"an independent online kurdish website

هەشت ساڵ لەمەوبەر، هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، لە كۆنگرەی 13ەوە دوولەت بوون، هەردووكیان لەو ماوەیەدا دوو كۆنگرەیان بەستووەhd_dka44

ئێستا هەردوولا بەو ئومێدە دانوستاندن و گفتوگۆ دەكەن كە بەر لە كۆنگرەی 16 یەك بگرنەوە و بە یەك ناو بچنە كۆنگرەوە. مستەفا هیجری سكرتێری حدكا دەڵێت دەبێ‌ لە ژێر ناوی (حدكا) لەگەڵ هاوڕێیانی پێشووبچنە كۆنگرە، بەڵام لایەنی بەرامبەر ئەوەیان قبوڵ نییە. خالید عەزیزی سكرتێری حدك دەڵێت ئەگەر قبوڵیان نییە بە ناوی حدك بچینە كۆنگرە، ئەوا دەبێت بەناوی هەردوو حیزبی دیموكرات، یان دوو باڵەكەی دیموكرات، یانیش دیموكراتەكان دانوستاندن بكەین و خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە“.

رووداو: لەو رۆژەی دیموكراتەكان لە یەكدی جیابوونەتەوە، زۆر پێداگیری دەكرێ یەك بگرنەوە، بۆچی؟

خالید عەزیزی: دیموكراتەكان سەرەڕای لەتبوون و جیابوونەوەیان، یەك رابردوو، یەك پێناسەیان هەیە، لە شەهیدەكانیان هاوبەشن. زۆر لە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان قوربانییان لە نێو ئەو حیزبە داوە، بۆیە چاوەڕوانییان لەو حیزبە هەیە كە زەمانێك رێبەری دەكردن لەنێوخۆی وڵاتدا، ببێتە یەك.

رووداو: مادام هێندە گرنگە یەك بگرنەوە، بۆچی یەك ناگرنەوە؟

خالید عەزیزی: لێكدابڕان و جیابوونەوە زۆر ئاسانە، بەڵام یەكگرتنەوە زۆر زەحمەتترە، ئەوە پرسیاری خەڵكی نێوخۆی وڵاتیشە. بەخۆشیشەوە فشاری ئەندامانی هەردوولامان لەسەرە، ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەكرێت چۆن یەك بگرینەوە، بۆیە بە بەرواورد لەگەڵ 8 ساڵی پێشوو زۆر چووینەتە پێشەوە، لەگەڵ یەكدی دادەنیشین، پەیوەندیمان ئاسایی بووەتەوە.

رووداو: لە چ قۆناغێكی گفتوگۆدان؟

خالید عەزیزی: لەدوایین دانیشتی هەردوو دەفتەری سیاسی، زۆر بە راشكاوی باسی كێشەكانمان كرد، باسی ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەمان كرد كە ئەگەر یەكمانگرتەوە

رووداو: مستەفا هیجری، سكرتێری حدكا، بە ئێوە دەڵێت هاوڕێیانی پێشوو، وەكو جۆرێك لە دانپێدانەنان بە حدك، ئایا ئەمە رێگر نابێت لەبەردەم یەكگرتنەوە؟

خالید عەزیزی: ئەوان پێویستیان بەوە نییە ئێمە ئیعتیراف بەناویان بكەین، ئێمە بەڕێزەوە ناوی ئەوانمان هێناوە. ئێمە بۆ خۆمان ئەو ناوەمان هەڵبژاردووە و بەشێك لە مێژووی ئەوانیشە. ئێستا دوو دانە حیزبی دیموكرات لە ئەمری واقیعدا هەن، بەڵام بۆ ئەوەی لە داهاتوودا یەكگرتنەوەیەكی سەركەوتوو بێت، هەموو لایەك خۆی تێدا ببینێتەوە، میوان و خانەخوێ‌ نەبێت. دەبێ‌ ئەوەمان لا روون بێت وەكو كێ‌ مزاكەرە لەگەڵ یەكدی دەكەین و بەرەو كۆنگرەیەكی هاوبەش دەچین. لە روانگەی ئێمەوە بەكارهێنانی دەستەواژەی هاوڕێیانی پێشوو دروست نییە

رووداو
: لە كۆبوونەوەكانتان حەتمەن رەشنووسێكتان نووسیوە، لەوێ‌ ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانتان نووسیوە؟

خالید عەزیزی: ئێمە تاوەكو ئێستا هیچ رێكەوتنێكمان نەكردووە كە واژۆی هەردوولای لەسەر بێت. هەر كاتێك گەیشتینە رێكەوتن قسە لەسەر ئەو بابەتەش دەكەین.

رووداو: ئەگەر لایەنی بەرامبەر سوور بوو لەسەر ناونەهێنانتان لەكاتی گفتوگۆكاندا، ئێوەش ئەوەتان قبوڵ نەكرد، هەست بەوە ناكەن كە لەمپەر دروست دەكەن بۆئەوەی دانوستاندنەكان سەرنەگرن؟

خالیدی عەزیزی: ئێمە لە دوایین دانیشتندا بە راشكاوی پێمانگوتن میكانیزمی ئێمە بۆ یەكگرتنەوە ئەوەیە وەكو دوو حیزبی دیموكرات دانوستاندن دەكەین، بەڵام ئەوان ئەمەیان رەتكردەوە. گوتیان میكانیزمی ئێمە بۆ گفتوگۆ لەسەر بنەمای كۆنگرەی 13یە. ئێمە گوتمان لاریمان لەوە نییە، بەڵام با چارەسەرێك بدۆزینەوە كە ئەگەر گەڵاڵەنامەی ئێمەتان قبوڵ نییە، با لە هەندێك خاڵی هاوبەش بگەڕێین. ئێمە پێشنیازمان كرد ئەگەر ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیشی لەسەرنەبێت، با بڵێین دیموكراتەكان، با بڵێین هەردوو باڵی دیموكرات، واتە میكانیزمێك ببینینەوە هەردوولا خۆی تێدا ببیننەوە.

رووداو: هۆكاری دوولەتبوونی دیموكرات لە كۆنگرەی 13دا فیكری بوو، یان كورسی و دەسەڵات بوو؟

خالید عەزیزی: زۆر بە راشكاوی هۆكارەكە لەسەر ئیدارەی حیزب بوو، هیچ كێشەیەكی فیكری و سیاسی و ستراتیژی و بەرنامەییمان نەبوو.

رووداو: میكانیزمی جددی چییە كە حیزبی دیموكرات دوای یەكگرتنەوەی جارێكی دیكە دوولەت نەبێتەوە؟

خالید عەزیزی: باشترین شێوەكار ئەوەیە كە ئێمە كۆبوونەوەی هاوبەشمان بە یەكەوە زۆر بێت، لێكیبدەینەوە كە ئێمە لەو لەتبوونە زەرەرێكی زۆرمان كردووە. دەبێت هەردوولا رعایەتی یەكدی بكەن، مێژووی هاوبەشی ئەو هەشت ساڵەی لە یەكدی جیابووینەتەوە، تەوافوقمان لەسەری هەبێت.

رووداو: لێكچوونێكی زۆر لە نێوان هەردوو حیزبدا هەیە، بەڵام ئێمە لە رابردوودا شایەتی دوو تێڕوانینی جیاواز بووین لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران، ئێوە لەگەڵ بایكۆتی هەڵبژاردن نەبوون، حدكا لەگەڵی بوو، لە مەسەلەی دانوستاندنیش ئێوە لەگەڵی بوون، بەڵام لایەنی بەرامبەرتان لەگەڵی نەبوو؟ هەست ناكەن ئەوانە خاڵی جەوهەرین كە زۆر بەئاسانی ناتوانن لەسەری پێكبێن؟

خالید عەزیزی: من ئەوانە بە رێگر نابینم، تەنانەت هەردوولاشمان كە دانیشتووین و لەسەر ئەمانە قسەمان دەكرد، بۆچوونی سیاسی لەسەر هەڵبژاردن لەسەر وتووێژ لەگەڵ ئێران، رێگر نییە. لە كۆنگرەكانی حیزب لە كۆنفرانسەكان و پلینیۆمەكانی ئێمە ئەو باسانە قەت بڤە نەبوون.

رووداو: چ هێڵێكی سوورتان هەیە بۆ لایەنی بەرامبەر لەكاتی گفتوگۆكان؟

خالید عەزیزی: ئێمە هێڵی سوورمان نییە، تەنیا هێڵێك كە هەمانە ئەوەیە لەو پرۆسەیە هیچ كەسێك مەحروم نەبێت.

رووداو: لە نێو حدكا دوو ئاراستە هەیە، یەكێكیان لەگەڵ یەكگرتنەوەیە، یەكێكیشیان دژە، لە نێو ئێوەشدا ئەو دوو ئاراستەیە هەیە؟

خالید عەزیزی: بەڵێ‌ هەیە، ئاراستەیەك لەگەڵیدا نییە، نیگەرانە و پێیانوایە لایەنی بەرامبەرمان نەگۆڕاون، پێیوایە لەو یەكگرتنەوەیە لایەك براوە دەبێت و لایەك دۆڕاو، بەڵام ئەم شێوە بیركردنەوەیە دروست نییە. لە هەردوولا خەڵكانێك هەن لەگەڵ ئەوە نین یەكبگرینەوە.

رووداو: قەت دەتوانیت بیهێنیتە پێش چاوی خۆت لە حیزبێكدا ئیش بكەی مستەفا هیجری سكرتێری ئەو حیزبە بێت؟

خالید عەزیزی: بەلامەوە زۆر ئاساییە. ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكدا جا لە ژێر هەر ناوێكدا بێت، یەك بگرنەوە

رووداو: برادەرانی حدكا دەڵێن كاك خالید عەزیزی رەنگە بیەوێت یەكگرتنەوە رووبدات، بەڵام لە راستیدا سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستان هێشتا عەبدوڵڵا حەسەن زادەیە، نەك خالید عەزیزی؟

خالید عەزیزی: هیچ سەیر نییە ئەو پرسیارە بێتە گۆڕێ‌، بەڵام ئێمە لە رەسمیات كار دەكەین. من وەكو سكرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردراوم، بەڵام من لەو باوەڕەدام بۆ كەسانی وەكو مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە، كاك جەلیل گادانی، كاك حەسەن شەڕەفی، كاك حەسەن رەستگار و حوسێنی مەدەنی و كاك مستەفا هیجری كە هەموو ئەوانە بە یەكەوە تەمەنێكیان لە نێو ئەو حیزبەدا بەسەربردووە، دەبێت رێزیان بۆ دابنێم. جا بۆیە ئەو خوێندنەوە لە جێگەی خۆیدا نییە. نەخێر بڕیارەكانی حیزب كۆمیتەی مەركەزی و دەفتەری سیاسی دەیدات.

رووداو: كەواتە كە دەڵێن عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سكرتێری سێبەری حیزبی دیموكراتی كوردستانە، ئێوە رەتیدەكەنەوە؟

خالید عەزیزی: بە تەواوی نادروستە و لە جێی خۆیدا نییە.

رووداو: كێ‌ نێوانگیریتان دەكات؟

خالید عەزیزی: ئێستا پەیوەندیمان خۆشە و كەس نێوانگیریمان ناكات، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە دانیشتنی هەردوولامان لەسەرەتا بە هەوڵی كونسولی فەرەنسا بوو.

رووداو
: دەڵێن پارتی و یەكێتی رۆڵیان هەبووە لەو دوولەتبوونە، ئێستا رۆڵیان هەیە لەو یەكگرتنەوەیە؟

خالید عەزیزی: ئەوان نە رۆڵیان هەبووە لە دوولەتبوونی ئێمە، نە ئێمەش چاوەڕێ‌ دەكەین ئەوان بێنە نێوانمان.


مستەفا هیجری، سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران

دووكەرتبوونی حیزب لەسەر كورسی و بەرژەوەندیی كەسی بوو

ئارەزووم نییە وەكو سكرتێری حیزب بمێنمەوە


رووداو: لەو رۆژەی دیموكراتەكان لە یەكدی جیابوونەتەوە، زۆر پێداگیری دەكرێ یەك بگرنەوە، بۆچی؟

مستەفا هیجری: مەسەلەی یەكگرتنەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بووەتە رۆژەڤی خەڵك، چونكە خەڵك رابردوویەكی تاڵی هەیە لەگەڵ جیابوونەوەكان. ئەوەش كاریگەرییەكی خراپی هەبووە لەسەر سایكۆلۆژییەتی خەڵك، هیوای خەڵكی رووخاندووە، جیابوونەوەكان ئومێدیان نەداوە بە خەڵك. خەڵك یەكڕیزی دەوێت.

ئێمە وەكو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پێمانوایە یەكگرتنەوە بەهێزترمان دەكات، بۆیە لە دوایین كۆنگرەدا بڕیارمان دا هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئوسوڵی یەك بگرینەوە. دەبێت یەكگرتنەوەكە لەسەر بنەمایەك بێت كە دووبارە جیابوونەوەی لێ‌ شین نەبێتەوە.

رووداو: بەڵام ئەندامانی دیموكرات دەڵێن ئەگەر یەكیش بگرنەوە، هیچ گرەنتییەك نییە كە جارێكی دیكە جیانەبنەوە، چ گرەنتییەك هەیە یەكبگرنەوە و جارێكی دیكە لێكجیابوونەوە روونەدات؟ 

مستەفا هیجری: جیابوونەوە لەهەر حیزبێكدا شتێكی سروشتییە، بەڵام ئەوەی گرنگە هۆیەكانی ئەو جیابوونەوەیە. ئێمەش نیگەرانین لەوەی كە جیابوونەوەی دیكە ببێت، ئەو جیابوونەوانە نیگەرانییەكی لەلای خەڵك دروست كردووە كە دووبارە روونەداتەوە، بۆیە من مەسەلەكە بە دوو شێوە دەبینم، یەكەم: هیچ گرەنتییەك نییە كە دووبارە جیابوونەوە نەبێت، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە كە دووبارە لەسەر هۆیەكانی ئەو جیابوونەوەیەی دوایی، جیابوونەوە روونەداتەوە، چونكە ئەو هۆكارانەی بووە هۆی ئەوەی ئەو هاوڕێیانەمان لە ئێمە جیاببنەوە، هیچ بنەمایەكی تەشكیلاتی و سیاسی نەبوو.

رووداو: كێشەی كورسیتان هەبوو؟

مستەفا هیجری: من وای دەبینم كە مەسەلەكە قازانج و بەرژەوەندی گرووپی و بەشێكیشی تاكە كەسی بوو.

رووداو: كە دەڵێن كێشەكە كێشەی كورسی بووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رابردووەی هەتانە، بۆ نموونە تۆ جێگری سكرتێری گشتی بووی كە شەرەفكەندی تیرۆركرا، دوای تۆ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە دەبێتە سكرتێری حیزب، بەڵام جیانابیتەوە. پێتانوایە عەبدوڵڵا حەسەن زادە، دوای ئەوەی سكرتێر نامێنێت، یان ئەوانەی هاوبیری ئەون رۆڵیان هەبووە لە كێشەی كورسی؟
مستەفا هیجری: بێگومان كێشە هەبووە، چونكە لە كۆنگرەی 10 تاوەكو 13 ئەو گرووپەی لە حیزب جیابوونەوە زۆربەیان لە رێبەرایەتی حیزبدا بوون، دەسەڵاتەكان زۆربەی لە دەستی ئەواندا بوو، ئێمە كە گرووپێكی ئۆپۆزیسیۆن بووین لە نێو حیزب و كەمینە بووین، زۆر شتمان قبوڵ كردووە، بەڵام قەت بیرمان لە جیابوونەوە نەكردووەتەوە. لە كۆنگرەی 13شدا ئەگەر ئەو هاوڕێیانەمان جارێكی دیكە لەلایەن كۆنگرەوە بەشێوەیەك دەنگ درابا كە ئەوان لە زۆرینەدا مابان، ئەو جیابوونەوەیە رووی نەدەدا

رووداو: ئێوە پێشتر بە لایەنی بەرامبەرتان دەگوت هاوڕێیانی پێشوو، ئێستا وەكو حیزبی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەن، یان وەكو هاوڕێیانی پێشوو؟

مستەفا هیجری: نەخێر ئێستاش هەر هاوڕێیانی پێشوومانن، بە نەزەری ئێمە ئەوان حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران نین، چونكە ئەوان لەو حیزبە جیابوونەتەوە.

رووداو
: لە كۆنگرەی 10 رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ دەگەڕێتەوە نێو حیزب، بەڵام وەكو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران/ رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن. بۆچی ئەوە بۆ حیزبی دیموكراتی كوردستان قبوڵ ناكەن؟

مستەفا هیجری: كۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا مادام هەموو شتێك چارەسەر بووە و یەكدەگرینەوە، ئەگەر بەو نێوەش بگەڕێنەوە نێو حیزب كێشە نییە. ئەگەر لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی ئێستاشمان گەیشتینە ئەنجامێك كە لەسەر ناو پەكی بكەوێت، ئەوا بابەتەكە دەبەینەوە كۆمیتەی ناوەندی، رەنگە كۆمیتەی ناوەندی لەسەر ئەوە رازی بێت بەو نێوە بن، بەڵام ئێستا هەر بە هاوڕێیانی پێشوو دەیانناسین.

رووداو: گفتوگۆكانتان گەیشتوونەتە چ قۆناغێك، گەیشتووەتە ئەوەی گەشبین بن، یان هێشتا سەرەتایە و زووە قسەی لەسەر بكەن؟

مستەفا هیجری: ئەوەی تاوەكو ئێستا كردوومانە، وتووێژمان لەسەر خاڵە تەشكیلاتی و سیاسییەكانی كۆنگرەی 13 بێت، چونكە لەو كۆنگرەیە هەموو پێكەوە بووین، راپۆرتی سیاسی لەلایەن كۆمیتەی ناوەندی پەسەندكراوە، پەیڕە و و پڕۆگرامی ناوخۆ پەسەندكراوە، هەتا دەگاتە هەڵبژاردن هەموو ئەوانەمان قبوڵ كردووە، كەواتە لەو خاڵەدا كە بەجێیانهێشتووە دەستپێبكەینەوە. ئەوان تاوەكو ئێستا ئەوەیان قبوڵ كردووە. ئێستا هەندێك خاڵ ماون كە جێگەی نیگەرانین، لەوانەش ئەوان كە دێنەوە نێو حیزب وەزعی رێبەران و كادرانیان چی لێ دێت. ئێمەش هەندێك شتمان ماوە دەبێت باسیان بكەین، لەوانە دەبێت ئێمە فۆرمۆلێك ببینینەوە كە جیابوونەوە لەسەر مەسەلەی قازانج و بەرژەوەندیی گرووپی و تاكەكەسی لە حیزبدا وەكو شتێكی قەبیح بناسرێت.

قسەی ئێمە ئەوەیە كە دەبێت پێش كۆنگرە یەك حیزب هەبێت، دەبێت حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆنگرە بگرێت، بەپێی ئەو تەوافوقاتەی كە ئێستا لە ئارادایە، ئەوانیش بەشداری كۆنگرە دەبن.

رووداو: گریمان یەكگرتنەوەكە سەری گرت، بەڵام نرخی ئەوە بوو كە مستەفا هیجری واز لە سكرتێری حیزب بهێنێ لە كۆنگرەدا، رازی دەبن؟

مستەفا هیجری: هیچ ئارەزوویەكم نییە وەكو سكرتێری حیزب بمێنمەوە.

رووداو: لە وتووێژەكاندا لایەنی سێیەم هەیە؟

مستەفا هیجری: هیچ كەسمان لە نێواندا نییە

رووداو: دەگوترێت پارتی و یەكێتی تەدەخولی زۆر دەكەن بۆ ئەوەی ئەو دوو لایەنە یەك نەگرنەوە، رۆڵی ئەوان لە نزیككردنەوەی ئێوەدا چی بووە؟

مستەفا هیجری: لەسەرەتای جیابوونەوە كاك مەسعود بارزانی خودی خۆی و هەروەها سەركردایەتی یەكێتی بانگهێشتی هەردوولامانیان كرد، قسەیان لەگەڵ كردین بۆ ئەوەی كە یەك بگرینەوە، بەڵام بەداخەوە سەری نەگرت. ئەوەندەی من بینیومە ئەوان هاندەر بوونە بۆ یەكگرتنەوەمان.

رووداو: هەردوولاتان روئیای جیاوازتان هەبووە بۆ رووداوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە مەسەلەی هەڵبژاردن ئێوە لەگەڵ بایكۆت بوون، بەڵام لەلایەنەكەی دیكە لەگەڵ هەڵبژاردن بوون، هەروەها لە مەسەلەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران حیزبی دیموكراتی كوردستان نەرمیی زیاتر نیشان دەدا، ئەو خاڵانە گفتوگۆیان لەسەر كراوە؟

مستەفا هیجری: نەخێر هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغە. ئێمە بڕوامان وایە كێشەكانمان لەگەڵ ئێران دەبێت لە رێگەی وتووێژەوە چارەسەر ببێ‌، بەڵام هەر كاتێك ئێمە ئامادەبووین بۆ گفتوگۆكردن، كۆماری ئیسلامی ئێران وەكو تەڵەیەك كەڵكی لێوەرگرتووە، بۆیە ئێمە باوەڕمان بە كۆماری ئیسلامیی ئێران نەماوە

رووداو : لەلایەن هێمن عەبدوڵڵا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی