"an independent online kurdish website

سەردانی نوێنەرانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەولێرو سلێمانی و پێشوازیکردنیان لە لایەن بەرزترین پلەی دەسەڵاتداری سیاسی هەرێمی کوردستان، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی زۆر ناڕەحات و نائومێدکردەوە و بۆجارێکتر برینی لە دەست دانی ڕێبەرەکەیان لەسەر جەستەی سەری هەڵدایەوە.muhemed_slemani12

چوونکی پێک هاتەی نێردراوانی حکوومەتی دیکتاتۆری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، پێک هاتبوو لە “عەلی لاریجانی و محمد جعفری سەحرارودی” تیرۆریست کە لە ساڵی ١٩٨٩ی زاینی لە ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش(نەمسا) گەورە پیاوی مێژووی نوێی گەلی کورد دکتۆر قاسملوویان لە سەر مێزی وتووێژ شەهید کرد. پێموانیە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکانی نیگەرانی هەبوونی هاوکاری و پەیوەندی دیپڵۆماسی سیاسی و ئابووری، دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە گەڵ دراوسێکان و یەك لەو وڵاتانەیش کە ئێرانە هەبێت و شەقامی کوردی لە ڕۆژهەڵات نیگەران بکات.

بەڵام ئەوەی ئەو جار هەموو لایەکی بێزار و نائومێد کردەوە، لە ڕاستی ئاستی” ئەو پێشوازییە گەرمە بوو کە بە ئاشکرا لە بکوژی دکتۆر قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکڕات لەلایەن ناوەندی بڕیاردانی سیاسی هەڕیمی کوردستان، لەو وەڤدە تیرۆریستە لە کوردستانی ئازاد دا لێیانکرا”. گەلی کورد و بەتایبەت کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر دڵخۆشبوون بە هەڵوێستی سیاسی و نەتەوەی سەرکردایەتی سیاسی و بەتایبەت سەرۆکی هەرێمی کوردستان مسعود بارزانی سەبارەت بە پرسی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستان. بەڵام ئێستا بۆمان هەیە گلەی و گەزندەی خۆمان بەرزبکەینەوە و بڵێین دوژمنی کورد، بۆ کورد هەر دوژمنە و هەرگیز نابێت بەدۆست و هاوپەیمانی کورد و خەڵکی کوردستان تەماشابکرێ.

دوژمنانی کورد لە هەرکوێیەك بۆیان بلوێ زیان بەکورد و دەسکەوتەکانی دەگەیەنن. ئێمەی کورد کێشەی خاك و خوێنمان لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا هەیە و ئەو وڵاتانە هەرگیز نابنە ئەو دۆستە کە چاوەروانی پشتیووانی پاراستنی دەسکەوتەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان بکەن. نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بێگوومان بۆ ئەوەی ناهاتبوون دەست خۆشی سەرکەوتنی هێزە پێشمەرگەی کوردستان بە هاوکاری و یارمەتی هاوپەیمانان لە خەڵکی کوردستان و سەرۆکی هەرێم بکەن، بێگوومان نیازی ئەوان بەگژیەکتریداکردنەوەی گەلی کوردەو نانەوەی ئاژاو و بەرگرژیترە لە کوردستاندا.

تیرۆریستانی ڕێژیمی ئاخوندی هەتا درونی بۆگەنیان ڕێگای پێنەدان وشەی پیرۆزی” پێشمەرگە” بەسەرزاروزمانیاندابێت و بە چاوی ڕێزەوە باسی ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پێشمەرگە بکەن کە بەدژی گروپی تیرۆریستی داعش بەدەست هێناوە. ڕێژیمی ئاخوندی ئێران کاتێک دەبێنێت ئاستی پەیوەندییە سیاسی و ئابووریەکانی هەڕێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو و جێگیر پەرەی ئەستاندوە و سنووری زۆر وڵاتی گەورە و بەنفوزی سیاسی و ئابووری و نیزامی دونیای لە بەرژەوەندی دۆخی سیاسی کورد دا، بڕیوە و ئەو بەشە زۆر چاك بەرەوگەشەکردن چووە و بۆتە دۆست و هاوپەیمانی وڵاتانی وەک و ئەمریکا و ئاڵمان و فرانسە و ئیتالیا و بریتانیا و وڵاتانیتری دێمۆکڕات و پێشکەوتوو لە ئاستی گێتیدا. ئەو وڵاتەش هەوڵدەدات لەو ڕێگایەوە زیان بەئاستی ئەو پەیوەندیانە بەگەیەنێت و بەدونیا بڵێن ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە دۆستی گەلی کوردە و لە مەترسیەکانی دەورووبەر دەیان پارێزێت و هەرلەوکاتەیشدا مێژوویەکی دوور و درێژی هاوکارییان بەیەکەوە هەیە.

دیارە خەڵکی کوردستان زۆر باش لەو ڕاستیە گەیشتووە کە نابێت باوەڕ بە هیچ کم لە داگیرکەرانی کوردستان بکرێ، دیتمان کاتێک هەرێمی کوردستان و هەولێر کەوتنە بەر دنوکی هەڕەشەی داعش حکوومەتی تورکیە چەندەلەسەر کورد بەجوابوو. ئەوەش لە جێگای خۆیدا نیازی دوژمنانی ئێمەی کورد نیشاندەدات. لە شوێنێک دەبنن کورد سەردەکەوێت، دێنە پێشوو وای پێشاندەدەن کە بەو سەرکەوتنەمان دڵخۆشن، بەڵام لە پشتی پەردەدا پلانیتر بەدژمان دادەڕێژن.

کوردەکانی ڕۆژهەڵات کاتێک بەڕێز” ئۆجەلان” لە ڕێگای هاوپەیمانیەکی دەرەکیەوە ڕادەستی میتی تورکیەکرایەوە و لە ئێمڕاڵی زیندانیکرا، خەڵکی کوردستان بەجۆشوخڕۆشەوە لە زۆربەی شارەگەورەکانی ڕۆژهەڵات ڕژانە سەرشەقام بەمەبەستی ئیدانەکردنی ئەو کردەوەیە کە بەدژی ڕێبەرێکی کورد ئەنجامدراوە. وەختێکیش هەرێمی کوردستان و هەولێر کەوتنە بەر هەڕەشەی داعش، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئەرکی سیاسی و نیشتیمانی خۆیان ئەڵستان و چوونە بەرەکانی شەڕ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکەن و هێزی پێشمەرگەی خۆیان ئاوێزانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و وەك هێزێکی نەتەوەی لە ژێر فەرمانی سەرۆکی هەرێمدا جوڵە بە هێزەکانیان لە بەرەکانی شەڕدا بکەن. ئەوەشمان بینی وەختێکیش شاری هەڵمەت و خۆڕاگری “کۆبانی” کەوتە بەر هێرشی داعش و داعشەکانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆجارێکتر خرۆشان و هاتنەوە مەیدان. بەڵام بۆچی دەبێت هەرکوردی ڕۆژهەڵات بە هەڵوێستە سیاسی و نیشتیمانیەکانی وەفا بکات، باشە ئەی دەبێت چ جیاوازیەک لە نێوانی خوێنی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات و باکور و باشور و رۆژئاوادا هەبێت.

نێوەرۆک و مەبەستی ئەو قسەیە بۆ هەموو لایەك روون و ئاشکرایە، ئێمەیش وەك کوردەکانی ڕۆژهەڵات پێمان خۆشە جارێکیتر ئێوە بە وێنەی هەڵوێستی نەمر “ملا مستەفا” و هێزی پشتیووانی “یەکیەتی لە تەنیشت خۆماندا ببین و سەیری هاوکاری و یەکدەنگیتان بکەینەوە. دڵمان خوێنی لێدەچۆڕێت کە تێک بکۆژی ڕێبەری جووڵانەوەی رزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دکتۆر قاسملوو بەو شێوەیە و بە بەر چاوی کوردەوە بەهەولێر و سلێمانی دا دەسوڕینەوە.

داواکارین لە سەرکردایەتی سیاسی کورد و سەرۆکی هەرێم ڕێزدار مسعود بارزانی بە چاو و هەستی ئێمە سەیری بکوژانی دکتۆر قاسملوو بکرێت لە کوردستاندا. “دژی هاوکاری و پەیوەندی سیاسی و بازرگانی ئێوە نین، بەڵام گلەیمان لەسەر شێوازی پێشوازی و وەڤدی نێردراوی ڕێژیمە بۆ کوردستان”. ڕێژیمی ئاخوندی ئێران بەئانقەست هەموو جارێک محمد جعفری سحرارودی لە گەڵ وەڤدەکانیان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکەن. بۆ ئەوەی کەلێن بخەنە نێو ماڵی گەلی کوردەوە و بەدژی یەك سەنگر لێک بگرین. کوردەکانی ڕۆژهەڵات لایەنگری یەکڕیزی نێوماڵی گەورەی کوردن و گەشەکردنی سیاسی هەرێمی کوردستان بەسەرکەوتنی هەموو کورد دەزانن!!!


 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی