"an independent online kurdish website

گۆیا ئۆڵترا چه‌پێک! له‌ بابه‌تێکدا له‌ ژێر ناوی “ئه‌ردۆغان له‌ کێله‌شین” په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر “رۆشتنه‌وه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” بۆ سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵات-باشوور به‌ گشتی و “رۆشتنه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ بۆ کێله‌شین و رووداوه‌که‌ی کێله‌شین” به‌تایبه‌تی –ئه‌و کێله‌شینه‌ی که‌ هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافیاییه‌که‌ی سنووری رۆژهه‌ڵات-باشووره‌ و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکییه‌(پێ‌کاکا) هه‌رێمی سه‌ربازی! تێدا دامه‌زراندووه‌ خۆی کردوه‌ته‌ کوێخا و پارێزه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌.Jamshid_Bahrami

ئه‌م قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ چه‌په‌! هه‌ر له‌ سه‌ردێڕی بابه‌ته‌که‌وه‌ خۆی یه‌کلا کردوه‌ته‌وه‌ و زۆر روونه‌ ده‌یهه‌وێت چی بدات به‌ خوێنه‌ر، ئه‌و به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی نێوان “پێ‌کاکا” و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هه‌ر له‌ سه‌ر دێڕه‌وه‌ ئاماژه‌ ده‌کات‌ که‌ ‌ ئیراده‌ و ئه‌مری ئه‌ردۆغان بوه‌ته‌ هۆی رووداوه‌که‌ی کێله‌شین واته‌ پشتبه‌ستن به‌ هه‌مان لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و بلۆکبه‌ندییه‌ی که به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌مرپێکراو له‌ وێنه‌ی به‌خشنامه‌یه‌کی نێوخۆیی-حیزبی(پێ‌کاکا) له‌ هه‌ڵوێستی تاکه‌ تاکه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پێ‌کاکادا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. ئه‌م نووسه‌ره‌یش له‌ سوێنگه‌ و پێگه‌ی پێ‌کاکاوه‌، لێکداونه‌وه‌ و بۆچوونه پێشتره‌کانی پێ‌کاکا له‌ مه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌ دووپات ده‌کاته‌وه‌ و هیچی‌تر. (بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی بابه‌ت لێره‌ کرته‌ بکه‌)
نووسه‌ری بابه‌تی “ئه‌ردۆغان له‌ کێله‌شین” به‌ گشتی  ‌روایی ده‌به‌خشێته‌ هێرشکه‌ری رووداوه‌که‌ی کێله‌شین و به‌ هیچ چه‌شنێک ئاماژه‌ به‌ شه‌هید و برینداربوونی پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکرات ناکات، و پێی وایه‌ “گرنگتر له‌ خودی رووداوه‌که لایەنە شاراوەکانییەتی و ئەو دەستە و بلۆکبەندیانەیە لە دەوری درووست بووە” به‌ڵام هه‌ر له‌وێوه‌ ره‌وایی به‌ ئیراده‌ و فره‌خوازی هێرشکه‌ر(واته‌ پێ‌کاکا) ده‌به‌خشێت؛ بێگومان ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نییه‌ که‌ پێداگری له‌ سه‌ر به‌رجه‌سته‌ کردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ شاراوه‌کان و ده‌سته‌ ده‌ره‌کییه‌کانی پشت ئه‌م رووداوه‌ ده‌کرێت و چییه‌تی هێرشکه‌ری رووداوه‌که و ده‌سته‌شاراوه‌کانی پشت هێرشکه‌ر(پێ‌کاکا) پشتگوێ ده‌خرێت، به‌ڵکوو‌ له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌م قه‌وماندنه‌دا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌ندامان و شرۆڤه‌کارانی پێ‌کاکا هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگای حیزبییه‌وه‌ چاویان له‌ رووداوه‌که‌‌ کردووه‌‌ و ره‌واییان به‌خشیوه‌ته‌ “کوردکوژی” لایه‌نی هێرشکه‌ر.
ئه‌م نووسه‌ره‌ چه‌په ئۆرتۆدۆکسه‌!‌ له‌و بابه‌ته‌دا به‌ ریزکردنی کۆمه‌ڵێک پرسیار ئه‌و رواڵه‌ته‌ راسته‌قینه‌یه‌ی خۆی که‌ ساڵانێکه‌ له‌ پشتی ده‌مامکه‌وه‌ حه‌شاری دابوو به‌ڕوونی ده‌رده‌خات، و له‌ دوای ئه‌و پرسیارانه‌وه‌ زوو ده‌ر‌که‌وێت له‌ چه‌په‌ر و سێبه‌ری کامه‌ لایه‌نی بلۆکبه‌ندییه‌که‌دا سه‌نگه‌ری گرتووه‌ و خه‌ریکه‌ ده‌ستڕێژ له‌ چی و له‌ کێ ده‌کات.

ئه‌و گریمانانه‌ی که  هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تێزه‌که‌ی خۆی پێداده‌ڕێژێ  و پشتی پێده‌به‌ستێت‌ له‌ گۆشه‌نیگای ‌ بلۆکی “پێ‌کاکا/هاوپه‌یمانه‌کانی پێ‌کاکا”یه‌وه‌یه‌‌ و زۆر ناسراوه‌ چونکوو به‌رده‌وام له‌ تریبوونی هه‌ڤاڵانی دژه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ گه‌رایی و ده‌وڵه‌تی کوردییه‌وه‌ (له‌ راگه‌یاندنه‌کانی پێ‌کاکا) بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێت،‌‌ گاگۆڵکێی پێده‌کرێت و ته‌ڕ و وشک ده‌کرێت.
پێ‌کاکا و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌کانی! “رووداو” تیڤی به‌ بناژۆی ناکۆکییه‌کانی دژ به‌ بلۆکی پێ‌کاکا ده‌زانن و له‌ بابه‌تی “ئه‌ردۆغان له‌ کێله‌شین”یشدا ئه‌و بۆچوونه‌ دووپات ده‌کرێته‌وه‌ و پێیوایه‌ “رووداو” ‌ مه‌کۆیه‌که‌ که‌ “له‌ هه‌موو لایه‌ک زیاتر خه‌ریکی درووست کردنی ئه‌م بلۆکبه‌ندییه‌یه‌”.
به‌ پێچه‌وانه‌ی گریمانه‌کانی بلۆکبه‌ندی “پێ‌کاکا/هاوپه‌یمانه‌کانی پێ‌کاکا”  ئه‌وه نه‌ک “رووداو” به‌ڵکوو‌ خودی پێ‌کاکایه‌(به‌ دام و ده‌زگاکانییه‌وه‌) له‌ هه‌موو لایه‌ک زیاتر “ساڵانێکی درێژه‌‌”‌ خه‌ریکی درووست کردنی ئه‌و بلۆکبه‌ندییه‌یه‌، هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانێت ئه‌و بلۆکبه‌ندییه‌ی که‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ چه‌په‌ کردوویه‌ته‌ بنه‌مای لێکدانه‌وه‌که‌ی ساڵانێکی دوور و درێژه‌ پێ‌کاکا زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌کات و به‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌ش له‌‌ پێناو فره‌خوازی تاک ره‌هه‌ندی خۆیدا سڵی له‌ هیچ کرده‌وه‌ و هاوپه‌یمانییه‌ک نه‌کردووه‌.
ده‌ڵێم پێ‌کاکا حیزبێکی نانیشتمانی فره‌ خوازی تاک ره‌هه‌ندییه‌ که‌ له‌ ئامانج و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی به‌کرده‌وه‌یدا به‌رژه‌وه‌ندی حیزب سه‌رتر له‌ هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی دیکه‌یه‌ ته‌نانه‌ت سه‌رتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی؛ به‌ پێی هه‌ڵسووکه‌وت و هه‌ڵوێسته‌ سیاسی و مێژووییه‌کانی پێ‌کاکا ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی پێ‌کاکا له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییشدا یه‌ک نه‌گرێته‌وه‌ به‌بێ سێ و دوو نه‌ته‌وه‌ ده‌کرێته‌ قوربانی و ده‌بێت نه‌ته‌وه‌ باجی سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی بدات.
ده‌ڵێم پێ‌کاکا حیزبێکی نانیشتمانی فره‌ خوازی تاک ره‌هه‌ندییه‌ نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی من یه‌که‌م که‌س بم بزانم سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ پێ‌کاکا بوو له‌ باکووری کوردستان (به‌ زه‌بری چه‌ک و کوشت و بڕ) به‌ پشتیوانی ده‌سته‌ شاراوه‌کان ده‌ستی به‌ سڕینه‌وه‌ و پاکتاو کردنی حیزب و رێکخراوه کوردییه‌‌کانی دیکه کرد‌، نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی من یه‌که‌م که‌س بم بزانم ئه‌وه‌ پێ‌کاکا بوو ده‌ستی به‌ بێده‌نگ کردنی ناڕازییه‌کانی نێو خۆی و ده‌ره‌وه‌ی خۆی کرد؛ ده‌ڵێم پێ‌کاکا حیزبێکی نانیشتمانی فره‌خوازی تاک ره‌هه‌ندییه‌ نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ من یه‌که‌م که‌س بم بزانم  ئه‌وه‌ پێ‌کاکا بوو گوتاری تاکه‌ حیزبی پۆڵایینی به‌ ته‌سفیه‌ی نێوخۆیی بۆ ئه‌ندامه‌کانی تیوریزه‌ کرد‌، نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ من یه‌که‌م که‌س بم بزانم پێ‌کاکا به‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ تاران و ده‌مێشق و… خۆی خستووه‌ته‌‌ ئه‌و پۆزیسیۆنه‌ی ئێستای؛ به‌ڵکوو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی په‌یڕه‌وکراو و ئاراسته‌کراوی پێ‌کاکا یه‌ک سیبل و یه‌ک ئامانج ده‌پێکێت ئه‌ویش دژایه‌تی کردنی هه‌موو لایه‌نێکی کوردستانی له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌موو داگیرکه‌رانی کوردستاندایه‌؛ له‌ پێشمه‌رجی سیاسه‌ته‌ هه‌نووکه‌ییه‌کانی پێ‌كاکادا بڕیاره‌ هه‌موو رێگاکان بچنه‌وه‌ سه‌ر پارێزگاری له‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان و هه‌روه‌ها بڕیاره‌ هه‌موو رێگاکان بچنه‌وه‌ سه‌ر دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی کوردیدا.
پێ‌کاکادا به‌کرده‌وه‌ کۆمه‌ڵگای کوردستانی(هه‌ر چوار پارچه‌) سنووربه‌ندی کردووه‌، هێڵی سنوورییه‌که‌ به‌ پێشمه‌رجی ئێمه‌ و ئه‌وانه‌وه‌ به‌کرده‌وه‌ تۆخ ده‌کرێته‌وه‌ هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست ئێمه‌ی “کورد” و ئه‌ویدی “ناکورد” نییه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ “ئێمه”‌ له‌ لۆژیکی پێ‌کاکادا بریتیه‌ له‌ خودی حیزب و هاوپه‌یمانه‌کانی(داگیرکه‌رانی کوردستان-هه‌ر له‌ تارانه‌وه‌ تاکوو ده‌میشق‌) “ئه‌ویدی” بریتیه‌ له‌ حیزبه‌ کوردییه‌کانی دیکه. به‌ پێی لۆژیکی پێ‌کاکا‌ دوو هێزی باشه‌ و خراپه‌ له‌ کوردستاندا بوونیان هه‌یه‌ یه‌که‌میان واته‌ پێ‌کاکا نیشانه‌یه‌که‌ بۆ جووڵه‌ و چالاکی و ئه‌ویتریان نیشنانه‌یه‌که‌ بۆ ناچالاک بوون.
پێ‌کاکا و پوازه‌کانی به‌شداری بلۆکبه‌ندییه‌ک بوون‌ که‌ خۆیان نه‌ک هاوکایه‌ به‌ڵکوو ژێرکایه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ داگیرکه‌رانی کوردستان له‌م بلۆکبه‌ندییه‌دا له‌ تارانه‌وه‌ تاکوو ده‌میشق هاوکایه‌ن‌، رێگری ئه‌م بلۆکبه‌ندییه‌ش تورکییه‌ و پارتی و هه‌موو حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا و باکوور و ته‌نانه‌ت باشووریشه‌(جگه‌ له‌ یه‌کێتی نیشتمانی هه‌ڵبه‌ت له‌ رواڵه‌تدا)، ئه‌م هێزه‌ لای خه‌ڵکی کوردستان(به‌ تایبه‌تی رۆژهه‌ڵات) باش ناسراوه‌ و ره‌فتاری سیاسی روونه‌: له‌ ناوزه‌د کردنی خۆپیشانده‌رانی سێی ره‌شه‌مه‌ی  شاری سنه‌ به‌ ده‌سته‌چیله‌ی‌ سه‌هیۆنیزم و ئیسراییل تاکوو به‌لاڕێدا بردنی پوتانسیه‌ڵه‌کانی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات و به‌کوشتدانی رۆژهه‌ڵاتییه‌کان به‌ ئامانجێکی ناڕوون‌ و پرۆسه‌ی شه‌هیدسازی، له‌ تیرۆرکردنی مه‌شعه‌ل ته‌مۆ تاکوو رێگرتن له‌ حیزبه‌کانی دیکه‌ی رۆژئاوا، له‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان تاکوو کوشتنی سه‌ربازه‌ کورده‌کانی نێو پۆلیسڕاکان، له‌ جێگۆڕکێ به‌ ئه‌ندامانی سوپاسی قودسی کۆماری ئیسلامی له‌ رێگای قه‌ندیله‌وه و‌ جل و به‌رگی گریلا له‌به‌رکردنیان و هه‌ناردنیان بۆ سوریه‌ تاکوو هێنانه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌ کوژراوه‌کانی سوپای قودس له‌ سوریه‌وه‌ بۆ قه‌ندیل و راده‌ستکرنه‌وه‌یان به‌ کۆماری ئیسلامی و نیشاندانیان وه‌ک کوژراوه‌کانی شه‌ڕی قه‌ندیل له‌ لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌، هه‌ر له‌ فرۆشتنی جاسووسان به‌ کۆماری ئیسلامی تاکوو کۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕی قه‌ندیل و ئاگربڕ و پاراستنی سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵات-باشوور و…
پێ‌کاکا شه‌رمی له‌م کرده‌وانه‌ نییه‌ و نایشی شارێته‌وه‌ هه‌ر کات بیه‌وێت شه‌ڕێ ناخۆ ده‌کات:
باکوور: هه‌روه‌ها که‌ ئاماژه‌م پێکرد پاکتاو کردن و تیرۆرکردن و کوشتنی ئه‌ندامانی حیزبه‌کانی دیکه‌ی باکوور، ته‌قه‌ کردن له‌ عوسمان ئوجالان و…
باشوور: شه‌ڕ له‌گه‌ڵ شیوعی، پارتی، و هه‌روه‌ها شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌که‌ی ئێستایان واته‌ یه‌کێتی.
رۆژئاوا: کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵی رۆژئاواییه‌کانی نێو پێ‌کاکا و راگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌ حیزبی له‌ لایه‌ن ی‌پ‌گ باڵی رۆژئاوای پێ‌کا‌کا و…
رۆژهه‌ڵات: کوشتنی هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی یه‌کیه‌تی شۆڕشگێڕان و راده‌ستکردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌کانیان به‌ کۆماری ئیسلامی و… نوێترین شه‌ڕیش هه‌ر به‌ ده‌ستپێشخه‌ری پێ‌کاکا له‌ کێله‌شین، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و شه‌هید کردنی پێشمه‌رگه‌یه‌ک و بریندارکردنی سێ پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ی ئه‌و حیزبه‌…
بێگومان به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و خاڵانه‌ی ئاماژه‌ی پێکرا هه‌موو رێگاکان نا‌چێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و رێگایه‌ که‌ نووسه‌ره‌ چه‌په‌ ئۆرتۆدۆکسه‌که‌ خه‌ریکه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات.
ئه‌رێ به‌ڕاست جگه‌ له‌ پێ‌کاکا و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کێ له‌ کێله‌شین بوو؟ چۆنه‌ و له‌ پێناو چیدایه‌ که‌ که‌سانی ده‌مڕاستی له‌و چه‌شنه‌ دوای ساڵانێکی زۆر خۆحه‌شاردان له‌ پشتی ده‌مامکه‌وه‌ ئێسته‌ له‌ گۆشه‌نیگای پێ‌کاکاوه‌ خه‌ریکی گه‌نگه‌شه‌کردنی رووداوه‌که‌ی کێله‌شین‌ به‌ قازانجی پێ‌کاکان و به‌ته‌مان‌…(ئه‌و سێ خاڵه‌ و ئه‌و به‌ته‌ما بوونه‌ داده‌نێم بۆ دواتر…)

 سەرچاوە: http://denglog.blogspot.de/2015/06/blog-post.html


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی