"an independent online kurdish website

بەبۆنەی یەکی مای کە بەڕۆژی کرێکار دەستنیشان کراوە، لە وڵاتی سوید لە چەندین شار بەشێوەی جۆراوجۆر یادی کرایەوە و یەک لەو شارانەش ستۆکهۆڵم بوو1y-may-stockholm-2016-0

کە بەدەستپێشخەری پارتی سۆسیال دێموکراتی سوید ڕێپێوانێکی درێژ لە (Humlegården)ەوە بەرەو (bantorget) لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم، ئەنجام درا.

لەو ڕێپێوانەدا جگە لە ڕێکخراو و سەندیکاکانی سەر بە پارتی سۆسیال دێموکراتی سوید، ژمارەیەکی بەرچاو لە پارت و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی وڵاتانی تر کە لە سوید نیشتەجێن، بەشدار بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەک لەو هێزە سیاسییانە بوو کە بەشداری ئەو یادە بوو. ئەندامانی حیزب بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی درووشم دژ بە کۆماری ئیسلامی ئیران و هەڵگرتنی پلاکارت، هەوڵیان دا پشتیوانی خۆیان لە کرێکارانی کوردستان و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان بگەیەننە گوێی بەشدارانی ڕێپێوانەکە و هاوکاتیش داوایان دەکرد پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکرێت و پڕ بە گەروو هاواریان دەکرد کە دۆزی گەلی کورد لەهەر وڵاتێک بێ دۆزێکی ڕەوایە.

 لەخاڵی کۆتایی ڕێپێوانەکەدا مەڕاسیمی وتارخوێندنەوە بەڕێوەچوو کە تێیدا هەریەک لە: کارین وانگۆرد (ڕاوێژکاری کاروباری ئابوریی پارێزگای ستۆکهۆڵم)، لارش هۆلمسترۆم (بەرپرسی بیناسازی هەرێمی ستۆکهۆڵم-گۆتلاند) و کارین یەمتن (سکرتێری پارتی سۆسیال دێموکرات) تایبەت بە ڕۆژی کرێکار و مافەکان و داواکانیان، وتاریان پێشکەش کرد. ئەندامانی حیزب لەو بڕگەیەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتیان لە وڵاتی سوید بە زمانی سویدی سەبارەت بە ڕۆژی کرێکار لەنێو بەشداراندا بڵاوکردەوە.

 

شایەنی باسە کە ئەو یادە سەعات ١ی دوای نیوەڕۆ دەستی پێکرد و سەعات ٤ی دوای نیوەڕۆ کۆتایی پێهات.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ  ستۆکهۆڵم،

١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی،

١ی مای ٢٠١٦ی زایینی،

 


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی