"an independent online kurdish website

سڵاوێکی گەرمagri-esmailz-nejad

وێرای هیوای لەش ساغی و سڵامەتی لە ٤٠مین ساڵیادی دامەرزاندنی یەکێتیی نیشتمانییدا پیرۆزبایی دامەزراندنی ئەو حیزبەت لێدەکەم؛ من پێچ و پەنام نییەوە بۆیە رێک دەچمە سەر بابەتەکە لە بیرمە لە ساڵی ٢٠١٢دا بە بۆنەی دامەزراندنی یەکێتییەوە لە رێگەی کاناڵی گەلی کوردستانەوە هێندێ بیرەوەریت لەسەر چۆنێتی دامەزراندنی یەکێتی و ئەو کۆسپە و لەمپەرانی لەسەر رێتان بووە، گێراوە؛ منیش بە بۆنەی ٤٠مین ساڵیانی دامەزراندنی یەکێتی و پاش ئەو گرژییی کە هاتۆتە نێوان پێ‌کاکا و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لەسەر ئەو هەڵوێستە نافەرمییەی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا هەیبوو دەمەوێت بیر” لوتفێکی برایانە” و “قەرزێکی کۆنتان” بخەمەوە!!

پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و باشوور لە پەیوەندی نێوان هەموو پارچەکاندا زیاتر بووە و هەیە و لەو نێوانەشدا پەیوەندی نێوان حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاو ئەوەی کە حیزبی دووپارچەی جودا بوون زۆر خۆش بووە و پەیوەندی زۆر بەرینیان لەگەڵ یەک بووە من وەکوو بەرەی چواری نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات قسەت لەگەڵ دەکەم بەرەیەک کە بە “کەش‌ووەردانەوەی” مێژوو لێمان ڕوونە کە بەرێزتان کارتێکەریتان لەسەر دۆخی ئەورۆی ئێمەدا هەبووە

زۆر دوور نارۆم دەمەوێ بیر دوونامەت بخەمەوە نامەی یەکەم ٢١/٧/١٩٩٦و نامەی دووهەم لە ٢٠/١٢/١٩٩٦ لە هەردووکیاندا داواتان لە سکرتێری ئەو کاتی حدکا کردووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی باشوور و دەستکەوتێک کە پاش ڕاپەرینی ١٩٩١ پێکهاتووە حێزبی دێموکرات “چالاکی چەکداری” ڕابگریت، لە نامەی ٢٠/١٢/١٩٩٦دا بە زمانێکی نێوان دیپلۆماسی و هەرەشە هۆکاری ئەو داوایە دێنیە گۆرێ و لە کۆتاییشدا دەنوسن: “ئیتر هیوادارم لوتفی برایانەتان لەگەڵ برایانتان لە کوردستانی عێراق زیاد ببێتەوە و خێرێکمان پێبکەن و وەزعەکەمان ڕەچاون بگرن”. زۆر جاریش لەسەر ئەو دانوستانەی کە بەرێز دوکتور قاسملوو لەگەڵ بەغدا بۆی رێکخستن باسی ئەوەت کردووە کە “من قەرزداری قاسملووم” هەست بە” بەرپرسایەتی لە ئاست پارچەکانیتر” و “ئەخلاقی سیاسی” وای لێکردین پێملی بریارێک بین کە هیچ قازانجێکی بۆ ئێمە تێدانەبوو[1]

پاش ئەو ڕووداوە چارەنوسمان زۆر لەوەی کە بیرمان لێدەکردەوە تراژیکتر بوو دەیان فەرماندەر و پێشمەرگەمان پاش ئەوەی چەکەکانمان لە ئاست کۆماری ئیسلامی بێ‌دەنگ بوو لە باشووری کوردستان درانە بەر دەسترێژی گوللەی کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و پێشتریش کە پاسدار هەتا نێوماڵەکانمان لە دەشتی کۆیە هاتبوون، و ڕادیو دەنگی کوردستانیش داخرا؛ بێ‌دەنگی و دانبەجەرگی خۆ داگرتن بۆ پاراستنی باشوور لەسەر داوای ئێوە، ببوو بە هێمای خەبات و نیشانەی شۆرش!! کەس هەبوو؟! غیرەتی ئەوە بکات و بلێ “ئیتر بەسە” و ئەگەر ئەوان کوردن و دەبێ ئێمە “لوتفی برایانەمان” لەگەڵیان هەبێت خۆ ئێمەش کوردین “لوتفی برایانەمان ناوێ” لانیکەم مەهێلن بمانکوژن.

حەکایەتەکە هەر بەوە کۆتایی نەهات چارەنوسی شۆرش رۆژ بە رۆژ تراژیکتر دەبوو؛ پۆل پۆل پێشمەرگەی ئێمە کە ساڵانێک خەویان لە چاوی ئاغاکانی تاران سەندبۆوە “وەکوو توو هەرزن بە دنیادا” بڵاوبوونەوە هێندێکیان بە خەیالی ئەوەی کە رۆژێک داستانی قارەمانی خۆیان بۆ منداڵەکانیان بگێرنەوە ڕوویان لە هەنداران کرد ئەو خەیاڵەیان هاتەدی بەڵام کاتێک دەیانویست بە منداڵەکانیان بلێن:

کوری خۆشەویستم!! کچی شیرینم!!

من ئەو قارەمانەم کە شەوانی تۆف و سەرمایان بەناوی منەوە کردبوو!!

من ئەوە کەسم کە دەیان جار کەپۆی قاسمی سولیمانییەکانم شکاندووە مندالەکانیان بە بزەیەکی تاڵەوە دەیانگوت بابە بۆ ناخەوی!! نیشتمان لای منداڵەکانی ئەوان ببووە، تارمەییەک لە رێگایەکی باریکی نێو قەد کێوێکی رووتەنە و کچێکی لادڕاو؛ نیشتمانی باوکیان بۆ ئەوان هێندی خەونی ئالۆزی باوک و دایکێک و هیچتر نەبوو!!

هێندێ چارەنوسیان لەوەش ڕەشتر بوو ئەوان چەک و رەختەکانیان هێندە خۆشدەویست تەنانەت قاقری دەشتی کۆیەش نەیتوانی لێیان بستێنێتەوە و هەموو رۆژێ چەکەکانیان دەردێناوە و رۆنیان دەکرد و رەختەکانیان بە حەسرەتەوە سەیر دەکرد ئەوانە ئێستا پارێزەری هەرێمێک بوون کە نەتەنیا هیچ مافێکیان بەسەریەوە نەبوو بەڵکوو گیان و ژیانیشیان تێداپارێزراو نەبوو.

رۆژهات و رۆژ رۆی، خەبات لای ئێمە بووە “ئەفسانە” دەنگهاتن لە چەکەکان بووە “خەیالی خاو” لە کوولەکەی تەریشدا باسی ئێمە و “لوتفی برایانە” نەمابوو کە باسیشتان دەکرین بە تەوسەوە ناوتان دێناین هەڤاڵ مەلا بەختیار چاوی لە کامێرای ڕووداو بری و گوتی: “شۆرش لە رۆژهەڵات نەماوە”

بەو قسەی مەڵا بەختیار بیر پەندێکی کوردیی کەوتمەوە دەلێ: “خۆت لە ڕێی بۆرە سوار بدە بەکوشت ئەو دەلێ لە گۆری بم بە دەردی خۆی تۆپی”.

بەوەش ڕازی بوین گەچی فەرشی سوورتان بۆ سەحراروودیش ڕاخست چوون “لوتفی برایانە” شۆرشی رۆژهەڵاتی خستبووە سەر هەڵدێری نەدامەتی.

ئێستا بریارمان داوە بچینەوە سەرسنوور، شۆرش بە یاغی‌بوون دەکرێت؛ کەسی شۆرشگێر بەیدەستە؛ ئەوە خۆت باش دەزانی هەر شۆرشێک بۆ ئەوەی کە لە “وەهمەوە” بگۆردێت بە”واقع” و لە “هەلدێرە” و ببێ بە “ڕاستەرێ” دەبێ هێندێ کەس دوور لە هەموو لێکدانەوە لۆژیکەکان یاغی ببن هەتا واقعێکی نوێ دابمەزرێنن و بیسەپێنن وەکوو مەحووی دەلێت:

“بە نووری بادە کەشفی ظوڵمەتی تەقوا نەکەم، چبکەم!
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چبکەم!

 

دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چبکەم!”

پاش ئەوەی چووینەوە سەرسنوور ورد و درشتی یەکێتی “دەمی لێکردینەوە و چاوی لێقوچاندین” نە “قەزرداری” لەبیرما نە “لوتفی برایانە” رێزێکی لێگیرا دەلێن: “ئێمە دەکەوینە مەترسییەوە”؛ دەلێن: “مافی شۆرشتان نییە”؛ تەنانەت دەلێن: “شۆرشتان پێ‌ناکرێت”؛ لە هەموو سەیرتر دەلێن: “هەلی شۆرش نییە”. دەلێن و دەلێن و دەلێن بەڵام نابیستن و نابیستن و نابیستن

 

هەڤالی بەرێز ئەوە ١٩ ساڵە چەکەکانمان بێ‌دەنگ و ئەوەی ١٩سالە “شەقی باشوور بە قونی ئێمەوەیە”. و ناوی ئەوە شەقەمان ناوە “لوتفی برایانە”. لەوە زیاتر چیتان دەوێت وەکوو کوردیش دەلێ:” پێاو ئەگەر بەکەم نەزانی بە زۆریش نازانی”.

هەڤال مام جەلال من باسی ئەوە ناکەم کە کۆماری ئیسلامی دۆستی کوردە یان نا؟ چوون خۆت زۆرباشتری دەزانی کە کۆماری ئیسلامی هەتا کوێ دۆستی هەرێمی کوردستانە، لێرەدا پرسیارێکیترم هەیە ئایا دەتوانی ئەو لۆژیکەی نێو سیاسەتی شەهید د. قاسملوو رەت بکەیتەوە کە دەیگوت: بۆ سەربەخۆی پارچەیەک لە کوردستان دەبێ شۆرش لە هەموو پارچەکان لە چەلەپۆپەی خۆی دابێت؟!

پرسیارەکە بە پرسیارێکیتر درێژە دەدم ئێوە دڵنیان لەوەی کە لە داهاتوودا ئێمە دراوسێیەکی باشتر لە کۆماری ئیسلامی نابین بۆتان؟

خۆ ئەگەر یەکێتی ٨٥٠ کیلومیتر سنوور لەگەڵ ئێران هەیە!! ئەو مەودایە هەموو کورد تێدا دەژی و خاکی کوردستانە

ڕەنگە لێرەدا دیسان باس لە رێالپۆلتیک بکەن و بلێن واقعی سیاسی وای کردووە ئێمە ئەو هەڵوێستە بگرین!

هەڤالی هێژا، خۆت باش دەزانی واقعی سیاسی ئەوەیە کە گوتاری[2] کورد لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا پێناسە دەکرێت و تایبەت بە وڵاتێکی دیاری کراو نییە و بۆ سەرکەوتنی ئەو گوتارەش دەبێ هاوسەنگییەک لە بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر هەر چوار وڵاتە داگیرکەرەکەدا لە ئاست چوارپارچەی کوردستاندا هەبێت خوێندوەیەک لە گوتاری کوردی لۆژیک و واقعییە کە شۆرش کوردستان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا هەڵسەنگێنێ و دۆست و دوژمنی بۆ وەبینێ؛ ئەگەر باوەرتان بەوەش نەبێت کورد ناتوانێ بە هۆی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی “هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی” کورد ناتوانێ خۆی لە سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی لادا.

بە دڵنیاییەوە ئەگەر هێزێک نەبێت بەر بە کۆماری ئیسلامی بگرێت بێگومان هەر چەشنە دەستکەوتێک لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەبێت لە لایان کۆماری ئیسلامییەوە وەکوو مەترسییەک بۆ سەر سیاسەتی ناوچەی ئێران سەیر دەکرێت.

ئێوە وەکوو هەرێمی کوردستان و وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان “قەرزدارن” ئێستا ئەگەر “لوتفی برایانەشتان” لەگەڵمان نەبێت و حاشا لە قەرزداربوونتان دەکەن و خۆ دەکرێ شانمان بۆ شل بکەن کە خۆمان ئەوەی لە دەستمان هات بیکەین. لەبەر ئەوەی ئێمەش وەکوو ئێوە کوردین، هیچ زیاتر نا، لەوە زیاتر قەرزدارمان مەکەن.



١ بروانە کتێبی ئەزموونی خەبات، ژیان و خەباتی عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە ،هەیاس کاردۆ چاپی یەکەم، هەولێر لاپەرەی ٤٣٦،٤٣٧

٢ زاراوەی گوتار لەبەرانبەر زاراوەی “کێشەی کورد یان دۆزی کورد ” داندراوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی