"an independent online kurdish website

لە نامیلکەیەک دا کە خالید عەزیزی سکرتێری لایەنی مونشەعیبی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٦٥ دا بڵاوی کردۆتەوە 

پاش ون بوونی ئەو نامیلکەیە لە مێژوو و کتێبخانەی کوردی دا  (هەواڵنامە)، جارێکی دیکە کەوتۆتە دەست خوێنەران و رەنگە ئەو نامیلکەیە بۆ جیلی ئێستا کە نەیانتوانیوە ئەو نامیلکەیە بخوێننەوە بە کەڵک بێت و بتوانن ژیرانە باسەکان تاوتوێ بکەن و هەڵیانسەنگێنن.

دیارە ئەو نامیلکەیە باسی زۆر هەڵدەگرێ و بەشێک لە قسەکانی عەزیزی پێویست بە شیکردنەوە ناکات، بەڵام چەند خاڵی جێگای سەرنج کە لەو نامیلکەیە دا هاتووە بە پێویستم زانی باسی لەسەر بکەم.

نامیلکەکەکە لەسەر ناوی ‘ جوڵانەوەی ئێستای کوردستان و مافی دیاری کردنی چارەنووس’ چاپ و بڵاو بۆتەوە، لەو نامیلکەیە دا دوو ئامانجی سەرەکی لە قسەکانی خالید عەزیزی بەرچاو دەکەوێ:

١: دژایەتی دوکتور قاسملوو

٢: دژایەتی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە

لەو نامیلکەیە دا هاوڕێ پێی وایە کە خودمختاری بۆ کوردستان سیستمێکی گونجاو نیە و کورد لە ژێر ئەو سیستمە دا ناتوانن بە ماف و ئازادیەکانیان بگەن و ساڵی ١٣٩١ لە کۆبوونەوەیەکی حیزبی دا، لەو پەیوەندی بەو باسەدا دەڵێ: ئەو میللەتانە بەشێوەیەک خۆیان سازمان دا و دێموکراسیشیان نەدەزانی و سەرکەوتن و دەوڵەتی خۆشیان پێک هێنا، بەداخەوە ئێمە لە فورسەت دا ئەوەمان بۆ نەکرا، من ئارەزووم دەکرد، کورد با توانیبای خۆی رزگار بکا با حکومەتی دیکتاتۆری کوردی هەبایە، با دیکتاتۆرە کوردەکانیش کوردیان ئێعدام کردبایە، بەڵام سنوورەکانی ئی خۆی با وەک ئەو وڵاتانەی دیکە.

هەر لەسەر ئەو فۆرم و بیرکردنەوەی کە ئێستا بەرانبەر کوردستان و سیاسەتی حیزبەکان هەیەتی تا رادەیەک ئەوکاتیش هەر ئەو قسانەی دووپات کردۆتەوە و بە دیدێکی بێ ئیرادانە دەروانێتە دۆزی کورد.

عەزیزی لە ساڵی ١٣٦٥ەوە تا ئێستا لە روانگەیەکی یەک لایەنەوە سەیری بزاڤی رزگاریخوازانەی گەلی کورد دەکات و رەخنەی لێ دەگرێت و هەڵەکان دەست نیشان دەکات  بەڵام مەخابن تا ئێستا نەیتوانیوە تەنیا رێگەچارەیەک بۆ ئەو هەمۆ رەخنەیە ببینێتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە: هێشتا ئەو دەرفەتە بێ ویست و لەبارەی بۆ پێک نەهاتووە کە بەباشی و دور لە هەر چەشنە شوێنەوارێکی لادەرانە مەسەلەکان و گیر و گرفتەکان بەپێی خصوصیات و داخوازی نەتەوەیی بێنێتە گۆڕێ.

هەر لە درێژەی دژایەتی کردنی سیاسەت و بیر و بۆچوونەکانی دوکتور قاسملوو دا، حیزبی دێموکڕات بە دەسەڵاتی تاکە حیزبی و دوکتور قاسملوو بە بە کەسێکی دیکتاتۆر و خۆپەرەست و خۆ بە زۆرزان پێناسە دەکات و دەڵێ شەهید بوونی پۆل پۆل پێشمەرگە بە دەستی یەکتر لە پێناو ئەو دەسەڵاتە دا، ئاسۆی ئەو جوڵانەوەی لێڵ دەکات.

لە راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی دا بۆ کۆنگرەی ٧ کە لە ژمارەی ١٤٤ی رۆژنامەی کوردستان چاپ و بڵاو کراوە، هاتووە کە هەرچەشنە دیکتاتۆریەک پاش رووخانی رێژیمی خومەینی، دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆیی لە ئێران دا، شەڕێکی ئەوتۆ سەربەخۆیی و یەکپارچەیی ئێران دەخاتە ژێر مەترسیەوە، تەنیا رێگای پاراستنی ئێران لە شەڕی نێو خۆ و لەت لەت بوون، دامەزراندنی دێموکراسی و پلورالیزمی سیاسیە.

عەزیزی لە وڵام دا دەڵێ: رێبەری حیزبی دێموکڕات(دوکتور قاسملوو) بە نیسبەت لەت لەت بوونی ئێران زۆر بە پەرۆشە و هەر لە ئێستاوە کەوتۆتە دۆزینەوەی رێگا چارەیەک، بۆچی؟ بۆ ئەوەی ئێرانی دوارۆژی خومەینی ئێرانێکی یەکپارچە و بەهێز بێت، بۆ ئەوەی لەت لەت نەبێ و کوردیش کەڵک لەو دەرفەتە وەرنەگرێ و جیانەبێتەوە.

عەزیزی باش دەرکی ئەو سیاسەتە درێژخایەنە دەکات، بەڵام لە رووی ئاگاهیەوە تەنیا لایەنی دەرەکی ئەو سیاسەتە دەبینێ، هەر ئەوە بۆتە هۆی پارادۆکسێکی بەرچاو لە هەڵویستەکانی عەزیزی دا، کە باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو راستیە ئەوەیە، ئەوکات کە دەنگی ئۆپۆزسیۆن بووە لە ناو حیزب دا و داوای مافی چارەنووسی کردۆ و بە خودموختاری رازی بووە، ئێستا لە جلی ریفۆرمخوازی دا هەڵویستەکانی کۆپی ریفۆرمخوازانی ناوخۆیە و بە چەند قات دابەزیوە و به ئەسڵی ماددەی ١٥ و ١٩ رازیە.

جێگای سەرسووڕمانە کە هاوڕێ عەزیزی پێی وایە کە دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکڕات، هەر ئەو حیزبەی کە بە قسەی خۆی کادری دەرەجە چوار بوونی بە رێبەری لە کۆمەڵە دا دەگۆڕێتەوە، لەسەر ئەو بڕوایە بێت کە نیازی حیزبی دێموکڕات راگرتنی یەکپارچەیی ئێران بێت و ترسی لە لەت لەت بوونی بێت.

ماوەیەک لەوە پێش وتووێژێکی بڵاو نەکراوەی دوکتور قاسملوو لە بەرنامەی ‘به عبارتی دیگر’ بڵاو کراوە. یەک مانگ پێش تیرۆری دوکتور قاسملوو عنایت فانی لەگەڵ دوکتور قاسملوو سەبارەت بە سیاسەتی حیزبی دێموکڕات و روانینی بە نیسبەت ئێران وتووێژی کردبوو، لەو وتووێژە دا دوکتور قاسملوو لە ناو قسەکانی دا دەڵێ ئێمە خۆمان لە هەموو ئێرانییەک پێ ئێرانیترە. بێگوومان ئەو رستەیە زۆر قسە و باس هەڵدەگرێ بەڵام مەبەست کە خستنە بەرباسی ئەو وتووێژە ئەوەیە کە هاوڕێیانی موشەعیب لە حیزبی دێموکڕات وەکوو هەمیشە کاسە داغتر لە ئاش کەوتنە داکۆکی کردن لەو رستەیەی دوکتور قاسملوو لە ماڵپەڕە ئێرانیەکان و دژبەرانی حیزبی دێموکڕات لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا و سوور بوون لەسەر ئەوەیکە ئەوەی دوکتور قاسملوو دەیخاتە بەر باس سیاسەتێکی درێژخایەنە کە گەلی کورد بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات بە ماف و ئازادیەکانی بگات دەنا مەبەست یەکرێزی و یەکپارچەیی ئێران نیە، ئەو داکۆکیە و ئەو ئیستیدلالە تا رادەیەکی زۆر دروستە بەڵام ئایا هاوڕێیان دەتوانن ئێستاش بەو شێوەیە داکۆکی لە قسەکانی دوکتور قاسملوو و دەقی رستەی پلۆنۆمی ٧ی حیزبی دێموکڕات بکەن و هەوڵویستی عەزیزی رەد بکەنەوە؟

 

 

ئەم نامیلکەیە لە ئارشیوی برای بەڕێز کاک چالاک محەممەد کە بەشێکی لە فەیسبوک هەیە بە ناوی هەواڵنامەی کتێب وەرگیراوە.

بۆ داگرتنی نامیلکەکە ئێرە کلیک بکەن

  

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی