"an independent online kurdish website

وتاری هەشت : پێشکەش بە ٢٥مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی

mejid_heqi-01

رێزدار مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حدکا، لە گفتگۆیەکدا باسی هاتنی خۆی بۆ ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکات و دەڵیت: کە ئەو بەرلەوەی ببێتە ئەندامی حیزبی دیموکرات لە گەڵ دکتۆر قاسملوو ئاشنا دەبێت و دکتۆر بانگی دەکات بۆ کۆنگرەی چوارەمی حیزب. هەر لەو کۆنگرەیەدا ناوبراو بە ئەندامەتی کۆمیتەی ناوەندی و دواتر دەفتەری سیاسی حدکا هەڵدەبژێردرێت. هیجری دوای کارەساتی میکۆنۆس کە لەودا لە ١٧ی سێپتەمبری ١٩٩٢دا جێنشینی دکتۆر قاسملو دکتۆر سەعید شەرەفکەندی شەهید دەبێت، وەک جێگری سکرتێر ئەرکی رێبەری حیزب واتە دووەم جێنشینی دکتۆر قاسملوو تا کۆنگرەی دەی حدکا بەرێوە دەبات و لە ساڵی 2006وە تا ئەمرۆ سکرتێری گشتی حدکایە.

رێبەرانی بەرز دوای رێبەرانی پۆتێنسیال دەگەرێن و هەرکە ئەوان بدۆزنەوە ئەوان دەکەنە رێبەری چاک. دکتۆر قاسملوو لە ماوەی رێبەری خۆیدا رەنگە لە سەر سێ کەس زۆرترین سەرمایەگوزاری کردبێت: دکتۆر سەعید شەرەفکەندی، مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە و مستەفا هیجری. بەداخەوە دکتۆر سادق شەرەفکەندی مەودای پێنەدرا تا بۆ ماوەیەکی زیاتر لە سێ ساڵ رێبەری حیزب بێت، بەڵام لەو سێ ساڵەدا نیشانی دا کە بە بوونی کەسایەتیەکی بە باوەڕ و بە بڕوا بەخۆبوون و رێبازی رێبەرەکەی، دەکرێ هەستی بێ قاسملوویی لە ناو ریزەکانی حیزب دا کەم بکەیتەوە و رۆحی هیوا و وزە بە حیزب و خەبات ببەخشی. کارنامەی دوو سکرتێرەکەی دیکەی حیزب دەهێلینەوە بۆ مێژوو و رووداوەکانی بیست و دووساڵی رابردوو.

شتێک کە گرنگتر و کەمتر لە توانایی و لێزانینە، توانایی ناسینی تواناکانە. یەکێک لە بنەڕەتیترین بەرپرسایەتی ریبەرێکی سەرکەوتوو ناسینی ریبەرانی پۆتانسیەل یان دوارۆژە. ئەوان کەسانێکن کە رێبەر دەیهەوێ لە سەریان کار بکات و بۆ رێبەری داهاتوو پەروەردەیان بکات. ناسینی ئەوانە کارێکی زۆر سەخت و ئەستەمە.

dr_qasmlo_nu

دکتۆر قاسملوو لەو بارەدا کەسێکی بەراستی بە توانا بوو، لە ماوەی دوای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩هەوە تا ١٩٨٩ کە دەساڵی خایاند، سەرەرای بوونی شەڕی توندی چەکداری و بەرێوەبردنی حیزب لە رووی سیاسی، ناسنامەیی، بەرنامە و رێکخستن و دیپلۆماسیەوە توانی لانی کەم رێبەرێکی زۆر بەوەج و شیاو بۆ دوای خۆی پەروەردە بکات. پەروەردەی رێبەری چاک وەک بەدەست هێنانی زێر لە کانگادا دایە، دەبێ چەندین تۆن خاک جێبەجێ بکرێت تا مسقالێک زێر بدۆزرێتەوە. بەڵام لە کانگای زێردا مرۆڤ دوای خاک ناگەرێ دوای زێر دەگەرێت. ئەمەش راست شێوازی پەروەردەی ئەرێنی مرۆڤە سەرکەوتووەکانە. رێبەرانی ئەمرۆمان دەبێ بەدوای زێر بگەرێن نەک خاک. دەبێ لە بەرامبەر خراپەدا چاکە بکرێت. هەرچی مرۆڤ زۆرتر وەدوای تواناییەکانی ئەرێنی و پۆزیتیڤ بگەرێ، زیاتر دەیاندۆزێتەوە.

رێبەرایەتی بەرپرس و بەمشوور ئاگاداری گرنگی بوونی کادر و بەرێوەبەری گونجاوە. حیزبە پێشکەوتووەکانی جیهان لە رێگای رێکخراوی لاوانی خۆیانەوە هەمووساڵێ بە چالاکیە جۆراوجۆرەکان هەوڵ دەدەن باشترینەکان بۆ رێبەرایەتی و بەرێوەبەری رێکخراوەیی خۆیان هەڵبژێرن، پەروەردەیان بکەن و بەرپرسایەتیان پێ بدەن. نموونەی ئەوجۆرە رێکخراوانە لاوانی سۆسیال دێموکرات و ئەنترناسیۆنالیست سۆسیالیستە. زۆربەی هەرەزۆری رێبەرانی حیزبە سۆسیالیستەکان بەتایبەت لە وڵاتانی سکاندیناوی، رێگای رێبەریان لە یەکیەتی لاوانەوە دەست پێ کردووە و قۆناغەکانی پەروەردەی ریکخراوەیی لەوێدا پێواوە و بەرەو لووتکەی بەرزی بەرپرسایەتی و رێبەری پێشکەوتوون. هەلکەوتێکی سەرنجراکێش لەو پێوەندیەدا ئەوە کە دکتۆر قاسملوو لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بۆخۆی دامەزرێنەری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستان بووە و سەرەرای ئەوەی کە رێکخراوەکە دوای داگیرکران و هەڵوەشانەوەی کۆمار بە هۆی دەسەڵاتی ناوەندی پەهلەویەوە بەکردەوە نەما، بەڵام شوێندانەری لە سەر قاسملوو ئەوەندە بووە کە دوای رووخانی کۆماری کوردستانیش هەروا وەفادار بە باوەڕی نیشتیمانی و نەتەوەیی مایەوە و کاتێک کە لە چێکوسلواکی و لە وڵاتێکی سۆسیالیست بوو، فەلسەفەی “جیاواز بیر بکەوە”ی ئەو بوو بە هۆی ئەوە کە داگیرکردنی پۆلەند (لێهستان) لە لایەن یەکیەتی سۆڤیەتەوە شەرمەزار بکات و ڕازی نەبێت “بە وەزعی مەوجوود” و ریسکی دەرکران لە چێکوسلاڤاکی قبووڵ بکات بەڵام داگیرکاری و سیاسەتی زۆرەملی سۆڤیەت و سۆسیالیزمی ئەوکات “مەوجوود” قبووڵ نەکات و دژی دیکتاتۆری بوەستێت. بۆیە وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت: “خراپترین دێموکراسی لە باشترین دیکتاتۆری چاکترە”.

qasmlo_ashtixaz

هەڵبژاردنی کادر، رێبەر و بەرێوەبەر بە دوو شتەوە گرێدراوە: ١) توانایی رێبەر لە ئاسۆبینی و پێشبینی دوارۆژ و ٢) توانایی رێبەر لە ناسینی تواناکان و لێهاتوویی هاوکارەکانی.

دکتۆر قاسملوو بە لەبەرچاو گرتنی هەست بە پێویستی بۆ خەباتی سەردەمی خۆی، سەرمایەکانی مەوجوود لە ناو حیزبەکەیدا، توانایی خوازیارانی بەشداری لە خەبات و بەرێوەبەریدا و هەروەها ئاستی دەروەستبوونی ئەوان، زۆرترین سەرمایەگوزاری بەتایبەت لە سەر دووکەس کرد، کە بەشێوەی نەریتی ئەندامی حیزبی دێموکرات نەبوون و دوایە هەردووکیشیان بوون بە سکرتێری گشتی حیزب.

قاسملوو دەیزانی کە بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە رێبەر دەبێت هەندیک تایبەتمەندی هەبێت کە جیاواز بێت لە گشت و بوێری هەڵگرتنی ریسکی هەبێت. بۆخۆشی نموونەی ئەو تایبەتمەندیانە بوو. رێبەر دەبێ دە تایبەتمەندی هەبێت تا بتوانێت رێبەری رێکخراوێک بکات:

  1. ١.کەسایەتی

یەکەم شتێک کە هەر رێبەرێک یان خوازیاری رێبەرێک دەبێ هەی بێت، کەسایەتی ئەوە. هیچ شتێک بە رادەی کەسایەتی مرۆڤ گرنگ نیە. کەسێک کە کێشەی کەسایەتی (شەخسیەتی) هەبێت ناتوانرێ لە بەرچاو نەگیرێت. ئەو کێشانە دەبنە هۆی ئەوەی رێبەر کاریگەری خۆی لە دەست بدات. کێشەی کەسایەتی و شێوازی هەڵسوکەوت نابێ لە گەڵ لاوازی تێکەل بکرێت. هەموو مرۆڤێک خاڵی لاوازی خۆی هەیە کە لە رێگای پەروەردە و خۆ پەروەردەکردنەوەوە دەکرێ کەم بکرێن یان لەناو ببردرێن. گۆڕان درێژخایەن و پێویستی بە سەرمایەگوزاری زۆری هەیە. بەڵام کەسێک کە لە رووی کەسایەتیەوە لاواز بێت، لەوانەیە رێکخراو تووشی خەساری زۆر بکات. رێبەری خاوەن کەسایەتی کەسێکە کە: روو راست بێت، راستگۆ و ئەمانەتدار بێت، خاوەن دسیپلین بێت، توانایی فێربوونی هەبێت، جێگای متمانە بێت، هەڵسوور و ماندوو نەناس بێت، ئەرک ناس، رەوشت بەرز بێت، قسە و هەلس و کەوتی پێکەوە بگونجێن و لە رەفتار و کردەوەیدا راستگۆ بێت.

 

لە ناو رێبەرانی ئێمەدا زۆر هەن کە: دۆردنگن لە بڕیارداندا، بەرپرسایەتی کارەکانیان بە ئەستۆ ناگرن، پەیمانشکێنن و ئەو بڕیار و پرەنسیبانەی کە بۆخۆیان پەسەندیان کردووە جێبەجێ ناکەن و لە کاتی خۆیدا کارەکان ئەنجام نادەن.

 

مرۆڤەکان بە لەبەرچاوگرتنی جۆری پێوەندیان لە گەڵ دەوروبەر و ئاستی پێوەندی کۆمەڵایەتی بە بێ لەبەرچاوگرتنی پلەی سیاسی و تەشکیلاتی ئەو دەناسرێن. کەسایەتی جیاواز بەر لە بەرپرسایەتی و دوای بەرپرسایەتی بەتایبەت لە رووی هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوروبەری گەر بە شێوەی لە ئەستوونێ بێت، دەبێتە هۆی رووخانی بنەماکانی بڕوای کۆمەڵایەتی و کەمبوونی بایەخی پلەی بەرپرس.

 

  1. ٢.شوێندانەری

شوێندانەری و کارکردی رێبەری حاشا هەڵنەگرە. هەر رێبەرێک دوو تایبەتمەندی کەسایەتی هەیە: یەکەم دەستپێشخەرە و دووەم ئەو دەتوانێت خەڵکانی دیکە لە گەڵ خۆی یەک بخات. شوێندانەر بوون تەنیا بەس نیە، چۆنیەتی شوێندانەری شیکەرەوەی جۆر و کەسایەتی رێبەرە.

 

دوای قاسملوو دینامیزمی زیندوویی لە ناو رێکخراودا بەتایبەت لە ئاستی رێبەری حدکادا تووشی لاوازیەکی دڵهەژێن هاتووە. رێبەرانی ئەمرۆی حیزب کەمتر بەدوای لێگەر و چالش دەگەرێن و زۆرتر بە کەسانی مورید و پێرەوانێک بەسەندە دەکەن کە “بە دڵی ئەوان قسە بکەن” و لە بەرامبەر ئەواندا خۆیان بە بچووک بزانن. بۆیە چۆنیەتی پێرەوان و لایەنگرانی رێبەران شیکەرەوەی چۆنیەتی و کەسایەتی رێبەریشە. داخوا لایەنگرانی رێبەرانی ئەمرۆ کەسانێکن کە داهێنانی ئەرێنی و گەشەکردوویان هەبێت، یان تەنیا چەپڵە لیدەر و بەلێ قوربان بێژن؟

 

  1. ٣. بۆچوونی ئەرێنی

بۆچوونی ئەرێنی بەنرخترین سەرمایەی ژیانی هەر مرۆڤێکە. بە بڕوای نووسەری بەناوبانگی بواری رێبەری و گەشەسەندنی کەسایەتی جان ماکسوێل (John C. Maxwell) لە کتێبی ” رانگەی براوە، رەمزی سەرکەوتنی تاکەکەسی” ئەوەی کە خەڵک بە کێشەی خۆیان دەزانن لە راستیدا کێشەی ئەوان نیە. کێشەی ئەوان بە هۆی جۆری هەڵسوکەوتێکە، کە هەیانە و ئەو هەڵسوکەوتەشە کە رێگایان نادات لە کێشە و سەختیەکان دوور کەون. کەسێک کە بە هۆی جۆری روانینی بە ژیان ئەرێنی بیر بکاتەوە، دەتوانێت هەلومەرجەکان بە “هەلی نوێ” ناو ببات و بە پێچەوانەی کەسانی ئاسایی بە جیاتی قبووڵی شکست هەوڵ دەدات تواناییەکان و شارازاییەکان بۆ بەرهەمهێنان و خوڵقاندنی نوێ بەکار ببات. رێبەرانی ئەرێنی ئەندێش دەتوانن رێکخراوی خۆیان بەرەو ئاسۆیەک رێبەری بکەن کە ئەوانی دیکە لێی بێ بەشن. هەرچۆنێک قاسملوو لە ئاستەمترین هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری بزاڤی نەتەوایەتی کورد، حیزبی دێموکراتی بەرەو گەرەترین و شوێندانەرترین حیزبی سیاسی کورد لە سەردەمی خۆیدا رێبەری کرد و نەریتێکی بەجێ هێشت، کە ئەمرۆش جێگرانی لێی دەخۆن.

 

  1. ٤.خاکی و خەڵکی بوون

رێبەرێک کە توانای ئەوەی نەبێت خەڵک بەرەو لای خۆی راکێشێت، لایەنگریشی نیە. رێبەریک کە توانایی خەڵک خۆشەویستی هەبێت خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەیە: سەرنج دان بە مرۆڤەکان، توانایی تێگەیشتنی ئەوان و بڕیار بۆ سازکردنی پیوەندیەکی ئەرێنی لە نێوان مرۆڤەکاندا. جۆری هەڵسوکەوتی خەڵکانی دیکە لە گەڵ ئێمە لە ئەنجامی جۆری هەڵسوکەوتی ئێمەیە لە گەڵ ئەوان. رێبەرێکی سەرکەوتوو ئاگاداری ئەو خاڵەیە.

یەکێک لە خاڵە بەهیزەکانی کەسایەتی دکتۆر قاسملوو هاوگونجی ئەو لە گەل دەوروبەر و توانایی ئەو لە پیوەندی کردن بە مرۆڤەکان بوو. مرۆڤ لە کاتی پێوەندی بە دکتۆر قاسملوویەوە و پێوەندی ئەو بە مرۆڤەوە هەست بە گەورەیی و ورەبەخشین دەکرد و لە هەمووی گرنگتر مرۆڤ ترسی نەبوو لەوەی کە لێی نزیک بێتەوە، داوای لێبکات وێنەیەکی لە گەل بکێشێت یان چەن وشەیەکی لە گەڵ ئاڵوگۆر بکات. چونکە قاسملوو دەیزانی کە مرۆڤپەروەری بەشێکی گرنگ لە ئەرک و تایبەتمەندی رێبەریە.

 

  1. ٥.لێهاتووییە دیارەکان

هەر مرۆڤێک هەندێک تایبەتمەندی تایبەت بەخۆی هەیە. یەکێک لە ئەرکەکانی رێبەری لە کاتی پەروەردەی رێبەرانی داهاتوو سەرنج دان بە لێهاتوویی کەسان و هەگەری سەرکەوتنیان لە کارەکاندا و بەرەوپێش بردنی رێکخراو زۆر گرنگە. ئەمرۆ بەداخەوە بەشێکی زۆر لە هەڵبژاردنەکان بە پێچتەوانەی ئەوە بە پێی ئاستی نزیکی و پێرەوی بوونی بەرپرسان لە کەسێکە کە هەڵیان دەبژێرێت و دیاریان دەکات. رێبەرانی ئەمرۆ دوای کەسانێک دەگەرێن کە “کەم دەردی سەر بن”.

 

  1. ٦.رێگای سەلمێنراوی رێبەری

شاعیری ئەمریکی ئارچی مک لیش (Archibald MacLeish) دەلێت: “تەنیا شتێک کە لە تاقی کردنەوە ناخۆشترە، تاقی نەکردنەوەیە.” ئەو رێبەرانەی کە ئەو راستیە دەزانن هێلی سەرکەوتوویی خۆیان لە درێژەی ژیانیاندا درێژە دەدەن. هەرکەسێک شتێکی ئەزموونکراو دووبارە تاقی بکاتەوە شکست دەخوات، بەڵام رێبەرانێک کە لە تاقی کردنەوە بترسن بۆ هەمیشە شکست دەخۆن. رابێرت تاونسەند (Robert Townsend) کارناسی بواری بەرێوەبەری دەڵێت: “رێبەران سنووری تەمەن، شوێن، هەڵکەوت و هەلومەرجی تایبەت ناناسن، ئەوان هەمووجارێ لە هەموو شوێنێک رێبەری دەکەن. تەنانەت لەوانەیە رێبەر لە ئاستی کارمەندێکی سادە بێت، بەڵام ئەوان بە هۆی شوێندانەریان بە سەر خەڵک و پێگەی کۆمەڵایەتیان دەناسرێن.” کەسێک کە لە رێگایەک دەپێوێت و خاوەنی باوەڕێکی بەهێزە، لە ناو خەڵکدا بەبێ پلە و پایەی رێکخراوەیش دیارە.

 

  1. ٧.بڕوا بەخۆ

رێبەرێک کە بڕوای بەخۆی نەبێت، ناتوانێت بڕوای خەڵک بۆ لای خۆی راکێشێت. مرۆڤەکان بە شێوەی سروشتی لە قاسملوو نزیک دەبوونەوە و لایەنگریان دەکرد، چونکە بڕوابەخۆبوون بەشێک لە تایبەتمەندی قاسملوو و کەسایەتی ئەو بوو. لە جیهاندا رێبەر گەلی زۆرهەن کە کاتێک بڕوایان بەخۆیان بووبێت، توانیویانە کۆمەڵگا بگۆڕن و شوێندانەر بن. لە سەروبەندی رووخانی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو، کوودیتایەکی ئەرتەشی دژی گۆرباچۆڤ دوایین سەرۆکی یەکیەتی سۆڤیەت ئەنجام درا.

تانکەکانی دەوڵەتی خانووی شوێنی ژیانی سەرۆکی کۆماری رووسیا بۆریس یەڵتسین (Boris Yeltsin) ی لە گەمارۆ دابوو. فەرماندە پایەبەرزەکانی ئەرتەش فەرمانیان بە تانکەکان دابوو کە تەقە لە یەڵتسین و هاورێیانی بکەن. کاتێک ئەرتەش لە شوێنی خۆی جێگیر ببوو، یەڵتسین لە خانووەکەی دەرکەوت و بوێرانە چوو سەر تانکەکە و روو لە فەرماندەی تانکەکە کرد و وتی” سوپاس بۆ ئەوەی پشتیوانی لە دێموکراسی دەکەی”. دواتر فەرماندەکە وتبوو کە ئەوان بڕیار بوو پشتیوانی لە یەڵتسین نەکەن، بەڵام کاتێک ئەو بە بڕوایەکی قووڵ بەخۆیەوە قسەی کرد و لێیان نزیک بووە، سەربازەکانی رووسی پێکەوە بڕیاریاندا پشتیوانی لەو بکەن و لە ئەنجامدا کۆدیتای ئەرتەش شکستی هێناو و یەکیەتی سۆڤیەتیش بوو بەشێک لە مێژوو.

 

بڕوا بەخۆ بوون یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی گرنگی رێبەریە و شێوازێکی بیرکردنەوەی ئەرێنیە. گەورەترین رێبەران و کەسانی سەرکەوتوو سەرەرای هەموو کەندوکۆسپەکان بڕوایان بە خۆ هەیە. بڕوابەخۆبوون سەرمایەیەکی گەورەی رێبەرە کە دەتوانێت ئەو بڕوایە بە لایەنگرانی خۆشی بدات.

 

  1. ٨.خۆدیسیپلینی

بەبێ جیاوازی هەموو رێبەرانی گەورەی جیهان خاوەنی تایبەتمەندی خۆدیسیپلینین. بەداخەوە بەشێکی زۆر لە رێبەرانی ئێمە بەجیاتی خۆ دیسیپلینی خەریکی ژیانێکی جیاواز لەو باوەڕاننە کە پرۆپاگەندەی بۆ دەکەن و جیاوازی چینایەتی لە نێوان ئەندامانی رێبەری و بەدەنەدا بووتە یەکێک لە هۆیەکانی مەودا نێوان رێبەری و ئەندامانی حیزب و بنەماڵەی حیزبی لە بنکە و ئۆردووگاکاندا. هیچ سەرکەوتنێک بە مامەلە و هەڵسوکەوتی “یەک بان و دووهەوا” بەدەست نایەت. بەهۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی – سیاسیەک کە بەشی ئاشکرای حیزب لە باشووری کوردستان تێکەوتووە لەوانەیە نەتوانین چاوەڕیی ئەوە بین رێبەرانی ئێمە خۆدیسیپلینی بەرێوە ببەن وئامادە بن نرخی خۆدیسیپلینی بدەن. کاتێک باس لە خۆدیسیپلینی دێتە پێش مرۆڤەکان دوو رێگا زیاتریان لە بەر دەست نیە: یا ئێش و ئازاری خۆدیسیپلینی کە بریتی بێت لە فیداکاری، رێکوپێکی و گەشەکردن قبووڵ دەکەن یا خود ئێش و ئازاری پەشیمانی بەهۆی لەدەست دانی هەلەکان و خۆخەریک کردن بە شتەلاوەکیەکانی خەبات. هەرکەسێک لە ژیاندا هەڵبژاردەیەکی هەیە. دکتۆر قاسملوو رێگای خۆ دسیپلینی هەلبژارد و تەنانەت شتێکی بۆ بنەماڵەی خۆشی بەجێ نەهێشت و هەموو میراتەکەی پێشکەشی حیزبی دێموکرات کرد.

 

  1. ٩.توانایی پێوەندی کاریگەر

پێوەندی بەشێکی گرنگ لە ژیانی ئێمەیە. لێکۆلینەوەکان دەسەلمێنن کە نزیک بە 70%ی کاتی مرۆڤ لە پێوەندیەکاندا تێپەر دەبێت. رێبەریک کە توانایی پێوەندی گرتنی نەبێت ناتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر و شیاو بۆچوونەکانی خۆی بە خەڵک و دەوروبەری رابگەیەنێت. توانایی رێبەر لە متمانەدان بە خەڵک هاوسانە لە گەڵ توانایی ئەو لە پێکهێنانی پێوەندیدا. هەردووک تایبەتمەندی سەرەوە پێویستی بە کردەوە لە لایەن رێبەر و دژکردەوە لەلایەن لایەنگرانیەوە دەکەن. پێوەندی کردەوەیەکی دوولایەنەی ئەرێنیە. کاتێک پێوەندیەکە یەک لایەنانە بێت، درەنگ یا زوو ئەو پێوەندیە دەمرێت. قاسملوو لە هەموو ئاستەکانی پێوەندیدا چ وەک دیپلۆماتێک و چ وەک رێبەر و کەسێکی ئاسایی لە ناو کۆمەڵگادا دەیتوانی لە گەڵ دەوروبەری خۆی پێوەندی بگرێت و ئەوەندە شوێندانەر بێت، کە دوای خۆی هەستێکی بەهێز بەجێ بێلێت. لە تایبەتمەندیەکانی توانایی قاسملوو لەو پێوەندیەدا دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو گرنگیەکی تایبەتی دەدا بەو کەسانەی کە قسەیان بۆ دەکرد. کاتێک گرنگی بە کەسێک یان کۆمەڵێک دەدرێ کە قسەیان بۆ دەکرێ، کۆمەڵەکەش بە دڵ و گیان گوێی لە کەسەکە دەگرێت. توارننایی سەرنجدان و بەو کەسەی کە وەڵام دەداتەوە، ئەو کەسانەی کە لە پێوەندیەکاندا لاوازن، تەنیا لە کاتی قسەکردن دا سەرنج دەدەن و کاتی بیستنی وەڵامی لایەنی بەرامبەر سەرنجیان پێنادەن. کەسێک کە دەتوانێت پێوەندی چاک بگرێت، تەنانەت سەرنج دەداتە بزاڤی جەستەی لایەنێک کە گفتگۆی لە گەڵ دەکرێت و بە پێی هەو هەڵسوکەوت دەکات. توانایی پیوەندی بە هەموو خەڵک، قاسملوو لە پێوەندی خۆیدا دەیتوانی هەستی ئارامی و ئینسانی بە هەموو کەس بدات. ئەو دەیتوانی لە گەڵ هەرکەسێک و بەهەر سەلیقەیەکەوە کە هەیبوو پێوەندی بگرێت و گفتگۆی لە گەل بکات. پێوەندی چاوبەچاو لە گەڵ لایەنی گفتگۆ، بە یەک چاوخشاندن بە وێنەکانی قاسملوو لە کاتی قسەکردن یان گوێگرتن لە کەسێک کە قسە دەکات، مرۆڤ دەبینێت کە بەهۆی ئەوەی کە ئەو لە گفتگۆی خۆیدا راستگۆ بوو، لە کاتی قسەکردن و گوێگرتندا چاوی لە ناوچاوی لایەنەکە بوو. پێکەنینی قاسملوو لەوانەیە “موعجزە” خوڵقێنترین تایبەتمەندی ئەوبوو بێت لە پێوەندی گرتندا. ئەو دەیتوانی بە بزەی سەر لێو و پێکەنینی خۆی هەستی زیندوویی بە لایەنی بەرامبەر ببەخشێ و گوێگرانی خۆی لە گەڵ لایەنی مرۆڤدۆستی و ژیان خۆشەویستی خۆی ئاشنا بکات.

 

  1. ١٠.نارازی بوون لە وەزعی مەوجوود

رێبەران ئەوەی کە هەیە دەبینن. بەڵام گرنگتر لەوە هۆیەکانی ئەویش دەبینن. رێبەری راستی قەت بە رەوشی ئێستا”قانع” نیە. قاسملوو رێبەرێک بوو کە زیاتر لەوانی دیکە بۆ کردنەوەی دەروازەکانی پێشکەوتن و سەرکەوتن هەوڵی دەدا. ئەو بەدوای کردنەوەی ئاسۆی تازە و جیهانی نوێ بۆ کورد بوو. قاسملوو قەت لە ئاستی رەوشی ئێستای حیزبەکەی رازی نەبوو و هەمیشە لە دوای ئەوە دەگەڕا بە کەمترین “هەزینە” زۆرترین دەستکەوت بەدەستەوە بێنێت. ئەو سەرەرای رەوشی تایبەتی پێوەندیدار بە شەڕی چەکداری و تەنگەژەی ئایدیۆلۆژیەکان حیزبەکەی بە رێبەریەکی بێوێنەوە رۆژ لە گەڵ رۆژ بەهێزتر دەکرد.

 

ناڕازیبوون لە وەزعی مەوجوود بە واتای بۆڵەبۆل کردن و گلایە کردن نیە، بەڵکوو بەو واتایەیە کە ویستی ئاڵوگۆڕ بەهێزە. کەسێک کە ئامادە نەبێت ریسکی گۆڕانکاری قبووڵ بکات ناتوانێت پێشکەوێت. رێبەرانی پارێزەری “وەزعی مەوجوود” بەداخەوە بۆخۆیان دەبنە “پێرەوی” رەوشی مەوجوود. رایمۆند سمیت (Raymond Smith) سەرۆکی بێل ئاتلانتیک دەڵێت: ” هەنگاونان لە رێگای بێ مەترسی و بە شێوەی یەکسان چوون، لەوانەیە بێکارت نەکات بەڵام بەدڵنیاییەوە لە درێژخایەندا هیچ سوودێکی بۆ رێکخراوەکە بە دواوە نابێت.” رێبەرایەتی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات راست لەو خاڵەدا ماوەتەوە: ترسی گۆڕانی وەزعیەتی مەوجوود و هەڵگرتنی ریسکی گۆڕان و بەروپێش چوون. چونکە لەناو ئێمەدا نایابن ئەو رێبەرانەی کە “مەترسی هەڵگر” بن و بوێرن هەنگاوی بوێرانە هەڵگرن بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی.

 

بۆ ئەو کەسانەی کە لە گەڵ کێشەکانی کۆن دەسازێن و لەو کێشانەدا دەمێننەوە ژیان ئاسانتر و ئارامترە لەوەی کە رێگاچارەی نوێ بدۆزنەوە و مەترسی ریسکی گۆڕان هەڵگرن. جیاوازی نێوان شیاوی و کاتی پێویست بۆ باسکردن و گفتگۆ لە سەر چارەسەری کێشەکانی کۆن و دۆزینەوەی رێگای تازە بۆ پێشکەوتن و گۆڕان یەکجار کەمە. جیاوازیەکە لە جۆری بۆچوونەکاندایە. دەشێ رێبەرایەتی حیزب بەجیاتی قەتیس مان لە کێشەکانی کۆندا بە دوای چارەسەری و گۆڕان بەرەو پێش بێت.

 

قاسملوو بەو هیوایە سەرمایەگوزاری لە سەر رێبەرانی ئەمرۆی حیزب کرد کە وەک خۆی ببنە رێبەرانی سەرنج راکێش و بەتوانای حیزب و جۆڵانەوە. ئەوان بەراستی دەتوانن ئەو خەونەی قاسملوو بەجێ بێنن، بەمەرجێک بزانن کۆمەڵگای ئەمرۆی کوردستان لانی کەم ٣٠ ساڵ کەمتەمەنتر لەو کاتەیە کە ئەوان دەستیان بە رێبەری کرد و پێویستە فەلسەفە و کولتووری رێبەریش بەو پێیە بگۆردرێت.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی