ئەڵێن مردووە؟ نا نەمردووە بەڵام زۆر نەخۆشە و لە جێدا کەوتووە، قەیناکە هەر زیندوو بێ با هیچ نەڵێ با نەجووڵێ هەر جەستەشی لەلام بێ باشە، لە گۆشەیەکی ماڵەکەماندا دایدەنین تا هەتایە با هەر وابێ، مەگەر دەبێ…؟ نا بەخوا من خەریکم خەو دەبینم ئومید مردووە…
بە ئاگا دەبمەوە دڵم پڕە، ئارەقێکی سارد تا سەر شانمی داگرتووە ،لەو ساڵانەدا هەر خەو به مەرگەوه دەبینم هەر شەو دیانێک و دوو دیانم ئەکەون، ئەوەندەشم خەو بە زیندوو بوونەوەی ئومید و دایکمەوە دیوە ئیتر لە خەونەکانیشمدا بە ئاگام ئەزانم ئەوانە ڕاست نین. زۆر جار خەونەکانم لەگەڵ خۆیان وەکوو پووشێک دەمبەنەوە، مەلەیان تیا دەکەم و زۆر جاریش لە ناویاندا نوقم دەبم بەڵام دەزانم خەونن.
ڕۆژی نازانم چەن شەمبەیە، ١٥ی جۆزەردانی ١٣٦٣، دەوروبەری کاتژمێری ١٠ی بەیانیە، من و ئومید لە دووکانی باوکمانین. بابە ساڵ نابێ مردووە ،کاکەم تەمەنێکی وای نیە تازە دەیەوێ دیپلۆم بگرێ ئەو چووەتە دەری شاربۆ دەرس خوێندن بەڵکوو بتوانێ دیپلۆمەکەی وەرگرێ، من و ئومیدیش هەر دەرس ئەخوێنین لە دووکان، ئاخر دەمانەوێ لە داهاتوودا ببینە خەلەبان یا موهەندیس، دەنگی قەرەبالغیەک سەرنجمان ڕادەکێشێتە دەرەوە، بە بۆنەی ١٥ی جۆزەردانەوە، ساڵوەگەڕی ١٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٤٢ ڕێپێوانێکی گەورە لە لایەن دەوڵەتەوە وەڕێ خرابوو، زۆربەی هەرە زۆری بەشدار بووان دەوڵەتی بوون هەستم کرد خەڵکی ئیداری و کارمەند و سیاسی تەسلیمی و بنەماڵەی بونیاد شەهیدی و شتی واشیان تێدا بێ، بەڵام شتێکە سەرنج ڕاکێش بوو بۆم جەماعەتێکی زۆر پاسدار لە ناو ڕێپێوانەکەدا بوون کفنیان لەبەر کردبوو وەک بڵەی بە پێشوازی مەرگەوە دەچوون یان بڵەی لە شتێک ئاگەدار بن و چاوەڕوان بوون بقەومێ.

ڕێپێوانەکە لە سەرەوە بە بەر دووکانی ئێمەدا ئەهاتە خوار تا بە بەردەممانا تێپەڕ بوون سەیرمان کردن و چووینەوە ناو دووکانەکە و سەرگەرمی کاری خۆمان بووین، نازانم چەندەی پێ چوو ڕەنگە سەعات گوزەرابوو کەلە پڕ دەنگی چەندین زرمە و هاڕەی گەورە بە توندی ڕایچڵەکاندین ،هەستمان کرد هەر ئێستا بانی دووکانەکە بێتە خوار بە سەرماندا، بۆ چەن ماوەیەک حەپەسا بووین کە چی بکەین ئومید دەرچووە دەرەوە، ئەی باوکە داویەتی لە فەلەکه تەماشا چ بۆمبارانێکە، زوو کە با بڕۆینەوە بۆ ماڵ ئێستا دایە چاوەڕێمانە ، دەی زووکە تۆ خەریکی چیت؟ گۆچانێکی ئاسنیمان بوو من لە شوێن گۆچانەکە دەگەڕام تا دەڕابەکە دابەمەوە ئاخر باڵام نەدەگەیشت ،ئومید دووبارە وتیەوە دە زووکە برا وەک بڵەی ئەجەلی هاتبێ، منیش کەمێک هەوڵ و تووڕە بووم وتم دەباشە دەی تۆ بڕۆ ئێستا منیش دێمەوە ئەوەم وت و ئومید ون بوو، وام ئەزانی وەکوو هەموو بۆمبارانەکانی تر ئیتر تەواو بوو و ئەمجاریش بەر نەکەوتین دەڕابەکەم بە هەر جۆرێک بوو داداوە و قوفلم کرد سەرەتا ویستم بە شوین ئومیددا بڕۆم منیش بەڵام لەو کاتەدا هاوڕێیەکی قوتابیم گەیشت و وتی چی ئەکەی؟ ئەڵێن لەپارکی شاری داوە هەزارکەس کوژراون ، وەرە بابچین بزانین چی بووە ، خێراوتم باشە وەڕێ کەوتین لەبەرخۆمانەوە دەستمان بە گۆرانی وتن کرد شایەد لەبەرشاردنەوەی ترسی دەروونمان بوو، دووکانی باوکم لەگەڕەکی سەروو بوونێزیک مزگەوتی سەیید ئێمە رۆیشتین بەرەوخوار هێشتا زۆر دوور نەکەوتبووینەوه لەبەر پلیکانەکانی بەرامبەرکوچەی مزگەوتی حاجی وەیسیدا بووین کە تەیارەکان هاتنەوە .

دانەیەکیان زۆرنێزیک و ئێجگار تووڕە بوو لەدڵەوە ئەیقریشکاند ، بەدەنگیدا هەستم کرد داهاتەوە بۆزەوی ئیترزانیم بۆمبی پێیەو هەرئەوەتا بیخاتە خوار، بەخێرا خۆمان خستە ناو جۆگەلەکەی کەناری خیابان و راکشاین ، زرمەیەک دوانی تری گەورە هەستا و فڕۆکەکان بەدەنگ دوورکەوتنەوە ،ئەمجار تەقەو زرمەکە لەم لاوە بوو لەپشت سەرمەوە لە گەڕەکی سەروو، زۆر نزیک بوو هەستم کرد هەرلەو دەورو بەرەی دابێ بۆیه دڵم نەدەهات تەماشا بکەم ، ئاخری بە هەر جۆرێ بوو هەستام و ڕووم وەرچەرخاند ، سەرنجم دا زۆر نزیک بوو، گەڕەکی ئێمە پشتی شارەداری کۆن لای حەمامی سەربازی بڵێی ئەوێ بێ؟ ناهیچ نەبووە ، ئەی ئەوهەموو تەپ وتوزو دووکەڵە ؟ ئەوە دوورترە لێرەوه وادیارە ، وەک چۆن کە منداڵ بووین لەگەڵ منداڵانی گەڕەک دەکەوتینە ڕێ تا دەستمان بەکۆڵکە زێڕینە بگات بەڵام هەرئێمە دەرۆیشتین وهەر ئەویش دوور دەکەوتەوە .
لەگەڵ هاورێکەم لەیەک بڕاین، بە ڕاکردن بەرەوماڵەوە رێکەوتم ، گەیشتمە سەر کووچەکەی ماڵی شێخ کاکە حەمە زۆر سەیربوو وەک تەمێکی لێڵ لە تەپ وتۆز لە ناوکووچەکانەوە بەئەسپایی بەرەو خیابان ئەهات ،گەڕەک چۆڵ هاتە بەرچاوم ، یەک دوو کەس دایان بەلاما پرسیم چی بووە ؟ کەس لەگەڵ کەس قسەی نەدەکرد هەموو حەپەسابوون ، هەروا رۆیشتم تاگەیشتمە سەرکووچەکەی خۆمان ،دانێک لەکچانی گەڕەکم دی گرتبومی و دەقریشکاند کاک خالێدی برام ، بەزۆرلە خۆمم کردەوە و دەرچووم هەروا ڕۆشتم یەکێ تر لە کچەکانی دراوسێمانم دیت ماق مابوو جوان نەمەزانی دەڵێ چی دەگریا یان قسەی دەکرد ، وتی فەریدەی ئێمە هەموو گیانی کون کون بووە .بەڵام من هۆشم لای ئومید بوو، نزیکترکەبوومەوە خوشکم بە گریانەوە هەڵات بەرەولام و وتی دایکم دایکم بریندارە ،بەڵام من هۆشم هەرلای ئومێد بووئاخر تازە لەیەک جیا ببوینەوە ، گوتم ئومید ئومید کوا لە کوێیە ؟ …

bane_baneh63

ئەها ئەویش لەوێ کەوتووە دەستی کێشا بۆ بەر درگای ماڵی کاک حەمەساڵە ، هەڕام کرد خۆم گەیاندە سەری، خوشکێکی ترم بەلایەوە بووجارجار دەستی دەگرت هەڵیستێنێ نەیدەزانی چی لێ بکا ،هاوارم کرد ئومید ئومید چی بووە ؟ توخوا تەماشام کە ، بۆ لەحزەیەک چاوەکانی هەڵێناو بەستییەوە، وتم زیندووە زیندووە چاک ئەبێتەوە، بیمارستان بیمارستان ، باوەشم پێداکرد و بەرزم کردەوە سەریم خستە سەر شانم و بەرەو خیابان هەڵاتم بەڵکو ماشینێک بێت و بمانگەیەنێتە بیمارستان ، ئەوە بۆ کەس نایێ بە دەممانەوە ؟ ئەوە بۆ وەک بۆمبارانەکانی تر هەموو خەڵکی شار ناڕژێنە ناو گەڕەکی ئێمە بۆ یارمەتی ؟ هەروا دەرئەچووم و نەمەزانی چی بکەم ، سەرم لێ شێوابوو، ماندوو بووم ئەو بەباوەشمەوە شۆڕ بوەوە وسەری هات بۆ زەوی ئەمجارهاوارم کرد و گریانم هات ،هەستم بە بێ دەسەڵاتی کرد ، دە توخوا بۆکەس نایە بە هاوارمانەوە ، ئەوکاتە بوو دراوسێیەکمان ، کاک رەحمان ، وانێتێکی سایپای شینی هێنا ، دایکم بە کۆڵی کاک سماییلی رفیقی کاکەمەوە بوو، بریندارەکانمان هێنا خستماننە پشتی سایپاکە ، وتم زووکە توخوا زووکە بابڕۆین ، بێستە با ئەو بریندارانەی ترێش بێنین ، ئەوەندە مەیت و برینداری تریش هات دایکم و ئومید بوون بە ژێرەوە ، چیمەنی خوشکم هاواری ئەکرد کاکە گیان ئومید گیانی تیا نەما ، هاوڕێیەکی ئومیدیش پیم وابێ جەلیل بوو بانگی لێدەکرد ، دایکم جارجار هۆشی دەهاتەوە هاواری کرد حامید گیان ئەوانە لابە لەسەر قاچم ، تاوم دایە یەک دوویەکیان نەمەزانی چی بکەم .

ئاخ دایە گیان نازانم چییان لیبکەم ئاخر ئەوانیش گوناحن ، کەمێک سەبر بگرە ئێستا ئەگەین چاک ئەبیتەوە ، دایکم بێ دەنگ بوو ، وەک هەمیشە ئەو ڕۆحە بەسەبره گەورەی پیشاندا ، گەیشتینە بەربیمارستان دابەزیم هەستم کرد تەنیام ، ئەی چۆن دایانگرین؟ نازانم چۆن دامانگرتن کە چووینە ناو حەوشی بیمارستانەوە ، وەک دەڵێن چاوت رۆژی خراب نەبینێ ، بۆیە کەس لەکەس ناپرسێ خۆکەس نەماوە لەم شارە ، چاوم پێکەوت کۆگا کۆگا مەیت و بریندار، جەستەی لەت لەت وئەندامی سووتاو وەک کۆتەدار لەسەر یەک هەڵچنرابوون ، لەناو داڵانەکەشدا کوژراو و بریندارێکی زۆری لێبوون ، ئەوەندەش قەرەباڵغ کە رێ نەبوو بڕۆین ،ئومید لە گۆشەیەکدا کەوتبوو پێم وابێ نەمابوو، پەرستارێکی ئاشنامان هاتبوو بەلای دایکمەوە ، دادەم و کاک سەلاح وکاکەم ومامەم وئەوانیش خۆیان گەیاندبوو، دادەم بێ ئارام هاواری ئەکرد کاک ئەحمەد توخوا دایکم مەیەڵە بمرێ ، ئیمام جمعەی شارم ئاگا لێ بوو ئەویش بریندار بوو ویستی دڵداری خەڵک باتەوە کە چەند کەس هەڵیانکوتایە سەری بەشەق و جنێو، گوتیان ئەمە دەردی ئێوەیە بەسەر ئێمە دێت. من گەڕامەوە بۆلای ئومید ، لەسەر رێگای ناو داڵانەکە کەوتبوو گوڵەباخ یا چیمەنی بەلاوە بوو ، پێموابێ نەمابوو بەڵام چآوی کراوە بوو ، دەستم هێنا بەسەر چاوەکانیا بیانبەستم هەرهەڵدەهاتنەوە .

ئیتر باش لەبیرم نییە چی بوو، بەهەر حاڵ کەس وکار دایکم و ئومیدیان ڕفاندبوو بەرەو پادگان بەڵکوو کۆپتەرێک بێتوو بیانگەیەنێتە سەقز، دوایی بیستمەوە لەوێ دەستیان لەئومید داشتبوو بەڵام دایکم هێشتا گیانی تێدا مابوو بۆیە هەر کۆپتەرێک دەهات جەستەی برینداریان هەڵدەگرت و بەرەو لای فڕۆکەکە رایاندەکرد ، جێگا نەبوو ئەم دانە نا دانێکی تر، ئاخری لەبەر ئەوگەرمای نیوەڕۆدا بەو ڕەمەزانە ئەوەندە هات وهاواریان کرد ، ئەوەندەی خوێن لەبەر رۆیشت بەدەستیانەوە سارد بۆوەو ئەویش گیانی تەسلیم کرد .
سڵمان بەگ : لە نیوەڕۆ تێپەڕیوە ،چەندین هەزار کەس ژن و پیاو دەنگیان تێکەڵ بەیەک دەگرین وەک بڵێی پێکەوه خەریکن سروودێکی خەمناکی نەتەوەیی دەخوێنن. ئەو رۆژە وەک جاران نەبوو کەسێک مردوویەکی لێ بمرێ نیوەی خەڵکی شار بە دەمیەوە بێن دڵیان بەنەوەو گۆڕیان بۆ هەڵکەنن ، نەدۆست و ئاشانەکی وا نە مامۆستایەک بێت تەڵقینێک دابات ،هەرکەس بەدەردی خۆیەوە گیرۆدە بوو هەربنەماڵەیەک گۆڕی ئازیزی خۆی هەڵدەکەند ، ماڵی ئێمەش هەروەتر، منیش ویستم یارمەتی بەم بۆ هەڵکەندن ،یەک دوو کوڵنگم لێدا بەڵام قەت کاری وام نەکردبوو پەنجەکانم لکان بەیەکدا، گەورەترەکان لەدەستیان گرتم و چوومەوە دنیای خۆم ، مناڵێک وتی دایە برسیمە، لە پرخشپەیەک هات وەک دەنگی فڕۆکە دەچوو ، هەمووخەڵک وەک باڵندەی سرک لەناو دەوەنەکانەوە بۆماوەیەکی کورت قوت بوونەوە. سڵمانبەگ دارەکانی ریشەیان لە گەڵ ریشەی ئەجدادمان تێکهەڵکێش بوون وسەر گۆنایان زەرد وسووری دەکردەوە . بابۆس بەرامبەر بە ئاربەبا دووسنگی دادڕی و کەمێک بەپشتا دەکەوت،ئاربەبا چاوی لەچاوی دزیەوە و کەمێک بە لای سڵمان بەگدا دەکشایەوە.

لەبیرم نەماوە چەندەی رمەزان بوو ئەورۆژە بەڵام دەزانم دایکم بەرۆژوو بوو، کابرایەک بوو بە ئێسترێک جارجار دۆی ئەهێنا بۆ گەڕەکی ئێمە بۆفرۆش ، ئەورۆژە دایکم هاتبوە دەر دەبەیەک دۆی لێ بکڕێ کە تەیارەکان هاتبوون ، ئێستاش ورتەی دەنگی نییەتەکانی پارشێوی شەوانی رەمەزانی دایکم لەگوێمدایە ، خوا بات قەوەتێ ،مەرگ با مۆڵەتێ ،منیش لەگەڵ هەموو ئۆمەتێ ، بە کوێری شەیتان بەسووری رەحمان قەست و نییەتمە … دانێک لە بۆمبەکان بەر شالوولەیەکی ئاوکەوتبوو ، ئاو بە لێشاو بەناو گەڕەکدا بە بەرماڵی ئێمەدا ئەهاتە خوار ، کابرای دۆفرۆش مردووە و وەڵاخی بەستەزمانیش بەبرینداری ئەوئاوەی لێ بووەتە دەریایەک و هەرچی ئەکا ناتوانێ لێی بپەرێتەوە ، سەربازێکی غەریب لەولاوە کەوتووە بەس سەلاحی حاجی عەزیزی بەلاوەیە.
مزگەوتی خەلیفە فەرەج: هەربنەماڵەیەک مەیتێک ودوو مەیتیان هێناوە خەریکن دەیشۆن ، مامەم بەبێ دەنگی خەرێکە مەیتی ئومید دەشوا دەڵی پشتی شانی پێکراوە ، بەشتێک خەرێکە دەیبەستێ وهەر خوێنەکەی ناگیرسێتەوە … یادی ئەورۆژانە…
جەژنی رەمەزان : هەوا هێشتا تەواو روون نەبۆتەوە . مینی بووسێکی شین لەبەر درگا وەستاوە هەڵمانگرێ بەرەو سڵمان بەگ. پاشان بیستمەوە کە ئەورۆژە پاش بۆمبارانی پارکی شارکە فڕۆکەکان گەڕابوونەوە ، لەچەند گەڕەکی تری شآریان دابوو، گەڕەکی شیرکەتی نەوت ،کوچەی ئێمەو کوچەکانی پشتمان لای ماڵی سماییل سەرشیوی و دەوروبەری مزگەوتەکە هەموو بەرکەوتبوون دەگوترا یەک دووهەزار کەس بریندارو کوژراون ،ئێوارەی ئەو رۆژە چبووینە دەر لەدەشتی کەریم ئاوا گوێمان لە رادوی تاران گرت گوتی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لەبانە بریندارو کوژراون …
چی بوو بۆ وای لێهات؟ لەو رۆژەوە زۆرجار لەخۆم دەپرسم ئەوبەڵایە چی بوو لەپڕ بۆمان هاتە خوار ، راستی ئێمە وەکوو خەڵکی کوردستان چەند دەورمان بوو لەهەڵگیرساندن و تەواو کردنی شەڕێکی وا نامرۆڤانەدا کە دەبێ بەهایەکی واگرانی بۆ بدەین ؟ ئەوئامانجە دڕندانە چی بووبۆ دەس پێکردنی کەدەبوا ئەو هەموو جینایەتەی بۆ بکرایە ؟ لەم لاشەوە ئەو هەمووپێداگری و لەجاجەتە بۆچی بۆ درێژە پێدانی ئەو شەڕە ماڵ وێرانکەرە؟
زەمان گوزەرا و ساڵانێکی تر ڕابورد، شەوێک خەونم دی چەمی گاڕەش ڕاست بە بەردەرگای ماڵی ئێمەدا ئەهاتە خوار چەند ماڵ بەرەوخوارتر لە ماڵی ڕەحیم لەیلێ لەبەر دەرگای ماڵی ئێمەدا گۆمێکی ڕوون و مەنگ بوو، ئومید لەوێ نەبوو بەڵام هەموو منداڵان و مێرمندالانی گەڕەک، خالید و شێرکۆ، جەلیل و زانیار و … لەوێ دەستیان گرتبوو هەڵدەپەڕین ئاگام لێبوو دادە کافە و فەیمە خانم ودادە حیسمەت و دادە مەعسووم ،ڕفێقەکانی دایکم ،بە بەرزاییەکەوە ڕوو بە سڵمان بەگ بەدەس سێبەریان بۆ چاویان کردبوو بە بۆنەی هاتنی جێژنی ڕەمەزانەوە پێم وابێ بۆ مانگ دەگەڕان ،من لە دوورەوە چاوم لە منداڵەکان بوو و ئەم گوت ئەی لەوانە ئەوە لە کویوە ئاوا هەڵپەڕین فێر بوون؟ خۆ زەمانی شا ئەوان زۆر مندال بوون یا لە دایک نەببوون ،ئەو ساڵانەی دواییش کە هەمووی شەڕ و ئاوارەیی و و بوردمان بووە، هەروا بیرم دەکردەوە، ئەمدیت خەمەکان هەر چەندیش گەورە بن لە درێژەی تەمەندا بە شایی و خەمی تر کەم کەم سەر لە بەریان دەگیرێ و لەبیر دەچنەوە، کە واتە ئێمە دەبێ بژین وناچارین هەر دەم ئومیدمان هەبێ.

لە ڵاپەڕەی فەسیبۆکی نووسەر وەرگیراوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی