"an independent online kurdish website

زۆربەی نێزیک بە تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران و تەنانەت بەشێکی بەرچاو لەوانەی کە لە رێبازی دیموکرات دا خۆیان نابیننەوە،رۆژی پیلانەکەی ٢٢ پووشپەڕ بە هێمای بەرخۆدانhasan-salehzadeh

و ساڵیادی بەرەنگاری لە گەڵ دیاردەی پیلانگێڕی پێناسە دەکەن. لەو یادەدا لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە نیشانەی وەفاداربوون بە ئامانجەکانی رێبەرە شەهیدەکەیان بە پێی ئیمکان لە سەر بست بە بستی خاکی پێرۆزی نیشتمان دروشمی “قاسملوو لە رێبازیدا زیندووە” بەرز دەکەنەوە. رێبوارانی رێگای ئازادی و دیموکراسی، هاوکات لە گەڵ شانازی کردن بە دۆزە رەوکەیان بە گیانێکی پڕ لە فیداکاری و بە رۆح و دڵێکی پڕ لە سەخاوەتەوە هەوڵ دەدەن ئاڵای ئەندیشەو یادی رێبەرەکەیان هەروا بە شەکاوەیی بهێڵنەوە.

 لە کوردستان کەم نین ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسی یانەی کە لە دەرەوەی بازنەی حیزبی دیموکرات دا جێگیربوون، بەڵام بەردەوام رێزو هۆگری خۆیان بۆ قاسملووی شەهید دەردەبڕن و پشتیوانی لە خەباتی حیزبەکەی دەکەن. لە ئاکامی ئەم یەکگرتووی یەی چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی گەلەکەماندا، دوژمن چەندین جار رووبەرووی خەباتی جەماوەری جیدی بۆتەوە. ئەوەش دەیسەلمێنێ کە خەباتی گەلی کورد لە دڵی کومەڵانی خەڵکی کورد جێگەی گرتووەو پیلانگێڕی و دەسیسە ناتوانێ رێگای راستەقینەی داخوازی یەکانیان لێ گوم بکا. کەواتە یادی ٢٢ پووشپەڕ بۆ بەشێک لە خەڵکی کوردستان نیشانەی وەفاداری بە رێبازی قاسملووە دێتە ئەژمار و بۆ بەشێکیش بە نیشانەی نفرەت و بێزاری لە تێرۆر و کردەوەی دزێو پێناسە دەکرێ.

بە بەراوردکردنی بارودۆخی ئەمرۆ و دوێنێی خەباتی گەلی کورد، دەبیندرێ کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دوو قۆناخی پێش و پاش مەرگی دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو دا توانیویەتی خەبات و ناوبانگی خۆی و نەتەوەکەی بە جیهانی بکا. قۆناخی یەکەم سەرجەم چالاکیە نێونەتەوەی یەکانی لە خۆ دەگرێ کە بە چ لێهاتوویەک شوێنی لە سەر کەسایەتی یە دەولەتی و مەدەنیە جیهانی یەکان دادەنا. هەروەها لە نێو ریزەکانی حیزبەکەی دا بە هۆی دارابوونی جیهانبینی بەرین و تێبینی یە بە نرخەکانی بناخەیەکی پتەوی لە سەر بنەمای دیموکراسی راستەقینە دروست کردو بوو بە هۆی ئەوەی کە بە مامۆستای دیموکراسی ناوبانگ دەربکا.

 قۆناخی دووهەم دەورانی پاش مەرگی ئەم رێبەرەیە. مەرگێک کە رووبارێکی لە راستی و پاکی لە چەندین لق لێکەوتەوە. بەشێک لە بوارەکان بوون بە سەرچاوەی زانستی و بەشێکیان بوون بە هەوێنی حەماسەو لێکۆڵینەوە. هەروەها هەنووکەش وردە وردە هۆکار و دەستە چەپەڵەکانی  بەڕبەڕیەتی ئەم دەسیسەیە تا دێ زیاتر ئاشکرا دەبن. کە وابێ دەکرێ قۆناخی دووهەم وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی مەدەنی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ببینین کە جێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی دیاری کردووە.

  مەبەستی سەرەکی سەرانی رێژیمی ئێران لە پیلانی نەهێشتنی دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو،لەکارخستنی تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان بوو کە بەشی هەرەزۆری بە باسکی بە هێزی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەسووڕایەوە. بەڵام بە حەقیقەت و لە مەیدانی کردەوەدا ئەو ئامانجە شوومە بە دڵی ئەوان نەبوو. بە شاهیدی گشتمان ٢٢ پووشپەڕ رۆژێکە کە لەودا رێژیمی جەهل و سێدارە بە تەواوەتی لە ئامادەباشی دایە، لەو رۆژەدا لاوان و شۆڕشگێران روانگەو خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە و گڕو تنیی خەبات لە قالبێکی نوێدا خۆی لێکدەدەنەوە. لە سەرانسەری جیهان کۆڕیادو سمیناری تایبەت بۆ ناساندنی بیرو هزری قاسملوو ساز دەکرێ، پەردە لە سەر ئاکام و دەرەنجامەکانی ئەم کردەوە قێزەونە بە شیوازی جۆراوجۆر هەڵدەدرێتەوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە چەندین رێگاوە بۆ بەربەرەکانێ لە گەڵ داگیرکەران خۆیان لە یەک ریزدا دەبیننەوە. لە گەڵ هەر چەشنە یادمانێکیش لەم بارەوەدا تیری رسوایی ئاراستەی دەم و دەزگای رێژیمی ئاخوندی دەبێ کە خۆیان بە جێگری حکومەتی خودا لە سەر زەوی دەزانن.

ئەمرۆ ٢٦ ساڵ بە سەر پیلانی تێرۆری کەسایەتی سیاسی و سکرتێری ئەفسانەیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا تێدەپەڕێ. دیارە برین و داخی لە دەستدانی ئەم پیاوە ناودارە هەروا دیارەو ئۆگرانی ئازادی و بەرابەری ناتوانن بە ساناهی حاشای لێ بکەن. بەڵام لە هەمان کاتدا، لە سێبەری هەڵوێستی ئەمەگناسانەو شۆڕشگێڕانەی دوو دەیەی رابردووی چین و توێژەکانی گەلە چەوساوەکەی، بۆ هەموان بە گشتی و بۆ مرۆڤکوژان بەتایبەتی دەرکەوتووە کە پیلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و داڕێژەرانی دەسیسەی ٢٢ پووشپەڕ  پیلانێکی دۆڕاو بوو.

ئامانجی سەرەکی رێژیم لە کوشتنی ئازادیخوازانی کورد کە ئێستاش بە هەموو شێوەک بەردەوامە، سەرکوت کردنی خەباتی رەوای خەڵک بووە. بەڵام وەک دەبینین پرسی ویستی مافی چارەنووس و ئاستی هەستی نەتەوەیەیی خەڵکی کوردستان هەتا دێ بەهێزتر دەبێ. کوشتن، گرتن، دەرکردن و… نەتەنها لە ئامانجەکانیان ساردیان ناکەنەوە بەڵکوو دەبنە هۆی پتەوبوونی ئیمان و باوەڕ بە ئازادیو، هەتا وەدەست هێنانی سەروەری بۆ گەل و نیشتمان درێژەیان دەبێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی