ماوەی چەند ساڵێکە بە گشتی و چەند مانگێکیشە بەتایبەتی، ناوی «داعش» هەموو جیهانی تووشی شۆکێکی گەورە کردووە. دیارە نەک لەبەرئەوەی کە لە مێژوودا،
مرۆڤایەتی دڕندەی لەم شێوە بەخۆوە نەدیوە، بەڵکە لە سەدەی نوێدا دەتوانم بڵێم، وەحشیگەری لەو شێوەیە کەم ڕوویداوە، دیارە بۆ ئێمەی کورد بوونی داعش ئاساییە، چونکە پێش داعشیش سووپا دڕندەکانی تورک و بەعس، ئەنفال و ماڵوێرانیان کردووین. لێ کێشەکە لەوەدایە دیسانەوە ئەم هێزە وەحشیە، بەربۆتە گیانی هەموو کوردان چ لە سووریا یان عیراق. بەشێکی زۆر لە چاودێرانیش لەوە تێناگەن، ئەم هێزە بۆچی هێندە بە وەحشێگەرییەوە پەلاماری کورد دەدات، هەرئەمەش وای لە زۆرکەس کردووە، کە بۆنی ڕۆڵی نەگریسی دەوڵەتی تورک بکات، لە دروسکردنی ئەم هێزە وەحشیە.
سەرەتاکانی دروستبوونی داعش
داعش کورتکراوەی ناوی « دەوڵەتی ئیسلامیی لە عیراق و شام»، ئەم ڕێکخراوە لە چاو ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی تر بۆ نموونە ئیخوان موسلمین، مێژوویەکی هێندە درێژی نییە. مێژووی دروستبوونی ئەم ڕێکخراوە بۆ ساڵانی 2000 دەگڕێتەوە، وە بەتایبەتیش بۆ ساڵی 2003، ئەو کاتەی ئەمریکا عیراقی داگیرکرد. دیارە داعش پێشتر چەند گرووپێکی توندڕەی ئیسلامی بوون، پاشان ساڵی 2013 ناوی خۆیان دەگۆڕن بۆ داعش.
زەرقاوی باوکی رۆحی داعش
ساڵی 2000 جیهادی و سەلەفییەکی توندڕەوی ئوردونی بەناوی «مسعەب زەرقاوی»، ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەناوی «جماعە التوحید و الجهاد» دروستدەکات. ئەندامانی ئەم رێکخراوە بریتی بوون لە سەلەفییە توندرەوەکانی ئورودن و فەلەستینیەکان و ئەو عەرەبانەی کەلە ئەفگانیستان گەڕابوونەتەوە ئوردون1.
پاش ئەوەی ساڵی 2001 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، ڕێکخراوەی قاعیدە لە ئەفگانیستان دەردەکرێت، زەرقاوی و هاوڕێکانی لە ئەفگانیستان ڕادەکەن و دێنە کوردستانەوە، پاشتر کەس نازانێت چۆن ئەم پیاوە خۆی گەیاندۆتە ئوردون. جێگەی ئاماژەیە ئەوکاتە لە کوردستاندا لە ناوچەی هۆرامان « ئەنسار السنە» هەبوون، کەئەمانیش ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئیسلامی بوون، ماوەیەکی زۆر دژی یەکێتی نیشتمانی کاری تیرۆریستی دەکردو نیمچە خەلافەتێکی ئیسلامی لە هۆرامان دامەزراندبوو، ئەم جەماعەتە لەلایەن مەلا کرێکارەوە رابەرایەتی دەکران.
داگیرکردنی عیراق و هەلی زێڕین بۆ زەرقاوی
داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2003، وەکو دیارییەکی خودا وابوو بۆ هەموو جیهادیستەکان و دەوڵەتە عەرەبییەکان. جیهادیستەکان لە خوایان دەویست دەستیان بگاتە ئەمریکییە کافرەکان، تا تۆڵەیان لێبستێننەوە، دەوڵەتە عەرەبییەکانیش بۆ ئەوەی هەرچی جیهادیی و ئیسلامی توندڕەوی خۆیان هەیە، فڕێیان بددەنە عیراق و بەمشێوەیە بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژن، لەلایەک تیرۆریستەکان لە خۆیان دووردەخەنەوە، لەلایەکی تریشەوە، ناهێڵن ئەمریکیەکان بە ئاسانی پرۆژەکانی خۆیان لە عیراقدا بچەسپێنن.
زەرقاوی ئەمیری قاعیدە لە عیراق
زەرقاوی و ڕێکخراوەکەی بوونە ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهانی «قاعیدە» کە ئەوکاتە ئوسامە بن لادن سەرپەرشتی دەکردو پاشانیش زەواهیری جێگەی گرتەوە. زەرقاوی و ڕێکخراوەکەی وەکو لقێکی قاعیدە، لە عیراقدا دەستیانکرد بە کاری تیرۆریستی و مرۆڤ سەربڕین لەم وڵاتەدا، دیارە زیاتر کارەکانی ئەم ڕێکخراوە دژی خەلکی سیڤیلی عیراقی بوو تا لەشكری ئەمریکی.
کوشتنی زەرقاوی 2006
لە ساڵی 2006 زەرقاوی «ئەنجومەنی شواری موجاهدین» دروستدەکات، ئەم ئەنجومەنە وەکو دەستەیەکی باڵای ئیداری و سیاسی ئەم ڕێکخراوە وابوو، لە هەمانساڵدا زەرقاوی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەکوژرێت، لەپاش ئەمە ئەنجومەنی شوراوی موجاهدین « ئەبو حەمزە المهاجر و» وەکو ئەمیر و «عومەر ئەلبەغدادی» وەکو جێگری دادەنێن. پاشتریش ناوی ڕێکخراوە بۆ « دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق « دەگۆڕێت.
لە ئەپریلی ساڵی 2010 لە هێرشێکی سووپای ئەمریکیدا، لە ماڵێکدا ئەبو حەمزە و عومەر بەغدادی دەکوژرێن. پاش ماوەیەک ئەنجومەنی شورای موجاهدین «ئەبوو بەکر بەغدادی» دەکەنە ئەمیری خۆیان. لێرەشەوە مرۆڤایەتی تووشی خوێنمژترین مرۆڤی سەدەی نوێ دەبێتەوە.
ئەبو بەکر بەغدادی کێیە
إبراهیم بن عواد بن إبراهیم البدری لە ساڵی 1971 لە شاری سامەرا لەدایک بووە. دیارە ئەو چەندین نازناوی هەبووە لەوانە (علی البدری السامرائی»، « أبو دعاو «، الدكتور إبراهیم، «الكرار) لە کۆتایشدا «ئەبو بەکر بەغدادی».
ئەو لە زانکۆی بەغدا کۆلیژی شەریعەتی ئیسلامی خوێندووەو پاشانیش ماجستێر و دکتۆرای هێناوە. پاشتر وەکو مامۆستایەکی ئاینی و داعییەی ئیسلامی کاریکردووە. ئەو لە بنەماڵەیەکی سەلەفی و تەکفیری لەدایکبووە، باوکی « شێخ العواد» کەسێکی سەلەفی و تەکفیری بووە لەهەمانکاتیشدا یەکێک بووە لە پیاوماقووڵانی عەشیرەتی «البوبدری» مامەکانیشی هەموویان مەلا و داعییەی ئیسلامین و هەڵگری بیری سەلەفی و تەکفیرین. 2
کێشەی سووریا
لەپاش ئەوەی لە ساڵی 2011 ئەوەی کە پێیدەگوترێت «بەهاری عەرەبی» دروستبوو، هەڵمەتێکی ناڕەزایی جەماوەری لە سوریا دروستبوو. ڕژێمە دیکتاتۆریەکەی ئەسەد، لەجیاتی وەڵامدانەوەی داواکاری هاوڵاتییانی و وازهێنان لە کورسی دەسەڵاتی، بەوپەڕی دڕندەیەتییەوە، پەلاماری خەڵکی سیڤیلی سووری دا، لەپاش ئەوەش دەوڵەتانی ئیقلیمی لەپێش هەموویانە» تورکیا و دەوڵەتانی کەنداوی فارسی»دەستیانکرد بە یارمەتیدانی گرووپە ئیسلامی و نارەزاییەکانی سووریا. لەپێش هەمووشیانەوە» بەرەی نوسرە»، ئەم گروپەش کەلەلایەن سەلەفییەکی توندڕەوی سووریەوە رابەری دەکرێت بەناوی « أبو محمد الجولانی، « کە کۆمەڵێک کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد لە سووریا ئەنجامداوە.
لە نۆی ئەپریلی ساڵی 2013 لە شریتێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەبوبەکر بەغدادی ئیعلانی دروستکردنی « دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام» ڕاگەیاند، ئەم ڕێکخراوە نوێیە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی «دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و بەرەی نوسرە» پێکهات. لێرەشەوە مێژووی خوێناوی داعش دەستیپێکرد.3
بۆچی داعش دروستبوو
دیارە کۆمەڵیک هۆکاری سیاسی و مێژوویی و کولتووری وئابووری هەن کە بوونە هۆی دروستبوونی ڕێکخراوێکی مەرگدۆستی وەکو داعش، لێرەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی باسی هەندێکیان بکەین.
1/ هۆکاری سیاسی
پشێوی سیاسی لە عیراق و سووریا
ئەم دوو دەوڵەتەی رۆژهەڵات، ماوەیەکی زۆرە تووشی پشێوی و نائارامییەکی سیاسی بوونەتەوە. عیراق لەپاش داگیرکردنی ئەمریکا لە ساڵی 2003 وە، بۆتە مۆڵگەی هەموو گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان. لەلایەکی تریشەوە هەرچی بەعسی و عەرەبی سوونە فاشیست و سەلەفی توندرەو هەیە، خۆیان خزاندۆتە ژێرباڵی فکری تەکفیری و چەتەگەری داعشەوە.
بە واتایەکی تر داعش هەڵگری هەمان بیری ناسیۆنالیزمی توندڕەوی عەرەبی بەعسییە، کە پێشتر دژی مەزهەب و نەتەوە جیاکانی عیراق هەیانبوو.
لە سووریاش ماوەی سێ ساڵە ئەم وڵاتە خۆی لەبەردەم جەنگێکی ناوخۆیی دەبینێتەوە، کە ڕژێمەکەی ئەسەد بە هیچ شێوەیەک ئامادەنییە، واز لە کورسی دەسەڵات بهێنێت. هەرئەمەش وایکردووە، کە ئەم وڵاتە ببێتە مۆڵگەیەکی گەورە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهان.
جەنگی ئیقلیمی نێوان هیلالی شیعی و سوونی
ئەمڕۆ رۆژهەڵات بەسەر دوو جەمسەری دژ بەیەک دابەشبووە، جەمسەری شیعی کە بریتییە لە «ئێران، سووریا، عیراق، حزب اللهی لوبنانی، حوسیەکانی یەمەن». لەبەرامبەریشدا جەمسەری سوونی کە بریتین لە « تورکیا، عەرەبستانی سعودی، کوەیت، قەتەر، ئیمارات، داعش «.
دیارە دابەشبوونی رۆژهەڵات بەسەردوو جەمسەردا کە سیمایەکی مەزهەبی هەیە، وایکردووە، ئەم ناوچەیە ببێتە گۆڕەپانی ململانێی مەزهەبی گەورە، کە قەسابخانەیەکی گەورەی بۆ گەلانی رۆژهەڵات دروستکردووە. هەرلایەکی ئەم دوو جەمسەرە، بەهەموو شێوەیەک، دەیەوێت لاکەی تر بێهێز و لاوازبکات، بە هیچ شێوەیەکی بیر لە ژیان وماڵی خەڵكی ئەم ناوچانە ناکەنەوە، چونکە جەنگەکە لەدەرەوەی ماڵی خۆیانە.
جەنگی رووسی و ئەمریکی
دیارە ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین جارێکی تر بەسەر هەردوو زلهێزی جیهانی «رووسیا و ئەمریکا» دابەشبووە. ئەم دوو زلهێزەش هەریەکەیان بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن. رووسیا پشتگیری هیلالی شیعی دەکات و ئەمریکاش پشتگیری هیلالی سوونی دەکات. ئەمەش هێندەی تر ناوچەکەی بەرەو پشێویی و ئاڵۆزی گەورەبردووە،، کە وایکردووە لەم فەوزا گەورەیەدا، هێزێکی وەحشی وەکو داعش پەیدابێت.
داعش یان سووپا ئینکشاریە نوێکەی تورکیا
ساڵی 1324 سوڵتان ئورخانی یەکەم،،کە یەکێکە لە سوڵتانە خوێناوی و دڕندەکانی عوسمانی، بڕیاری دروستکردنی سووپای «ئینکشاری، واتە سووپای نوێ» ی دا. ئەم سووپایە، لەو منداڵە مەسیحییە ئوروپیانە دروستکران، کە سووپای عوسمانی بە زۆر لە باوک و دایکەکانیانی دەفڕاندن و دەیانهێنانە ناو مەعسکەرێکی تایبەتییەوە، کە تەنها کاری کوشتن و جەنگیان پێدەکرا. ئەو منداڵانە تەمەنیان لە نێوان 8 بۆ 10 ساڵ بوو. لەناو مەعسکەری تایبەتیتیدا گەورە دەکران، کە تەنها فێری کوشتنی خەڵکی و تاڵانی دەکران، تەنها و تەنهاش وەلایان بۆ سووڵتانی عوسمانی هەبوو.
ئەم سووپایە ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی هەبوو، لە پەلاماردان و داگیرکردنی شارو شارۆچکەکانی ئوروپا و ئاسیا.4 ئەمەش یەکێکە لە داهێنەن جوانەکانی تورک کە پێشکەشی مرۆڤایەتییان کرد.
ئەمڕۆش هەرچەند سەیری سووپاکەی داعش دەکەم، بیری ئەنکشاریەکان دەکەمەوە، چونکە لە رووی پێکهاتە و عەقڵیەت و شێوازی شەڕکردنەوە لەیەک دەچن، داعش لە کۆمەڵێک کەسی توندڕەو شەرەنگێز پێکهاتووە، کە هەریەکەیان لە وڵاتێکەوە هاتووە، هیچ وەلایەکیان نییە تەنها بۆ خەلیفە نەبێت، کە ئەویش خزمەت بە تورکەکان دەکات. هەربۆیە تورکەکان جارێکی تر توانیان سووپایەکی وەحشی هاوشێوەی ئینکشارییەکان لە کۆمەڵێک جیهادیست دروستبکەن، کە خزمەت بە بەرژوەندییە ئابووری و سیاسیەکانی ئەوان دەکات.
تورکیا و کێشەی کورد
« ئێمە دژی دەوڵەتی کوردین، تەنانەت لە ئەفریکاش بێت»
سەرۆکی پێشووی تورکیا، سلێمان دیمیرێل «
بۆ هەموو کەس ئاشكرایە، کەدەوڵەتی تورک سیاسەتێکی فاشیستانەی بەرامبەر بەهەموو کوردێکی ناوچەکە پێڕەو دەکات. ئەمڕۆ تورکیا بەهەموو شێوەیەک دژایەتی هەربوونێکی کوردی دەکات لە ناوچەکەدا. بەحوکمی ئەوە فاشێزم مێژووییەکی درێژی لەم وڵاتەدا هەیە، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت خۆی لەو خەونە فاشیستەی دەربکات. تورکیا بەهەموو شێوەیەک پشتگیری داعش و بەرەی نوسسرە دەکات، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتە کوردیەی کەلە سووریا هەیە، لەناویبەرێت، هەروەها وەکو هەڕەشەیەکی گەورەش دژ بە هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنێت. بوونی دەوڵەتێکی فاشیستی وەکو تورکیا، کە ئەمڕۆ گەورەترین یارمەتیدەری ئەم هێزە وەحشییەیە،وایکردووە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێزتربێت.
دیارە تورکیا ولاتانی کەنداوی فارسی و باکوری ئەفریکا بەکاردەهێنێت لەم سیاسەتە فاشیستیەیدا، دیارە تورکیا هەتاوەکو ئێستاش لەژێرەوە ئەم کارەدا دەکات و تارادەیەکی باشیش بۆی چۆتە سەر، ئەمڕۆ لەجیهاندا تەنها باسی ولاتانی کەنداو دەکرێت، بەڵام لەم ماوەیدا لەلایەن ڕۆژنامەیەکی کوەیتییەوە ئەوە ئاشكرا بوو، کە دەزگای میتی تورکی، لە ولاتانی کەنداو، تیرۆریست و پارە بۆ داعش کۆدەکاتەوە5.
تورکیا لە دروستبوون و گەشەسەندنی داعش، رۆڵێکی ئێجگار گەورەی هەبووە، ئارمانجی سەرەکی سیاسەتەش، لەناوبردن و نەهێشتنی دەنگی کوردە لە ناوچەکەدا. لەدوای ڕزگارکردنی کۆبانی، ئەردۆگان ووتی : (بەهیچ شێوەیەک ناهێڵین هەرێمی کوردستان لە سوریا دروستبێت.) وەکو بڵێیت میوان بێت لەسەر ئەرزی خۆی، بەڵام کورد زۆری ئەم نەغمە فاشیستانە، لەسیاسەتمەدارانی تورک بیستووە.
ئەمریکا و ئهوروپا
״ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە״
ئەمرۆ بۆ هەموو کەس ئاشكرابووە کە ئەمریکا رۆلێکی ئێجگار نێگەتیڤی هەبوو لە پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی داعش، گەر ئەوان سەرەتا زوو پەلاماری داعشیان بدایە، ئەوانیش هێندە نەیاندەتوانی هەموو ئەو ناوچانە بگرن، دیارە ئەمەش سیاسەتێکی بۆ دارێژراوە، بەو شێوەیە نییە کە هەندێک کەس پێیان وایە ئەمریکا هیچ ستراتیژی لەبەرامبەر داعش نەبووە، بەڵکە ئەوان پشت بە سیاسەتی «فەوازی خەلاق» دەبەستن، کە پێشتر کۆندەلیزا رایس باسی لێوەکرد.
لەلایەکی تریشەوە چ ئەمریکا و چ ئهوروپا، جەنگەکەیان لە خۆیان دورخستەوەو هەرچی ئیسلامی توندڕەوی جیهانە هێناویانەتە ناوچەکەو پەلاماری ناوچەکە دەدەن. پێشتر جۆرج بۆشی کوڕ، گووتی: «ئێمە توانیمان جەنگی تیرۆریستان بەرینە ناو ماڵی خۆیانەوە».
لەلایەکی تریشەوە هەرچی ئیسلامی سەلەفی و توندڕەوی ئهوروپا و ئەمریکا هەیە، هەموویان گواستەوە بۆ رۆژهەڵات لە خۆیان دورخستنەوە. بە دڵنییایەوە ئەمەش سیاسەتێکی نەگریسانە بوو، بەڵام بۆ خۆیان سیاسەتێکی حەکیمانە بوو، چونکە بەم شێوەیە توانیان، جەنگی سەلەفییە توندڕەوەکانی جیهان لە خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان دووربخەنەوە.
هەرچەندە لەپاش پەلامارە تیرۆرسیتیەکانی ئەم دواییە لە ئهوروپا بەتایبەتی لە فەرەنسا، دیدی ئهوروپیەکان بۆ داعش و جەنگی دژە تیرۆر گۆڕاوە.
2. هۆکاری مێژوویی
دیارە دروستبوونی هێزێکی وەحشی وەکو داعش، شتێکی نامۆ نییە لە مێژووی ناوچەکەدا، چونکە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، بە درێژایی مێژوو، جێگەی تەراترێنی زلهێز و هێزی وەحشی و مەرگدۆستی زۆربووە. هەر لە هاتنی عەرەب بۆ ناوچەکە و پاشان بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام، کە تارادەیەکی زۆر ئەمڕۆش داعش پشت بەهەمان تێڕوانین دەبەستێت. جگە لەمانیش هاتنی مەغۆل و سەلجوقی لەهەمووشی خراپتر تورکە عوسمانییەکان، کە بۆماوەی چوارسەد ساڵ، بە شێوازی داعش ئاسا ناوچەکەیان بەڕێوەبردووە.
پاشان ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ئەو سیاسەتانەی کە داعش دژ بە نەتەوە غەیرە عەرەبە سوونەکانی دەیکات، ماوەیەکی زۆر لە عیراق و تورکیا، دەوڵەتەکان خۆیان پیادەیان دەکرد. عەرەبە سوونەکان جاران لە ڕێگەی رژێمی بەعسەوە پەلاماری گەلانی غەیرە عەرەبی و شیعەیان دەدا، ئەمڕۆ لەڕێگەی گرووپە تیرۆریستەکانی وەکو داعشەوە ئەو کارە دەکەن. بەهەمانشێوەش تورکیا. دیارە تورکیا پێش داعشیش، لە هەشتا و نەوەتەکاندا، هێزێکی وەحشی بەناوی «حزب الله» ی دروستکردبوو، کە زیاتر لە 30 هەزار هاولاتی کوردی لەناوبردووە.
هەتاوەکو ئەمڕۆ مێژووی خوێناوی ئەو زلهێزانە، لە وڵاتەکانیاندا، بە شانازییەوە باسدەکرێت. هەربۆیە دروستبوونی هێزێكی مەرگدۆست و وەحشی وەکو داعش، کارێکی ئاساییە.
3.هۆکاری کولتووری
دیارە هەمیشە لە دروستبوونی هەر دیاردەیەکدا، تەنها یەک فاکتەر یان دووان هۆکاری سەرەکی نین بۆ ئەم دیاردەیە، بەڵکە کۆمەڵێک فاکتەری تریش هۆکاری گرینگن، لەپێش هەمووشیانەوە فاکتەری کولتووری.
دیارە نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە داعش هەڵگری بیرێکی تەکفیرییە، کەئەم بیرەش مێژوویەکی درێژی هەیە. «ابن التمیمە/ لە ساڵی 1263. دایکبووەو ساڵی 1388 مردووە.» ئەم پیاوە بە باوکی سەلەفی توندڕەو دادەنرێت، کتێبەکانی بە سەرچاوەی بیری توندڕەوی ئیسلامی دادەنرێت. واتە بیری سەلەفی توندڕەو، مێژوویەکی ئێجگار درێژتری هەیە و بە شێوەیەکی فکریش تیۆریزەی بۆ کراوە.
وەهابییەتی سعودی
ئەوەی مێژووی دەوڵەتی سعودییە بخوێنێتەوە، زۆرباش بۆیدەردەکەوێت، کە داعش کوڕی شەرعی وەهابیەتی سعودییە. وەهابییەکان و بنەماڵەی «ئال سعود» کاتێک لەسەرەتاکانی سەدەی پێشوودا، بەشێكی زۆری نیمچە دوورگەی عەرەبیان داگیرکرد، هەر بەهەمان عەقڵیەت و شێوازی شەڕکردنی داعشەوە ناوچەکانیان داگیرکرد. هەروەک هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ئاماژەی پێدەکەن، کە کاتێک ئال سعود و وەهابییەکان، ولاتی «نەجد و حیجاز» یان داگیرکرد، زیاتر لە 100 هەزار کەسیان سەربڕیوە6. سەربڕین و تاڵانکردن و ئەتکردنی ژنان و کوشتن، شێوازێکی تایبەتی وەهابییەکان بووە، کە ئەمڕۆ داعشیش هەمان شێواز لە بڵاوبوونەوەی ترس و تۆقاندنن بەکاردەهێنێت.
ئیخوان موسلمین
ڕێکخراوی «ئیخوان موسلمین» کە ساڵی 1928 لە وڵاتی میسر دروستبوو، ئارمانجی سەرەکی ئەم ڕێکخراوە، دروستکردنی «خەلافەتی ئیسلامی» بوو. واتە بیری گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی خەلافەت، مێژوویەکی درێژی هەیە. ئیخوان موسلمین، ماوەیەکی زۆرە، بوونەتە قووتابخانەیەک بۆ دروستکردنی ئیسلامی توندڕەو سەلەفی، کەئەمڕۆ داعشی لێ پەیدا بوو. بە دڵنییایەوە، داعش بەرهەمی کارو عەقڵیەتی ئیخوان موسلمینە، کە ماوەی سەد ساڵێک دەبێت، ناوچەکە بە دەستییەوە گیری خواردووە.
جەنگی شیعەو سوونە
هەتاوەکو ئەمڕۆش جەنگێکی خوێناوی لەناو هەردوو مەزهەبی سەرەکی ئیسلامدا «شیعە و سوونە» داهەیە. ئەمەش مێژوویەکی ئێجگار خوێناویی و قێزەونی هەیە، کەبەداخەوە ئەم مێژووە خوێناوییە، لەجیاتی ئەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە هەوڵی لابردن و شۆردنەوەی بددەن لەناو مێشکی خەڵکیدا بەتایبەتی گەنجەکان، کەچی بە پێچەوانەوە هێندەی تر برەو بەم مەیلی مەزهەبگەرییە دەدرێت بەتایبەتی لەلایەن هەر سێ دەوڵەتی «سعودیە و ئێران و تورکیا» وە، کەئەمەش زیاتر ئارمانجی سیاسی تێدایە تاوەکو ئایینی.
4. هۆکاری ئابووری و نەوت
دیارە جەنگی نێوان ئەم دوو جەمسەرەی ڕۆژهەڵات، تەنها سیاسیی نییە، بەڵکە هۆکارە ئابوورییەکان، داینەمۆی ئەم جەنگەن. تورکیا بەهەموو شیوەیەک دەیەوێت بۆ ئەوەی خۆی بکاتە زلهێزێکی گەورەی ئابووری ناوچەکە، هەوڵی داگیرکردنی بازارەکانی ناوچەکە دەدات. بەمەش چەندە ناوچەی نفوزی زیاتربێت، هێندەش بازاڕی گەورەتر بۆ شـمەکە تورکیەکان دابین دەکات، کەئەمڕۆ تورکیا بۆتە هێزێکی تازەپێگەیشتووی ئابووری ناوچەکە. بەهەمانشێوەش سعودیە و ئێرانیش هەمان سیاسەت پێرەو دەکەن.
نەوت
دیارە نەوت وەکو هەمووکاتێک، رۆلێکی سەرەکی دەگێڕێت لەم جەنگەدا. ئەوەی سەرنجێکی ووردی ئەو ناوچانە بدات کە داعش داگیرکردوون، بۆی دەردەکەوێت کە بەشێکی زۆریان ناوچەی نەوت و غازن. لێرەدا دیسانەوە تورکەکان گەورەترین سوودمەندن، چونکە ئەوان لە ڕێگەی داعشەوە، نەوتی هەرزان و زۆرجاریش بەلاشیان دەستدەکەوێت. بۆ نموونە ئەمڕۆ نرخی نەوت لە جیهاندا 55 دۆلارە، کەچی داعش بە 10 دۆلار بە تورکیای دەفرۆشێت. ئەم بازرگانیەش بە شێوەیەکی قاچاخ دەکرێت، بەڵام هەموو جیهانیش ئاگادارە 7.
دیارە تورکەکان بەحوکمی ئەوەی خۆیان نەوتیان نییە، بەهەموو شێوەیەک دەیانەوێت دەستبەسەر سامانی نەوت و گازی ناوچەکەدا بگرن. پێشتر حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی زۆر هەرزان نەوتی بە تورکیا دەفرۆشت، دیارە تورکەکان ئەم سیاسەتەیان لە ڕێگەی پارتییەوە جێبەجێکرد و بەسەر هەرێمی کوردستانیان سەپاند. بۆ نموونە ئەوان عەقدێکی 50 ساڵەیان بە سەر حکومەتی هەرێمدا سەپاند، کە دەبێت تا 50 ساڵی تر هەر نەوت و گازی کوردستان لەڕێگەی ئەوانەوە بێت، کەئەمەش جۆرە تاڵانییەکی سامانی سروشتی گەلەکەمان بوو، چونکە جگە لەوەی کە ئەوان سامانی نەوت گاز دەخەنە ژێر کۆنترۆلی خۆیان، لەهەمانکاتیشدا فرۆشتن و دەرهێنان و تەنانەت پارەکەی کەوتە دەستی دەوڵەتی تورکەوە، بە داخەوە نە یەکێتی نە ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانی ڕێگری لەم سیاسەتەی پارتی و تورکیا بگرن. بەڵام تورکەکان بەحکومی بوونی عەقڵیەتی فاشیستیان، کە ناتوانن هیچ کاتێک کورد قبوڵ بکەن، بەمەش ڕازی نەبوون. هەروەها ئەوان دەیانەوێت بەهەرزانتر دەستیانبکەوێت، کەئەمەش داعش بۆیان مسۆگەر دەکات.
5. هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی
فەیلەسووفی نێوداری ئینگلیزی « تۆماس هۆبز»، 400 ساڵ لەمەوپێش دەڵێت: (مرۆڤ گورگە بۆ برای خۆی، لەناخی هەموو مرۆڤێکدا، هەستێکی شەڕەنگێز و کوشتن و بڕینی تێدا هەیە، هەروەها هەستێکی زۆر بۆ دەسەڵات و سامانی تێدا هەیە.8) بە بڕوای تۆماس هۆبز تاکە چارەسەر بۆ نەهێشتنی ئەم ناخە شەرەنگێزیەی مرۆڤیش، بوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی ڕەهایە، کە بتوانێت ئاشتی ناوخۆیی بەرقەرار بکات و کۆمەڵگاکان لە ترسی دەرەکی ڕزگار بکات.9
ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین ئەم ناوچانە هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی تێدا نەماوە، ئەمەش وایکردووە کە هەستی شەرەنگێزی برەوی پێبدرێت و مرۆڤەکان بکرێنە گورگ و پەلاماری خەڵکی تر بددەن.
داعشیش زۆر بەباشی توانیویەتی سوود لەو هەستە شەرەنگێزی و تاوانکاریەی ناو مرۆڤەکان وەربگرێت و هەموو مرۆڤەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بکاتە گورگ و لەهەموو بەهایەکی مرۆیی بە دووریان بخاتەوە.
پێش کۆتایی
دیارە قسەکردن لە دروستبوونی هێزێکی مەرگدۆستی وەکو داعش، قسەی زۆری دەوێت، بە دڵناییەوە داعش نەک بۆ ئێمەی کورد، بەڵکە ئێستا بۆ تەواوی جیهان بۆتە جێگەی مشتومڕ و لێکۆڵینەوە، کەلەو باوەرەدام، هێشتا زووشە لە داهاتووی ئەم هێزە بکۆڵینەوە، بەڵام ئەوەی کە لێی دڵنیام ئەوەیە، کە دروستبوونی ئەم هێزە، کارەساتی گەورەتر بەسەر کورد و هەموو جیهانیشدا دەهێنێت.
کوردستانی نوێ 2015/02/26
سەرچاوەکان
1.www.bpb.de Der Islamische Staat im Irak und Syrien (ISIS
2.من هي «داعش»؟ وما هي اهدافها؟ www.alalam.ir
3.هەمان سەرچاوە.
4.فرقة الانکشاریة نشآتها ودورها في الدولة العثمانیة من خلال المصادر
الترکیة/ترجمة وتالیف سونیا محمد سعید البنا.- القاهرة: ،6. ص518
5.دەڵاڵەکانی میتی تورکی لەکەنداو پارەو تیرۆریست بۆ داعش کۆ دەکەنەوە. سایتی لڤین
6.روبرت دیرفوس. لعبة الشیطان. دور الولایات المتحدة فی نشأە التطرف الاسلامي. ترجمة مراجعة. مصطفی عبدالرزاق. الطبعة الاولی. مرکز دراسات الاسلام والغرب. سنة 2010
٧. كیف یحصل داعش علی الملایین یومیا؟ الإجرام والتهریب وأغراف من دول مثل تركیا وقطر. سایتی CNN
8. دکتۆر نەبیل عەبدولحەمید. تۆماس هۆبز و ڕێبازە ئاکاری و ڕامیارییەکەی. وەرگێڕانی. دکتۆر محەمەد شوانی. چاپی یەکەم. چاپخانەی ڕۆژهەڵات. هەولێر.2012
9. هەمان سەرچاوە.