بە هۆی تێکه‌ڵ بوونی قاسملوو له گه‌ڵ خه‌ون و ئاواته‌کانی کورد،ئه‌سته‌مه بتوانین کورد و قاسملوو له‌یه‌ک جیا بکه‌ینه‌وه!
سیمبول یان هێما یه‌کێک له‌و بوارانه‌یه که رۆلێکی گرینگی له ژیانی مرۆڤایه‌تیدا هه‌بووه، ئه‌م کاریگه‌رییه تا راده‌یەکه که مرۆڤ خۆی بۆ ئه‌و هێمایانه فیدا ده‌کات و له هه‌مان کاتدا ژیانی خۆی به‌و پێیه رێکده‌خات. ئه‌گه‌ر ئاورێک له ژیانی خۆمان بده‌ینه‌وه ده‌توانین ئه‌م سیمبۆلانه له ته‌واوی به‌شه‌کانی ژیانماندا ببینینه‌وه. هه‌ر له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی تاکوو ژیانی سیاسی، هێما توانیویه‌تی قورساییی خۆی به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤدا بچه‌سپێنێ، به شێوه‌یەک که رۆژانه ئێمه و سیمبۆل، له تێکهه‌ڵچوون و یه‌کگرتنداین. له لایەکه‌وه هه‌وڵی پاراستنی ده‌ده‌ین له لایێکی تره‌وه هه‌وڵی زاڵ کردنی، له لایێکه‌وه زیندووی ده‌که‌ینه‌وه له لایێکی تره‌وه پێیدا ده‌چینه‌وه. به‌ڵام خاڵی سه‌رنجراکێش ئه‌وه‌یه که مرۆڤ و هێما هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانی مرۆڤایه‌تیه‌وه له گه‌ڵ یه‌کدا ژیاون، له گه‌ڵ یه‌کدا گه‌شه‌یان کردووه و له گه‌ڵ یه‌کدا نوێ بوونه‌وه‌ته. له‌م هه‌ڵچوون و داچوونه‌دا ئه‌م راستیانه بۆ ئێمه ئاشکرا بووه که سیمبول کۆمان ده‌کاته‌وه، له‌یه‌کمان ده‌ترازێنێ، ئاشتمانده‌کاته‌وه، ده‌مان تۆرێنی، وه‌گەڕمان ده‌خات، راستیه‌کانمان پێشان ده‌دا و به گشتی ته‌سه‌ورێکمان ده‌داتێ که خۆمانی تێدا ببینینه‌وه، چ وه‌ک مرۆڤێکی ئایینی، که‌سایه‌تیکی سیاسی، نه‌ته‌وه‌یەک و لایانه‌کانی تر.
چ له دونیای کۆن و چ له دونیای مۆدێرندا هێچ لایەنێک نه‌یانتوانیوه که به بێ سیمبول مانا ببه‌خشنه کۆمه‌ڵگا. به واتایەکی تر ئه‌وه سیمبوله‌کانن که پێوه‌ندیی مرۆڤ به به‌شه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگاوه راده‌گرن و مانای پێ ده‌به‌خشن.
به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئایا سیمبول له خۆدی خۆیدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که مانا ببه‌خشێته کۆمه‌ڵگا یان ئه‌وه مرۆڤه‌کانن که مانا ده‌به‌خشنه ئه‌و سیمبولانه، کۆمه‌ڵگاش له گه‌ڵیان ژیانی خۆی رێک ده‌خات. پرسیاری له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه که ئایا هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که به‌رهه‌مهێنه‌ری هێما بێت بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌ی یان ته‌نیا که‌سانی تایبه‌تن که ئه‌و توانایه‌یان هه‌یه؟
ساده‌ترین وڵام بۆ ئه‌م پرسیارانه ئه‌وه‌یه که ئه‌وه نووخبه‌کان یان سه‌رچڵه‌کانی کۆمه‌ڵگان که خولقێنه‌ری سیمبوله‌کانن. ئه‌وانن که ژیانی مرۆڤ سیمبۆلایز ده‌که‌ن و مانای پێ ده‌به‌خشن. ئه‌وان مرۆڤ له بوونی خۆی ئاگادار ده‌که‌نه‌وه و له هه‌مان کاتدا هوشیاری ده‌کەنه‌وه که مافه‌کانیان چین و چۆن ده‌بێ سیمبۆلایزیان بکەن.
به‌ڵام پرسیار لێردا ئه‌وه‌یه که ئه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رچڵێک که کۆچی دوایی کردووه چۆنه که خودی ئه‌و مرۆڤه ده‌بێته هێما یان سیمبول؟
لێره‌دایه که ده‌توانین رۆڵ و کاریگه‌ریی کۆمه‌ڵگا ره‌چاو بکه‌ین. کۆمه‌ڵگایەك که خه‌یاڵ و ئه‌فسانه‌کانی، ماف و داخوازییه‌کانی، ئه‌مرۆ و سبه‌ی، رابردوو و خه‌ونه‌کانی له لایان سه‌رچڵه‌کانیه‌وه هێما کرابێ، که واته له ناخی خۆیدا بزووتنه‌وەیەکی به‌رهه‌م هێناوه که ده‌بێته پاڵپشتی ره‌وره‌وه‌ی ژیانی و له خۆشی و ناخۆشیه‌کانی ژیاندا پشتیان پێ ده‌به‌ستێ. کۆمه‌ڵگا له‌م ئاسته‌دا جوان ده‌زانێ که کێن ئه‌وانه‌ی که سیمبولی ئازادی، رزگاری و یه‌کسانی پێ ناساندن و کێن ئه‌وانه‌ی که ده‌بنه هێمای خه‌ون و خه‌یاڵه‌کانیان. که واته تاک و کۆمه‌ڵگا له تێکه‌ڵاوێکی به‌رده‌وامدان تاکوو هێماکانیان به زیندوویی بمێنێته‌وه، به شێوه‌یێک که نه‌وه له دوای نه‌وه به شێوه‌ی جۆراوجۆر له چیرۆکی زاره‌کییه‌وه تاکوو نووسراو، له هێمای سروشتیه‌وه تاکوو بینراو هێماکانیان ده‌ستاو ده‌س ده‌که‌ن و ناهێڵن که کۆمه‌ڵگاکه‌یان دابچران به‌خۆیه‌وه ببینێ.
به‌م پێشه‌کییه کورتە ده‌چینه ناو جیهانی سیمبول و هێماکانی کۆمه‌ڵگای کوردی که زیاتر له سه‌ده‌یێکه له کاروانی خه‌باتی نه‌پساوه‌ی کورد کات له‌دوای کات له زیندوو بوونه‌وه‌دا بووه. کاروانێک که هه‌زاران مرۆڤی تێدا قوربانی بووه، سه‌دان رێبه‌ری وه‌ک هێمایەک له داخوازیه‌کانی به مێژوو سپاردووه، سه‌رما و گه‌رمای زۆری چێشتووه، جینۆساید و کۆمه‌لکوژی بۆته به‌شێک له رابردووی، تیرۆر و سێداره بۆته به‌شێک له سیمبوله‌کانی، ئه‌شکه‌نجه و زیندان بۆته ئاسایی ترین وڵام بۆ داخوازییه‌کانی و ئاواره بوون و ماڵ وێرانی بۆته به‌شێک له ژیانی ئاسایی. له هه‌لوومه‌رجێکی ئاوادا کۆمه‌ڵگای کوردی هێشتا هێماکانی له بیر نه‌کردووه، ئه‌و هێمایانه که به‌شێکی گرینگ‌یان رێبه‌ره‌کانیه‌تی، ئه‌مرۆشی له گه‌ڵدا بێ سه‌رچاوه‌یەکن بۆ هیوا به ژیان، ئاماژه‌یەکن بۆ سه‌رهه‌ڵدان، خه‌ونێکن بۆ دوارۆژ و سیمایەکن له زانیاری و مرۆڤایه‌تی.
لێره‌دا ده‌مانهه‌وێ که ئاورێک له مامۆستا فره‌زاناکه‌ی دیموکرات بده‌ینه‌وه، ئه‌و مامۆستایه که ئه‌مرۆ پاش ٢٥ ساڵ له شه‌هید بوونی هێشتا هه‌ر سه‌رچاوه‌ی هیوایه، سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه، سه‌رپۆپه‌ی زاناییه، گه‌وره دیپلۆماته‌کەی کورده، زمانه هه‌میشه نه‌سراوه‌که‌ی کوردستانه، ئاشتیخوازه وه‌فاداره‌که‌ی دیمۆکراسییه و هه‌زاران هێمای تر که قاسملوو له مێشکی مرڤی کورددا نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کات. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که بۆ قاسملوو هێشتا هه‌ر وه‌ک هێما و سیمبۆلی گه‌لی کورد ده‌ناسرێت و تاکی کورد ئه‌و به هێمای ئه‌مرۆ و دوارۆژی خۆی ده‌زانێ؟
قاسملو ئاوێنه‌ی مرۆڤی کورد
بۆ ئه‌وه‌ی راستی سیمبول بوونی رێبه‌ری فره زانامان لا ئاشکرا بێ پێویسته که ئاورێک له ژیانی قاسملوو بده‌ینه‌وه که تا چ راده‌یەک وه‌ک ژیانی کۆمه‌لگای کوردی ده‌چێ. ژیانی دکتور قاسملوو هێمایەکه له ژیانی مرڤی کورد، گه‌وره بوونی له گه‌ڵ کۆماری کورستان، سه‌فه‌ر بۆ وڵاتی غه‌ریب و دیتنی خه‌یاڵ و ئاوتی گه‌لانی جیهان، گه‌رانه‌وه بۆ کوردستان و هێنانه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی وڵاتانی تر، رێبه‌رایه‌تی کردنی نه‌ته‌وەیەک بۆ نزیک به دوو ده‌یه و له کۆتایی دا شه‌هید بوون بۆ داخوازیی کۆمه‌ڵگایەکی په‌راوێز کراو. کۆی ئه‌م قۆناخانه هیچ کات بێ به‌ری نه‌بوون له خه‌ون و ئاواته‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی، قاسملو وه‌ک کۆمه‌لگای کوردی به دوای پرسیارێکی بێ ولام له‌م جیهانه‌دا ده‌گه‌رێ،بۆ وڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره وڵات به وڵات ئاواره ده‌بێ، بیر ده‌کاته‌وه، شۆرش ساز ده‌کات و له کۆتایی دا هێمایەکی تر ساز ده‌کات. ئه‌و وه‌ک کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌وڵی تاقی کردنه‌وه‌ی خه‌ونه یه‌ک له دوای یه‌که‌کان ده‌دات، له گه‌ڵ عه‌رەب و عه‌جه‌م تێکده‌چی و یه‌کده‌گرێ بۆ هێنانه‌دی هیوایەک. لێره‌دا قاسملوو تاکێکی په‌رته‌وازه له کۆمه‌ڵگای کوردی نیه، له خۆشی و ناخۆشیه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌ژی، هه‌ر بۆیه ئێمه ده‌توانین وه‌ک هێمایەک له وڵاتی بێ ئاڵا ناوی ببه‌ین. قاسملوو سیمبوله چوونکە ئێمه ده‌توانین به ئاوردانه‌وه له ژیانی خودی ئه‌و، کۆمه‌ڵگای کوردی ببینینه‌وه. قاسملوو له سه‌رده‌می منداڵی دا له گه‌ڵ هێما و خه‌یاڵه‌کانی کۆماری کوردستان دا گه‌وره ده‌بێ. له‌م قۆناغه‌دا وه‌ک هه‌موو تاکێکی کورد خۆی سیمبۆڵ نیه به‌لکوو خه‌یاڵێک له مێشک‌دا ساز ده‌کات بۆ دوارۆژ، له کاتی گه‌نجیدا به‌ره‌به‌ره گه‌راکانی قاسملوی دوارۆژ له مێشکیدا وه‌ک زۆربه‌ی رێبه‌رانی جیهان له ئه‌رووپا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن لێره به‌م لاوه‌یه که قاسملو له ئاوێنه‌ی وڵاتانی جیهانه‌وه سه‌یری کوردستان ده‌کات و بیر له‌وه ده‌کاته‌وه که چۆن جارێکی تر سه‌رهه‌ڵدانی کورد سیمبۆلایز بکات، که واته پرسیاری کورد له مێشکی ئه‌ودا به‌رده‌م بوونی ده‌بێ وه‌ک ئه‌وه‌ی که له کوردستان ژیا بێ. رێبه‌ری فره زانا جوان ده‌زانێ که خه‌ڵکی کوردستان چیرۆک و داستانی کۆمار ده‌گێرنه‌وه و تێده‌گات که ئه‌م کاروانه وزه و گه‌رما ده‌به‌خشێته که‌سانی وه‌ک ئه‌و، هه‌ر بۆیه له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کۆمار بیر ناکاته‌وه و چاک ده‌زانێ که ئه‌مه تاکه رێگای تێکه‌ڵ بوون له گه‌ڵ ئاواته‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه.
کاروانی خه‌باتی کورد پاش کۆماری کوردستان کۆمه‌لێک مانا و هێمای به جێ هێشت که ئه‌و هێمایانه چووبوونه ناو جه‌سته‌ی مرۆڤی کورده‌وه و بزوتنه‌وه‌یەکیان به‌رهه‌م هێنا بوو که وزه و توانای ده‌به‌خشیه نه‌وه‌کانی دوارۆژی خۆی که گڕ و تینێک به‌رهه‌م بێنن. لێره‌دا نه‌وه‌کانی پاش پێشه‌وا خاوه‌ن بزوتنه‌وه‌یەکی کۆمه‌ڵایه‌تین که پێویستیان به هێما و مانای نوێ هه‌یه. قاسملو وه‌ک سه‌رچڵێک هه‌ڵکه‌وتوو ئه‌م راستییه ده‌زانێ چونکوو تێیدا گه‌وره بووه و خۆی نمونه‌یەکی راسته‌قینه‌ی ئه‌م نه‌وه‌یه‌یە. به خوێدنه‌وه‌یەکی نوێ و به ئه‌قلیه‌تێکی تر دێته ناو گۆره‌پانه‌که‌وه، هاواری مانا نوستوه‌کانی کورد له چوارچرای مه‌هاباده‌وه به‌رز ده‌کاته‌وه و ده‌یهه‌وێ بڵێ که ئێمه ده‌نگه نووستوه‌کانی چوارچرا هاتوینه‌وه که پەیامێکی نوێتان پێ بگه‌یەنین، ئه‌ویش هه‌ستانه‌وه‌ی مرۆڤی کورده. بۆ ده‌رخستنی ئه‌م راستییه ئه‌و نوینه‌رایه‌تیی حیزبێک ده‌کات که له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا غه‌ریب نیه و ناسراوه بۆ په‌یره‌وکردنی داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان. هه‌وڵه‌کانی دوکتور بۆ خۆ گرێدان به خه‌ڵکی کورده‌وه ده‌توانین ئاوا ناو ببه‌ین: وه‌گەڕ خسته‌نه‌وه‌ی حیزبی دیموکرات وه‌ک میراتی کۆمار، یه‌یره‌وکردنی شوناسی کوردی وه‌ک ئاوێنه‌ی سیاسه‌ته‌کانی، مه‌ڵبه‌ند کردنی مه‌هاباد وه‌ک ناوه‌ندی بریاری سیاسی کورد، فۆرمۆلیزه کردنی داخوازی گه‌له‌که‌ی، سیما کوردانه‌که‌ی، سازکردنی به‌ره‌ی کوردستانی بۆ دانوستاندن له گه‌ڵ داگیرکه‌ر، په‌یره‌و نه‌کردنی هیچ ئایدۆلۆژیایەک بۆ حیزبه‌که‌ی و ته‌سک کردنه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی بیرۆکه‌یەکی دیاریکراودا، پێناسه کردنی حیزب وه‌ک حیزبێکی نه‌ته‌وه‌یی، واقیع بینی و تێگه‌یشتن له‌و واقیعانه، پشت به‌ستن به مانا نووستوه‌کانی خودی کۆمه‌لگای کوردی و له هه‌مووان گرینگتر تێپه‌ر نه‌بوون له هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کۆماری کوردستان، ئه‌مانه په‌یامێکن بۆ خه‌ڵکی کوردستان که من له ئێوه‌م و جیاواز له خه‌یاله‌کانی ئێوه بیرناکه‌مه‌وه. له کۆبه‌ندی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌یه که قاسملوو متمانه‌ی خه‌ڵک به‌ده‌س دێنێ و ده‌بێته ئاوێنه‌ی خه‌یاڵ و داخوازیه‌کانیان.
له گه‌رمی شمشاڵه‌که‌ی قاله‌مه‌ره‌وه تاکوو پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، له دیارکردنی ئیلام و کرماشانه‌وه تاکوو خۆی و ماکوو وسه‌لماسه‌وه، له ئه‌قلیه‌ته مۆدێرنه‌که‌یه‌وه تاکوو وه‌فاداربوونی به دیمۆکراسی، له فیداکاریه‌کانییه‌وه تاکوو نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتن , و له دووره‌روانیه‌وه تاکوو خۆشی و ناخۆشیه‌کانی حیزبه‌که‌ی، له زانا بوونیه‌وه تاکوو ناساندنی کورد به جیهانی ده‌ره‌وه، مانا گه‌لێکی ده‌به‌خشیه کۆمه‌ڵگاکه‌ی که من هێما و سیمبۆلی ئاواته‌کانی ئێوه‌م. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه بوو که قاسملوو ئێستاشی له گه‌ڵدا بێ هه‌ر قاسملوویه و خه‌ونی هه‌زاران رۆله گه‌له‌که‌یه‌تی.
سه‌ره‌نجام
باسکردن له‌وه‌ی که رێبه‌ری شه‌هید سیمبۆلی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستانه شتێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره و راستی ئه‌م باسه له‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که نه‌وه‌کانی ئه‌مرۆی کوردستان ئه‌و وه‌ک هێمای خۆیان ده‌زانن، هه‌رچه‌ند قاسملوو به جه‌سته له کۆمه‌ڵگای کوردی باری کردووه، به‌ڵام به هێما هێشتا هه‌ر له گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستاندایه. هه‌روە‌ها که پێشتر باسمان کرد به هۆی تێکه‌ڵ بوونی قاسملوو له گه‌ڵ خه‌ون و ئاواته‌کانی کورده‌وه ئه‌سته‌مه بتوانین کورد و قاسملو له‌یه‌ک جیا بکه‌ینه‌وه، هه‌ر بۆیه به سیمبۆڵ بوون و مانه‌وه‌ی، ئه‌م راستیه ئاشکرا ده‌کا که رێبه‌رانی کورد وه‌ک هێمایەک بۆ ئه‌م نه‌ته‌وه هێشتا هه‌ر سه‌رچاوه‌ی وزه و سه‌رهه‌ڵدانن و ئه‌گه‌ر بلێین که ئه‌م رێبه‌رانه نه ته‌نیا سیمبول نین به‌لکوو خودی نه‌ته‌وه‌که‌ن پێم وا نیه که له راستیه‌وه به دوور بێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئاوێنه‌ی راسته‌قینه‌ی ژیان، به‌سه‌رهات و ئاواته‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ن