"an independent online kurdish website

بە پێی هەواڵێکی ساتی پێشمەرگەکان لە شاری سەرپێڵی زەهاو تاقمێک خەریکن لاوان دەنێرنە نێو ڕێزەکانی داعش. بەداخەوە ئەم ڕەوتە چەند ساڵێکە بەردەوامە و لەوانەیە ئێستە پرۆسەکەی خێراتر بووبێتەوەFaramarz-Almassy

و هەروەها شوینی گیرسانەوەی ئەو گەنجانە لە ناو گرووپە جیاوازە توندئاژۆکاندا لە کونترۆڵی کۆماری ئیسلامی دەرچووبێت و لەبەر ئەوە پێشیان پێ دەگرێت.

ڕەوتی تێداچوونی کوڕی هەژاری کورد لەم ڕێگەیەدا زۆر جێگەی داخە و خەسارێکی زۆر گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی. فریوخواردنی کوردان بەتایبەت چینی گەنج و پەیوەست بوونیان بە هێزە توندئاژۆ ئیسلامییەکانەوە گەورەترین نەگبەتییە کە لەم سەردەمەدا تووشی کورد بووە. ئەوەش کە داخەکە گەورەتر دەکا ئەوەیە کە زیاتر کۆڕی ئەو بنەماڵە هەژار و کەمدەستانە تێدەکەون کە دایکوباوکیان بە هەزاران ڕەنج و مەینەت گەورەیان کردوون و چاوەڕوانی ئەوەن کە کوڕەکەیان بە تایبەت لە کاتی پیری ئەواندا دەستی بگاتە نانی خۆی و لایەکیش لەوان بکاتەوە.

دیارە زیاتر چینی گەنج لەبەر کەمئەزموونی، دژواربوونی سەرەتای دەسپێکی ژیان و زۆر هۆکاری تری وەک چاوەڕوانی بە‌هەشت و حۆری و … دەکەونە ئەو داوەوە. ئەو بنەماڵانەی کوڕێکیان پەیوەست دەبێ بەو گرووپانەوە و تێیدا دەچێت لە دوو لاوە تووشی خەمی زۆر گران دەبن. لە لایەکەوە ئازیزێکیان لە دەست دەدەن و لە خەمی تێداچوونیدا بەردەوام دەروونیان دەکوڵێت، هەرچەن بنەماڵەکە بە تەواوی دژی ڕێگا و ڕێبازی کوڕەکەشیان بووبن و بۆ گەڕانەوەیشی زۆر هەوڵیان دابێت. لە لایەکی ترەوە لەبەر شەرم لە کۆمەڵگەی کوردی دەوروبەر کە زۆربەیان لەو گرووپانە بێزارن و ئەوان بە دژی کورد دەزانن، دەبێ هەواڵی تێداچوونی کوڕە گەنجەکەیان لە خەڵک بشارنەوە. هەرکاتیش خەڵک لە تووڕەییدا دۆعا و نفرینی کوژراوەکانی توندئاژۆکان بەتایبەتی داعش و کەسوکاریان دەکەن، ئەوان ناچارن ئەوەش قەبووڵ بکەن.

جا چ خەم و ئازارێک لەوە گەورەترە کە بنەماڵەیەکی هەژاری کورد کوڕێک پێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی ژیانێک بۆ خۆی پێکەوە بنێت و لە سەردەمی پیری دایکوباکیشیدا لایەک لەوان بکاتەوە، کەچی ئەو کوڕەش بکەوێتە داوی سیاسەتی پڕ لە فێڵ و تەڵەکەی گرووپێکی توندئاژۆوە کە بۆ گەیشتن بە مەرامی زۆر تایبەتی خۆیان شەڕێکی ماڵوێرانکەریان هەڵگیرساندووە. ئەوانەی لەو شەڕانەدا بەدەستی ئەوان دەکوژرێن زیاتر خەڵکی بڕوادار و موسوڵمانن کە هیچ ئایینێک ڕێگە بە کوشتنیان نادات، تەنیا ئەو گرووپە توندئاژۆیانە نەبن کە لێکدانەوەیەکی زۆر تایبەتیان لە ئیسلام هەیە و بە پێی ئەو لێکدانەوە تایبەتەوە کوشتنی ئەو خەڵکە بە ئەرکی ئایینی خۆیان دەزانن.

ئەگەرچی بە پێی پێویست نەبووە، بەڵام دەیان زانای گەورەی ئایینی دژی ئەو لێکدانەوە تایبەتەی توندئاژۆکان لێدوانیان داوە و کاری ئەوانیان بە دەرچوون لە ڕێگەی ڕاستی ئیسلام ناو بردووە. جا کامە لەم دوو لایەنە باشتر لە ئیسلام تێگەیشتوون، ئەو توندئاژۆیانەی بە ناوی خوداوە و بۆ چەسپاندنی ئیسلامی ڕاستەقینە خەڵک دەکوژن یان ئەوانەی کە بە پشت بەستن بە ئایەتیەکانی قورئان کوشتنی مرۆڤ حەرام دەکەن؟ ئایا کوڕی کوردی هەژار دەیەوێت ئەم گرفتە بە ڕژاندنی خوێنی خەڵکی لێقەوماو و دوایی بە تێداچوونی سەری خۆی یەکلا بکاتەوە؟ ئەمە چە لۆگیک و مەنتیقێکی تێدا هەیە جگە لە تێنەگەیشتوویی و نەگبەتی و فریوخواردن؟

هیوادارم ئێمەی کورد نەختێک وشیار ببینەوە و هەرکەس بە پێی توانا و بە قسەکردن و ڕوونکردنەوە لە بەرانبەر ئەم ڕەوتەدا ڕاوەستێت بۆ ئەوەی زیاتر لەوە خوێنی کوڕی کوردی هەژار و مافخوراو بەفیڕۆ نەچێت. هەرکەس بە پێی توانا دەتوانێت ڕۆڵی خۆی هەبێ لە بنەماڵەیەک، لە دێیەک، لە شارێک یان لەو ناوچەیەی کە لێی دەژیت.

هەڵبەت ئەم نەگبەتییە تا ڕادەیەک کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیشی گرتووەتەوە. لەوێشدا زیاتر ئەوانە فریو دەخۆن و سەریان تێدا دەچێت کە لە سەرەتای ژیانەوە سەرنەکەوتوون و نەیانتوانیوە ڕێگەی ڕاستی ژیانی خۆیان ببیننەوە. لە ئاکامدا وەک سەرلێشێواو سەریان بە هەر دەرکەیەکدا کردووە بۆ ئەوەی لەو دۆخە ناهەموارەی ژیان ڕژگاریان بێت. نموونەیەکی ژن و پیاوێکی گەنجی ٢٧ و ٢٨ ساڵەی نورویژییە کە بەسەرهاتەکەیان 21.04.2015 لە ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی نورویژیدا هاتووە  (VG). ئەوان هەردووکیان هەر لە تەمەنی زۆر گەنجییەوە تووشی مادە هۆشبەرەکان هاتوون و لە دۆخێکی زۆر دژواردا بوون. بە هەر شێوەیەک بووە لە ساڵی 2010دا تووشیان بووە بە تووشی لایەنگرانی توندئاژۆ ئیسلامییەکانەوە و موسوڵمان بوون و دواییش لە پرۆسەیەکی پلە بە پلەدا لە هاوینی 2013دا ڕەوانەی سووریا کراون. ئێستە پیاوەکە کوژراوە و ژنەکەش چارەنووسی نادیارە. دوای ئەوە هاوڕێیەکی پیاوەکەش بە دوای ئەواندا چووە و لە سووریە گیرساوەتەوە. لینکی هەواڵەکە بە نورویژی لە خوارەوە دادەنێم. داوای لێبوردن دەکەم کە زۆر بەکورتی ناوەڕۆکی هەواڵەکەم باس کرد و کاتی وەرگێڕانیم نەبوو.

http://www.vg.no/nyheter/innenriks/krim/troendersk-is-kriger-31-skrev-hjem-fra-syria-kosa-mae-te-tider-sjoe/a/23436677/

لە شاری سەرپێڵی زەهاو تاقمێک خەریکن لاوان دەنێرنە نێو ڕێزەکانی داعش!

https://peshmergekan.com/kurdish/index.php?option=com_content&view=article&id=5948%3A2015-05-31-20-44-01&catid=3%3Ahewalekan&Itemid=2

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی